سەرەکی » راپۆرت » هەفتەی گفتوگۆی بودجە

شرۆڤەی رۆژ

هەفتەی گفتوگۆی بودجە

هەواڵ و بەدواداچوون

سەرەتای هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی ئەنجومەنی نوێنەران پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراق دەستپێدەكات، گفتوگۆكان پێدەچێت زیاتر لەوكاتەی كە چاوەڕێ دەكرێت درێژە بكێشێت، قەیرانی ئابووریی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، هەڵبژاردنی پێشوەختە و پشكی كورد لە پڕۆژەكەدا، لەو هۆكارانەن كە رەنگە گفتوگۆی زۆریان لەسەر بكرێت.

كورد، گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی لەسەر پشكی خۆی لە پڕۆژەیاساكەدا كردووە، دوایین جار دوو هەفتە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا مایەوە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام هێشتا یەكلابوونەوەی پشكی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانە.

پرسی ناردنی پشكی هەرێم، وەك لە لێدوانی رۆژانەی هەندێك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەكەوێت لە چوارچێوەی مامەڵەی یاساییانە و دەستووری دەرچووە، ئێستا پرسەكە پەیوەندیی بە رێكەوتنی سیاسیی نێوان هێزە كوردستانییەكان لەگەڵ لایەنە عیراقییەكانیشدا هەیە، بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئەگەری گفتوگۆی زیاتر لەسەر پشكی كورد و تەنانەت قوڵبوونەوەی كێشەكانیش دێنێتە ئاراوە.

ئێستا لێرەو لەوێ، لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا ئاماژەی مەترسیدار سەبارەت بە پشكی هەرێم دەخرێنەڕوو، كە ئاماژەن بۆ گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا و دروستكردنی گرفت لەبەردەم رێكەوتنەكانی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا. بە جۆرێك چەند بژاردە و ئەگەرێك لە ئارادان، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەگەر رێكەوتنەكەی وەفدی هەرێم و بەغدا كە لەلایەن حكومەتەوە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێیكراوەتەوە نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پەیوەندییە سیاسی و ئیدارییەكانی هەردوولا بە كوێ دەگەن؟
لەم نێوەندەدا هەمیشە قسە لەسەر پێویستی و گرنگیی یەكڕیزیی فراکسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، بەڵام لە پرسی پڕۆژەیاسای بودجەدا ئەم پرسە لە هەموو كات زیاتر پێویستترە، لێرەدا ئەو پرسیارەش دێتە ئاراوە كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان خۆیان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەكەن؟.

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*