سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » ساڵێكی تری پڕ نەهامەتی

ساڵێكی تری پڕ نەهامەتی

هەمیشە هەموومان وا راهاتووین، لە كۆتایی هەموو ساڵێكدا بڵێین: ساڵێكی تریش تێپەری، بەڵام ئەوەی تێدەپەرێت، ئەوە تەمەنی خۆمانە و ساڵەكان تەنها ژمارەیان زیاد دەبێت و خۆیان هەروەك خۆیانن.

ساڵی 2020 بۆ هەموو جیهان ساڵێكی ئاسایی نەبوو، بۆ ئێمەش لە كوردستان هەر وابوو و سەختتریش، جگە لەوەی پەتای كۆرۆنا- كۆڤید19- بڵاوبۆوە، قەیرانی داراییش بەرۆكی هەرێمی گرتبوو، هەر بەردەوامیشە و بارودۆخی سیاسیش لەبارنەبوو، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداش لەوپەڕی خراپیدا بوو.

دەشێت ئەوەی مرۆڤەكان لە قەیرانی داراییدا لەدەستیان دابێت، بەشێوەیەك لە شێوەكان لە ئایندەدا قەرەبووی بكەنەوە، بەڵام ئەوەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لەدەست چوو، هەرگیزاو هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە.

بەداخەوە لە ساڵی 2020 بەهۆی ئەو پەتایەوە، سەدان كەسمان لە كەسوكار و هاوڕێ و دۆست و ئازیزان، لەدەست دا.

ئەو پەتا نەگریسە، دەیان تێكۆشەر و خەباتگێڕی دێرینی لەبەرچاو ونكردین، ئەوانە چەندین ساڵی خەبات و تێكۆشان و زیندان زەفەری پێ نەبردن، مخابن ئەو نەهامەتییە ماندوی كردن و لە سواریی خستن.

بەحەسرەتەوە دەبێت هەمیشە یادی ئەو دەیان دۆست و هاوڕێیانەمان بكەینەوە كە مەرگی كۆرۆنا ژیانی بردن، دەیان ژن و پیاوی بەئەمەك، مرۆڤی راستەقینە، كەسایەتیی سەنگین، لە شەڕ لەگەڵ كۆرۆنادا، گیانیان دەرنەبرد.

سڵاو لە گیانی پاكیان و سڵاو بۆ گیانی هەموو ئەوانەی تریش كە لە 2020 دا بەجێیان هێشتین، بەئومێدی ئەوەی 2021، ئاهێكی تێدابێت بۆ ژیانێكی ئاسوودە و دوور لە قەیران و بە سەربەرزیی و سەرفرازی.

 69 جار بینراوە