سەرەکی » دۆسێ » لە 63 ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئەوروپا

لە 63 ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئەوروپا

بیرۆکەی دامەزراندنی یەکێتیی ئەوروپا لێرەوە چەکەرەی کرد

جوسێف ماتزینی، پەیامبەری نەتەوایەتی و تیۆرسینی یەکێتییەکە

(نیشتمان بەرلە هەرشتێک، هۆشیارییە بە نیشتمان، نەک ئەو خاکەی پێی پێدا دەنێن و ئەو سنوورەی سروشت خوڵقاندوێتی لە نێوان خاکەکەتان و خاکی ئەوانی تردا، ئەو زمانە سازگارەی تێیدا دەزرنگێتەوە، هیچ نیین جگە لەوەی لە نیشتمان بینراون، بەڵام ئەگەر بێت و رۆحی نیشتمان لە پەرستگەی ژیانتا نەبێت، کە پێی دەوترێت هۆشیاریی، ئەوا ئەم شێوەیە بە لاشەیەکی بێ ژیان دەچێ، ئێوە گۆڕی بێ ناون و دەستەیەکن لە خەڵک، نەک میللەت. نیشتمان بریتییە لە باوەڕهێنان بە نیشتمان. ئەگەر بێت و هەریەک لە ئێوە خاوەنی ئەم باوەڕ و ئیمانە بێت، ئامادەبێت خوێنی خۆی بڕێژێ لە پێناویدا، ئەوکاتە دەبنە خاوەنی نیشتمان، نەک پێش ئەوە).

ماتزینی

هەڵۆ بەرزنجەیی

ئەوروپای سەدەی 18 و 19 ، کیشوەری رێنیسانس و شۆڕشی فەڕەنسی و پیشەسازیی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بوژانەوەی رۆشنبیریی و رزگاریی نەتەوەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییە.

لە زەمینەی رەوتی ئەم زنجیرە گۆڕان و بەرەو پێشچوونانەدا، گەلێک ھونەرمەند و شاعیر و فەیلەسوف و سیاسی و مرۆڤدۆستی گەورە ھەڵکەوتوون، کە پەردەی تاریکییان بە رووی جیهاندا دڕاندووە و ئاسمانی ئەوروپایان رووناکتر کردۆتەوە.

شاراوە نییە ئەم جوامێر و خاوەن بەھرانە، داینەمۆی بەبڕشتکەر و ھەڵسوڕێنەر و بەرەوپێشبەری رووداوەکان بوون و سیمای گەشاوەی سەردەمی خۆیان بوون، چونکە کوڕی سەردەمی خۆیان بوون و لەگەڵ ئازار و ژانی نەتەوەکانی خۆیاندا دەژیان و تێدەکۆشان بۆ بەختەوەریی نەتەوەکانیان. لە راستیدا بەختەوەریی هەر نەتەوەیەکیش، واتە بەردەبازێک بەرەو بەختەوەریی مرۆڤایەتی.

ھەربۆیەشە بێ کاریگەرێتی ئەم ھەڵکەوتووانە لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا، مەحاڵ بوو ھیچ کام لەو دیاردانە شیاوی رسکان بن و شتێک ھەر بەو چەمکانە دروست بێت و بێتە مەیدانەوە.

Giuseppe Mazzini جۆسێڤ ماتزینی 11/3/1872- 2/6/1808 ی کەڵە سیاسی و فەیلەسوف و ریفۆرمستی دیار و ئەدیبی پایە بڵند و باڵادەست و سەرکردەی میللی ھێژای ئیتالی و رابەر و بیرمەندی نەتەوەیی ھەرگیز نەمر، یەکێکە لەو تاکە ھەڵکەوتووانەی گۆڕەپانی تێکۆشان کە ھەتا ھەتایە مێژووی ئیتالیا و ھەموو مرۆڤایەتی شانازیی پێوە دەکات. پایە و شوێنی خۆشەویستی ماتزینی لە دڵ و دەروونی ھەموو نەتەوەپەروەرێکی رەسەن و مرۆڤدۆستێکی راستەقینە و دیموکراتێکی راستگۆ و رۆشنبیرێکی بەئاگا و خەمخۆردا دیارە. بە رادەیەک بە پەیامبەری نەتەوایەتی و حەزرەتی عیسای ئیتالیا ناودەبرێت، بۆیە ناوی ھەربە زیندوویەتی دەمێنێتەوە و دەژی. ماتزینی دەیوت:» ژیان پەیامە» بۆیە زۆر جوامێرانە دوای گەیاندنی پەیامی خۆی کەوت.

ئەورۆکە.. کەم سیاسی و رۆشنبیری دنیا ھەیە Mazzini نەناسێ و بە بیروبۆچوون و تێز و جیھانبینی و ھەڵسەنگاندنەکانی بیر و مێشک و چاوی خۆی زاخاو نەدابێت. ماتزینی لە دایکبووی شاری جێنوا/ Genua یە و لە بنەماڵەیەکی دیار و ئەرستۆکرات بوو.

Giaccomo Mazzini ی باوکی، پڕۆفیسۆری زانکۆ بووە و دایکیشی Marina، کەسایەتییەکی زۆر بەھێز و خواناس و خانەدان بووە و زۆر خوێندەوار و رۆشنبیر و موزیکزان و بەهرەمەند بووە و دڵ و دەروونێکی باشی بۆ کۆمەکی هەژاران هەبووە و دەستگیرۆیی لێقەوماوانی کردووە، دەرفەتی ژیانی بۆ رەخساندوون. بەم خەسڵەتانەوە دایکی دەبێتە یەکەم و گەورەترین کەسایەتی، کە گاریگەرێتی قووڵ لەسەر ژیان و تێڕامانی کوڕەکەی دادەنێت و ماتزینیش تا دوا چرکەساتەکانی ژیانی بە دڵسۆزیی و ئەمەکەوە لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.

سەرەتای خوێندنی رووی لە ئەدەب و پزیشکی کردووە، پاشان وازی لەمانە ھێناوە و بە 14 ساڵی، لە زانکۆ وەردەگیرێت و خۆی بۆ خوێندنی یاسا تەرخان دەکات. تا دواجار بە پلەی دکتۆرا کۆتایی پێ دەھێنێت و بە 22 ساڵی دەبێتە پارێزەری ھەژاران.

ماتزینی ئارەزووی زۆری لەوە بوو، ببێتە نووسەری رۆمانی مێژوویی و شانۆنامە/ دراماتیکی.

لە سەرەتایەکی زوودا بە هۆی شیعر و نووسینەکانییەوە دەبێتە ئەندامی ئاکادیمیای Savona، لە تەمەنێکی زوودا دەکەوێتە ژێر گاریگەرێتی قووڵی دانتێ-وە و لەسەر « نیشتمانپەروەریی دانتێ» دەنووسێت.

لە خۆڕایی نییە، نووسەری بیۆگرافیای ئینگلیزی ماتزینی Bolton King، دەربارەی کەسایەتی ماتزینی دەنووسێت: «سەرچاوەری زۆری بیروڕاکانی ماتزینی دانتی بووە».

ماتزینی بیروڕای تایبەتی لەبارەی ئەدیبەوە هەیە و بە « پیری رەوشتیی» دادەنرێت و لەمەڕ شیعرەوە بۆچوونێکی تایبەتی هەیە و دەڵێت:» شیعر ژیان و بزاڤ و گەرمی کوورەیە. لەناو ناخی کارکردندا و ئەو ئەستێرەیەیە کە رێگەی ئایندە رووناک دەکاتەوە و مەشخەڵی بڵێسەدارە، کە رابەرایەتی مرۆڤ دەکات لە بیاباندا. شیعر پەرۆشێکە بە باڵی ئاگرەوە، ئەو بیرۆکە بێگەردانەیە کە پێشنیازی هێزی قوربانیدانمان بۆ دەکات.

نەخێر شیعر نامرێ، شیعری نەمر نامرێ وەک سەرچاوەکانی خۆشەویستی و ئازادی، کە ئیلهامی لێ وەردەگرێ(…) ئەی شاعیران ئێوە برای هەڵۆن، بۆچی رووی خۆتان بۆ دواوە وەدەگێڕن؟ تەماشای دەوروبەر و پێشەوەتان بکەن، گەلانی ئەوروپا چاوەڕێتانن.. چاوتان هەڵبڕن و ببنە پەیامبەری ئایندە، بەرلە هەموو شتێک، تەماشای ئایندە و گەل بکەن».

ماتزینی مرۆڤ بەردەوام لەمەڕ بزاڤی نەتەوەییەوە بۆ کۆمەڵێک لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە دەنووسێت. دەرئەنجام زۆر لەو بڵاوکراوانە بەھۆی وتارە ئاگرینەکانی ماتزینییەوە قەدەغە دەکرێن، لەوانە L,lndicotor Livornese کە بیروباوەڕەکانی لەمەڕ کۆماری نەتەوەیی ئیتالیای تێدا بڵاودەکردەوە.

ئەم بیرمەندە، حەزی لە موزیک بووە و گیتارژەنێکی بەتوانا بووە و دەنگێکی سەرسوڕھێنەری ئەفسوناویشی ھەبووە. بەھرەی ئەکتەریشی ھەبووە و کەسایەتییەکی زۆر کۆمێدی بووە و شارەزای شمشێربازیش بووە و وەرزشوانێکی لێهاتوو بووە لە راکردن و مەلەوانیدا و دۆستی ئاژەڵ بووە و لە رۆژانی ئاوارەییدا سەگ و پشیلەی راگرتووە.

زۆربەی ژیانی لەنێو خوێندنەوەی کتێبدا بەسەربردووە. بەتایبەتی لە کایەی «ئەدەب و مێژوو» دا. بە زمانەکانی ئیتالی و فەرەنسی و ئینگلیزی دەیخوێندەوە و ھەموو بەرھەمەکانی نووسراوە ناسراوەکانی ئەڵمانی لە رێگەی ئەو زمانانەوە دەخوێندەوە.

سەرقاڵبوونی زۆری بە خوێندنەوە و نووسینەوە، گەیاندییە ئەو بڕوایەی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە ھاوبیر و ھاوڕێکانیدا، کۆمەڵەیەک بۆ«لێکۆڵینەوەی ئەدەب و سیاسەت» دابمەزرێنێت و پاشان ھەوڵی دا، ھەموو ئەو بەرھەمانە چاپ بکات، کە لەژێر شمشێری سانسۆردا قوتاریان نەدەبوو.

کتێبی پیرۆز- بیبل و بەرھەمەکانی دانتێ و شیعرەکانی بایرۆن و بۆچوونەکانی فەیلەسوف هێردەری ئەڵمانی سەرچاوەی ئیلھام و ھەوێنی نووسینەکانی بوون.

شارەزای تەواوی بەرھەمەکانی مەکیاڤیللی و شکسپیر و رۆسۆ و ڤۆڵتێر و ھۆگۆ و ھێگڵ و کانت و فیختە بوو، بەردەوام ھزر و بیری خۆی دەوڵەمەند و فراوانتر دەکرد و خۆی پێ چەکدار دەکرد.

بە بیروڕای زۆرێک لە شارەزایان، ئەگەر بھاتایە و ماتزینی هەر تەنیا خەریکی نووسینی ئەدەب و رەخنە بوایە، ئەوا یەکێک دەبوو لە ئەستێرە ھەرە دیار و گەورەکانی هەردوو بوارەکە لە جیھاندا، بەڵام جێی داخە، کاتێک ماتزینی بە سەرو و خواری باڵای وڵاتە پارچە پارچە و بێ شیرازەکەیدا دەیڕوانی، دەڵێت: «ئێستا کاتی لێکۆڵینەوە و ئەدەب و نووسین نییە، بەڵکو ئەرکە نەتەوەییەکە ژوورووی پاک لە پاکی ئەم کارانە دەکەونەوە».

ھەربۆیەشە بووە سەربازێکی مەشخەڵ بەدەستی کۆڵنەدەری بە ئەمەکی ئەم رێبازە.

ماتزینی لە بارودۆخێکدا گەورە بوو، ئیتالیا لەوپەڕی تەڵەزگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابووریدا بوو. لەلایەن گەورەترین دەسەڵاتەکانی ئەو رۆژگارەوە» فەرەنسا، نەمسای هابسبۆرگی و بۆڕبۆنەکانی ئیسپانی»ەوە حوکم دەکرا. ئیتالیا پچڕپچڕ و میرنشینی و پاشاگەرێتی و نەبوونی پەیوەندییەکی سیاسی لە نێوان ئەم مەڵبەندانەدا، باڵی کێشابوو بەسەر نەخشەی ئیتالیای ئەو سەردەمەدا. بەو رۆژگارەی ئیتالیا دەوترا: «ئیتالیای جوگرافی»، واتە ئیتالیا ھەر لەڕووی چەمکی جوگرافییەوە ھەبووە، ئەگەرنا وەکی دیکە وێرانە و داڕزاوی دەستی داگیرکراویی بووە. ھەموو بەھا و سەروەرییەکانی ئیمپراتۆرێتی«ڕۆمانی» بەرەو فەوتان و لەبیرچوونەوە چووبوون. ئەو حاڵ و بارە نالەبار و ناسروشتییە، ئەو وڵاتەی کردبووە تۆپێکی یاری لە نێوان زلهێزەکاندا.

Piemonto، جێنوا کە کۆمارێکی سەربەخۆ بوو، پاش کۆنگرەی ڤییەنای 1815سەربەخۆیی خۆی لەدەستدەدات و دەخرێتە سەر پاشانشینی Lombardie/ لۆمباردی.

کایزەری نەمساوی Franz I ئەم هەرێمە بە بەشێک لە وڵاتی خۆی دەزانێت و روودەکاتە ئیتالییەکان و دەڵێت:» ئێوە چیدی لەبیری خۆتانی بەرنەوە کە ئیتالین». ئەم رەوشە ناسروشتییە بۆ لاوێکی تازە هەڵکەوتووی عاشق بە نیشتمانی دایک، کاریگەریی قووڵی لەسەر هەست و نەستی دەبێت، بۆیە لەدەمێکی کورتدا، بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیا و تێڕوانین و لۆژیک و جیھانبینییەکی تایبەتی ریالیستانەی لەلا دروستدەکات. بیری نەتەوەییانەی لا دەخاتە کار، ھەموو ھەوڵ کۆشش و خەباتی بۆ ئامانجی پیرۆزی یەکگرتنەوەی ئیتالیا تەرخان دەکات و دەڵێت: پێویستە خەبات لە جێنواوە دەست پێ بکات.

خۆشەویستی ئیتالیا ئەوەندە بە ھەست و دەروون و گۆشت و ئێسقانیدا رۆدەچێت، کە ئیدی بەرگەی « چاو نوقاندن و دەم داخستن و دەستەوسانی» ناگرێت، دەکەوێتە جموجوڵ و چالاکییەکی یەکجار یەکبینانەی دڵسۆزانە.

سەرەتا دۆخەکە تەواوی ئیتالییەکان پێی نائومێد دەبن، ماتزینیش بڕیار دەدات هەمیشە رەشپۆش بێت، بە ستایلی خۆی. دەرئەنجامی بیرکردنەوە و تێڕامانێکی قووڵ و بابەتیانە، دەگاتە فۆرمەڵەکردنی بیر و ستراتیژی کارەکانی خۆی بەرامبەر بە نیشتمانەکەی و دەڵێت: «تەنیا چارەسەر دەوڵەتێکی یەکگرتووی سەربەخۆیە، دوور لە حوکمی بێگانە و دروستکردنی سیستمێکی کۆمارییە».

ساڵی1821 دواتر 1830شۆڕشێک لە فەرەنسا هەڵدەگیرسێت و کاریگەریی زۆری لەسەر دۆخی ئیتالییەکانیش دەبێت و دەرگای هیوایەکیان بۆ دەکاتەوە.

ھەر لە ھەمان ساڵدا کۆمەڵەی کاربۆناری/Carbonari شۆڕشێک لە باشووری ئیتالیا ھەڵدەگیرسێنێت، بە ئومێدی رووخاندنی دەسەڵاتی Ferdinand I ی Bourbonen.

زۆری نامێنێ شۆڕش بگاتە ئامانج، لێ خێرا کایزەری نەمساMetternich هێزێکی 80,000 کەسی بۆ سەرکوتکردنیان دەنێرێت و شۆڕش دادەمرکێنێتەوە. ئیدی کوژاو و بریندار و هەڵاتوو و برسی و هەژاریی زۆر دەبێت. زۆرکەس دەگیرێن و لە سێدارە دەدرێن و گوللەباران دەکرێن.

بەشێک لەم ئاوارانە روو دەکەنە شارەکەی ماتزینی Genua و ماڵەوەیان بەتایبەتی دایکی زۆر کۆمەکی هەڵاتوو و لێقەوماوان دەکات. ئەم خەسڵەتە دواتر دەبێتە بەشێکی پتەو لە کەسایەتی ماتزینیش، کە هەمیشە دەستی بە هەژاران و هاوڕێکانییەوە بووە.

ماتزینی لەو کاتەدا ئەندامی رێکخراوی کاربۆناریCarbonari ، دەبێت، کە کۆمەڵەیەکی سیاسی قەدەغە بوو، بنکەکەیان لە پاریس بوو. سەرانی ئەم کۆمەڵەیە خەڵکی ناسراوبوون، بەڵام بەساڵاچوو و دوور لە نیشتمان بوون و خەریکی بەزم و کەیفی خۆیان بوون.

ماتزینی زوو لێیان پەست دەبێت و وازیان لێ دەهێنێت.

مێتەرنیخ بە وردی ماتزینی دەخاتە ژێر چاودێریی وردەوە. بە فەرمانی راستەوخۆی خۆی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس دەکات، بگەڕێن بەدوای بەڵگەی تێوەگلانی ماتزینی لە سیاسەتدا. ئەوە بوو پۆلیسێک بە ناوی Major Cottin ، وەک سیخوڕ دەنێرنە نێو ریزەکانی کاربۆناری. ناوبراو دوای سوێندخواردن و وەرگرتنی بە ئەندام، دەچێت بۆلای ماتزینی، داوای پاڵپشتییەکی بە نووسراو لێ دەکات. ماتزینی وریا و زرنگ دەبێت و نایداتێ.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گفتوگۆ زارەکییە بەسە بۆ بەگرتندانی ماتزینی.

پاش قەدەرێک ئاشکرا دەبێ، ماتزینی جموجوڵی سیاسی ھەیە و ئەندامی کاربۆنارییە و دەستی ھەبووە لە ھەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشەدا.

ماتزینی جگە لەوەش چالاکیی فرە رەنگی هەبوو. هەر لەوکاتەدا وتاری بەهێزی دەنووسی بۆ رۆژنامەی L,Indicatore Genovese ، کە دواتر بەهۆی ماتزینییەوە رۆژنامەکە دادەخرێت. دواجار لە 13/11/1830، دەگیرێت و زیاتر لە 4 مانگ زیندانی دەکرێت لە قەڵای ساڤۆنا و تاوانی هەڵوێستی دوژمنکارانە و دژە حکومەتی دەدرێتە پاڵ.

سەرەتا هیچ پەیوەندییەکی بە دەرەوە نابێت، پاشان قەڵەمێکی بەدزییەوە بۆ دەبەنە ژووری زیندان، ئیدی بەردەوام بە جفرەی تایبەت و بەکارهێنانی سیمبۆلی تایبەتی لەسەر ئەو جلوبەرگانەی خۆی شت دەنووسێت بۆ دایکی و هاوڕێکانی. ئەو جلانەش پێویست بوو هەفتانە بۆ شتن ببرێنەوە بۆ ماڵەوە. کاتێک ھیچ بەڵگەیەک بەدەست حکومەتەوە نابێت لەسەری و تاکە شایەتێک لەسەری بەس نییە، ماتزینی دەبرێتە بەردەم دادگا ئەویش بە توانا و لێھاتوویی خۆی بەرگرییەکی زۆر بەھێز لەخۆی دەکات، بۆیە دادگاش بڕیار دەدات ماتزینی سەرپشک بێت لە نێوان دوو هەڵبژاردەدا:

1-لە شارێکی بچووک نیشتەجێ ببێت، بۆئەوەی دابڕاو و لەژێر چاودێریدا بێت.

2-ئیتالیا بەجێ بهێڵێت، واتە دووربخرێتەوە.

لەم کاتەدا باوکی خۆشی دێت بەدوایدا و شوێنی بۆ هەڵبژاردووە بیبات و پێی وابوو ماتزینی بژاردەی یەکەم هەڵدەبژێرێت. بەڵام ماتزینی باوکی دڵشکاو دەکات و تاراوگە ھەڵدەبژێرێت و بە یاوەریی مامی روو دەکاتە فەرەنسا. تا لەوێوە ئاگای لە بارودۆخ بێت و ھەناسە و ترپەی دڵ و پێڵووی چاوەکانی بەسەر نەخشەی ئیتالیادا بگێڕێت و سەرپەرشتی چالاکییەکانی رێکخراوەکەی بکات.

ماوەیەکی کورت لە ژنێڤ/ سویسرا لادەدات، لەوێوە بۆ شاری « لیۆن»ی فەرەنسا و دواتر بۆ کۆرسیکا و خۆی حەشار دەدات. لەکاتێکدا لێرە پارەیان لێ دەبڕێ و چاوەڕێ دەکەن کۆمەکیان پێ بگات، هەواڵی شکستی شۆڕشەکەی ناوەڕاستی ئیتالیای پێدەگات. نیگەران و پەست دەبێت، بەڵام هیوابڕاو نابێت.

ئینجا بە بەلەمێکی ماسیفرۆش خۆی دەگەیەنێتە مارسیلیا، کە ئەودەم پڕبوو لە هاووڵاتی خۆیی و هەموو ئامادەی خەبات و شۆڕش بوون. لێرە لە مارسیلیا خێرا بیر لە دامەزراندنی رێکخراوێکی نوێ دەکاتەوە، لە لاوانی تازە پێگەیشتووی ئیتاڵی. ئەگەر کەسێک تەمەنی لە سەروو 40 ساڵییەوە بوایە، زۆر ئەستەم بوو بتوانێت مافی ئەندامێتی لەم رێکخراوەدا بەدەست بھێنێت. ساڵی1831 « کۆمەڵەی ئیتالیای لاو»/La Giovine Italia دروست دەکات و بەنھێنی دەستبەکاردەبێت.

بیرۆکەی ئەم رێکخراوەی هەر لە زیندانەوە لەلا دروست دەبێت، دەسەڵات سزای لەسەر ئەندامانی ئەم رێکخراوە گەلێ توند و قورس پێڕەو دەکرد، تاوەکو خەڵک بتۆقێندرێ و کەس نەبێتە ئەندام تێیدا.
ماتزینی ئەم بیرۆکە و پەیامە پیرۆزەی بە تەواوی ئەوروپادا گێڕا و بڵاوکردەوە.

کۆمەڵەی ئیتالیای لاو.. دروشمی سەرەکی یەکگرتنەوە و ئازادیی ئیتالیا و دامەزراندنی رژێمێکی کۆماری دیموکرات بوو. ئاڵایەکیان دروستکرد بوو، لە دیوێکی نووسرابوو «ئازادی، یەکسانی، مرۆڤایەتی» و لە دیوەکەی تری لقە سنەوبەرێک وەک هێمای خۆڕاگریی «یەکگرتنAdesso e sempre-» و خوا و گەلDio e Popolo و سەربەخۆیی» . ھاوکات پێیانوابوو بێ رێزگرتن لە بیروباوەڕی رێکخستنەکە و بە توندی چنگ گرتن بە راستی و دادپەروەرییەوە ، سەرکەوتن مەحاڵە.

ھەروەھا ئامانجی ریفۆڕمی کۆمەڵاتیشییان ھەبوو. هەر لەم سەروبەندەدا خانمێکی ئیتالی زیرەک و وریا و شۆڕشگێڕ و وێنەکێش بەناوی Giuditti Sidol دەناسێت، کە خۆی و مێردەکەی و سێ منداڵ لەتاو زەبروزەنگ و وەک لایەنگرێکی ماتزینی هەڵاتوون و پاش کەمێک مێردەکەی مردووە. ئەم خانمە دەبێتە تاکە ئافرەتێک، ماتزینی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵدا پەیدادەکات و بەشێوەیەک کە دیار نییە چۆنە، دەبێتە خێزانی.

ساڵی 1831 لە تاراوگەوە نامەیەک بۆ پاشای پیمۆنتیKarl Albertino دەنووسێت. ئەم نامەیە پاشان دەنگ دەداتەوە و ناوبانگ لە رووی سیاسی و مێژووییەوە پەیدا دەکات. لە نامەکەدا داوا لە پاشا دەکات: « بەدڵ و گیان و راستگۆیانە و بۆ خزمەتی میللەتی ئیتالیا کار بکات و هاوکات دەیەوێت پێی بڵێت گەل هەر دەگاتە ئاوات، بێ تۆش و دەڵێ: « ئەگەر ئێوە دانوساندن نەکەن وا هی تر هەن بەبێ ئێوە دەیکەن و دژی ئێوەش دەیکەن». لەسەر ئەم نامەیە بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچێت. حکومەتی نەمسا و شاری تۆرین گوشار بۆ فەرەنسا دێنن، ماتزینی رادەست بکەنەوە.

ماتزینی هەوڵی خۆشاردنەوە دەدات، تا لەماڵی فەرەنسییەکی کۆمارخواز Demosthene Ollivier بۆ ماوەیەک داڵدە دەرێت. لێرەش لەسەر تێکۆشانی پێشووی بەردەوام دەبێت. بەشەو دەچێتە دەرەوە و جلوبەرگی ژنانە و یونیفۆڕمی گاردی نیشتمانی دەپۆشێت، بۆئەوەی نەناسرێتەوە و بۆ ماوەیەک ناوی خۆی دەگۆڕی بە Filippo Strozzi .

لەم کاتەدا گیودیتای خێزانی دێت بۆ لای و ئارامییەکی نوێی پێ دەبەخشێت و ماوەیەک پێکەوە دەبن. دواتر لە 11/08/1832 کوڕێکیان دەبێت ناوی دەنێننJoseph Demostene Adolph Aristide. ئەم ناوە دوورودرێژە بۆ شوێنەونی و نەناسینەوە و پاراستنی منداڵەکەیەتی تا ژیانێکی ئارام بەسەر بەرێت. هاوکات ئەرکەکانی تری سەر شانی رادەپەڕێنێت، کە نەخشەی شۆڕش و راپەڕینە لە سەرتاسەری ئیتالیا و پێویستە لە پیمێنتەوە پزیسکی خۆی بدات.

ئەم رابوونەش تێکدەشکێندرێ و خەڵکێکی زۆر دەگیرێن و دەکوژرێن. حکومەتی هەرێمەکە بە تاوانی ناپاکی گەورە لە نیشتمان سزای لە سێدارەدان بۆ ماتزینی دەردەکەن.

پاشان لەگەڵ ژنەکەی دەچن بۆ ژنێڤ و دەچنە هۆتێلی de la Navogation . ماتزینی کار بۆ گەڵاڵەکردنی نەخشە و پلانێکی تر بۆ شۆڕشێکی نوێ دەکات. تا بیسەلمێنێت ماوە و شۆڕش تەواو نابێت و ورەی هاوبیران و میللەتەکەی بەرزڕابگرێت. نەخشەکە بریتی بوو لە دەستگرتن بەسەر پاپۆڕێکدا، بەهۆی جەنەڕاڵێکەوە، دواتر جەنەڕاڵ پەشیمان دەبێتەوە و خۆشبەختانە لەم کاتەدا ماتزینی، سەرکردەی دیار جیۆزیف گاریبالدی Giuseppe Garibaldi دەناسێت و دەبێتە هاوڕێی تەمەنی. ئەگەرچی پەیوەندییان جارەوجار هەوراز و نشێویشی تێدەکەوێت، بەڵام هەروەک یەک دڵ و گیان دەمێننەوە.
ساڵی 1833 لە مارسیلیا بۆ یەکەمین جار یەکتر دەبینن و گاریبالدی بەخێرایی سەرسامی وتە و رەفتار و کەسایەتیی ماتزینی دەبێت و پێشتریش ناوبانگی بیستبوو.

گاریبالدی ئەرکی چالاکییەکە دەگرێتە ئەستۆ، بەداخەوە ئاشکرا دەبێت و لەوێوە هەڵدێت بۆ جێنوا و دواتر نیسا/ Nizza و دەگاتە فەرەنسا و تێی دەتەقێنێ بۆ بەرازیل و ساڵانێکی زۆری لێ دەمێنێتەوە.

لەوێ ژنەکەی بەناوی Anita دەهێنێت و سەرەتای ساڵی 1848 دێتەوە بۆ درێژەدان بە شۆڕش و خەباتکردن.

دوای دروستکردنی ئیتالیای لاو Giovine Italia ، ماتزینی دەبێتە ئەندامی «کۆمەڵەی ئیتالییەکانی تاراوگە».لە 15/4/1836 لە شاری بێرن/ سویسرا لەگەڵ 7 ئیتالی و 5 ئەڵمان و 5 پۆڵەندیدا «ئەوروپای لاو» لەژێر دروشمی ««ئازادی و یەکسانی و مرۆڤایەتی»» بۆ یەکێتی و برایەتی ئەوروپا دروست دەکات.

لە یەکەم بەیاننامەدا دەنووسێت: « هەر نەتەوەیەک پەیامی خۆی هەیەـ هەموو پێکەوە کار لە یەکتر دەکەن، بۆئەوەی پەیامی مرۆڤایەتی بە ئەنجام بگەیەنن. ئەم پەیامە نەتەوایەتی دەخوڵقێنێ و نەتەوایەتیش پیرۆزە».

ماتزینی باوەڕی وابوو پێویستە ئەوروپای میر و پاشا بێتە ئەوروپای گەلان و گەلانیش یەکبگرن. چونکە ماتزینی ئەو دەسەڵاتەی ئەوانی بەوە تاوانبار دەکرد کە هەر خەریکی شەڕ و کوشتارن. ئەو رۆژگارە دروشمی هەرە زەق «ئەی پرۆلیتاریای جیهان یەکبگرن» بوو.

ماتزینی لەو سەردەمەدا تاکە دەنگێک بوو بۆ یەکێتیی نێوان گەلان، خۆشەویستی و بنیاتنانی ژیانێکی تەژی لە مرۆڤانە، بیری دەکردەوە و کاری دەکرد و تێدەکۆشا و قوربانی دەدا. کاتێک ماتزینی بیری لە یەکێتیی کیشوەری ئەوروپا کردۆتەوە و کاری بۆ کردووە. واتە 150 ساڵێک پێش ئێستای یەکێتیی ئەوروپا.

دواتر «سویسرای لاو»یش دروست دەکات، بەشێوەیەک کە مەرج نییە خەباتی چەکداریی بکەن، بەڵکو خەباتی دیموکراسی و ریفۆڕمخوازی بەرن بەڕێوە. هاوکات رۆژنامەیەک بە ناوی L Junge Suisse دەردەکات، هەر هەفتە دووجار بە زمانی فەرەنسی و ئەڵمانی.

لەسەر ئەم مۆدێلەی ئیتالیای لاو لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا رێکخراو دروست کرا، تەنانەت تورکیای لاو کۆپی ئەم رێکخراوە بووە.

ماتزینی بەم جموجوڵە زۆرە، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و سویسراش ترسی لێ دەنیشێت، تا ناچار دەبێت بڕوا بۆ لۆزانLausanne/ .

ماتزینی بەدرێژایی ژیانی پیاوێکی راوەدوونراوی پەڕاگەندەی خۆحەشاردەر بووە. لە سویسراش ناتوانێت ئارام بژی، مێتەرنیخ هەر بەدواوەیەتی و گوشار لەسەر سویسرا دروست دەکات تا ماتزینی رادەست بکات.
دوای ئەم هەموو هەڵاتنە، ئەی ئەمجارەیان ماتزینی بەرەو کوێ بڕوا؟

زۆری پێناچێت دەرەتانێکی بۆ دەرەخسێت لەگەڵ هاوڕێکەیدا Givanni Ruffini لە نزیک ئەو دەڤەرەوە لەماڵی Dr. Josef Girad ، لە Grencheb/Solothurn زۆر بەنهێنی داڵدە دەدرێن. ئەم شوێنە ماڵ و شوێنی کاری دکتۆر بوو، بۆ چارەسەری نەخۆشی و دکتۆری ناوبراو بەرپرسی بوو. شوێنێکی چەپەک و دوو ژووری خۆشی دڵگیری دەدرێتێ. کچی دکتۆری ناوبراو زۆر سەرسامی ماتزینی دەبێت و عاشقیشی دەبێت، لێ ماتزینی بە ئەمەکەوە خۆشەویستی بۆ ژنەکەی دەپاریزێت. بەم شێوەیە بەدرێژایی ساڵانی 1835 – 1836 لێرە بەوپەڕی رێزەوە دەمێننەوە و میوانداریی شاهانەیان لێ دەکرێت.

ئەم شوێنە لەساڵی 1916ەوە کراوە بە خانەی منداڵان و ئەو دوو ژوورەی ماتزینی و هاوڕێکەی لێی ژیاون، کراوە بە وەقفی/ فۆندێشنی ماتزینی و گەلێک نووسین و کەلوپەلی ئەو رۆژگارەی ماتزینی تێدا پارێزراوە.
ماتزینی زۆر حەزی لە کێکێک بووە بەناوی Backtelgeack ئێستا ناوەکەی کراوە بە Mazzinikuchen.

زۆرجار ماتزینی رەچەتەکەی بۆ دایکی دەنارد و نامەی بە شێوازی جیاجیا و ناوی ئافرەتەوە بۆ دەنارد و هەموو شتێکی بۆ دەنووسی. بەڵام سەیر ئەوەیە دەزگای سانسۆر و چاودێریی شاری Turin بێ ئاگا نەبوون لەم نامانە و هەرجارەی کۆپییەکیان لە نامەکان لای خۆیان دەپاراست.

راستە کەسوکاری ماتزینی ئەو رۆژگارە بەهۆی نامەکانەوە تووشی تەنگوچەڵەمە دەبوون و ژیانی ماتزینیش ناڕەحەتتر دەبوو، لێ دواجار پاراستن و بڵاوکردنەوەی ئەو نامە گرنگانە، بە چاکەیەکی گەورە دەشکێتەوە و ئەمڕۆ بوونەتە سەرچاوەیەکی بەنرخ بۆ مێژووی ئیتالیا.

هەر لەو دەمەدا رۆژنامەی سویسرای لاو دادەخرێت و ئەو چاپخانەیەی کە لێی چاپ دەکرا، دەبەسترێت. دوای ئەمەش لە 12/6/1836 ماتزینی وەک هاووڵاتییەکی سویسری خەڵکی دەڤەری گرێسەن سۆلۆتورن، داوای مافی هاووڵاتیبوون دەکات. ئەنجومەنەکە بە 122 دەنگ لە 142 بە بەڵێ دەنگی بۆ دەدەن و بەم شێوەیە بڕیاری دەرکردنی لە سویسرا رادەگیرێت.

دۆخەکە وا بوو، نە خەبات و تێکۆشان تەواو دەبوو، نە ماتزینی ماندووبوون و وڕەسیی دەزانی چییە، ئەگەر سەرگەرمی کاروباری رێکخستن و پلانی شۆڕش و راپەڕین نەبووایە، ئەوا رووی دەکردە دنیای نووسین. لەم کاتەدا یەکێک لە کتێبە ناودارەکانی بە ناوی»باوەڕ و ئایندە ـ Foi et Avenir دەنووسێت. ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە گرێدانی هێزی ئایین و نیشتمان، بۆ بایەخی یەکێتیی نەتەوەیی. هەڵبەت ئەم هەموو جموجوڵ و چالاکییانەی بەردەوامی ماتزینی، هەمیشە جێی ترسی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا بووە. بۆیە جارێکی تریش سویسرا دەکەوێتەوە ژێر گوشاری تووندەوە و بەناچاری بڕیاری پێدانی مافی هاووڵاتیبوونی سویسری هەڵدەوەشێنێتەوە.

بەمجۆرە بۆ جارێکتر ماتزینی پێویستە هەڵبێت و پەناگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە و خۆی حەشار بدات، بەڵام ئەمجارە زۆر نووسین و کەلوپەل و کەرەسەی تایبەتی شیعرەکانی خۆی نابات و بەجێیان دەهێڵێت و ئێستا وان لە مۆزەخانەی باختەلن و پارێزراون.

زۆری پێناچێت لای قەشەیەک بەناوی Gottlieb Stahli لە Lengnan پەناگە دەدۆزێتەوە. زۆربەی کاتەکانی بە جگەرەکێشان و قاوە خواردنەوەوە دەباتەسەر. لێرە لەسەر Goethe & Byron دەنووسێت. ئاماژەمان پێدا کەوا ماتزینی بەهرەمەند بوو لە مۆسیقا و دەنگ خۆشیدا، هەر لەم عەشقەوە کتێبی «فەلسەفەی مۆسیقا» دەنووسێ. ئەم کتێبە گرنگە دوایی دەبێتە سەرچاوە و بنچینەی کارە شاکارەکانی Richard Wagner ی ئەڵمانی. دوای ئەمە ئینجا Giuseppe Verdi ئیتالی بە شۆڕشی مۆسیقای ئۆپێرای یەکەم Nabucco ئەوروپا و جیهان دەهەژێنێ.

نامە نووسینیش یەکێکی ترە لە کارە بەردەوامەکانی ماتزینی، بۆ دایکی یان ژنەکەی یان هاوبیر و دۆستانی. ئەم نامانە هێشتا جێی بایەخن، چونکە بەداڕشتنی ئەدەبی بەرز و دڵداریی تەڕ و پاراو و هەستی گەرمی خۆشەویستی بەرزەوە نووسراون و نهێنی زۆریان تێدا هاتووە.

لە بەهاری 1835دا، ماتزینی ئەم شوێنە بەجێ دەهێڵێت و روودەکاتە لۆزان و لای خێزانێکی لیبڕاڵ Mandral نیشتەجێ دەبێت. کچی ئەم ماڵەش شێت و شەیدای ماتزینی دەبێ، لێ ماتزینی جارێکی تر ئەمەکداریی بۆ ژنەکەی دەسەلمێنێتەوە و چ روویەک ناداتە مادەلینای شۆخ و شەنگ.

سەرەتای 1837 ماتزینی بە تەواوی سویسرا بەجێدەهێڵێت و لەم کاتەدا نەمسا و فەرەنسا و ئەڵمانیا دەیانەوێت ئەم ئاژەوەگێڕە بگرن و رزگاریان بێت لێی.

دەچێت بۆ لەندەن و بە فەرەنسادا تێدەپەڕێ. ئیدی وردە وردە لەندەن دەبێتە نیشتمانی دووەمی، ئەمجارە بارودۆخی ئابووریی زۆر خراپ دەبێت. تەنانەت پارەی چوونە لای دکتۆری بەدەستەوە نابێت. ماتزینی هەرگیز کۆمەک و یارمەتی کەسی قبووڵ نەکردووە، تەنانەت هاوڕێکانیشی، هێندە ناچار دەبێت، موستیلەیەکی نازاداری دایکی، کە وەک یادگاریی لای زۆر بەنرخ بوو دەفرۆشێت. دواتر ئەگەرچی زۆر پەیوەندیی لەگەڵ باوکی خۆش نەبوو، چونکە دڵی شکاند بوو، لێ ناچار دەبێت داوای پارەی لێ بکات، ئەویش یارمەتی بۆ دەنێرێت و ماتزینیش بەشی زۆری بە هەژاران و ئاوارەکانی وڵاتەکەیدا دەبەخشێتەوە. هەوڵ دەدات کار بکات، هیچی دەست ناکەوێ. دواجار زەبری قەڵەم و پێزی نووسینەکانی دەخاتە کار و وتار بۆ رۆژنامە ئینگلیزییەکان دەنووسێت. داهاتێکی کەمی دەستدەکەوێت و گوزەرانی پێ دەکات، زۆری پێناچێت ئاشنایەکی لە بنەماڵەی Eliza Fletcher کە زۆری پێ سەرسام دەبێت، بە کۆمەڵێک خەڵکی ناوداری لەندەنی دەناسێنێت.Charles Darwin,Robert Owen,George Sand یەکێکی تریان گەورە مێژوونووس و نووسەر Thomas Carlyle دەبێت. Carlyle لەمەڕ ماتزینییەوە دەنووسێ:» ماتزینی ئایدیالیست سەرکەوت، ئەو توانی یوتۆپیاکەی بگوێزێتەوە بۆ هەقیقەتێکی روونی بەهێز، لەنێو ئەو خەڵکانەی ئێستادا، من دەیانناسم، ماتزینی جوامێرترینیانە».

پاش ساڵێک دوا خوشکی دەمرێت، ئیدی بەتەواوی ناڕەحەت و تەنیا باڵ دەبێت.

لە 10/4/1838 رۆژنامەی LA Postolato Popolare دەردەکات. لە 30.April بانگەوازی ژیانەوەی ئیتالیای لاو دەردەکات. بەردەوام کۆنسێرت بەڕێوەدەبات و پارەکەی بۆ چاکەی گشتی خەرج دەکات و سەرپەرشتیی منداڵە ئیتالییە هەژارەکان دەکات و وانەی فێربوونیان پێ دەڵێتەوە و دەبێتە مامۆستایان، ئەم شێوازە لە کاردکردنی ماتزینی دوایی دەبێتە مۆدێلێک لە ئەمریکا لە نیویۆرک و بۆستن و مۆنتەریدیۆ بەخۆشییەوە وەردەگیرێت.

Sussane منداڵێکی بچووکە لەبەر برسێتی فڕێدراوەتە بەردەرگای ماڵێک، ماتزینی هەڵیدەگرێتەوە و بەخێوی دەکات و پێی دەگەیەنێت هەتا شوودەکات و دواتریش دەستی پێوەی دەبێت.

حەسرەتی وڵات و شەیدایی دیداری دایکی، ناچاری دەکەن بەهەر شێوەیەکی شارەوە و نهێنی بێت، خۆی بگەیەنێتەوە نیشتمان. ئیدی ماتزینی دەگەڕێتەوە شاری میلان لە وڵاتی خۆی و دواتر بەھۆی کوژرانی پاپاوە لە رۆم ھەڵدێتەوە بۆ لەندەن دەچێ.

لە نێوان ئیتالیا و ئاوارەییدا لە سویسرا و فەرەنسا و لەندەن دەھات و دەچوو و کۆڕی خەباتی گەرم دەکرد و رێکخستنەکانی پتەو دەکرد.

سەرئەنجام لەمەشدا تووشی نووشستی دەبێت و نائومێدانە دەگەڕێتەوە بۆ لەندەن.

لەندەن وەک نیشتمانی دووەم و لەوێ قەڵەمەکەی دەخاتە کار بۆ نووسین و رەخنە و لێکۆڵینەوە و گوزەرانکردن. لە رووی فیکری و سیاسییشەوە، سەرگەرمی پرسی یەکێتیی ئیتالیا و پرسی ئەوروپا دەبێت. ئاخر ماتزینی بە یەکێ لە گەورەترین بیرمەندە سەرەتاییەکانی خاوەن بیرۆکەی یەکێتیی ئەوروپا دادەنرێت.

دواتر «کۆمەڵەی نیشتمانی ئیتالیا» دروست دەکات، بۆئەوەی جێگەی کۆمەڵەی ئیتالیای لاو بگرێتەوە و ئامانجەکانی بریتیبوون لە: (ئازادی و یەکێتیی نەتەوەیی و دەرپەڕاندنی نەمسا و بەھێزکردنی ھەستی نەتەوەیی و وریاکردنەوەی نەتەوەیی ئیتالیا بۆ راپەڕین و شۆڕش).

دیارە کاریگەرێتی کۆمەڵەی ئیتالیای لاو، کە زۆر جاران بە ماتزینییەکان ناودەبران، لەسەر کۆمەڵگەی ئیتالی زۆر گەورە بوو و ئاپۆڕەیەکی زۆری لە رۆشنبیرە تازە پێگەیشتووەکانی لە دەور خڕ ببۆوە و لەھەمووی بەرچاوتر رەنگدانەوەی بیر و بۆچوونەکانی ئەم کۆمەڵەیە بوو لەسەر داوا و ویستی جەماوەریی و نەتەوەیی میللەتی ئیتالیا. دواتر بەهۆی هێرشێک بۆسەر پاپا هەڵدێت و دەچێت بۆ لەندەن. بەمجۆرە لە نێوان ئیتالیا و فەرەنسا و سویسرا و شاری لەندندا، دێت و دەچێ و پلان و نەخشەی شۆڕش و خەبات دادەڕێژێت و بژێویی مینۆکی بە هاوبیرەکانی دەبەخشێت. هەوڵێکی تریان بۆ راپەڕین شکست دەهێنێت.

ساڵی 1837 «کۆمەڵەی نەتەوەکان» لەسەر پێشنیازی ئەم و بە یارمەتی کۆمەڵێک لە ھاوبیرە ئازادیخوازەکانی دروست دەبێت، ئەم کۆمەڵەیە زۆر جێی ھیوا و خۆشی ماتزینی دەبێت، بەو مانایەی کە ئەم رێکخراوە بۆ ماتزینی بەیەکگەیشتنی نەتەوەکان و ھاوکارییەکی بەرامبەرییە.

هەر لێرەش بانگەشە و هاوار بۆ دامەزراندنی رێکخراوێک بۆ ئەوروپا دەکات و بەلایەوە گرنگ دەبێت رێکخراوێک هەبێت بۆ پشتیوانی و دەستگیرۆیی گەلان بەتایبەت لەپێناوی ئەوەی دەوڵەتی خۆیان هەبێت. لەم رووەوە دەڵێت: «بێ میللەت، هیچ خەباتێکی رزگاریخوازیی نەتەوەیی نییە، کە بەهێز و توانای خۆی بەرەو سەرکەوتن بڕوات». دەیەوێت بڵێت هەر میللەت سەرچاوەی خەباتە و دەبێت پشت بە هێزەکەی ببەسترێت و نابێت بە گفت و رێکەوتنی زلهێزەکان بخەڵەتێین» و دەشڵێت: «بە هیچ جۆرێک هاوپەیمانێتی لەگەڵ شانیشینی تردا ناکات، چونکە ئەوانە پەیمان و گفتەکان بەزۆری لە دوا چرکەکاندا دەشکێنن». ئەمەش رووی لە میللەتە بندەستەکانە.

ئەم پرەنسیپەی لەگەڵ شۆڕشی ئیتالیادا تاسەر پەیڕەوکرد و لە پێناوی چەسپاندنیدا، رەنجی زۆر کێشا.

هەرخۆی ماتزینی لەو راستییە باش تێگەیشتبوو کە بێ بەرامبەر کەس شتێک ناکات، بۆیە دەیویست هێزی شۆڕش و سەرکەوتن لە میللەتەوە هەڵقوڵێت و روو دەکاتە میللەتیش، داوای لێ دەکات کە: «میللەت پێویستی بە بیروباوەڕ و قەناعەتێک هەیە». واتە خۆی بدۆزێتەوە. ماتزینی لە دەرەوەی ئیتالیا بەردەوام بەیاننامە و رۆژنامە و بەلاڤۆک و جارجار چەک و تەقەمەنی دەناردەوە، لە بەرمیل و تۆپی لە قوماش دروستکراو و پاکەتی سەلامی و بنی جانتا و شوێنی دیکەدا دەیشاردەوە.

پاریس وەک ناوەندی بزاڤەکە دەستنیشان دەکرێت، چونکە ئەوکاتە بۆ ھەموولایەک بایەخی سیاسیی زۆری ھەبوو. لە 15/4/1840 تا 5/3/1848 واتە نزیکەی ھەشت ساڵ ماتزینی ھەموو جموجوڵ و چالاکییەکی لەلایەن Giuseppe Lambarti-ەوە لەسەر تۆمار کرا بوو، وەک ئاژاوەگێڕ و تێکدەر و ھەزاران بەڵگەشیان لەسەری کۆکردبۆوە.

سەردەمانێک لە ئەوروپا، ھەرچی لەدژی دەسەڵاتی میر و پاشا بکرایە ماتزینی پێ تاوانبار دەکرا. مێتەرنیخ وتەیەکی سەیر و سەمەرەی سەبارەت بە لێوەشاوەیی و کارامەیی و زۆرزانیی ماتزینییەوە هەیە و دەڵێت: « من دژی زۆر سەرباز شەڕم کردووە، توانیومە کایزەر و پاشا و سوڵتان و تزاری و پاپا لەگەڵ یەکتردا یەکبخەم، بەڵام هیچ کەسێک لەسەر ئەم زەوییە، هێندەی سەرئێشە و ناڕەحەتی بۆ دروست نەکردووم، هێندەی ئەم چەتە ئیتاڵییە رەقەڵە ڕەنگ پەڕیو و رووت و رەجاڵە، بەڵام رەوانبێژ وەک بروسکە و گەشاوە وەک فریشتە و زۆرزان و فێڵباز وەک دز و بێچاوڕووی قۆشمە و کۆڵنەدەر وەک عاشق، ئەویش ناوی جۆسێف ماتزینییە».

ئەمەش بێ دەمەتەقێ بەڵگەی دینامیکی بیروبۆچوون و داخوازییە نەتەوەیی و سیاسییەکانی ماتزینی دەسەلمێنێت.

ساڵی 1841 سەرۆکی ئیتالیای لاو لە Montevideo بۆ ماتزینی دەنووسێت: «گاریباڵدی چاوەڕێی ئاماژەی ئێوەیە بۆ گەڕانەوە. گاریباڵدی بێ چەندوچوون ھێشتا سوورە لەسەر رێباز و خەباتەکەی بۆ ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا».

لە ناوچەکانی ناپولی، ڕماگنا، تۆسکانا جموجوڵ و سەرھەڵدان روودەدات، بەداخەوە بێ کاریگەریی دەبێت. Attilio&Emilio Bandiera دوو بران لە دەسەڵاتی نەمساییدا دەبنە ئەفسەری باڵا. ھەردوو ھاوبیری ماتزینی و دڵسۆزی رێبازەکەی ئەون. بڕیار دەدەن پێکەوە چالاکییەکی گەورە بکەن دژبە بۆربۆنەکان. بەداخەوە پلانەکەیان ئاشکرا دەبێت و گوللەباران دەکرێن.

لەو ھەلومەرجەدا سێ کەسایەتی دێنە کایەی سیاسییە و ناو دەردەکەن Vincenzo Gioberti، بە دوژمنی ماتزینی ناسراوە. لە بنەڕەتدا لەگەڵ تێزەکانی ماتزینیدایە لەسەر مەسەلەی رزگاری لەناو میللەتەوە کۆکە. لێ باوەڕی بە شۆڕش و راپەڕین نییە. یەکێکی ترCésar Bablo -ە، کە دژی بۆچوونەکانی گاریباڵدییە و لەسەر شۆڕش و رابوون بیروڕای تری ھەس، ئەگەرچی خاوەنی وتەیەکە کە دەڵێت: «بەبێ سەربەخۆیی نەتەوەیی، شتە باشەکانی تر بوونیان نییە».

وێنەکێش و نووسەری دیارM.Masimo DAzeglio. ئەمیش باوەڕی تەواوی بە مافەکانی ئیتالیا ھەیە، بەڵام بە شێوەی ئاشتی خەباتی بۆ دەکات و حزبێک دروست دەکات جەماوەرێکی باشی لەدەور خڕ دەبێتەوە و لە پەرلەمان لایەنگری زۆر دەبێت.

ماتزینی لەم کاتەدا کتێبێک دەنووسێ بەناویIl primato morale e civile degli Italiani، پێشەنگی کەلتوور و مۆڕاڵی ئیتالییەکان.

مێژووی ئەو گیانبازییەی ماتزینی ساڵی 1844 دەیکات و دەگاتەوە شارەکەی جێنوا و دەچێتە سەردانی دایکی دیارنییە. ھەرزوو بە کوشتی دوو برا ناوبراوەکە تۆمەتبار دەکرێت، ئەگەرچی ئەو لەو کاتەدا لە لەندەن بووە. ماتزینی لە لەندەن ژیانی بەسەر دەبرد، بە نووسین و کۆڕگێڕان و کاروباری رێکخستنەوە سەرقاڵ بوو. خۆشترین کەشوھەوای بۆ کارکردنی خوڵقاند بوو. شەو تا بەیانی و بەیانی تا ئێوارە لە جووڵەدا بوو. قاوە خواردنەوە و جگەرەکێشان و نان و پەنیر خواردن تاکە شتێ بوو دەیکرد. بەم ھۆیەوە زۆر ماندوو دەبوو، خواردنی باش نەبوو، تا دەھات باری تەندروستی خراپ دەبوو. گورچیلەی راستی ئازار پەیدا دەکات و سەروڕیشی بەخێرایی سپی دەبێت، بەڵام دڵە گەورە پڕ لە ھیواکەی ھەر لێدەدات.

ھەواڵێکی خۆش لەم کاتەدا بریتییە لە گەڕانەوەی گاریباڵدی لە بەرازیلەوە کە زیاتر لە 10 ساڵێک تێیدا مایەوە بە خۆی و پاپۆڕێکەوە کە ناوی MAZZINI لەسەر نووسیووە.
پاشا A.Alberto ساڵی 1845 پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات، کەوا بەھەموو وزە و توانا و باوەڕییەوە کار بۆ ریسۆرگیمێنتۆی ئیتالیا دەکات. ئەم ھەواڵەش خۆشییەکی تر دەخاتە دڵی گشت لایەکەوە. ھەر لەم سەروبەندەدا گۆڕانێکی تری ئەرێنی روودەدات و پاپای نوێ Mastia Ferretti لە 14/6/1946 دا ھەڵدەبژێردرێت.

ئەمیش ھەندێک گۆڕانکاریی دەکات. ئەم ھەواڵ و گۆڕانە نوێیانە دەبنە جێی ئومێدێکی نوێ بۆ ماتزینی.

ماتزینی بە پیشەی خۆی گەرماوگەرم نامەیەکی کراوە دەنووسێت بۆ پاپا و داوای لێ دەکات: « لە خزمەتی ئامانجی یەکگرتنەوەی ئیتالیادا بێت و خزمەتی خەڵک بکات و ئەوەیشی بەبیر دێنێتەوە، کە مادام گەل ھەیە و خاوەنی راستەقینەی دۆزەکەیە، ئەو ئاواتانە بێ پاپاش ھەر دێنە دی».

ساڵی 1848 جارێکی تر لە Sizilien دژبە پاشا Ferdinand II کە نوێنەری دەسەڵاتی نەمسایە راپەرین سەرھەڵدەدات. پاشاA.Alberto دەستبەجێ دەست دەکات بە کۆمەڵێک چاکسازیی. لە ڤییەنناش داوا دەکرێت Metternich واز بھێنێت. ئیدی ئەم رووداوانە دەبنە بەشێکی گرنگی ئەو چرکەساتە کە ماتزینی چاوەڕێی دەکردن.

دەستبەجێ بڕیار دەدات لە رێگەی پاریسەوە بگەڕێتەوە بۆ ئیتالیا، ئەگەرچی ھێشتا سزای مەرگی لەسەر ھەڵنەگیرابوو. سەرەتا دەچێتە میلان. لەگەڵ گەیشتنی بە ھەزاران ھەزار لە جەماوەر لێی کۆدەبنەوە و بەھاتنەوەی خۆشی و شادی دەدەبڕن و نەعرەتەی«بژی ماتزینی» دەگاتە ئاسمانی ھەموو ئیتالیا. پاش ماوەیەک مانگرتنێک بەناوی «جگەرەنەخۆرەکانەوە» سەرهەڵدەدات، داواکارن پارە و باج نەدەن بەم شتانە و جۆرێک لە بایکۆتکردنە. ماتزینی خەریکی جۆشدانی خەڵکە بوو بۆ دەرپەڕاندنی 13 هەزار سەربازی نەمسایی. بۆ ماوەی پێنج رۆژ راپەڕینەکە سەردەکەوێت و بەناوی خەباتی Le Cinque giornote لە مێژوودا ناسراوە.

پاشا ئەلبێرتۆ دەیەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە، بۆیە گورجوگۆڵانە نوێنەری خۆی بۆ لای ماتزینی دەنێرێت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخەکە و پێکەوە کارکردن، بەڵام ماتزینی دیدار رەتدەکاتەوە و بە نوێنەرەکە دەڵێت: با سەرەتا پاشا ئیمزای خۆی بخاتە سەر یەکێک لەو بەیاننامانەی بڵاومان کردۆتەوە، ئەوسا گفتوگۆ دەکەین، پاشاش ئەم داوایە دەداتە دواوە.

لە میلان سەرەتا خوشکی ماتزینی و دواتر دایکی دێنە سەردانی، ئەمەش جارێکی تر ورەی ماتزینی بەھێز دەکات و چاوەکانی بەدیدتنیان گەش دەبنەوە.

ھەر لە میلانۆ دوای ساڵێک واتە 1849، دەیەوێت بچێتەوە بۆ جێنوا بۆ دیداری دایکە پیرەکەی، پۆلیس رێگریی لێ دەکەن. ناچار دەچێت بۆ Livorno لەوێشەوە بۆ Parmaبۆ لای ژنەکەی.

لە رۆما ھەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت و»گاریباڵدی» ش وەک نوێنەرێکی ناسراو بەشداردەبێت. واتە دەچێتە پاڵ پاشا ئەربێرتۆ. ئەم رووداوەش جێی نیگەرانی ماتزینی دەبێت و دەڵێت: بەداخەوە بۆ گاریبالدی بۆ ئەو نازانێ پاشا و میرەکان زۆربەی کات ناپاکییان لە میللەت کردووە؟ وا دیارە گاریبادی ئەمڕۆ، گاریباڵدی دوێنێ نییە!. گاریبالدی لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵێ ئەوە دەزانم لێ ئێستا پێداویستییەکی تر دەبینم، دەمەوێت لەخزمەتی پاشای ساردینیادا وڵات بەرەوپێش بەرم. کاتێک وەزیری ناوخۆ Carlo Armellini وتارێک دەدات، گاریباڵدی قسەکانی پێ دەبڕێت و دەچێتە سەر سەکۆکە و داوای ئیتالیایەکی کۆماری دەکات. کەواتە گاریباڵدی هەر ماتزینیانە بیر دەکاتەوە. ئەم ھەڵوێستەشی بە ناپاکی لەگەڵ پاشا ئەلبێرتۆ بۆ ھەژمار ناکرێت، بەڵکو بە ھەنگاوێک دادەنرێت بەرەو رزگاریی و سەربەخۆیی وڵات.

دوای ئەم رووداوە لە 8/2/1849 لە پەرلەمان دەنگدان لەسەر پرسی سەربەخۆیی دەدرێت، لە 142 نوێنەر 120 دەنگ بۆ کۆماریی دەدەن بە مانا ماتزینییەکەی.

ئیدی بیرۆکە بنچینەییەکەی ماتزینی «خوا و گەل» دەبێتە مۆتیڤی ژیان.

لەم کۆمارە نوێیەدا کە تەمەنی تەنیا 4 رۆژە داوەتی ماتزینی دەکرێت بۆ Rom. . رۆژی 5/3/1849 بەدەم بانگ و ھاواری بەخێرھاتنەوە و بژی ماتزینی، بۆ یەکەمین جار پێ دەنێتە سەر خاکی رۆمانی. ئەم رووداوە مێژووییە، ئەم نزیکبوونەوەیە لە ئامانج و ئەم خۆشییە بێ سنوورەی خەڵکی و ئەم جۆرە لە ھەستی گەرم، دەبێتە جێی خۆشحاڵی و ھیوایەکی گەورە بۆ ماتزینی. کاتێک پێ دەنێتە ھۆڵی کۆبوونەکەوە، ھاوار و خۆشی Evviva Mazzini گوێی پیاو کەڕ دەکات.

پاش ماوەیەک و لە رۆژی 29/3/1849 ئەنجومەنی نوێنەران بڕیار دەدەن، دەسەڵات دابەش بکەن لە نێوان Armellini ,Saffi ,Mazzini دا، بەڵام وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکان ناگۆڕدرێن. لەیەکەم چرکەدا ماتزینی بەھۆی مێژوو و خەبات و کەسایەتی کاریزمییەوە، وەک رابەر و سەرۆکی گشت لایەک دەناسرێت. لەسەردەستی ماتزینی کارنامەیەک ئامادە دەکرێت و دەست بە کار بۆ گۆڕانکاریی دەکرێت.

ماتزینی سەرەتا داوا دەکات ھەرسێ سەرۆکەکە، لای خۆیانەوە دەستبەرداری نیوەی مووچەکەیان ببن بۆ خەڵکی ھەژار. لە بوارەکانی تری دارایی و سیاسی و سەربازیدا، یاسای نوێ دەردەکەن. بڕیاری دروستکردنی کۆمەڵێک خانووبەرە بۆ ھەژاران دەدەن. نرخی پێداویستییەکانی ژیان، خوێ لەنێویاندا، کە زۆر گران بووە، کەم دەکەنەوە. بایەخی زیاتر بە بواری کشتوکاڵ دەدرێت و ھەر خێزانێک لە 3 سەرخێزان زیاتر بن، پارچەیەک زەوییان دەدرێتێ. جێگا و خانەی تایبەت بۆ نەخۆش و پەککەوتە و ناتەواوەکان دروست دەکرێت. لەسەر ئاستی ئایینیش دەسەڵاتی کڵێسە دیاری دەکرێت و بەتوندیی دژی ئەوانە دەوەستێتەوە، کە دزییان لە کڵێسا دەکرد و کەسایەتییە ئاینییەکانیان ئازار دەدا.

خاوەندارێتی گەورە و فراوانی کڵێساشی بە سوودی جووتیاران کەم دەکاتەوە. بەم جۆرە خۆی زۆر توخنی ئایین ناکاتەوە، چونکە حەزی بە پەیوەندییەکی باش دەکرد لەگەڵ دەسەڵاتی کڵێسادا. ئیدی لەوەوپاش کڵێسا چۆڵ و ھۆڵەکان پڕدەبنەوە لە خەڵک و لە ئارامیدا جمەیان دێت.

ماتزینی دژی ئەوە بوو دەسەڵاتی خۆرئاواییەکان بەسەر کڵێسادا بسەپێندرێت، لەم رووەوە دەڵێت: « ئێمە دەبێت میرەکانی کڵێسا لە میرەکانی خۆرئاوا جودا بکەینەوە و جەخت لەسەر مافی خۆمان بکەینەوە، بێ ئەوەی باوەڕی ئاینی بشێوێنین یان بریندار بکەین».

ھەروەھا گفتی ئەوە دەدات کە دەسەڵاتی پاپا لە ئەنجومەنی رۆمادا زامن بکات. سەرباری ئەم ھەموو گۆڕانکاری و ئامادەگییە. ئەگەرچی تا دەھات پێگەی ماتزینی لە نێو پیاوە ئاینییەکاندا ھەڵدەکشا و بەھێزتر دەبوو. کەچی پاپا ئامادەی ھیچ ھاوئاھەنگییەک نابێت لەگەڵ ناوبراودا.

ماتزینی لەناو میللەتەکەیدا بەوە گرەوی بردبۆوە، گوفتار و رەفتاری ھاوجووتی یەک بوون. کەسایەتییەکی گەشبین بوو، ھەمیشە ھیوای بە ھاوبیرەکانی و میللەت دەبەخشی. لە بەرامبەر ھەژار و دەوڵەمەندا سادە و ساکار رەفتار دەکات، شەو و رۆژ بێ ماندووبوون دڵ و گوێی بە کراوەیی بۆ رازی میللەت دەکاتەوە، کار دەکات و بێ ترس دێت و دەچێت. شتێک کە ھاوڕێکانی نیگەران دەکات، ماتزینی رێگە نادات کەسی لەگەڵ بێت و بیپارێزن. لەکاتێکدا لەو رۆژانەدا زۆرجار خەڵک دەکوژران.

ماتزینی، بۆ ئارامکردنەوەی رۆحی و پشوودان بە جەستەی شەکەتی، شەوانە پەنا بۆ Gitarre ەکەی دەبات و بەدەست و پەنجەی رەنگینی چەند ئاوازێکی دڵفڕێن دەژەنێت و وردە گۆرانیشی لەتەکدا دەچڕێ.
بەم جۆرە خەمەکانی بەبا دەدا. خەمی گەورەشی بیرکردنەوە بوو لەو دەستکەوتە گەورەیە، لەو دۆخە هیوابەخشەدا، تۆ بڵێیت تاکەی بەردەوام بێت؟ داخۆ زلھێزەکانی نەمسا و فەرەنسا و ئیسپانیا و روسیا و پورتوگال لێمان بگەڕێن؟

لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا دەڵێت: «ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و نموونەیەکی باش و جوان پێشکەشی ھاووڵاتیانی خۆمان لە تەواوی ئیتالیادا دەکەین. ئیدی دیارە ھەر بەم شێوەیە دەتوانین سەرکەوین، سەرکەوتن بپارێزین». لەم سەروەختەدا و 20/12/1848 ە فەڕەنسا Louis Napléon Bonaparte دەبێتە سەرۆک و خێرا جەنەڕاڵ Ondinot دەنێرێتە رۆما، پێدەچێت لەسەر داخوازیی پاپا ئەم کارە کرابێت- تا دەست بەسەر دۆخەکەدا بگرنەوە و ئاسایش بپارێزن.

دانیشتووانی رۆما بەتوندی دژی ئەم بڕیارە دەوەستنەوە و بڕیاری بەرگریی کردن بە دڵ و گیان دەدەن. فەرەنسا ھەر وازناھێنێت و سێ جار شاند دەنێرێت و ھەڕەشە دەکات، ھەر ناگەنە ئەنجام. لەم چرکەساتەدا بیرۆکەیەک لای کۆمەڵێک دروست دەبێت بەوەی کە بچنە لای پاپا و رازیی بکەن بەوەی مشورێک بخوات شەڕ روونەدات و بەئاشتی کێشەکە چارەسەر ببێت. ئەم هەوڵەش ئەنجامی نابێت، ئەنجومەنی شار بڕیاری بەرگریکردن دەدات.

جەنەڕاڵی ناوبراو بەفڕوفێڵ خۆی نزیک دەکاتەوە لەپڕ بە 30 هەزار سەربازەکەیەوە پەلامار دەدات. شەڕێکی سەخت هەڵدەگیرسێت. لە هیکڕا گاریباڵدی بە 14 هەزار لایەنگرەوە پەیدا دەبێت و فەرەنسییەکان تێک دەشکێنێت و هەواڵ بۆ ماتزینی دەنێرێ، کەوا دەیەوێت فەرەنسییەکان تا Civitavecchia راوبنێت و بیانکوژێت. ماتزینی بە پێچەوانەوە داوای گەڕانەوەی لێدەکات، بەمەبەستی ئەوەی فەرەنسییەکان نەورووژێن و ئیتالیا نییەتێکی باشیان نیشان بدات.

گاریباڵدی بەم بڕیارە نیگەران دەبێت، بەڵام فەرمانەکە جێبەجێ دەکات.

لەم کەینوبەینەدا، فەرەنسا سەرگەرمی گێڕانی ھەڵبژاردنە، ناپلیۆن چاوەڕێی ئەنجام دەکات، ئەگەرچی دەبوو فەڕەنسا بە ھەڵوێستی ماتزینی دڵخۆش بێت، کە نەرم و ئاشتیخوازانە بوو، لێ ناپلیۆن لەسەر دوو تەوەر بە فڕوفێڵ و تاکتیک وەڵامی ماتزینی و ئیتالییەکان دەداتەوە.

سەرەتا بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە Ferdinand de Lesseps کە ھاوکات دروستکەری کەناڵی سویسیشە، دەنێرێت بۆ گفتوگۆ. ماتزینی و ئەم نوێنەرە گفتوگۆی بەسوود دەکەن و دەگەنە ئەنجامێکی باش، بەڕادەیەک لێزەپس زۆر سەرسامی ھزر و تێڕوانین و ھەڵسوکەوتی ماتزینی دەبێت. ھێشتا گفتوگۆکان تەواو نابێت، ناپلیۆن جەنەڕاڵ Oudinel بە فەرمانێک دەکاتە بەرپرسی ڕۆما. بەمەش دەردەکەوێت کە ناپلیۆنی سێ ئاشتی ناوێت. بەم ھەڵسوکەوتە ماتزینی تێدەگات ناپاکی و فێڵی لێکراوە، بڕیار دەدەن خۆیان بۆ شەڕکردن ئامادە بکەن و ھەڵدەستن بە دادگایی کردنی دەوروبەری رۆما. بەداخەوە لێرەدا ھەندێک ئیتالی دەکەونە بەرەی دوژمنەوە.

جێی ئاماژە پێدانە کە بەرەی زلھێزە جیھانییەکان نەمسا، فەرەنسا، ئیسپانیا ھەموویان بەیاننامە دەردەکەن و داوای دەستبەسەراگرتنەوەی رۆما دەکەن. لە4/6/1849 دا شەڕ ھەڵدەگیرسێت. ھێزە فەرەنسییەکان باڵا دەست دەبن و ئیتالییەکان بەرگریی تەواویان پێ ناکرێت. ماتزینی خۆی لە پێشی پێشەوەی بەرەی شەڕدا دەبێت و ئامادە نییە رۆما چۆڵ بکات و بە سانایی بیدات بەدەست زلهێزەکانەوە. لەم ساتەدا گاریباڵدی بانگ دەکات و دەیکاتە بەرپرسی بەرەی شەڕەکە، فەرەنسییەکان ژمارەی سەربازەکانیان دەکەنە سێ هێندەی 13 هەزار ئیتالییە خۆبەخشەکەی بە دڵ و گیان بەرگریی لە رۆما دەکەن.

میللەتی ئیتالیا زۆرینەی بۆ پشتیوانی ماتزینی و ھاوڕێکانی رادەبن، لەم رووەوە P.Ventura دەڵێت: «ئەگەر کڵێسا- واتە پاپا- لەگەڵ میللەتدا نەبێت، ئەوا ئەم شەڕە بەبێ ئەو و لەدژی ئەو بەڕێوەدەچێت». بەھەرحاڵ کوشتارێکی زۆر دەکرێت و ئیتالییەکان بۆ بەرگریی لە رۆما دەڵێن: «مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا دەست بگرن بەسەر رۆمادا».

لەم کاتەدا گاریباڵدی داوا دەکات شەڕ بەرنە دەرەوەی رۆما، ماتزینی رازی نابێت و بانگەوازێک بۆ ھێزە ئەوروپاییەکان دەردەکات و دەڵێت: «با پاشایەتیش بڕوخێنن، یا خۆی ببەزێ، کۆمارییەکان خۆیان نادەنە دەستەوە و نابەزن و بڕیارە، بە گیان و باوەڕی بەرگریی و ناڕەزاییەوە بمرن».

هەر سێ زلھێزەکەی ئەو سەردەمە دژ بەم کۆمارە ساوایە وەستانەوە، ئیتالییەکانیش بە تەنھا. ھێزە فەرەنسییەکان پارەیەکی زۆر بۆ سەری ماتزینی تەرخان دەکەن و جارێکی تریش بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەکەن. ئیدی ھاوڕێکانی، ماتزینی بەزۆر ناچار دەکەن خۆی دوور بخاتەوە و ھەڵبێت. لەم کاتەدا نێردراوێکی ئەمریکی دێت و پاساپۆرتێکی بەناوێکی خوازراوەوە دەدەنێ و بەرەو مارسیلیا دەڕوات و لەوێوە دەچێتە ژنێف.

مانەوەی زیاتر لە ساڵێکی ماتزینی لە دەسەڵات لە ئیتالیا، زۆر کار دەکات و دەستکەوتی گەورە بەدەست دەھێنێت. لە لۆزان/ سویسرا دەست دەکات بە نووسینی سیاسی و ئەدەبی و پلانداڕشتن بۆ جارێکی تر بۆ تێھەڵچوونەوەی شۆڕش و راپەڕین.

ساڵی 1850 گۆڕانێکی سەیر روودەدات و ماتزینی بۆ بینینی دوژمنە گەورەکەی ناپلیۆنی سێیەم دەچێتە پاریس، لەسەر کۆمەڵێک بابەت رێکدەکەون، لێ ناپلیون پاش ماوەیەکی کەم لە دەسەڵات دەخرێت و ھەڵدێت، رێکەوتنەکە ھیچی لێ شین نابێتەوە.

ماتزینی لە پاریسەوە دەچێت بۆ لەندەن بۆ بینینی ھاوبیر و دۆستەکانی، لەوێ ئەم جارە» کۆمیتەی ئەوروپا» دروستدەکات لەگەڵ ئەم پۆلە لە کەسانی دیارو هەڵکەوتوودا:
Alexander Ledrn- Rolli,Arnold Ruge,Albret Daraß پاشان دێتەوە سویسرا. دیارە لەھەر شوێنێ بووبێت بەردەوام سیخوڕ و چاودێریی بەدواوە بووە. مانگی 11/1850 دەچێتەوە بۆ لەندەن، ئەمجارە لە میراتی باوکی پارەیەکی مۆڵی باشی بۆ دێت، دواتر خانەنشینی دایکیشی دەگات بەدەستی، ساڵانە 4 ھەزار لیرە بووە. بەم پارەیە کاری باش دەکات و یارمەتیی زۆری دۆست و ھاوبیر و ھەژار و لێقەوماوان دەدات. بۆ خۆی ھەروەک جاران سادە و ساکار ژیان بەسەر دەبات.

«کۆمیسیۆنی نەتەوەیی»ش دروست دەکات پاشان «کۆمیسیۆنی ناوەندیی دیموکراتی ئەوروپا» دروست دەکات. بۆ بەرپاکردنی ئامانجی خەباتی کۆماری لە تەواوی ئەوروپادا. بەتایبەتی ئیتالیا و ئەڵمانیا و روسیا. ھەر لەم رێگەیەوە خاتوونی شاعیری ئەڵمانی کە ئەویش ھەڵاتووە و لەلەندەن ژیان دەکاتMalwida von Meysenberg دەناسێت. ئەم خانمەش شێت و شەیدای ماتزینی بیر و رەفتاری دەبێت، دواتریش بیوگرافیایەکی باش لەسەر ماتزینی دەنووسێت.

ھاوکات زۆر کەسایەتی گەورە لە لەندەن دەناسێت و پێیان ئاشنا دەبێت.

ساڵی 1852 دایکی دەمرێت و تەواو نیگەران دەبێت، لەو سەردەمەدا بەناوی «دایکی ئیتالیاوە» ناوبانگ دەردەکات. دایکی لەسەرە مەرگدا دەڵێت : «خۆشەویستان تکایە لە خەمی کوڕەکەم Pippo دا بن»، ھەموو شاری جێنوا بەشداریی لە بەخاکسپاردنیدا دەکەن.

خەڵكەکە یەکێک رادەسپێرن Emilin Ashurst ھەواڵی مردنەکە بدات بە ماتزینی، ناوبراو و دەگێڕێتەوە، « کاتێ پێموت ماتزینی رەنگی سپی داگەڕا، بە دەنگێکی لەرزۆکەوە پێی وتم: تکایە ئێمیلیا، بەتەنیا جێمبهێڵە. دوو دانە رۆژ بە ئازاری مردنی دایکییەوە تلایەوە». ماتزینی پاشان بە دەنگێکی نەرم دەڵێت: «وا ھەست دەکەم دایکم لێم نزیکە، ئەو ھێشتا ھێزم پێ دەبەخشێت تا بە ئەمەک بم بەرامبەر بە ئەرکەکانم بۆ نیشتمانم خەبات بکەم».

ماتزینی هیچ گومانی لەوە نەبوو گەلەکەی تا گەیشتن بە دوا ئامانج کۆڵ لە خەبات نادات. لەگەڵ ئەوەشدا ھەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ دۆخەکە دەکات و دەگاتە ئەنجامێک:

1-دەستبەرداری ئەو خەباتە ببێت، کە ساڵانێکە لەگەڵ ھاوڕێکانی بۆی تێدەکۆشن و قوربانی زۆریان داوە.

2- یاخود بەدوای دۆزینەوەی رێگایەکی ترەوە بێت بۆ گەیشتنە ئامانج.

ئیدی لێرەوە ماتزینی شۆڕشگێڕ دەبێتە سیاسەتمەدار و لە ئایدیالیستێکەوە دەبێتە پیاوی دەوڵەت.

ساڵی 1850 کەسایەتی گەنجی تازە ھەڵکەوتووی دەڤەری پیمۆنت بەناوی
کافوورCamillo Benso Cavour دەبێتە وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی و دەریا. ئەم کەسایەتییە لە بنەچەدا لە باوکێکی ئیتالی و دایکێکی فەرەنسیی سویسرییە. کافور کەسایەتییەکی زیرەک، وریا، دانووستانکارێکی بێ پەروایە. ئەمیش وەک ماتزینی باوەڕی بە شۆڕش ھەیە لە پیمۆنتەوە دەست پێ بکات و تەواوی ئیتالیا بتەنێتەوە.

باوەڕی بە یەکگرتنەوەی ئیتالیا ھەبوو و بۆ ئەوەش تێدەکۆشا. لێ لەگەڵ ماتزینیدا لەوەدا جودا بوو، کافوور باوەڕی بە کۆمەکی دەرەکی بوو بۆ گەیشتنە ئامانج، نەک وەک ماتزینی دەیوت: «جگە لە خوا، ئیتالییەکان نابێ پشت بە ھیچ کەسێکی تر ببەستن».

Alexander Herzen کە بیوگرافیایەکی ماتزینی بە ئینگلیزی نووسیوە، دەڵێت: «ماتزینی پیاوێکی هەڵکەوتووی بێهاوتا بوو، باوەڕێکی پتەوی هەبوو، کە هەمیشە ورەی پێدەبەخشیت لە ساتەوەختەکانی تەنگانەدا، لەودا شتێکی گەورە هەبوو، دەتوانی ناوی بنێیت شتێک لە شێتێتی، بەڵێ ئەم شێتێتییە زۆرجار دەبووە مایەی سەرکەوتن».

ماتزینی هێزێکی موگناتیسی بەهێزی راكێشانی خەڵکی هەبوو». ساڵی 1853 لە میلان راپەڕینێ روویدا، زوو دامرکایەوە. دوو ساڵ دواتر ماتزینی لە لەندەن بە شێوەیەکی سەیر لە ھێرشێکی کوشتن رزگاری بوو، ئەم رووداوانە زیاتر رێگەی بەردەم کافور تەخت دەکەن تا ببێتە شۆڕەسواری مەیدان».

دواتر کۆمەڵەی «دۆستانی ئیتالیا» ی لەساڵی 1851 دا لەگەڵ کۆمەڵێک لە بیریار و زانا ناسراوەکانی ئینگلیزدا دروست دەکات بۆ پشتیوانیی مەسەلەی رەوای ئیتالیا بۆ یەکگرتنەوە.

لە 2/12/1852 ناپلیۆن دێتە سەر دەسەڵات و خۆی بە نزیکی ئیتالییەکان دەزانێت و دەیەوێت ھاوکارییان بکات بۆ رزگاربوون لە چنگی نەمسا. روسیا دەیەوێت سوود لە لاوازیی تورک وەربگرێت و باڵ بکێشێت بەسەر باڵکاندا و مسۆگەری بکات. ئینگلیز و فەرەنسا لە دژی خەونەکەی روسیا دەوەستنەوە، نەمسا نایەوێت دژایەتیی ئاشکرای روسیا بکات، کافور دەستبەجێ ئەم پێشھاتە نوێیانە دەقۆزێتەوە و پێشنیاز دەکات ئەویش بچێتە ھاوپەیمانێتییەکەوە و پاڵپشتی لە فەرەنسا بکات. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی لەکاتی سەرکەوتندا بتوانێت سوودێک بۆ ئیتالیا بپچڕێت.

سەرەتا پەرلەمان دوودڵ دەبێت لە ھەنگاوەکەی کافوور، پاشان دەنگی زۆرینەیان بەدەست دەهێنێت و نزیکەی 15 ھەزار سەرباز ئامادەی شەڕ دەکات.

داوا دەکات رێگەی پێ بدرێت بەشداریی کۆنگرەی ئاشتی بێت، کە لە پاریس دەبەسترا.
ساڵی 1855 پاشا Emanoele Karl Albert و کافوور رێگەیان پێ دەدرێت بەشداریی کۆنگرە بن لە پاریس و جارێکی تر لە لەندەن.

ناپلیۆنی دۆستی ئیتالیا لە شاندەکە دەپرسێت: «دەتوانین چی بکەین بۆ ئیتالیا؟». کافوور کە بە بەرنامە و پلانی پێشوەختەوە ئامادەبووە، یەکسەر بیرخەرەوەیەک دەداتە دەستی ناپلیۆن. داواکاریی سەرەکی داوای کشانەوەی ھێزەکانی نەمسایە لە دەوڵەتی کڵێسا واتە ڕۆما و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی بە تاڵان و دزی براوی دەوڵەتی ناوبراو.

ھەڵبەت کافوور دەزانێت لەگەڵ ناپلیۆندا بە وریایی مامەڵە بکات و سەرئێشەی بۆ دروست نەکات، ھاوکات خەونی گەورەی خۆیشی بوو ببێتە سەرۆکی ئیتالیای داھاتوو.

کافور لەم ھەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو و یەک ھەنگاو نەچووە پێش. ھەست بەوە دەکات ناپلیۆن دەستی بڕیوە، بەتایبەتی کاتێک تەواوی کەسوکاری خۆی دەکاتە بەرپرسی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئیتالیا. ئیدی قسەکانی ماتزینی بیر دەکەوێتەوە، کە نابێت بە پشتیوانی بێگانە ئیتالیا رزگار بکەین.

لەژێرەوە ھەوڵی سازدانی شۆڕش و ناڕەزایی دەربڕین لە سیسیلیا دەدات و داوای یارمەتیش لە ماتزینی و گاریباڵدی دەکات کە لە لەندەن دەژیان. سەرەتا دەیەوێت ناپۆلی لە دەستی فێردیناندی دوو رزگار بکات، کە لەژێر دەسەڵاتەکەیدا زیاتر لە 25 هەزار زیندانی سیاسی ئیتالی ھەبوو. مانگی 6/1857 Pisacane بە 300 کەسەوە دەچێت Kalabrien ، ھەست دەکەن کە ماتزینی ماوەیەکە بەدزییەوە لە جێنوایە لەگەڵ گاریباڵدی خۆیان شاردۆتەوە.

دەیانەوێت جموجوڵێک بکەن و کافوریش لە پلانەکەی خۆی ئاگاداریان بکاتەوە. بەم جۆرە بۆ یەکەم جار باکوور و باشوور گیانی برایەتی ھاوبەشی خەباتیان پێکەوە دەبێت و ھاوپەیمانێتی ساختەی نێوان پیمێنتۆت- دەوڵەتی کڵێسا و فەرەنسا شکست دەخوات.

لەم کاتەدا سیخوڕەکانی فەرەنسا چالاک دەبن و Pisacane بەدەستەوە دەدەن و سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێت.

جەماوەری ئیتالی بەم رەفتارە گەلێک نیگەران دەبن و رادەپەڕن و پەلاماری ھێزە فەرەنسییەکان دەدەن، بەڵام دیسان بەداخەوە سەرکەوتوو نابن. بەم شێوەیە ھەردوو ماتزینی و گاریباڵدی بە سەرسوڕمانەوە لە گرتن رزگاریان دەبێت. سزای مەرگ و کوشتن جارێکی تر بۆ ماتزینی دەردەچێت، لەناکاو رووداوێکی سەیر لە 14/1/1858 دا پێش دێت، Felice Orsini ھێرشێک دەکاتە سەر ناپلیۆن و 10 کەس لە یاوەرانی دەکوژرێن و نزیکەی 141 کەس بریندار دەبن. ئەم کەسە و باوکیشی لە ھاوبیرانی ماتزینی دەبن، بەھۆی چالاکیی و خەباتیان زۆرجار گیراون و ئازار دراون، بەڵام ئەمجارەیان سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێن.

ناپلیۆن ماتزینی بە بەرپرسی ئەم کردەوەیە دەزانێت، تا دەهات لیستی تاوانەکان لەسەر ماتزینی، لە چاوی فەرەنسا و نەمسادا درێژ دەبۆوە، چونکە سەرلەبەری چالاکییەکان بەناوی ئەوەوە دەکران.

کافوری دۆستی فەرەنسا ئەم ھەواڵی کوشتنەی ناپلیۆنی پێ ناخۆش دەبێت، حوکمی کوشتن بۆ ماتزینی دەردەکات و دەڵێت: ھەر کەسێک ماتزینی بگرێت خەڵاتێکی باشی دەدەینێ و داواش لە فەرەنسییەکان دەکات زۆر بەخێرایی ھاوکاربن لەگەڵیدا، بەڵام ماتزینییەکی خۆشەویستی میللەت و خاوەنی زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی خەباتی ژێرزەمینی و ھونەریی خۆشاردنەوە و خۆقوتارکردن، لەدەست دەسەڵاتی چەندین دەوڵەتی گەورە، ماتزینییەک نزیکەی دەرزەنێک جار بە قاچاخی بەناو فەرەنسادا ھاتووە و چووە، ھەرگیز بەئاسانی ناکەوێتە داوی کافورەوە.

کافوور دەست ھەڵناگرێت لە ھەوڵەکانی خۆی ئەو ھیوا و پەیوەندییەی لەگەڵ ناپلیۆندا ھەیەتی لە 22/7/1858 دا جارێکی تر لەگەڵ ناپلیۆن باس لە دەرپەڕاندنی نەمسا دەکاتەوە و لەگەڵی رێک دەکەوێت. ماتزینی لەناو پاپۆڕدا دەبێت بەرەو لەندەن، کاتێک ئەم ھەواڵەکە دەبیستێت زۆر نیگەران و تووڕە دەبێت، دەستبەجێ نامەیەکی کراوە بۆ کافوور دەنووسێت: «من ئەگەر ئێوەم ھەرگیز خۆش نەوێ، ئەوا ئێستا رقم لێتان دەبێتەوە»، ماتزینی ھیچ بڕوای بە فەرەنسییەکان نەبوو، لێیان بەگومان بوو، بۆیە دژی رێکەوتنەکە بوو، ھەروەھا بەلایەوە سەیر بوو بۆ کافوور پەنا بۆ گەلەکەی نابات و سوود لە وزە و توانای گەل وەرناگرێت؟

ناپلیۆن لە 10/1/1859 دا وتارێک بەناوی ھاواری ئازار دەدات دوا لە ئیتالییەکان دەکات رابن و دژ بە نەمسا بوەستنەوە. ئیتالییەکان بەم ھاوارە دڵخۆش دەبن. فێریدیناندی دووەم دەکەوێتە مەترسییەوە. مۆڵەت دەدات بە ئیتالییەکان تا 23/4/1859 ئارام ببنەوە و ئاژاوە نەگێڕن و پەلاماری سوپاکەی نەدەن و چەکەکانیان دانێن.

بەکورتی شەڕ نزیک دەبێتەوە، فەرەنسا ھێز بۆ تورین و جێنوا دەهێنێت. ھەر لەم کاتەدا لە مۆدێنا و پارما و تۆسکاناش شۆڕش سەرھەڵدەدات و ھێزە بێگانەکان دەردەپەڕێنن.

لە دوو شەڕی یەکلاکەرەوەدا 12/6/1859 لە Magenta و لە 24/6/1859 لە Solferino نەمسا تێک دەشکێن. دواتر کۆبوونەوەیەک لە Villafanca دەکرێ و بڕیارەکان دیسان بە سوودی ئیتالیا نابێت.
مانگی ئابی هەمان ساڵ پاشا ئیمانۆیل، کە جێگرەوەی باوکی بوو، زۆر دڵگران دەبێت و بڕیار دەدات بە ھەموو شێوەیەک فەرەنسییەکان تێکبشکێنێت. لەژێرەوە بە کافوور دەڵێت: پەیوەندی بە ماتزنییەوە بکە تا ئامادەکاریی بۆ راپەڕین و شۆڕش لە Sizilien بکەن .

ماتزینی لەم کاتەدا خەریکی سازدانی شۆڕش دەبێت و گاریبالدی بەخۆی و 10 هەزار پارتیزانەکەیەوە بۆربۆنەکان تێکدەشکێنێت و تەواوی باشوور دەگرێت و دوای 700 ساڵ باشوور بەتەواوی رزگاری دەبێت. ماتزینیش لە 4/4/1860 دا پالێرمۆ و میلان رزگار دەکات و سیسیلیا و ناپۆلی رزگاریان دەبێت. گاریباڵدی ھەڕەشە دەکات تا رۆما ناوەستێ و دەوڵەتی کڵێساش رزگار دەکات.

لەمەدا کافور ترسی لێ دەنیشێت .لەم کاتەدا بەس رۆما و بەشێک لە ڤێنیسیا ماوە رزگار ببێت.

1870 سەرەتا تۆرین و دواتر فلۆرەنس دەبێتە پایتەخت، فەرەنسا و ئینگلتەرا دان بەم دەسەڵاتە ئیتاڵییەدا دەنێن، دواتر پاپا و ئەڵمانیا و روسیا و نەمساش ئەوانیش دانی پێدا دەنێن.

ماتزینی بەم نیوە سەرکەوتنە رازی نابێت، بۆیە ناتوانێت واز لە ئامانجەکەی بھێنێت. ئیتالیایەکی بێ رۆما و ڤێنیسیا واتای چییە؟.

دەچێت بۆ لەندەن و ھاوبیر و رێکخستنەکان بەسەر دەکاتەوە، کێشەی سەرەکی لەم دۆخەدا ناپلیۆنی سێ بوو، ئەو نەیدەویست ئیتالیا لەوە زیاتر گەورە بێت و رۆمای کڵێسای پیرۆز رادەستی ئیتالییەکان بکاتەوە. کافوور بە پارێزەوە باسی رۆمای دەکرد و پاپاش لەگەڵ ئەوەدا بوو دەوڵەتی کڵێسا بمێنێتەوە. بەم جۆرە تەواوی گفتوگۆکان سەر ناگرن.

ماتزینی و گاریباڵدی لاوازییەکیان لە کافوردا بەدی دەکرد بە رادەیەکی زۆریش لە پاپادا. لەم کاتە ناسکەدا کافوور لە مانگی 6/1861 دا بە جەڵدە دەمرێت، قۆناغێکی تر دێتە پێشەوە. ماتزینی نزیکەی نیو ملیۆن واژۆی کۆکردۆتەوە و دەیگەیەنێتە ناو پەرلەمان بۆ داوای دەرکردنی ھێزە فەرەنسییەکان.

ساڵی 1862 گاریباڵدی لە شەمەندەفەردا بەرەو رۆما زۆر بەسەختی بریندار دەبێت و دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە. کەواتە لە رۆژە سەختەکاندا ئەم دووانە هەریەک گیان بوون. بەخۆڕاییش نەوتراوە: ماتزینی سەر و مێشک و گاریباڵدی بازوو و مستی ریسۆرگیمەنتۆی ئیتالییان.

لە Lugano ماتزینی ھەڵمەتێکی ئیمزا کۆکردنەوە بۆ ئازادکردنی گاریباڵدی دەکات و کۆمیتەیەک بۆ ھەمان مەبەست دروست دەکات و دەینێرێت بۆلای پاشا، تا دواجار گاریباڵدی ئازاد دەکرێت.

1864 جارێکی دیکە لە لەندەن لە ماڵی ھاوڕێ روسەکەیان بەدیداری یەکتریی شاد دەبنەوە. ئەگەرچی ئەم دوو سەرکردە گیانی بەگیانییە، جاروباریش لە یەکتریی زویر دەبوون.

ماتزینی بەرە بەرە لە تەمەندا هەڵدەچوو و بەرەو پیربوون ھەنگاوی دەنا و نەخۆشیی رۆماتیزم پەڕێشانی کرد و چاوەکانی کز بوون و حەزی خواردنیشی زۆر کەم ببۆوە. ھەژاریی و کەم دەرامەتیش لەولاوە بوەستێ بە رادەیەک پارەی چوونە لای پزیشکی بەدەستەوە نابێت، ھەر یارمەتیەکیشی پێ دەگات، دەیداتە ھاوبیران و ھەژاران، بەڵام باوەڕی پۆڵایینی خەباتی بەتینتر و دڵی گەرمتر دەبێت بۆ کاری شۆڕشگێڕی.

خەیاڵی رزگارکردنی رۆما لە مێشکی دەرناچێت، چونکە رۆما واتە ئیتالیا، هەرخۆی ئەو هەمیشە دەیوت :» پێویستە پێوەری کۆماری ئیتالیا، لە پایتەختەوە هەڵقوڵێت و ئاڵای ئایینی پێشکەوتن لە ڤاتیکانەوە».

بۆیە دەگەڕێتەوە بۆ لۆگانۆ و لەوێشەوە بۆ ژنێڤ بۆ بەسەرکردنەوەی رێکخستن و ھاوبیر و دۆستەکانی. ئەمانە زۆربەیان چەکدار بوون و ماتزینیان دەپاراست و چاوەڕێی فەرمانی ئەو بوون بۆ ھەر کار و کردەوەیەک.

ساڵی 1869 لە تەمەنی 64 ساڵیدا ماتزینی لە سویسرا دەردەکرێت لەسەر جموجۆڵە سیاسییەکانی، بەڵام لێھاتووانە خۆی دەرباز دەکات و لەوێشەوە حەسرەتی وڵات ھەڵی دەپێچێتەوە بۆ سەردانی ئیتالیا. بۆیە بە ھاوڕێکانی دەڵێت: «ھیوام ئەوەیە بتوانم لە ئیتالیا و بۆ ئیتالیا بمرم، وڵاتەکەم کە بەدرێژایی تەمەنم لێم قەدەغە کرا» و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ لوگانۆ بۆ وەشاندنی دوا گورزی کوشندە لە سیستمی پاشایەتی.

ھاوڕێکانی زۆر ئامۆژگاریی دەکەن بەوەی کە ئەم کارە زەحمەتە و ھەلومەرج لەبارنییە، بەڵام ماتزینی سوور دەبێت لەسەر باوەڕی خۆی و لێناگەڕێت کەس ئارام بگرێ تا تەواوی ئیتالیا ئازادنەبێت. بەداخەوە ئەم ھەوڵەش بەھۆی ناپاکییەوە دواتر تێکدەشکێت.

نوێنەرێک بەناوی Wolffدەنێرێت بۆ سیسیلیا بۆ لای لایەنگرانی تا لە پالارمۆ و ڤێنیسیا دەستبەکاربن. ڤۆلف سەرکەوتوو نابێت لە گەیاندنی پەیامەکەدا. ئیدی ماتزینی خۆی پێ ناگیرێت و بێ ئەوەی شێوەی خۆی بگۆڕێت و پەنا بەرێتە بەر تاکتیک و سەرلێشێواندنی دەسەڵات، دەچێت بۆ شوێنی ناوبراو و بە یارمەتیی پاسپۆرتە ئینگلیزییەکەی بەناوی Joseph Brown. ماتزینی لە کۆنترۆڵی پۆلیس بەھۆی وێنەکەیەوە دەناسرێتەوە لەلایەن Pietro Biondi پۆلیسەوە، دەبرێ بۆ لای کۆمیساری باڵای پۆلیس لە سیسیلیا، کە ناوی Giacomo Medici دەبێت.

مێدیسی ھاوڕێی منداڵی خۆی بووە و سەردەمانێکیش لە ئاوارەیی لە لەندەن پێکەوە ژیاون. ماتزینی دەیناسێتەوە، بیۆندی پۆلیس لە بنەڕەتدا سیخوڕیی بۆ ھێزە فەرەنسییەکان دەکرد، بۆیە مێدیسی ناتوانێت ھیچ بۆ ئازادکردنی ماتزینی رابەر و ھاوڕێی بکات.

بەمجۆرە بە زیندانی دەبرێت بۆ قەڵای Gaeta و بۆ ماوەی دوو مانگ دەمێنێتەوە.

لێرەدا ھەستێکی ناخۆشی بۆ دێت و دەڵێت: «وا بۆ چل ساڵ زیاترە ھەموو ژیانی خۆم بەم وڵاتە بەخشی، کەچی ئێستا تێیدا زیندانیم!».

لەم کاتەدا شەڕی نێوان فەرەنسا و پرووسیا 1870-1871 سەرھەڵدەدات، ماتزینی ھیوایەکی گەورە لەسەر ئەم پێشھاتە نوێیە ھەڵدەچنێت. پرووسیا تەنگ بە فەرەنسا ھەڵدەچنێت، بۆیە فەرەنسا دوا سەربازی خۆی لە رۆما بۆ شەڕی پرووسیا دەکێشێتەوە، سەرەنجام فەرەنسا تێکدەشکێت و ناپلیۆنیش بە دیل دەگیرێت.

ئیتالیاییەکان ئاهێکیان پێدا دێتەوە و بەم جۆرە سەرلەنوێ پایتەخت دێتەوە رۆما و ماتزینیش لە زیندان دەبەخشرێت و ئازاد دەبێت و وەک مرۆڤێکی ئازاد بۆی ھەیە لە ئیتالیادا بسووڕێتەوە.

ماتزینی ئەم جۆرە لێبووردنەی پاشا رەتدەکاتەوە. ئاخر ئەو چۆن لێبوردنێکی وا قبووڵ بکات! لەکاتێکدا بەدرێژایی ژیانی دژبە پاشا بووە، ئیتالیایەکان بەم دۆخی ئازادییە زۆر خۆشحاڵ دەبن و ئاھەنگ دەگێڕن. بەتایبەتی لە رۆما و میلان و لیڤۆرنۆ و جێنوا و ماتزینی ئازاد دەکەن و گەورەترین پێشوازیی و ئاھەنگی بۆ ساز دەکەن و ستایشی دەکەن و دروودی بۆ دەکێشن.

گەورەیی و ناوبانگی ئەم سەرکردەیە لێرەدا دەردەکەوێت، کە ماتزینی ھیچ لەخۆی ناگۆڕێت و بەتاقی تەنیا دەسووڕێتەوە و دەچێت بۆ جێنوا بۆ لای ھاوڕێکانی و سەردانی گۆڕی دایکی دەکات.

ئێوارەیەکی درەنگ دەیەوێت لەسەر گۆڕستان بگەڕێتەوە، کاتێک دەگاتە بەردەرگا، ئەمبەر ئەوبەر خەڵک چاوەڕێن و ریزیان بەستووە و ھاوخەمی خۆیان دەردەبڕن.

ماتزینی جارێکی تر بەرەو لەندەن دەڕوات و لەوێ ھاوبیرەکانی بە دیداری شاد دەبنەوە.

لەم کاتەدا ژنەکەی دەمرێت، ئەمەش داخێکی تری گران دەنێت بە جەرگی ماتزینییەوە.

دوای نزیکەی 35 ساڵ مانەوەی پچڕپچڕی ماتزینی لە لەندەن، ماڵئاوایی لەوێ دەکات و دێتەوە جێنوا، دواتر پیساPisa و فلۆرەنسا. لاپەڕەی سەرەوە لە 6/2/1872 دەچێ بۆ لای خانمە هاوڕێکەی بەناوی Roselliqلە پیسا و لە ھوتێلی Minerra ژوورێک بەکرێ دەگرێت بەناوی بارزگانێکی ئینگلیزی لەژێر ناوی جۆسیف براون.

ماتزینی دەیەوێت کەس نەیناسێتەوە و پشوویەک بدات، چونکە پیریی و نەخۆشی بڕستیان لێ بڕی بوو. ژنی ناوبراو و مێردەکەی ئاگاداری خاوەن ھوتێلەکە دەکەن کە مستەر براون ھەر شتێکی بوو خێرا پەیوەندییان پێوەبکات و ئاگاداریان بکەنەوە.

پشکنینێکی پزیشکی بۆ ماتزینی دەکەن، دەردەکەوێت کە نەخۆشی سووتانەوەی سییەکانی ھەیە، دوا نامەی ماتزینی کە نووسیوێتی، دەگەڕیتەوە بۆ رێکەوتی مانگی شوباتی 1872 کە بۆ بنەماڵەی ئاشرستی نووسیوە.

لەدوا دێڕەکانیدا بەستە شیعرێکی گۆتە دەنووسێت:
باڵندەکان لە دارستانەکان دا بێدەنگ دەبن، تەنیا چاوەڕێ بکە، بەمزوانە تۆش بێدەنگ دەبیت».

نووسەرێک دەربارەی ماتزینی دەنووسێت:» ئەو پیاوێکی بە پەرۆش بوو، ئەقڵێکی گەورە بوو، هەتا بێت ناوبانگی بە تێپەڕبوونی کات هەر زیاد دەکات، لە کاتێکدا هی زۆر پیاوی تری دەوڵەت دەکوژێتەوە».

فریای نووسینی نامەیەکی تر لە 4/3/1872 دا دەکەوێت باس لە ئازارەکانی دەکات. ژنێک بەناوی Sara Nathan سەرپەرشتی و خزمەتی دەکات.

رۆژێک پرۆفیسۆر Minari دەیەوێت بیپشکنێت. ماتزینی- ی بە میستەر براون پێ دەناسێنن. پزیشکەکە تەماشا دەکات، میستەر براون دەتوانێت بە ئیتالیش قسە بکات، بۆیە پزیشکەکە دەڵێت: ئەم مستەر براونە ئینگلیزە، ئیتالیای خۆش دەوێت، ماتزینی کە گوێی لەم وتەیە دەبێت، ئیدی دەرووونی کڵپە دەکات و هەستی دەکەوێتە جۆشێکی گەرمەوە و خۆی پێناگیرێت و دەڵێت:» ئیتالیام خۆش دەوێت، ئیتالیام خۆش دەوێ، هەرگیز هیچ کەسێک هێندەی خۆش ناوێ، وەک من خۆشم دەوێت».

خانەوادی رۆسەلی ھەر بەدیارییەوە دەبن و لەدوا چرکەکانی ژیانیدا لە ماتزینی دەپرسن: چ حەز و ئاواتێکت ھەیە؟. لە وەڵامدا ماتزینی دەڵێت: «خواکەم و باوەڕەکەم قەت منیان بەجێ نەھێشت». ئەمە دواتەی ئەم رابەر و بیرمەندە گەورەیە بوو لەدوای 11/3/1872 بۆ ئیتالیا و جیھانی بەجێ دەهێڵێت و دەڵێت: «ئاواتم بوو ئەگەر رۆژگار یارمەتیم بدات، حەز دەکەم شاکارێکی مێژوویی لەسەر پەیامی ئیتالیا بنووسم، کە تەرخانی ناکەم بۆ مرۆڤی ئێستا، بەڵکو زیاتر بۆ ئایندە».

ھەواڵی مردنەکە وەک ئاگر لە پووش بەربووبێت بە خێراییەکی سەیر بەتەواوی ئیتالیادا بڵاودەبێتەوە. دەستوبرد لاشەکەی بە رۆن و مەڵهەم چەور دەکەن و دەیبەن بۆ گۆڕستانی Stagna لە تەنیشت دایکییەوە لە زێدەکەی خۆی شارە جوانەکەی جێنوا بە دایکی نیشتمانی دەسپێرن .

نزیکەی 80 ھەزار کەس لەو سەردەمەدا بەشداریی پرسەکەی دەکەن، ئاڵای شەکاوەی ئیتالیا ئەو رۆژە ئاسمان داگیردەکات. ئەو باسەش هەیە، کەوا ماتزینی ماسۆنی بووە و لەکاتی بەخاکسپاردنەکەیدا نزیکەی سێ هەزار کەس بە ئاڵای ماسۆنییەوە بەشدارییان کردووە، بەڵام هەرچی خوێندنەوە بۆ بیڕوباوەڕ و هزری ماتزینی دەکەم، لەسەر خۆشەویستی نەتەوەکان، باوەڕ بە خودا، رێز لە ئایین و پیرۆزیی مرۆڤایەتی و زۆر شتی تر، هیچ ئاماژەیەکی بەرچاوی ماسۆنێتی تێدا نابینم.

ماتزینی نزیکەی 10 رێکخراوی لەناو ئیتالیا و لە کیشوەری ئەوروپادا دروستکردووە، هەمووی لەسەر بنەمای خۆشەویستی بۆ نەتەوە و مرۆڤایەتی، کۆمەڵێک رۆژنامە و گۆڤاری دەرکردووە، بە نووسینی گەشی خۆشەویستی مرۆڤ، چەندەها کتێبیشی پێشکەش بە ئیتالیا و مرۆڤایەتی کردووە.

خەرمانێک وتەی جوان و بەهێزی بۆ هەمووان لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. هیچی ئەمانە بۆن و بەرامەی دژایەتیی نەتەوە و نیشتمانە جیاجیاکانی لێ نایەت و مرۆڤایەتی وەک هەوێن ئامانجی ستراتیژییە.
ماتزینی.. مرۆڤێکی دڵ و دەروون پاک و سادە بوو، زۆر خەمی ھاوبیرەکانی خۆی دەخواردوو و بەسەر و سامانی دەستی پێوەیان بوو.

لە دیدی قووڵ و بەھای بەرزەوە لە مرۆڤی دەڕوانی و یەکجار مرۆڤدۆست بوو. بەڕادەیەکی گەورە و کاریگەر خەباتی بۆ رزگاریی و بەختەوەریی مرۆڤ دەکرد، لەو سەروەختەی خۆشەویستی ئیتالیای لاو خەمڵی و بووە ئایین و ئیمان بۆی، چاوی تیژ و ھەستی بێگەرد و بۆچوونی گەش و ھیوای بەرینی ئەو، دیوی سنووری ئیتالیای دەدی و بۆ بەختەوەری گەلانی دیکەش ھەر بڕوا نەلەقیو بوو. باوەڕی بە دیموکراسی بوو، وەک کۆڵەکەیەکی پتەوی سیستمی سیاسی و کۆمارخواز بوو.

لەمەش باڵاتر بەختەوەریی مرۆڤایەتی یەکجار مەبەست بوو. ھەر بۆیەشە ماتزینی بۆ ھەموو کەس مانای سیمبۆڵی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی دەبەخشێت.

بەڵێ:»ئازادیی تاکە کەس و نەتەوەکان لە سایەی دیموکراسییەکی راستەقینە و سیستمێکی نێونەتەوەیی دادپەروەرانە و مرۆڤایەتییەکی خۆشەویستانە و ھاوکارانەی بەرابەریی لەنێو مرۆڤدا» ئامانج و خواست و ھیوای بوو.

ماتزینی ھێندە نەتەوەپەروەر و مرۆڤایەتی ویست و بەڕەوشت بووە، بە پەیامبەری نەتەوایەتی ناوبانگی دەرکردووە و تاجی پیرۆزترین باوەڕ و ئامانجی خراوەتە سەر.

ماتزینی، بڕوای پتەو بوو، شارەزایی باشی بزووتنەوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی جیھان و راپەڕینە نیشتمانییەکانی سەردەمی خۆی بوو.

بە چاوێکی زیتەوە چاودێریی ھەلومەرج و گۆڕانەکانی ناو وڵاتەکەی و دنیای دەکرد و ھەلی ھەڵکەوتووی بەزوویی دەقۆستەوە.

گیان و بنەمای بیروبۆچوونەکانی دروستانە دەخستە کارەوە. نووسینەکانی ئەوەندە ناسک و بەپێز و رازاوە و ھەست جووڵێنن ، کە یەکسەر لەسەر پەردەی دڵ و مێشک تۆمار دەبن. بە جۆڕێک لە دڵە پاکەکەیەوە ھەڵدەقوڵا و دەڕژایە دڵ و مێشکی خەڵکانی دڵسۆز و پاکەوە.

وەک دەزانین ھەر تەنیا ئازادیی و یەکگرتنەوەی ئیتالیا، دوا ھەواری ئامانجەکانی نەبوو، ئیتالیا بەتەنیا نەبووە کۆت و زنجیر و کەڵەمەی کرۆکی بیر و ھەستە نەتەوەییەکەی، بەڵکو لەسەر دوندی قەناعەتێکی گەشتر و قایمترەوە دەیوت:»ژیانی نەتەوەیی و ژیانی نێونەتەوەیی دەبێت دوو دیوی یەک سەرەتاگە و پرەنسیپ و ئامانج بن، ئەویش چاکە و خێر ویستنە».

دیارە لێرەدا ھەر مەبەستی خۆشگوزەرانیی مرۆڤە. تێز و بۆچوون و بیروباوەڕی لەسەر نەتەوایەتی و سیاسەت و ئایین و ئەدەب و ھونەر و یەکگرتنەوەی ئیتالیا، ھەرلە سەرەتاوە تا دوا رۆژەکانی ژیانی یەک ژێیان ھەبوو، یەک ئاوازییان لێ بەرزدەبۆوە و ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان نووسینەکانیدا ھەست پێناکرێت کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم پرەنسیپانەدا.

ماتزینی خواناسێکی بەبڕوا بووە و سێکوچکەی بیروباوەڕی»خودا، گەل، مرۆڤایەتی»یە. بەکورتی لە توانای کەسدا نییە ھەقی ناسینی تەواو بدات بەم پیاوە و گەلێک جار دەوترێت «ئایا ئیتالیا بەبێ ماتزینی یەکگرتوو و ئازاد دەبوو؟». نووسینێکی شاعیری بەناوبانگGiosue Cardicci لەسەر گۆڕەکەی دەنووسرێت کە دەڵێت: «لێرە کەسێک ئارامی گرتووە و راکشاوە، کە قوربانیدا بە هەموو شتێ، بێ ئەندازە خۆشەویست، رکی لە کەس نەبوو».

وەک علی ئەدهەم لە کتێبە نایابەکەیدا لەسەر ژیانی ماتزینی دەڵێت: «زیادڕەوی ناکەم ئەگەر بڵێم لە هەموویان مەردتر بوو، لاپەڕەکەی لە هی هەمووان خاوێنتر بوو، نیازەکانی لە هی گشتیان دڵسۆزانەتر بوو، دەروونی لە تێکڕایان بێگەردتر بوو، گیانی فیداکارانەی لە هەموویان زیاتر بەرگەی فیداکاریی و نەخۆشی و نەهامەتییەکانی دەگرت».

چەپکێک لە وتەکانی ماتزینی

*ژیان جەنگە لەنێوان خێر و شەڕ، پێشکەوتن و دواکەوتن، کۆیلایەتی و ئازادیدا.

*نەتەوەکان بەبێ خەڵک نابن و پێکنایەن.

*ئامانجی مرۆڤ ، خزمەتی مرۆڤایەتییە.

*نەتەوایەتی دەبێت دەستاوێژێکی ھێنانەدیی یەکێتی تێکڕای مرۆڤایەتی بێت.

*ھەر نیشتمانێک لە نیشتمانەکان کارگەیەکن لە کارگەکانی مرۆڤایەتی.

*نەتەوایەتیم لا پیرۆزە، لەبەرئەوەی ئامێر و ھۆکاری کارکردنی تێدا دەبینم، بۆ پێشکەوتنی تێکڕای خەڵک و چاکە و خۆشگوزەرانییان.

*نەتەوایەتی ئاینێکی پیرۆزە، بیروباوەڕێکی یەزدانییە.

*مرۆڤایەتی، یەکخستنی نیشتمانەکانە، مرۆڤایەتی ھاوپەیمانێتی نەتەوەکانە بۆ بەجێگەیاندنی پەیامەکەیان لەسەر زەوی»ئاشتی و خۆشەویستی».

*ژیان پەیام و قوربانی و چاکەیە و تەنیا قوربانی پیرۆزە.

*برایینە.. نیشتمانەکەتان خۆش بووێت، نیشتمانەکەمان ھەوارگەمانە، ھەوارگەیەکە خوا پێی بەخشیوین و تێیدا یەک خێزانمان دروست کردووە.

*نەتەوایەتی هەروەها شتێکی ترە، ئەو بەشەیە کە خوا بۆ مرۆڤی لە پێناوی کاری مرۆییدا ئەفراندووە. ئەوە پەیامەکەیەتی، ئەوە ئەو کارەیە کە پێویستە لەسەر زەوی ئەنجام بدرێت، بۆ هێنانەدیی بیرۆکەی خوا لەسەر زەوی.

*نەتەوایەتی، بیرۆکەیەکی پرەنسیپ و ئامانجێکی ھاوبەشە، نەتەوەش ھەموو ئەوکەسانەیە کە زمان و ھەندێک بارودۆخی جوگرافی یان رۆڵێک کە مێژوو بەسەریدا سەپاندوون و باوەڕیان بە یەک پرەنسیپە و لەژێر یەک کاریگەڕێتیدا رەوت و گوزەران دەکەن، بۆ بەدەستھێنانی یەک ئامانج. ھەروەھا ئەو چالاکییە گونجاوانە و ئامادەکاریی کۆکردنەوەی ھێزە تاکەکانە کە کۆمەڵگەی لێ پێکھاتووە بەرەو یەک ئامانج، ژیانی نەتەوەیی پێکدەهێنێت.

*ژیانی نەتەوایەتی و ژیانی نێونەتەوایەتی پێویستە دوو دیوی یەک پرەنسیپ بن، ئەویش چاکەخوازیی بێت.

*خۆت بخەرە سەری سەرەوەی ئەم نەتەوە، لەسەر ئاڵاکەت بنووسە: «یەکێتی و ئازادیی و سەربەخۆیی و رزگاریی ئیتالیا لە زۆردارەکان». لەنامەیەکدا بۆ پاپا 1831

*نیشتمانەکەتان، ئیتالیا یەکخەن، و لەدەوری خۆتان باشترین نوێنەرانی حزبی نەتەوەیی کۆبکەنەوە، ھەوڵی زۆر بۆ ھاوپەیمانێتی میرەکان مەدەن، وابەستەبن بۆ بەدەستھێنانی ھاوپەیمانێتی و پشتیوانێتی گەلەکەتان. نامە بۆ پاپا1847

*هەژاریی و کوێرەوەری هەڕەشە لەهەر رژێمێکی سیاسی دەکات، بەبێ دەرفەت و چانسی وەکیەکی کۆمەڵایەتی، ئازادیی تاکگەرایی دەبێتە مەسەلەکی فێڵ و هاوکار نابێ، مەگەر بۆ ئەوانەی کەمێک بەختیان هەیە.

*من باوەڕم بە ئازادی، بە نیشتمان، بە مرۆڤایەتی هەیە، مرۆڤ لەسەریەتی بۆ ئەم باوەڕ و ئامانجانە خەبات بکات.

ئاکامگیریی:

*زۆربەی شۆڕش و راپەڕینەکانی ماتزینی نەخشە و پلانی بۆ دادەڕشتن، شکستیان خوارد، کەچی ئەو رابەرە نائومێد نەبوو و کۆڵی نەدا، چونکە دژ بە سێ دەسەڵاتی هەرە گەورەی سەردەمی خۆی فەرەنسا و نەمسا و بۆربۆنییەکان شەڕی کردووە.

*ناوەڕۆک و روخسارێکی نەتەوەیی بە فیکر و ستراتیژ و ئامانجەوە بەخشییە بزاڤی ریسۆرگیمەنتۆی ئیتالی.

*داوای خەباتی رزگاریی و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی لە جوتیار و کرێکارەوە تا میر و پاشاکانی ئیتالیا کردووە.

*ئازادیی، دادپەروەریی، مرۆڤایەتی، لە رێگای رزگاریی گەلان و دۆستایەتی نێوانیانەوە، بەهای مرۆڤ و بەختەوەریی مرۆڤایەتییەوە، بە هەوێنی بیری نەتەوەیی ئامانجی سەرەکی و نەگۆڕی بووە.

*فیدرالیی نێوان هەرێمەکانی ئیتالیا سەرلەبەر رەتکردۆتەوە.

*خەباتی ژێرزەمینی و شۆڕشی بەردەوامی بە ئازایەتی و بوێرییەکی بێوێنەوە کردووە و لەم زەمینەدا دڵسۆز و بە رەوشت و راستگۆ و خاوەن دیسپلین بووە.

*زیاتر لە 40 ساڵ لە نێوان نیشتمان و ئاوارەییدا بێ نائومێدی و چۆک دادان.

*کۆمەڵێک بەهرە لە ماتزینیدا هەبووە، وەک بیرمەند و فەیلەسوف و ریفۆرمیست و ڕەخنەگر و شۆڕشگێڕ، لە هەموویاندا لێوەشاوەیی و دەستڕەنگینی خۆی نیشان داوە، ئامادەیی بە کردار و رەفتار نواندووە.

*بێ پەروا جەخت لەسەر ئازادیی و سیستمی کۆماریی دیموکراسی دەکاتەوە.
بەڵێ دەبێت قەڵەم کڕنووش بەرێت بۆ دامێنی ھەڵزنان بە باسی ماتزینی دا، وا چەند سەدەیەک بەسەر لەدایکبوونیدا تێدەپەڕێت و ئەو ھەموو نووسینە شاکارانەی کە لە 18 بەرگدا کۆکراونەتەوە و سەرچاوەی بێ کۆتایی لێوەفێربوون و ھەوێن و شیلەی ژیانن. بەئاواتی ئەوەی کتێبخانەی کوردیشی پێ گەرم بکرێتەوە..

سەرچاوەکان:

ـ گۆڤاری خوێندکاری کورد، ژمارە 20 ی نەورۆزی 2607- 1995 ، نووسینێکم لەسەر ماتزینی بەناوی دیلانەوە بڵاوکردۆتەوە.

ـ ماتزینی، بقلم علي ادهم الطبعة‌ الثانیة١٩٨٥

ـ تاریخ الحرکات القومیة خمسة‌ اجزا‌ء، تعریب الدکتور نورالدین حاطوم دار الفکر ١٩٦٩.

– Giuseppe Mazzini ,Ein Leben für die Freiheit/Eva.W.Prull/ Braumüller 2017

Staat und Nation in der europäischen Geschichte/Hagen Schulze/beckschereih1999

 

 574 جار بینراوە