سەرەکی » دۆسێ » ئێران بەڵێن دەدات بە توندی وەڵامی ئەمریكا بداتەوە

پەیوەندی بە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە هەیە

ئێران بەڵێن دەدات بە توندی وەڵامی ئەمریكا بداتەوە

بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەپاندنی سزاكانی سەر سەرۆكی دادوەریی وڵاتەكەی لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكانەوە بە «تێپەڕاندنی هێڵی سور» ناودەبات، بەڵێنیش دەدات وەڵامی سەپاندنی ئەو سزایانە بداتەوە.
سادق لاریجانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لەنێوان ئەو 14 كەس و دامەزراوانەدا بوو كە لەلایەن ئەمریكاوە بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ تۆمەتبار كرابوون.
ئەوەش دوای راگەیاندنەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بوو كە درێژكردنەوەی ماوەی سزاكانی ئەمریكای بەسەر تاراندا لە چوارچێوەی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەدا لەخۆگرتبوو،تەئكیدیشی لەسەر راگرتنی كاركردن بە درێژكردنەوەی سزاكان بۆ دوایین جار كردبۆوە.
ترەمپ رایگەیاندبوو»دوایین هەل دەداتە ئەوروپا و ولایەتە یەكگرتووەكان تا هەست بە هەڵە مەترسیدارەكان بكەن كە لەنێو رێكەوتنە مێژووییەكەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و هێزە خۆرئاواییەكاندا هەیە».
كۆشكی سپی داوای لە یەكێتی ئەوروپا كردبوو، رازیی ببن بە جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەكردنی هەمیشەیی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران، رێكەوتنە ئەتۆمییەكەش ئاماژە بە هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات لە ئێران تاوەكو ساڵی 2025.
وێڕای راگرتنی سزا ئەمریكاییە جێبەجێكراوەكان لە دژی ئێران لەپاش رێكەوتنی ئەتۆمی، ولایەتە یەكگرتووەكان رێوشوێنی توندی لە دژی تاران گرتۆتەبەر كە پەیوەندییان بە پرسەكانی وەك داڵدەدانی تیرۆر، و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، و پەرەپێدانی موشەكە بالیستییەكانەوە هەیە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكایی دەڵێت، ئایەتوڵڵا ئاملی لاریجانی تێوەگلاوە لە كاریی ئەشكەنجەدان و سوكایەتیكردن بە زیندانیان، ئەوەش دوای ئەوەی لاریجانی لەنێوان ئەو كەسانەدابوو كە داوای كردبوو خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە، سەركوت بكرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەكەیدا رایگەیاندبوو:»رێوشوێنە دوژمنكارییەكانی ئیدارەكەی ترەمپ، هەموو هێڵە سورەكان و ئاكارە باوەكانی نێو كۆمەڵی نێو دەوڵەتیان بەزاندووە، وێڕای ئەوەی پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانن، بۆیە دەبێت لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە بە توندی وەڵام بدرێنەوە».
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ترەمپی بە بەردەوامبوون لەسەر دەرخستنی دوژمنكاریی بەرانبەر بە گەلی ئێرانی و دووبارەكردنەوەی ئەو هەڕەشانە تۆمەتبار كردبوو كە بەپێی بەیانناكەی، هیچ ئاكامێكیان نەبووە.
ترەمپ بەردەوامە لەسەر رەخنە توندەكانی لەو رێكەوتنە ئەتۆمییەی كە باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەی ئیمزای كردبوو، رێكەوتنەكەیشی بە «خراپترین لە تەواوی مێژووی ولایەتە یەكگرتووەكان»دا وەسفكردبوو.
بەپێی ئەو بڕیارەی لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە ئیمزا كرا، هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا لەسەر تاران بۆ ماوەی 120 رۆژی تر درێژدەكرێتەوە، بەڵام هۆشداریشی دابوو كە جارێكی تر ئیمزا لەسەر هەڵگرتنی ئەو سزایانە نەكات.
ترەمپ رایگەیاندبوو»گەر لەهەر كاتێكدا بینیم ناكرێت بگەینە چارەسەر، ئەوا دەستبەجێ‌ لە رێكەوتنەكە پاشەكشە دەكەم».
لەبەرانبەردا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو»ئەوەی ترەمپ دەیكات، جگە لە هەوڵێكی بێئومێدانە بەولاوە بۆ پەكخستنی رێكەوتنەكە، چی دی نییە».
ئەڵمانیاش تەئكیدی لەسەر بەردەوامبوونی وڵاتەكەی لەسەر بانگەشەكردن بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنی ئەتۆمی كردبۆوە، ئاماژەی بەو هەوڵە هاوبەشانەش كردبوو كە لەو پێناوەدا لەگەڵ بریتانیا و فەرەنسادا دەیانخاتەگەڕ.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەلی شمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو»كارتی ترساندنی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بە بڕیارە شێتانەكانی سەرۆكی ئەمریكا، كارێكی دووبارە و بێ‌ سودە، ئیدارەی ئەمریكایش بەهۆی ئەو بڕیارانەوە دووچاری گۆشەگیری بووە».
عەلی شمخانی، لێدوانەكانی ترەمپی سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە رێكەوتنی ئەتۆمی یان گۆڕینی ناوەرۆكەكەی، بە ژاوەژاوێكی بێ‌ بنەما وەسفكردبوو كە بە گوتەی ئەو»لە چوارچێوەی ستراتیژی ترساندنی ئێران و بێ‌ بەشكردنییەتی لە سودە ئابورییەكانی رێكەوتنی ئەتۆمی».
وەك ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران باسی كردبوو»كارتی ترساندنی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بە بڕیاری كەسێكی شێت (ئاماژەكردن بۆ ترەمپ) دووبارە و بێ‌ سودە، ئیدارەی ئەمریكاش بەهۆی ئەو بڕیاڕە شێتانانەی ترەمپەوە، دووچاری گۆشەگیرییەكی جیهانی بووە».
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، ئەو رێكەوتنەی ولایەتە یەكگرتووەكان ئیمزای كردبوو، بە خراپترین لە مێژوودا وەسفكردبوو، هۆشداریشی دابوو لەوەی كە ئێران «لەماوەی چەند ساڵێكی كەمدا دەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی»
ترەمپ، ئێرانی بە پێشێلكردنی بڕگەكانی رێكەوتنەكە «بۆ چەندان جار» تۆمەتبار كردبوو، بەڵێنیشی دابوو لەگەڵ كۆنگرێسدا كار بۆ «راستكردنەوەی رێكەوتنەكە و پڕكردنەوەی كەلێنەكانی»، بكات.
لەنێوان ئەو كەلێنانەی ترەمپ باسیان دەكات، هەڵگرتنی كۆتوپێوەندەكانە لەسەر بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەپاش ساڵی 2025 لە ئێران.
هەروەها دەیەوێت، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بتوانێت، بچێتە نێو پێگە سەربازییەكانی ئێران، و رێكەوتنەكەش بەرنامەكانی ئێران بۆ موشەكە بالیستییەكان لەخۆبگرێت.
ئەوانەی لە كۆنگرێس رەخنە لە رێكەوتنەكە دەگرن، بەپێویستی دەزانن یاسایەك دابنرێت كە سەپاندنی سزای ئەمریكایی زامن بكات بۆ هەركاتێك كە ئێران خۆی لە پابەندبوون بدزێتەوە.

print

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*