سەرەکی » زانست » پانۆرامای ساڵی 2020

پانۆرامای ساڵی 2020

ساڵی (2020) ساڵی دۆزینەوەی بەبەرد بووەكان بوو

لە ساڵی (2020) دا چەندین دەستكەوتی گرنگ لە بواری دۆزینەوەی بەبەردبووەكاندا بەدەستهێنرا كە گرنگترینیان ئەمانە بوون:
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (2020) دا تیمێكی هاوبەشی زانكۆی میشیگانی ئەمریكا و دەزگای كاروباری ژینگەیی میسر لە كۆنگرەی بەبەردبووی بڕبڕەدارەكانی جیهان دا دۆزینەوەی بەبەردبووی قوڵینگێكیان ڕاگەیاند كە بە كۆنترین باڵندەی قوڵینگ دادەنرێت لە جیهاندا.

پێشتر وا دەزانرا پێشینەی قوڵینگەكان لە فەرەنسا بووە كە تەمەنیان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئۆایجۆسین واتە (30)ملیۆن ساڵ بەرلەئێستا ئەمەش بە پشتبەستن بەو ئێسكەپەیكەرە بە بەردبووەی لەباشووری خۆرهەڵاتی فەرەنسا دۆزرایەوە، بەڵام ئەو بەبەردبووی باڵندەی قوڵینگەی كە لەچەند مانگی رابردوودا دۆزرایەوە لە ناوچەی دۆڵی نەهەنگەكانی میسر بوو ئەو بۆچوونەی هەڵوەشاندەوە و وایكرد زانایانی زانستی بەبەردبوو دوبارە مێژووی بەبەردبووەكانی قوڵینگ بنووسنەوە، چونكە ئەو بە بەردبووەی میسر مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئایۆسین كە دەكاتە نزیكەی (36) ملیۆن ساڵ پێش ئێستا بەمەش (6) ملیۆن ساڵ دێرینترە لەو بەبەردبووی قوڵینگەی كە پێشتر لەفەرەنسا دۆزرابووەوە.

لەمانگی تشرینی دووەمدا تیمێكی دۆزینەوەی زانكۆی(بات)ی بەریتانیا دۆزینەوەی یەكەمین بەبەردبووی دایناسۆری جۆری دەنووك مراویان لە ناوچەیەكی بەردەڵانی مەغریب ئاشكرا كرد‌و ناویاننا(ئەجنابیا ئۆدیسیۆس) كە بەپێی لێكۆڵینەوەكانیان لە كۆتایی سەردەمی (گەچیی) دا و بەر لە (66) ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ژیاوە، ئەم دایناسۆرە لە چاو هاوشێوەكانیدا بچووك بووە درێژییەكەی(3) مەتر و هێندەی جوانوویەك بووە.

هەر ئەو تیمەی زانكۆی بات لە ناوچەی بیابانی (كم كم)ی باشوری خۆرهەڵاتی مەغریب جۆرێكی نوێی تیرۆسۆری بەبەرد بوویان دۆزییەوە كە هاوشێوەی قەل یان مریشك بووە كە لە هەموو شێوەكانی دیكە ی تیرۆسۆر جیاوازە بەهۆی دەنوكە باریك و درێژە بێ ددانەكەی.

لەكانونی یەكەمی ساڵی (2020) دا تیمێكی توێژینەوەی ئەمریكیی لەباكوری هیند و لە ناوچەی(رامناگار) بە بەردبووی مەیمونێكیان دۆزییەوە كە مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ (13) ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و بەبەردبووەكەش بریتی بوو لە كاكیلەی خوارەوەی مەیمونی جۆری (جیب) كە سەر بە جۆرێكی نەناسراوی مەیمونی ئەو جۆرە بوو، هەروەها لەماوەی سەدەیەكدا ئەوە یەكەمین بەبەردبووی مەیمون بوو لەو ناوچەیە بدۆزرێتەوە.

ئەم بەبەردبووە بەڵگە و زانیاریی نوێی دا بەدەستەوە سەبارەت بە بەردبووی مەیمونەكان و مێژووی كۆچی باوانەكانی ئەو جۆرە مەیمونە لە ئەفریقیاوە بۆ ئاسیا.

گرنگترین دۆزینەوەكان لە بواری شوێنەواردا

زانایانی شوێنەوارناسی لە ساڵی (2020)دا سەرەرای پەتای كۆرۆنا ساڵێكی پڕ دەستكەوتیان هەبوو لە ڕووی دۆزینەوە شوێنەوارییەكانەوە.

لەمیسر لە ماوەی ساڵێكدا زیاتر لە(100)تابوت و (40)تەرمی مۆمیاكراویان لە ناوچەی سەقارەی نزیك قاهیرە دۆزییەوە كە تەمەنی زۆربەیان نزیكەی(٢٥٠٠) ساڵە.

زانایانی شوێنەوارناسی ئەمریكی و ئەوروپی دوای چەندین ساڵ توانیان نهێنی بنەچەی ئەو تاشەبەردانە بدۆزنەوە كە لە ناوچەی (ستۆنگنگ) هەیە و بە هۆی ڕووپێوییەكی نوێوە توانیان بزانن كە بەردە گەورەكانی ئەو ناوچەیە كە بە (سارسنس) ناسراون لە ناوچەی (ویست ودز)ەوە هێنراون كە تەنها (15) میل لە ستۆنهنگەوە دوورن و بەردە بچووكە شینەكانیش لە گردەكانی (بریسیلی)لە(وێڵز) ەوە هێنراون كە (18) میل لە جێگەكەی ئێستایانەوە دوورن.

هەروەها زانایانی شوێنەوارناس لەكۆتایی ساڵی (2020) دا چەند ستونێكیان لە نزیك مۆنۆمێنتی (ستۆنهنگ) دۆزییەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەكانی بەر لە مێژوو و شێوەكەی وەك ڕیزە دیوارێك وایە و بە پێی شوێنەوارناسان ئەو دیوارانە بۆ دیاریكردنی ئەو كەسانە بووە كە نزا و پارانەوەیان كردووە یان بۆ دروستكردنی سنوورێك بووە بۆ ئەو قوربانیانەی مرۆڤەكانی ئەو كاتە پێشكەش بە خواوەندەكانیان كردووە.

دۆزینەوەی تابلۆی ئاژەڵانی زەبەلاح لە ئەمازۆن
لەدارستانە باراناوییەكانی ئەمەزۆن و لەناوچەی Serrana La Lindosa كە یەكێكە لە گرنگترین ناوچەكانی هونەری سەر بەرد چەند نیگارێكی كۆن دۆزرانەوە كە مێژووەكەیان دەگەرێتەوە بۆ چاخی سەهۆڵبەندان.

ئەو تابلۆیانە كە مێژووی نەخشاندنیان دەگەرێتەوە بۆ(12600 – 11800) ساڵ پێش ئێستا و نیگاری ئەو جۆرە ئاژەڵە زەبەلاحانە دەنوێنێت كە لەناوچوون و مرۆڤەكانی ئەو سەردەمە بینیویانە و لێی ترساون و هەندێكجاریش تواینویانە ڕاویان بكەن، ئاژەڵەكانیش بریتین لە ماموس و تەمەڵەی زەبەلاح و جۆرە ئەسپێكی زۆر گەورە و تیمساح.

دۆزینەوەی پایتەختی ونبووی شارستانییەتی مایا
لەحوزەیرانی ساڵی (2020) دا زانایانی زانكۆی براون و براوندیز دۆزینەوەی داروپەردووی پایتەختی ونبووی شارستانیەتی مایایان لە نزیك ناوچەی (ساكتیز)ی مەكسیك ئاشكرا كرد و ڕایانگەیاند
ئەوناوچەیە كە ئێستا بووەتە لەوەرگەی ماڵات لە مەكسیك لە ساڵانی نێوان (628 -869)پێش زایین پایتەختی شانشینی ساكتیز بووە كە ڕۆڵێكی كاریگەرییان هەبووە لە شارستانیەتی مایادا.

لە مانگەكانی دواتردا تیمێكی شوێنەوارناسیی سەربە زانكۆی ئەریزۆنای ئەمریكا بە بەكارهێنانی ڕوپێوی تیشكیی(LiDar) و لە ژێر زەوی ناوچەی (تابلسكۆ)ی مەكسیك مۆنۆمێنتێكی پاشماوەی شارستانیەتی مایان دۆزییەوە كە درێژییەكەی (4600) پێ بووە و بە گەورەترین مۆنۆمێنتی دێرین دادەنرێت لە جیهاندا.

سەرچاوە: شەرق ئەلئەوسەت، sky

 96 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*