سەرەکی » زانست » چاو و قاوەی گەرم لە كوپی كاغەزیدا مەترسیدارە

چاو و قاوەی گەرم لە كوپی كاغەزیدا مەترسیدارە

خواردنەوەی چاو قاوەی گەرم لە كوپی كاغەزیدا وا دەكات (٢٥) هەزارگەردیلەی پلاستیكیی قووت بدەین.

زانایانی هیندی هۆشداری دەدەن لەوەی خواردنەوەی قاوە و چا لە ناو كوپی كاغەزیدا تەنها بە فیڕۆدانی پارە و هۆكارێك نییە بۆ پیسبوونی ژینگە، بەڵكو لە پێش ئەوانەوە زیانی تەندروستی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، چونكە لەگەڵ خواردنەوەی ئەو چاو قاوەیە بە هەزاران گەردیلەی پلاستیكیش قووت دەدرێت.

بەپێی ئەو توێژینەوەیەی بەم دواییە زانایانی پەیمانگای هیندی بۆ تەكنەلۆژیا لە بەنگالی خۆرئاوا كردوویانە، هەموو خواردنەوەیەكی گەرم لە كوپی كاغەزی دا لە چەند خوولەكێكدا بە هەزاران گەردیلەی پلاستیكیی دەچێتە لەشی مرۆڤەوە.

بە پێی ئەو توێژەرەوانە ئەو پیسبوونەش هۆكارەكانی ناوپۆشی ئەو كوپانەیە كە بەجۆرێك دروستكراون بەرگەی شلەمەنییەكان بگرن و بە ئاسانیی نەتوێنەوە، لەلایەكی تریشەوە هەر بەهۆی ئەو ناپۆشانەوە ناتوانرێت بە ئاسانی ئەو كوپانە ریسایكلین بكرێن.

ئەو توێژەرەوانە ئاوی گەرمیان لە ناو چەند كوپێكی كاغەزیدا دانا و ماوەی (١٥) خوولەك بەجێیان هێشت، دواتر لەژێر میكرۆسكۆبدا پشكنینان بۆ ئاوەكە كرد، لانی كەم (٢٥) هەزار گەردیلەی پلاستیكیان لە هەر كوپێكدا بینی، جگە لەوەش ماددەی كانزایی وەك زینك و قورقوشم و كرۆمیشیان لەو ئاوانەدا ئاشكرا كرد، كە هەموویان لەدروستكردنی ناو پۆشی كوپەكەدا بەكارهاتوون و هەمووشیان زیانبەخشن بۆ مرۆڤ.

دكتۆر (سودها جویل) نووسەری توێژینەوەكە وتی» كەسێكی ئاسایی كە ڕۆژانە سێ كوپ چا یان قاوە بخواتەوە لەكوپی كاغەزیدا مانای وایەجگە لە ماددەكانی زینك و قورقوشم و كۆرۆم( ٦٥) هەزار گەردیلەی پلاستیكی قووت داوە.

دكتۆر جویل وتیشی» ئەو مادە پلاستكییانە وەك گوازەرەوی پیسكەرەكانی وك ئایۆن و كانزای قورس و ژەهراوییەكانی وەك پلادیۆم و كرۆم و كادیمیۆمن و لەكاتێكدا ڕۆژانە بنە جەستەی مرۆڤەوە كاریگەریی زۆر خراپیان دەبێت لەسەر تەندروستیی مرۆڤ».

هاوكات ماوەیەكە زانایانی چەند وڵاتێك خەریكی توێژینەوەن لەسەر ئەو ماددە پلاستیكی و كاغەزییانەی كە ماددە خۆراكییەكانی تێدەكرێت یان پێی دادەپۆشرێت، بۆ ئەوەی ڕادەی مەترسییەكەی بزانن لە سەر تەندروستی مرۆڤ و كاریگەرییەكانی بزانن لەسەر خێراتركردنی جۆرە جیاجیاكانی شێرپەنجە، بەڵام تا ئێستا بەڵگەیەكی ئەوتۆیان دەستنەكەوتووە بیسەلمێنێت كە چ زیانێك بە مرۆڤ دەگەیەنن.

سەرچاوە: الصحە والحیاە

 551 جار بینراوە