سەرەکی » کەلتوور » کۆبەرهەمی شانۆیی تەلعەت سامان

کۆبەرهەمی شانۆیی تەلعەت سامان

فەرەیدوون سامان

کۆبەرهەمی شانۆیی نووسەر و هونەرمەند مامۆستا تەلعەت سامان، کە لە لایەن خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریان لە هەولێر چاپکرا، وێرای سپاس و پێزانینمان بۆ ئەو دەزگا کولتوورییە شکۆدارە هاوکات سپاسی تایبەتم بۆ خودی کاک کاروان عەبدوڵلای بەرپرسی دەزگاکەیە، کە هانیدام زۆرینەی دەقە شانۆییەکانی کۆچکردوو ئامادە بکەم و وێڕای نووسینی پێشەکی لەسەر ئەزموونی نووسین و کارە هونەرییەکانی، لەرووی زمانەوانی و هەڵەچنیشەوە کاری بۆ بکەم، ئیدی بە هیوای ئەو رۆژەی کە بریارە لە رێورەسمێکی جوان و تایبەتدا ئاهەنگی واژووکردنی بە ئامادەبوونی هاورێیان و دۆستانی کۆچکردوو بۆ ساز بکرێت.

پێشەنگی قوتابخانەی پێگەیاندن
بۆ زانیاری پتر دەتوانن ئەو پێشەکییەی من بخوێننەوە: هونەرمەند و نووسەری شێ‌نۆیی مامۆستای کۆچکردوو تەلعەت سامان ناوێکی دیار و گەشی ناو دونیای نووسین و هونەری شانۆی کوردییە، لەهەمانکاتیشدا دەتوانین بڵێین پێشەنگی قوتابخانەی پێگەیاندن و درووستکردنی دەیان ئەکتەری دراما و شانۆیی بووە لە شاری هەولێر، چونکە بەر لە کارە هونەریەکانی کۆچکردوو لەو شارەدا شتێک نەبوو بە ناوی بزاڤی شانۆیی کوردی، مەگەر لێرەو لەوێ لەسەر ئاستی چالاکی قوتابخانەکانی سەر بە بەرێوبەرایەتی پەروەردە، ساڵێ جارێک یان دووان کارێکی هونەری سادە لەسەر ئاستی ئۆپەریتی منداڵان لە بۆنە نیشتمانیەکاندا پێشکەش کرابوو بێت، بەڵام بە دەرکەوتن و هاتنی مامۆستای نەمر تەلعەت سامان پتر لە نیو سەدە لەو بوارەدا خزمەتی بە بزاڤی شانۆ و درامای کوردی کرد لە کوردستاندا وبەتایبەت لە شاری هەولێردا.

بە چەند دەقێکی ئیزگەیی
لێرەدا ئاماژە بە ژیننامەی نووسەر و هونەرمەندی کۆچکردوو کە لەو کتێبەی بەردەستتان دایە و بە تێرو تەسەلی باس لە کارە هونەرییەکانی کراوە، هەرلە سەرەتای تافی لاوێتیدا لە تەمەنی شانزدە ساڵی بۆ یەکەمجار بە چەند دەقێکی ئیزگەیی بەشداری چالاکیەکانی رادیۆی کوردی بەغدا دەکات، دواتریش هەر لە ساڵی 1967 وەک خولیا و عیشقێکی سەرمەدی بۆ هونەری دراما وشانۆ روو دەکاتە بەشی شانۆی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی زانستگای بەغدا، لە ساڵی 1970 لیسانسی هونەری نواندن لەو کۆلیژە بەپلەی زۆر باشە وەدەست دەهێنێت.

بەیاننامەی یانزەی ئاداری ساڵی 1970 هەلێکی زێڕین بوو بۆ هونەرمەندی کۆچکردوو کە سوود لە ئازادی رۆشنبیری و چاپەمەنی کوردی لەو قۆناغە وەرگرێت و برەو بە کارە هونەریەکانی بدات، وێڕای نووسینی نزیکەی پەنجا دەقی درامی و شانۆیی. چەندان تیپی هونەری شانۆیی وەک تیپی شانۆی لاوانی دیمۆکراتی کوردستان، کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی، تیپی هونەری نوێی کوردی، دواتر لە دوای راپەڕین تیپی شانۆی سامانی دامەزراند.

زۆرترین شاکاری هونەری شانۆیی ئافراند
هەلبەتە مژارو ناواخنی تێکستە شانۆییەکانی کۆچکردوو زۆربەی زۆریان گوزارشت بوون لە پرسی نەتەوەی کورد و کێشە مێژووییەکانی و رەخنەگرتن بوون لەدەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستان و کۆنەپەرستانی ناوەخۆ لە دەرەبەگ و ستەمکارانی کۆمەڵگای کوردی، پشت بەستن بە چیرۆکە میللیەکان و داستانە نەتەوەییەکان زۆرترین شاکاری هونەری شانۆیی ئافراند، لەوانەش دەقگەلی شانۆیی (مەم و زین. فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە، قەڵای دمدم، شاری ئەوین، قەل و رووتە، پیلان، زنجیرە درامای کەوەکانی قەرەچووخ و خانزادێکی تر…هتد)، وێڕای ئامادەکردنی دەیان کاری هونەری بۆ شاکارە کانی وەک رۆمانی حەمەدۆک و داستانی چیای ئاگری یەشارکەمالی رۆماننووسی تورکی بە رەسەن کورد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ستەمکاری بەعسدا گەورەترین دژایەتی و رووبەروو بوونەوەو بەرخۆدان بوو لە رێگای هونەری شانۆدا.

لە فەوتان رزگاری بکەم
مایەوە ئەو بڵێم کۆچکردوو لەو ساڵانەی دوایی ژیانی سەبارەت بە زۆر هۆکار، لەرەوشی هونەری شێ‌نۆیی کوردی بێ تاقەت بوو، من وەک برا بچووکی خۆی هانمدا کەسەرجەم دەقە شانۆییەکانی بخاتە بەردەستم بۆ ئەوەی لە فەوتان رزگاری بکەم و وەک کتێب بۆی چاپ بکەم، ئەوە دوای هەوڵی بێوچان و ماندووبوونی زۆر و گەڕان بە دوای تیکستە هونەرییەکانی…لێرەولەوێ ژمارەیەکی بەرچاومان دەست کەوتەوە، منیش خۆبەخشانە قۆڵم لێ هەڵماڵی دوو کارم بۆ ئەنجامدا، یەکیان زۆرینەی دەقەکانم بۆ تایپ کرد، دووەم لە رووی زمانەوانی و رێنووس و خاڵبەندییەوە دەستم بە هەموویان داهێنا، ئەوە بوو لە رێگای دەزگاکانی چاپەمەنی وەک بەڕێوبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی شانۆی هەولێر، دەزگای چاپ و وەشانی ئاراس کتێێبەکانیمان بە چاپ گەیاندا، دواجاریش مخابن دوای کۆچی ناوادەی هونەرمەندی نەمر، خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریان ئەو ئەرکە پیرۆزەیان خستە ئەستۆی خۆیان، سەرجەم کتێبەکانی کە پێج کتێبی چاپکراو بوو لەدوتوێی کۆبەرهەمی شانۆییدا بە چاپ گەیاند، هیوادارین بمانتوانیبێت کەمێک لەو قەرزە بدەینەوە مامۆستا تەلعەت سامانی هەردەم لەیاد کە نزیکەی پەنجا ساڵ خزمەتی بە چەندان نەوەی هونەری و بزاڤی شانۆیی لە کوردستان کرد.

 93 جار بینراوە