سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » کاتی ئەوە هاتووە مارکس و کۆمۆنیزم بۆ گفتوگۆی کۆمەڵگا بگەڕێنینەوە

کاتی ئەوە هاتووە مارکس و کۆمۆنیزم بۆ گفتوگۆی کۆمەڵگا بگەڕێنینەوە

گفتوگۆ لەگەڵ بێرنارد ڤاسور

بێرنارد ڤاسوور بیرمەندێکی چەپی فەرەنسییە و کۆمەڵێک کتێبی فکری گرنگی هەیە، یەکێکیش لەو کتێبانە « کۆمۆنیزم داهاتووی دەبێت، ئەگەر لە داهاتووی بماڵین» رۆژنامەی لومۆند دیپلۆماتیکی فەرەنسی لەبارەی ئەم کتێبە و فکری مارکسیزمەوە، دیدارێکی تایبەتی لەگەڵدا سازکردووە، ئێمەش پێمان باشبوو لە کوردستانی نوێدا بڵاویبکەینەوە، بەو هیوایەی بە دڵی خوێنەران بێت. ئەم دیدارەش لە لایەن ئەرسەلان حەسەنەوە لە فارسییەوە کراوە بەکوردی.

*تۆ لە کتێبی (کۆمۆنیست داهاتووی دەبێت… ئەگەر لە ڕابردوو دای بماڵین) ڕێگایەک دەگریتەبەر کە تۆ بە ئایدیای دووبارە دۆزینەوەی مارکس دەگەیەنێت. چۆن ئەوە ڕوون دەکەیتەوە؟

بێرنارد ڤاسور: لە ڕاستیدا، چاوخشاندنەوە بە ڕووداوە نووسراو و بیر لێ کراوەکانی جیهانی ئەمڕۆ، شتی نوێم دۆزیوەتەوە. کاتێک پێش سی ساڵ تەماشای جامخانەی کتێبفرۆشییەکانت دەکرد، تەنانەت کتێبێکت دەربارەی مارکس نەدەبینی، وەک جەستەیەکی مردوو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەو فەیلەسووفە ئەڵمانییە دەکرد. ئەو هاومانابوو بە شکستی وڵاتانی سۆسیالیستی و سۆڤیەت. بە پێچەوانەوە هەنوکە، ئێمە جۆریک برەودانی باوەڕپێنەکراو بە کتێبەکانی مارکس و کتێبەکانی دەربارەی مارکس دەبینین. ئاشنا دەبین بە وەرگێڕانی تازە و ئەو نووسراوانەی لە سەردەمی گەنجی لێیان بێ خەبەر بووین.

ئێمە هەوڵ دەدەین دووبارە مارکس و ئەنگڵس بدۆزینەوە و پەی بە پڕتواناییان ببەین. ماوەیەکی زۆر فیکری مارکس لە جووڵانەوەی کرێکاریی فەڕەنسا بۆ دوو ڕەهەندی جیاواز لێک جیا دەکرایەوە. ئیمە تێیدا بیرمەندێکی دژەسەرمایەداری و خەباتی چینایەتییمان دەبینی و زۆر جار بیرمان دەچوەوە کە ئەو بیرمەندی کۆمۆنیزمە، ئەوەی ئەو ناوی دەنا (کۆمەڵگای بێ چین) یان تەنانەت (کۆتایی مێژووی سەرەتای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی). یەک (کۆمەڵگای بێ چین) کۆمەڵگایەکی بێ ئیرادەسەپێن و بێئەوەی خەڵکی ژێر دەستە بن. کاتێک خێرا ئەو مەسەلەیە دەرک دەکرێت کە بیر لە نایەکسانی جۆراوجۆر (و نەک تەنیا داهات) بکەینەوە، کە لە تەقینەوەدایە و قەبووڵ نەکراوە. ئامانجی کۆمۆنیزم ڕزگارکردنی مرۆڤە. کەوایە بەدڵنیاییەوە (ڕۆژی وادەدراو) نییە، بەڵام لە ڕاستیدا شۆڕشێکە. ئایدیای گۆڕینی مێژووی مرۆڤایەتییە، کە هەر مرۆڤێک بۆ خۆی بڕیار دەدات بە تاک و کۆمەڵ، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژیان تێبکۆشێت و کاری خۆی دیاری بکات. لێرەدا بەشی سەرەتای مانیفێستی کۆمۆنیزم بیر دەهێنمەوە: (مێژووی هەر کۆمەڵگایەک تا ئەمڕۆ، تەنیا خەباتی چینایەتی بووە.) هەر وەک مارکس مەسەلەی وەرچەرخان و واقیعی، گۆڕینی شێوەی دروستبوونی مرۆڤایەتی و ڕزگاریی (مرۆڤ) وەک لە سروودی ئینتەرناسیۆنالیزم جەختی لێ کراوەتەوە، دەخاتە ڕوو. من پێم وایە دەبوو ئەو دوو ڕەهەندەی پێکەوە گونجاندبوایە و لە تێڕوانینی (دژایەتی) نەوەستابوایە و هاوکات بیری لە (دروستکردن)یش کردبایەوە. ئێمە بەگژ کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دەچینەوە و هاوکات هەوڵ دەدەین شارستانییەت بگۆڕین. بێجگەلەوە، کێشەکانی ئێستا بەجۆرێکن کە ئێمە ناتوانین تەنیا دەسەڵات یان حکومەت بگۆڕین، ئێمە پێویستمان بە گۆڕانێکی ڕیشەیی و شارستانییەتە. ئەوەش دەڵێم، کاتێک سەرکەوتنی بیرمەندانی وەک (ئالان بادیۆ، ئاتین بالیبار، فریدریک لۆردون، دێڤید گرابەر، بێرنارد فریو و هتد… و تەنانەت تۆماس پیکتی) دەبینین، کە هەر یەکەیان بە ڕێباز و لە سنووری خۆیاندا باسی مارکس و کۆمۆنیزم دەکەن، دەکرێت سەرسام بین کە کۆمۆنیستەکان و حیزبێک دەیەوێت بە کۆمۆنیستی بمێنێتەوە، خۆی لە ئەوانی دیکە زیاتر بە میراتگری هزرەکانی مارکس دەزانێت و کەمتر ئاماژە بە (کۆمۆنیزم) دەکات. هەر ئەو پارادۆکسە وایکرد من ئەم کتیبە بنووسم (هەوڵێکی دیکە هاوڕێیان)

*بەڵگەت چییە کە ئەمڕۆ مارکس بوەتە ڕۆژەڤ؟

بێرنارد ڤاسور: من باسی زۆربەی کارە ڕووناکبیرییەکان دەکەم، بەڵام ئەگەر لە دوا خەباتی کۆمەڵایەتی و قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕوانین، دووبارە سێبەری مارکس دەبینین. بایکۆتی درێژخایەنی کارمەندنی تەندروستی بەتایبەت نەخۆشخانەکان بیربهێنینەوە، من درووشمەکەیانم لە یادە: (حکومەت پارەکانی دەژمێرێت و ئێمە مردووەکان). دەتوانین ببینین ئەو هۆشدارییەی ئەمڕۆ لە جەرگەی بڵاوبوونەوە پەنجە دەخاتە سەر چ حەقیقەتێک. ئەو درووشمە لە سەردەمی پێشوو بەو مانایەبوو کە تەندروستی (کاڵا) نییە. تۆ ناتوانی نەخۆشخانەیەکی حکومی هاوشێوەی کۆمپانیاییەکی ژێر سێبەری دیکتاتۆری ژمارە ببەی بەڕێوە، ئەوەی ئالان سوپیۆ ناوی دەنێت (سەروەری ژمارەکان). بۆ هێلەکە زەردەکان بگەڕێینەوە، نائارامی ژیان، هەژاریی کەسانێک کە کار دەکەن، بەڵام ناتوانن لە ڕێگای کارەکەیانەوە بژێووی ژیانیان دابین بکەن، هاتنەسەر جادە و مەسەلەی نایەکسانی و نوێنەرانی سیاسی دەستڕۆیشتوان و (هیچ نەبوانیان) خستەڕوو. دەکرێت لێرەشدا سێبەری مارکس، بە دووبارە دانانەوەی سیاسەت لە ناوەندی تێفکرینی کۆمۆنیزمی ببینی. ئەوەی زۆر جار لە فەڕەنسا ناودەنرێت (نەمانی حکومەتی چینایەتی). نموونەی سێیەم، بزووتنەوەی خانەنشینی: هەموومان تێگەیشتن کە پرۆژەی حکومەت ئەوەبوو ئێمە ماوەیەکی زۆرتر کاربکەین. ئەوە لە ڕژێمێکی سەرمایەداری واتا چەوساندنەوە درێژخایەنترە. واقیعییەتی ژیانی دوورودرێژتری مرۆڤ بوەتە پاروویەک بۆ قازانجی زیاتر. لێرەشدا سێبەری مارکس و هزرەکانی دەربارەی کۆمۆنیزم دەردەکەوێت. تەنیا لە ناوەندەکانی ڕووناکبیری باسی ئەو دیاردەیە ناکرێت، ئەمڕۆ ئەو هزرانە لە ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیش چەکەرە دەکەن. هەموو ئەوە وادەکات من بڵێم ئەمڕۆ کۆمۆنیزم بوەتە بابەتی ڕۆژەڤ.

*هەر وەک گیرۆدەی تەندروستی و کێشەکانی ئاو وهەواین. تۆ وتارێکی کورتت لە هومانیتە بە ناوی (بیرکردنەوە لە جیهانی نوێ، دوای سەرمایەداری) بڵاو کردوەتەوە. چۆنچۆنی قەیرانی تەندروستی و ژینگە بە پەڕینەوە لە سەرمایەداری دەخەیتەڕوو؟ چۆن دەتوانی لە سەردەمی بەجیهانیبوونی نیولیبراڵ بە مەنزڵی بگەیەنیت؟

بێرنارد ڤاسور: دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زۆرتر دەربارەی دواڕۆژ قسە کرا، من بە نۆرەی خۆم باسی (سیستمی داهاتوو)، واتا دوای سەرمایەداریم کرد. ئەو خەباتەی ئێستا بۆ چوونە دەرەوەیە لە سەرمایەداری، کە مارکس بە کۆمۆنیزم وەسفی دەکات، نەک ئاسۆیەکی دوورە دەست، نەک ئایدیالێکی سەر سوڕهێنەر یان مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی کە وێنای کۆمەڵگایەک لە داهاتوو هاوشێوەی گەڵاڵەیەکی گەشتیاریی دەخاتەڕوو. بەمەش بیرۆکەی چوونە دەرەوە لە سەرمایەداری، هاوواتایە بە شارستانییەتی نوێی لە سەر هەڵداندا.

پسپۆڕانی ئەو نەخۆشیانەی لە ئاژەڵانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی بڵاو بوونەوەی ڕەوتی بەرهەمهێنانی مۆدێرنی سەرمایەداری دەبەنە ژێر پرسیارەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەنوکە سەرمایەداری بێ هیچ بەربەست و کۆنتڕۆڵێک، زیاتر لە هەر سەردەمێکی بەرهەمهێنانی دیکە، بە پڕتاو بە سەر کۆمەڵگاکاندا زاڵ دەبێت. سەرمایەداری ناتوانێت لەم ڕێگا بێتێکهەڵچوونە بەرپرسیارێتی خۆی بشارێتەوە یان پووش بە سەری بکات و ئێمە دەتوانین وەک مارکس لە کاتی خۆیاندا بیانبەینە ژیر پرسیارەوە.

هەموومان ئەو پەتایە دەبینین کە بە بڵاوکردنەوەی نەخۆشی مردن، جیهانی کردوەتە ئامانج و ڕەوشی بەئازار و کوشندە دەسەپێنێت. ئەگەر بمانەوێت بێ ترس درێژە بەژیانی خۆمان بددەین، دەبێت پێش بەو سڕینەوەی شارستنییەتە بگیردرێت. لەودیو بەجیهانیبوونی سەرمایە، واتا خەونی شێتانە ئامێزی سەپاندنی ڕەوشی ژیانی خۆرئاوایی بە سەر هەموو تۆپی زەویدا، بنچینەییترین دیاردەکانی سەرمایەداری دەردەکەون: ئیرادەی چاوبرسی دەسەڵات، پێشبڕکێی بێبەزەییانە، نایەکسانی، فتیشیزمی پارە (پارەی ئایینی). لەمێژە ئاگامان لەو مەسەلانەیە، بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەی ڕاچڵەکێنەری تەشەنە کردوو دەبینرێن. لێرەشدا دەرچوون لە سەرمایەداری خاڵێکی هاوبەشی باشە. سەرەنجام، کارەساتەکانی ژینگەمان لە پێشە و ئەوانیش دەبینرێن: گەرمبوونی زەوی، کڵاوە جەمسەرییەکان و یەخچاڵە سروشتییەکان لە تواندنەوەدان، سەرچاوە سروشتییەکان کەم دەبنەوە. بۆ هەموو ئەوانەش، دەرچوون لە سەرمایەداریی زەرورییە.

*ئایا سەرمایەداری بە پێشکەوتنی بازاڕی سەوز، دەیەوێت خۆی بکات بەدۆستی ژینگە؟

بێرنارد ڤاسور: من لە کتێبەکەی خۆمدا دەری دەخەم، کە سەرمایەداری سەوز چاوەڕوان نەکراوە. لە واقیعدا هەوڵێک بۆ ئەنجامدانی بە بازاڕکردنی سەوز لە دەوروبەری ژینگەدا بەڕێوەیە، بەڵام سەرمایەداری ناتوانیت شوێنکەوتنی قازانج و پابەندبوونی ژینگە پێکەوە بسازێنێت: چالاکی هەزاران کۆمپانیای تایبەتی بەکۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵایەتی تەبا نییە بە ڕەچاوکردنی ستانداردە ژینگەییەکان، بە هەمان شێوە قازانجبەخشی دارایی کە لە بنچینەدا کارێکی ماوەکورتە و تەنیا بە هاوسەنگی سروشتی بە سەر ڕووی زەوی درێژماوەدا مەیسەر دەبێت. ئەگەر مارکس لە خوێندنەوەی سەدەکانی نۆزدەیەم و بیستەم ڕزگار بکەین کە سەپێنرابوون – خوێندنەوەیەک کە سەرەتا لە لایەن سۆسیال دیموکراسی ئەڵمانیا و پاشان سۆڤیەتی ئینتەرناسیۆنالی سێیەم زاڵبوو – دەقە تەواو سەرەتاییەکانی مارکس دەدۆزینەوە. جۆن بیلام فۆستەر لە کتێبی (مارکس لایەنگری ژینگە) بەتێروتەسەلی باسی ئەو بابەتە دەکات. ئەو بەرهەمهێنەرانە لە کارەکانی مارکس دا نادۆزینەوە کە دەیاندەینە پاڵی، بە پێچەوانەوە، مارکس لە چەندین دەقی کتێبی سەرمایەدا باسی هاوسەنگی لە سروشتدا دەکات، بەڵام ئەوە هەمان شتە کە لە سۆڤیەت لە ستاخانۆڤیزم – لە ستایشکردنی کرێکارێکدا هات – لە تێفکرینی ئەوەوە وەرگیراوە. هەر بۆیە دەڵێم کۆمۆنیزم داهاتووی هەیە، بەو مەرجەی لە نەریتەکانی ڕابردوو ڕزگاری بێت. دەبێت مارکسی بیرمەندی کۆمۆنیزم، لە مارکسی خەباتی چینایەتی جیا بکەینەوە.

*دەربارەی (ڕزگاربوونی کۆمۆنیزم لە ڕابردووی خۆی) تۆ پێداگریی لە سەر ئەو واقیعییەتە دەکەی کە زۆر جار سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بەهەڵە بەیەک دەزانرێت، مەبەستتان چییە؟

بێرنارد ڤاسور: لە ڕاستیدا، نائاساییەک – فێڵێکی مێژوویی – لە پێشکەوتنی بزووتنەوی کرێکاریی و کۆمۆنیستی دا هەیە. دەیڵێمەوە: مارکس و ئەنگڵس بیرمەندی کۆمۆنیزمن، بەڵام وشەی سۆسیالیزم بوو بۆ ماوەی دوو سەدە زاڵ بوو، هەم لە سۆسیال دیموکراسی ئەڵمانیا و هەم لە سۆسیالیزمی سۆڤیەت. ئەمڕۆ ئەم دوو وشەیە بە هاومانا دادەنرێن. ئایا مارکس ناساندوونی؟ من پیم وا نییە و هەوڵ دەدەم پیشانی بدەم. مارکس و ئەنگڵس لە ساڵی (1848)، مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیستییان نووسی. دوای ئەوە ئیمە خوازیاری سۆسیالیزم بووین، پێم وایە هەر دووک لە ڕووی ئامانج و ویست و میکانیزمی سیاسییەوە لێک جیاوازن. بۆ نموونە، سۆسیالیزم وەک داینەمۆی بزووێنەری کۆمەڵایەتی ئازار بەدەست باوەڕی خۆی بە دەوڵەت دەبینێت، بەڵام کۆمۆنیزم وانییە. هەرگیز کۆمۆنیزم لە سەر بنچینەی بیروباوەڕی مارکس تاقی نەکراوەتەوە.

*بەڵام چۆن دەکرێت کۆمۆنیزم دوای سەرمایەداری، یەکەمین مەرجەعی گۆڕانکاریی بیت؟

بێرنارد ڤاسور: فۆکۆمایا لە ساڵی (1992) لە کتێبی (کۆتایی مێژوو و دوا مرۆڤ) وێنای جیهانێک دەکات کە تێیدا سەرمایەداری سەرکەوتوانە دەگاتە (پێکەوەژیانی تەک بە تەک)ی ئابووری بازاڕ و دیموکراسی پەرلەمانی. سەردەمی ئەو جۆشوخرۆشە کۆتایی پێ هاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هزرە بوەتە بار بەکۆڵی خەباتی کۆمەڵایەتییەوە کە گوایە کۆمۆنیزم لە سەدەی بیست هەڵوەشاوەتەوە. کەوایە ئەگەر کۆمۆنیزم مردبێت، هیچ شتێکی دیکە جگەلە سەرمایەداری نابێت. بە شێوەیەکی جدی ئەوە تەواوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پەک خستوە و دەیانخاتە سەنگەری بەرگرییەوە. تەنیا دەتوانین لە (بەرهەڵستی)کردنی داکۆکی لە خۆمان بکەین و هیچمان (بۆ) پێشنیاز نییە. لەو باوەڕەدام ئەگەر یەکێک بڕیار بدات بە هەمان شێوەی مارکس باسی کۆمۆنیزم بکات، دەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت. مارکس لە کتێبی سەرمایەدا دەنووسێت: (کۆمۆنیزم شێوەی لە سەرووتری کۆمەڵگایە کە گەشەکردنی تەواو و ئازادی هەر تاکێک، بنەمای بنچینەییەکەیەتی) بەڵام ئەگەر تەماشای ئەوە بکەین لە سەدەی بیستەم ڕووی داوە، لە ڕاستیدا شتێک کە پێی دەگوترا کۆمۆنیزم، دەبوایە ناو نرابا (شکستی وڵاتانی سۆسیالیستی) و هیچ پێوەندییەکی بە (گەشەکردنی تەواو و ئازادی هەر تاک)ێکەوە نەبوو. لۆسین سو لە بەرگی یەکەمی کتێبی کۆمۆنیزم (2018) بەردی بناغەیەکی داناوە کە دەتوانین لەو بارەیەوە ئیلهامی لێ وەربگرین. بە فۆکس خستنەسەر جیهانیک کە دەورەی داوین، دەبێت سوود لە بۆشایی و بنبەستی فیکری سەرمایەداری وەربگرین. کاتی ئەوە هاتوە مارکس و کۆمۆنیزم بکەینە باسی ڕۆژەڤ و دووبارە لە نوێوە ئەم هزرە بنووسینەوە کە مرۆڤایەتی دوو ڕێگای لە بەردەمە. ئێمە تا ئەبەد مەحکوم بە سەرمایەداری نین. ڕێگای دووەم، واتا ڕزگاربوونی مرۆڤ کە پێش سێ سەدە ناو نراوە کۆمۆنیزم، داهاتووی هەیە.

سەرچاوە: لوموند دیپلماتیک، دیسامبر2020

 379 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*