پاش ریفراندۆمی تیمۆری خۆرهه‌ڵات بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌خۆبوونی له‌نێو كیشوه‌ری ئاسیادا و پاشان جیابوونه‌وه‌ی باشووری سودان له ده‌وڵه‌تی سودان له كیشوه‌ری ئه‌فریقا، پێده‌چێت ئاراسته‌كه پێچه‌وانه بووبێته‌وه و جیهان یان راستر بڵێین سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان، گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه له‌به‌رامبه‌ر كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له جیهاندا.
ساڵی 2017 له كه‌ته‌لۆنیا كه هه‌رێمێكی ئۆتونۆمه له ئیسپانیا و ده‌كه‌وێته باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌كه ریفراندۆمێكیان رێكخست بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوون، یان مانه‌وه له چوارچێوه‌ی ئیسپانیادا، زۆرینه‌ی به‌شداربووان ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆبوون دا. حكومه‌تی ئیسپانیا به‌توندی رووبه‌ڕووی ئه‌م ویسته بۆوه و هێزی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیاو به‌رشه‌لۆنه‌ی پایته‌ختی ئه‌و هه‌رێمه كرد و په‌رله‌مانی داخست و لێپرسراوانی هه‌رێمه‌كه‌ی گرت و سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌ش خۆی ده‌ربازكرد و حكومه‌تی ئیسپانیا بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ خۆی و ژماره‌یه‌ك وه‌زیری هه‌رێمه‌كه ده‌ركرد كه ئه‌وانیش خۆیان دهربازكردبوو.
له‌هه‌مان كاتدا زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا دژی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا وه‌ستانه‌وه، ئه‌مه له ئه‌وروپا. له ئه‌سیوپیا كه وڵاتێكه له كیشوه‌ری ئه‌فریقا، هه‌فته‌ی رابردوو پاش دوو هه‌فته شه‌ڕی حكومه‌تی ئه‌سیوبیا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هه‌رێمی فیدراڵی تیگرای كه ده‌كه‌وێته باكووری ئه‌سیوبیاوه، سوپای حكومه‌تی مه‌ركه‌زی چووه میكیلی پایته‌ختی هه‌رێمه‌كه‌وه و به‌وه‌ش ئه‌و هه‌رێمه له رووی یاساییه‌وه، هه‌ڵوه‌شایه‌وه!
ساڵی 1994 ناگۆڕنۆ كه‌ره‌باخ له ئازه‌ربایجان جیابۆوه، كه خۆشی له سۆڤێتی جاران جیاببۆوه، پاش جیابوونه‌وه، بووه كۆماری ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ و له جیهاندا ته‌نها ئه‌رمه‌نستان پشتگیریی كرد‌و دانی پێدانا.
له‌ساڵی1994ه‌وه ئه‌و كۆماره به‌و بارودۆخه مایه‌وه، تا 40 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ، شه‌ڕ له نێوان كۆماره‌كه و كۆماری ئازه‌ربایجاندا روویدا و پاش زیاتر له مانگێك شه‌ڕ و كاولكاریی، ئازه‌ربایجان كۆماره‌كه‌ی گرت، كه به به‌شێك له خاكی خۆیی ده‌زانێ و به‌وه‌ش پاش 26 ساڵ ئه‌و كۆماره تیاچوو. ئه‌مه‌ش له كیشوه‌ری ئاسیا.
بیابانی خۆرئاوا كه له ئه‌فریقایه، ده‌كه‌وێته باشووری مه‌غریب و باكووری مۆریتانیا و خۆرئاوای جه‌زائیر، پاش شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن له نێوان مه‌غریب و مۆریتانیا، مۆریتانیا له بیابانی خورئاوا كشایه‌وه. له گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا، به‌ره‌ی پۆلیساریۆ دروستبوو، كۆماری عه‌ره‌بی دیموكراتی بیابانی راگه‌یاند، له‌وكاته‌وه، مه‌غریب سێ له‌سه‌ر چواری بیابانهكهی به‌ده‌سته‌وه‌یه و به‌ره‌ی پۆلیساریۆش به‌شه‌كه‌ی تری به‌ده‌سته‌وه‌یه. له‌نێوان هه‌ردوولاشدا زنجیره‌یه‌ك شه‌ڕ و پێكدادان روویداوه.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش هیچ وڵاتێك خاوه‌ندارێتی مه‌غریبی بۆ بیابانی خۆرئاوا نه‌سه‌لماندووه.
هه‌فته‌ی رابردوو پاش دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزی له نێوان سوپای مه‌غریب و هێزه‌كانی به‌ره‌ی پۆلیساریۆ و ئارامبوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه، دوناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له راگه‌یاندراوێكدا خاوه‌ندارێتی بیابانی خۆرئاوای گێڕایه‌وه بۆ مه‌غریب و به‌دواییشدا، چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌و راگه‌یاندنه ده‌ربڕی.
ئه‌وه‌ی ئاماژه‌مان پێدا، چه‌ند نموونه‌یه‌كن كه هه‌ڵوێسته و لێوردبوونهوهیان ده‌وێت و بۆنی مه‌ترسیی به‌رفراوان بوونی زیاتری لێدێت!
91 جار بینراوە