سەرەکی » زانست » بۆ دەبێت ئەوانەی فیلەریان كردووە لە ڤاكسینی كۆرۆنا بترسن؟پەڕە 27

بۆ دەبێت ئەوانەی فیلەریان كردووە لە ڤاكسینی كۆرۆنا بترسن؟

پزیشكەكان ئاماژە بەوەدەدەن ئەوانەی فیلەریان كردووە تووشی هەندێك پاشهات دەبن كاتێك ڤاكسینی كۆرۆنا بەكاردەهێنن.

پزیشكەكانی لیژنەی ڕاوێژكاریی سەر بە (ئیدارەی خۆراك و دەرمان)ی ئەمریكا ئاشكرایانكردووە ئەوانەی دەرزی فیلەریان بەكارهێناوە بۆ جوانكاریی ڕوخسارییان، لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنادا ڕووبەرووی چەند پاشهاتێك دەبنەوە.

ئەو لیژنە زانستییە ئاماژەیان بەوەداوە ئەو پاشهاتە لاوەكییانە بریتین لە ئاوسان و هەوكردی زۆر، ژمارەیەك لەو خۆبەخشانەی ڤاكسینەكەی كۆمپانیای (مۆدیرنا)ی ئەمریكیان بە كارهێناوە لە كاتی تاقیكردنەوە كلینیكییەكاندا تووشی ئەو حاڵەتانە بوون.

(شیرلی شی) پزیشكیی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی پێست دەڵێت» پێویست ناكات كەس نیگەران بێت، چونكە شتێكی زۆر سروشتییە كە لە دوای پێدانی ڤاكسینەوە كەسەكە هەست بە هەندێك نیشانە و پاشهاتی لاوەكیی بكات، چونكە ئەوە بەڵگەیە بۆ وەڵامدانەوەی كۆئەندامی بەرگریی لەش بۆ ئەو ڤاكسینە».

ئەو خانمە پزیشكە ئاماژەشی بەوەداوە وەڵامدانەوەی كۆئەندامی بەرگریی لە هەندێك ناوچەی لەشدا دەردەكەوێت ئەویش بە هۆی ماددەیەكی نامۆی وەك فیلەرە كە خۆی بە شێوەیەكی سروشتیی لەلەشدا نیە، بەلكو هەندێك بۆ چەند شوێنێكی ڕوخساریان یان هەرشوێنێكی تریان زیادی دەكەن بە مەستی رێككردنەوەی دیمەنی ڕوخساریان یان هەر شوێنێكی تریان.

هەر ئەو پزیشكە وتی»ئەو پاشهاتانەی دەركەوتوون ئاسانن و نابێت وا لە خەڵك بكات پاشگەزبنەوە لە وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كە ماوەی ساڵێكە بووەتە بەڵایەكی جیهانیی».

ئەو خانمە پسپۆڕە وتیشی» تا ئێستا دوو كەس تووشی ئەو پاشهاتە بوون كە بەر لە شەش مانگ دەرزی فیلەریان بەكارهێناوە و یەكێكی تریش دوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە فیلەری داناوە و هەموو حاڵەتەكان چارەسەر كراون بە بەكارهێنانی(ستیرۆید) و دژە تەنی (هیستامین) و زاڵبووین بەسەر هەموو ئەو لاوازبوونەی بە هۆیەوە تووشیان بووە.

پێویستە بوترێت: ماوەیەك بەر لە ئێستا ڤاكسینەكەی كۆمپانیای(مۆدێرنا)ی ئەمریكی لە لایەن ئیدارەی دەرمان و خۆراكی ئەو وڵاتەوە مۆڵەتی بەكارهێنانی وەرگرت، بەوەش ئەو ڤاكسینە چووە پاڵ ئەو یەكەمین ڤاكسینەی هەردوو كۆمپانیای(ڤایزەر و بیۆنتك) بەرهەمیان هێنا بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پەتای ( كۆڤید-19).

سەرچاوە: Ghadi news

 334 جار بینراوە