سەرەکی » ئەدەب و هونەر » خه‌ونی گۆڤاری گه‌لاوێژ

خه‌ونی گۆڤاری گه‌لاوێژ

ئه‌م ستوونه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌ سه‌روتاری یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاری گه‌لاوێژه‌ و مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌كه‌ نووسیوێتی و ته‌مه‌نی ئه‌م سه‌روتاره‌ 81 و ساڵه‌ خه‌ونێكی رۆشنبیریی گه‌وره‌ی له‌ خۆگرتووه‌، پێمان باشبوو بۆ زانیاری خوێنه‌رانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌، كه‌مێك ده‌سكاری شێوه‌ی ئیملاكه‌یمان كردووه‌ به‌پێی رێنووسی ئێستا.

خوێنده‌وارانی خۆشه‌ویست!

خۆم گه‌لێ به‌ به‌ختیار ئه‌زانم كه‌، به‌ یارمه‌تی گه‌وره‌ و دۆست و براده‌ران، یه‌كه‌م ژماره‌ی ((گه‌لاوێژ)) تان پێشكه‌ش ئه‌كه‌م و هیوایه‌كی زۆریشم هه‌یه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ دڵی خۆشه‌وه‌ لێمی وه‌رگرن، هه‌ر یه‌كه‌شتان به‌پێی توانا و له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆتانا یارمه‌تیم بده‌ن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و ژیاندن و پێشخستنی دا تا ئه‌ی گه‌یه‌نینه‌ ریزی گۆڤاره‌ هه‌ره‌ چاكه‌كانی وڵاتان. چونكه‌ بێ گومان ئه‌و هۆش و لێكدانه‌وه‌ و پێزانینه‌ی منی خستۆته‌ سه‌ر ده‌رهێنانی ئه‌م گۆڤاره‌ له‌ دڵی ئێوه‌دا گه‌لێ گه‌رم و به‌تین تره‌، هیچ گومان نابه‌م كه‌ هه‌مووتان وه‌كو من سه‌رشۆڕ ئه‌كه‌ن و شه‌رمه‌زار ئه‌بن كه‌ به‌ڕێكه‌وت یا به‌ پرسیاری بێگانه‌یه‌ك یه‌ته‌وه‌ بیرتان كه‌ له‌ سه‌رده‌می رووناكی و خوێندن و زانینا، له‌م پله‌ به‌رزه‌دا كه‌ شارستانێتی گه‌یشتویه‌تێ له‌ رووی زه‌مینا گۆڤارێكی كوردی نییه‌!

نه‌ كه‌س له‌پڕێ ئه‌بێ به‌ كوڕێ، نه‌ ئێمه‌ش به‌ گه‌وره‌یی و پۆشته‌یی و خوێنده‌واری له‌ دایكبووین، هه‌موو شتێ سه‌ره‌تا و ده‌ست پێ كردنێكی هه‌یه‌، و هه‌مووشی له‌ سه‌ره‌تادا، كه‌م وزه‌و، ناته‌واوی و كه‌م و كورتی تیائه‌بێ، بۆیه‌ نابێ كتوپڕ له‌ (گه‌لاوێژ) زویرببن و فڕێی ده‌نه‌ لاوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو گۆڤاری وڵاتان ره‌نگاوڕه‌نگ و پڕ وێنه‌ و رێكوپێكی نابینن كاڵا له‌ قه‌د باڵایه‌، چاكی و خراپی و دواكه‌وتن و پێشكه‌وتنی گۆڤارێ به‌پێی كه‌م و زۆری و دڵسۆزی و كه‌مته‌رخه‌می خوێنده‌واره‌كانیه‌تی. ژیان و مردنی گۆڤاری به‌ ئاره‌زووی خوێنده‌واره‌كانیه‌وه‌ به‌نگه‌.

((گه‌لاوێژ)) گۆڤارێكی ئه‌ده‌بی سه‌قافیه‌، یه‌كه‌مین نیازی بژاری زمانی كوردی و ژیاندنه‌وه‌ و ژیاندنی ئه‌ده‌بیاتی كوردییه‌ به‌ پاراستن و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كۆن و ماوه‌دان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی تازه‌، و ته‌رجه‌مه‌كردنی نووسینی جوان و كتێبی چاكی بێگانه‌.

یه‌كێ له‌و قۆرته‌ گه‌ورانه‌ی دێته‌ رێی وشیاری كوردی چه‌شنی نووسین (ئیملا)یه‌ و ئه‌مه‌ به‌ڕاستی شایانی سه‌رشۆڕی و ته‌ریق بوونه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا چه‌شنێك نووسینی تایبه‌تی نییه‌ كه‌ زمانی كوردی پێ بنووسرێ له‌م ژماره‌یه‌ی گه‌لاوێژدا ئه‌وه‌نده‌ گوێم نه‌دایه‌ ئه‌م قۆرته‌، هه‌ر نووسه‌ره‌ خۆی چۆنی نووسیبێ هه‌ر وا له‌ چاپ درا ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ گه‌لاوێژ ئه‌یه‌وێ ئه‌م حاڵه‌ به‌م پشێویه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، یه‌كێ له‌ نیازه‌كانی گه‌لاوێژ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی نییه‌ تێ گه‌یشتوو پێ گه‌یشتووی زاناكانی كورد بدات كه‌ له‌م بابه‌ته‌وه‌ بیری خۆیان بنووسن به‌شكو له‌م پاشاگه‌ردانی نووسینه‌ رزگارمان ببێ.

ئیتر ده‌ست له‌ده‌ست و پشت به‌خوا.

 496 جار بینراوە