سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » لە پەراوێزی سەردانەکەی وەفدی باڵای…

لە پەراوێزی سەردانەکەی وەفدی باڵای…

لە پەراوێزی سەردانەکەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دا بۆ بەغداد و تاران

سەرەتای ئەم هەفتەیە، بەرەوپێشچونێک لە ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت کاتێک وەفدێکی باڵای حکومەت سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ دکتۆر حەیدەر عەبادیدا کۆبوەوە ئێوارەی هەمان رۆژ وەفدەکە سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆبوەوە لەوانە عەلی شامخانی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران،رۆژی دواتریش لەگەڵ دکتۆر حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار و دکتۆر عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوە داکۆبوەوە ،هەرچەندە وەک نوسینگەی سەرۆک وەزیر عەبادیی لە بارەی دیدارەکەی بەغدا و ئاژانسی تەسنیم دەربارەی کۆبونەوەکانی تاران وایان بڵاو کردۆتەوە، کە سەرانی هەردوو پایتەخت قسەی خۆیان کردوەو گلەییان لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی پێچەوانەیی رابردوی هەرێمی کوردستان کردوە لە ئاست دەستوردا، بە تایبەتیی لە بەرامبەر ریفراندۆم دا کە دەبوایە نەکرایە ،بەڵام ئەو دیدارانە خۆی لە خۆیدا هەنگاوی گرنگن کە هەردوو پایتەخت پێگەی هەرێمی کوردستانیان لا گرنگە و حسابی بۆ ئەکەن و نادیدەی ناگرن ،هەرچەندە هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردودا نادیدەی گرتبون کە لێکدانەوەیەکی هەڵە بوو. بەغدا لەگەڵ کەموکورتیە زۆروزەوەندەکانی لە ئاست پابەندبونی بە دەستور،بەڵام لە دیسامبری ساڵی 2012 بەدواوە حکومەتی فیدراڵی زۆر نادیدە گیرابوو هیچ حسابێکی بۆ نە ئەکرا ،هەر لە سنورە دەرەکییەکان و فڕۆکەخانەکان و داهاتەکان تا هەناردەکردنی نەوت و جێگیر بونی هێزەکانمان بەبێ هەماهەنگیی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان و چەندین ئەرکی تر،ئێرانیش وەک دراوسێ و قورسایی و هەژمونێکی میحەوەریی ،بە هەمانشێوەو لە ئاستی ئیقلیمیدا نادیدە گیرابوو کە نەزانینێکی سیاسییانە بوو، هەرێم هەموو هێلکەکانی خستبوە سەبەتەکەی ئەنجام و سەرگرتنی گرەوەکەی داعش لە دابڕاندنی بەشێکی عیراق، کە تورکیا و هەندێک وڵاتی کەنداوی لە پشتەوە بوو،دیارە ئەمەشیان حساباتێکی هەڵە بوو سەرکردایەتیی ئەو کاتەی هەرێم بە ئۆپۆزیسیۆنەکەی ئێستاشەوە وای لێک ئەدایەوە لەم کەین و بەینەدا شتێک ئەپچڕێت و ئەو میحوەرەش دێنە ژێر باری ئەو دیفاکتۆیەی کە هەرێمی کوردستان ئەیسەپەێنێت،بەڵام سەرەنجامی رووداوەکان لەپێش بەرپاکردنی ریفراندۆم و دواتریش ئاشکرایان کرد چ لێکدانەوەیەکی هەڵە و تەسک بینییەکی سیاسیی بوو.
ئێستا قۆناغێکی نوێ یە دەبێت حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان نیاز پاکیی نیشان بدات لەئاست واقیعی دوای ریفراندۆم، ئەبێت پیاچونەوە بکات بە هەموو لێکدانەوە هەڵەکاندا وەک سەربەخۆیی ئابوریی و هەڵکردنی ئاڵای ئیستفزازیی . ئەمجارە بەرەسمیی ئەو ریفراندۆمە وەلا بنێت،ئیدی حکومەتایەتی بکات و دەستبەرداری دروشمی بریقەدار و دەستەواژە حەماسەت خوڵقێنەرەکان بێت کە لەگەڵ دەوڵەتدارییدا ناگوجێن .گەڕاندنەوەی ناوچە جێ ناکۆکەکان بۆ حکومەتی فیدراڵیی بە خاڵی لاوازی خۆی نەزانێت، چونکە لە بنچینەدا بە سەرپێچی و نادەستوریی بۆمەرامی موزایەدەی کوردایەتیی هێزی لێ جێگیر کرابو لە دوای کۆتایی داعش.
لەلایەکی تریشەوە ئەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ماوە راگوزارییە بەو جۆرە بباتەسەر، کە نەیارەکانی بۆشایی نەدۆزنەوە بۆ تانە لێدانی،ئەو کوردستانە بەهێزە بێتە کایەوە کە عیراقی فیدراڵ پشی پێببەستێت ،هەموو ئەمانە دیفاکتۆیە چونکە دەبوایە وەک پێمان وترابو، کارێک نەکەین دوایی پەشیمانیی لەدوا بێت، بەداخەوە تێنەگەیشتی سیاسیی هەندێک ،سەری لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتیش شێواند. ئەم سەردان و جموجۆڵانەش بۆقەرەبوکردنەوە و ساڕێژکردنی ئەنجامی ئەو هەڵانەیە، کە ئەبوایە لەدوای دیسامبری 2012 ەوە نەکرانایە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*