سەرەکی » ئاراستە » گوڵە رەنگاڵەکان لە ژوانی کەڤاڵەکانی شێوەکار تەیب عەبدولڕەحمان-دا

گوڵە رەنگاڵەکان لە ژوانی کەڤاڵەکانی شێوەکار تەیب عەبدولڕەحمان-دا

ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا

شێوەکاری کورد تەیب عەبدولڕەحمان یەکێکە لەهونەرمەندە شێوەکارەکانی شاری کەرکوك لەساڵی ١٩٧٦ لە شاری کەرکوك لەدایكبووە و شێوەکارێکی خۆڕسکە واتە بە حەزو ئارەزووەکانی تێکەڵی جیهانی ڕەنگ و شێوەکاری بووە ، کاتەکانی لەنێو ئەو جیهانەدا بەسەر بردوە تاوەکو دەهاتە ئەو ئاستەی لە نێو کاری ستیلایف و گوڵ و سروشت و چیاکان و گەڵاکان و لقەدارەکاندا بدۆزێتەوە ، گرنگی بەو بەشەی هونەری شێوەکاری بدات و ئەزموونەکانی لەسەر بنەمایەك کۆ بکاتەوە بەتایبەتی بە ڕێبازێکی ڕیالیزمی کە جێگای سەرەنجی خەڵک و بینەرانی هونەرن و توانیوێتی ئەو حەزو ئارەزوانەی یان چاوی بینەر لەو ڕەنگانەدا کۆ بکاتەوە کە سەرسامی دەردەبڕن بۆ کارە هونەرییەکانی ، کاری ستیلایڤ هەرچەندە لە وشەی هونەریدا ئێمەومانان پێ ی دەڵێین ژیانە مردووەکان ، واتە جیا کردنەوەی لە مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان ، کەبەشێکی گرنگی هونەری شێوەکارییە بۆ بناغەدانان و بەرەو پێشچوونی ئەکادیمی ، هەروەك لە سەرەتایی خوێندنی هونەر ئەو ستیلایڤانە بە گۆزەو گووڵدان و قووماش کە دەورەی داوەو بە هەڵبژاردەی ڕەنگەکان ناسراوە ، ئەو هەنگاوەیە کە ئارەزوومەندی هونەر پێیدا تێدەپەڕن و لەوێوە دەچنە نێو دونیای هونەر بەگشتی تا دوا هەنگاوی خوێندنە هونەرییەکان ، دواتر هونەرمەندی بە ئەزموون لە سەر ڕێچکەیەك لەنگەر دەگرێت و ئیدی ڕێبازو تایبەتمەندێتیەك بۆ خۆی هەڵبژاردە دەکات . شێوەکار تەیب عەبدولڕەحمان لەپاش کۆ کردنەوەی ئەو ئەزموونانەی لەسەر ئەو ستایلە کارانە ناسراوە کە گوڵە ڕەنگاڵەکان و جۆرەکانی گوڵی لە نێو گوڵدانەکاندا داناوەو هەریەك بە شێوەیەك خۆی نمایش دەکات ، زۆر لەمێژە هونەری گوڵ و سروشت پیشەی هونەرمەندە تایبەتەکان بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاو جیهاندا ، بەڵام بەپێی جوگرافی کیشوەرەکەو ئاوو هەوای وڵاتەکان تایبەتمەندێتیەکی خۆی هەبووە ، وەکو هونەری چینی یان کۆرییەکان یان ئەوروپی یەکان ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا گەرمی ڕەنگەکان و ڕەنگ دانەوەی سروشتی ناوچەکە هونەرمەندی بردوە لەو لایەدا کە بە دووربینی چاوی نیگای لێ دەکات . یەکەم ئەزموونی ساڵی ١٩٩٥ بەشداری پێشانگه‌ی ھاوبەش بووە ، لە شاره‌كانی (سلێمانی، زاخۆ، کەرکوک، شارەزوور، چەمچەماڵ ، بازیان) لەسەر داخوازی ناوەندەکانی ئەو شارە پێشانگه‌ی تایبەتی کردۆتەوە ، یەک ئەزمونی دەرەوەی وڵاتی ھەیە لە شاری ئەدلاید باشوری ئوستورالیا وە خاوەنی ٢١ پێشانگه‌ی تایبەتە، لە ٦پێشانگوی ھاوبەش بەشداری کردووە. جگە لەھونەر لەساڵی ١٩٩٨ لەرۆژنامەکان وەک نوسەری وتار لەبوارەکانی فکر و سۆسیۆلۆجیا کاری کردوە لەوانە رۆژنامەی بلاغ و رۆژنامەی گریق شعب و چەندین رۆژنامەی کوردی تاکو ئیستا بەردەوامە لە کاری نوسین بۆ رۆژنامە ئەلکترۆنییەکان و گۆڤاری بابان.

شایەنی باسە تاکو ئیستا لەکاری ھونەری بەردەوامە وسەرقاڵی پرۆژەیەکی نوێیە. فۆرمی ئیشکردنی لەنێوان واقعی و مۆدێرن دایە ، لەگەڵ ئەوەی کە هونەرمەند سەرسامە بە سروشتی کوردستان ، بە چیاو ئاسمان و دارو درەخت و چەم و کانیاو سەرلوتکەی چیابەرزەکان و تاڤگەی سەرسوڕهێنەری نێو تاشە بەردەکانی کوردستان و کێشانی ئەو تابلۆیانە و ڕەنگ کردنی کەڤاڵەکانی بە گوڵ و گوڵزاری وەرزە بەهارییەکان ، یان سروشتی چوار وەرزە ، چ بەفرو تەمی سەر زنجیرە چیاکان ، یان گەڵا وەریووەکانی پایز ، ئەمانە ئەو فۆرمانەن کە هونەرمەند لە بیرو هزریدا دیدەی دەکات و لەگەڵیدا دەژیت ، وەکو باسمان کرد دروست کردنی کۆمەڵە کارو کەڤاڵێك لە جۆری گوڵدانەکان یان گوڵە ڕەنگاڵەکان یان ستیلایڤ ، نمونەیەکی تری زیندوون لە بەردەوامی هونەرو بەشداری پێ کردنیان لە پێشانگه‌کان یان لەگەلەرییەکان یان بەهەڵواسراوەیی بۆ جوانکردنی هۆڵ و ساڵۆن و نێو ماڵەکان .. کاتێك هونەر دەکەوێتە نێو ماڵەکانەوە وە مرۆڤ گرنگی پێ دەدات ، ئەوکاتە کە جوانییەکی سەرمامی دەداتە حەزو ئارەزووەکانی مرۆڤ بۆ ڕازاندنەوەو جوانکردنی ماڵەکانیان ، بەو شێوه‌یە هونەرێکی مۆدرن و ڕێالیستی ڕیالیزمی جارێکی تر خۆی دووبارە دەکاتەوە . هونەرێکی مۆدێرن و وەشاندنی ئەو ڕەنگانەی کە دەیانەوێت کۆنتراسێك دروست بکەن و جوانییەك ببەخشن ، هێنانی گوڵە نیسانەکان و لاولاوەکان و توخمەییەکان هەریەك بە ڕەنگێك و ڕێکخستنەوەیان ئەوە هەستارییەکانی هونەرمەندە بەو دەستنیشانکردنە ، هەر ئەوەشە دەبێتە هۆی جێگای سەرەنج .

داڕشتنی بابەت و فۆرمەکە لەژێر دەستی هونەرمەند تەیب عەبدولڕەحمان وایکردووە کە مرۆڤ هەست بە کەش وهەواو دەوروبەری ئەو جیهانە دڵگیرە بکات وە مرۆڤ بچێتە نێو دونیای وەرزێك لە بەهارو گووڵ ڕێزییەوە ، بە ڕێبازەی یان خۆدۆزینەوە لەو قوتابخانە هونەرییە مۆدێرنەی کە جیهان پەیڕەوی دەکات و چەندین هونەرمەندی جیهانی کاریان پێ کردوەو کاریان هەبووە لەسەری ، لەلایەکی تر زیندوو کردنەوەی هەندێك لە کەلتووری ڕۆژهەڵاتی وەکو دانانی قۆری شوشە یان گۆزەی ڕۆژهەڵاتی ئەمانەش بابەتێکن کە جێگەی هەڵوێستە و تێڕوانینە ، لە چەند کارێکی سروشتی تری هونەرمەندا ڕێبازە کلاسیکی و بێ دەنگییەکەی هەڵبژاردە کردووە ، بەو سروشتەی کە خۆی هەیە ، بەڵام بە شێوازی هونەرێکی هاوچەرخ کە مانایەکی تر بگەیەنێت .

هونەرمەند تەیب عەبدولڕەحمان بێگومان ئاگاو شارەزایەکی وردە لە جیهان و قوتابخانە هونەرییەکانی سەردەم وە بە زۆر قۆناغی جیاجیادا تێپەڕی کردوە بەهۆی ئەو ئەزموون و کارانەی کە ئەنجامیداون ، و شارەزایەکی باشی هەیە لە مێژوو تیوری هونەرە جیاکان و قووڵ بونەوە بە نێویدا ، هەر ئەم بناغانەیە هونەرمەندی گەیاندۆتە ئەو پلەو ئاستە هونەرییەوە باوەڕی بەو ستایل و دەستنیشانکردنە قوتابخانەیەیە کە ئێستا سەرقاڵێتی و تێیدا ورد بۆتەوە، وە دەیەوێت ئەو ئاستە هونەرییە بە شێوازێکی زۆر جوان و مۆدێرن بخاتە پێش چاووی هونەر دۆستان ، هەروەك لە کۆمەڵە کارە هونەریەکانیدا دەیانبینیت وە بەرجەستەی دەکەیت .. گەڵاو گوڵەکان هێمایەکی پیرۆزو جوانن بۆ هۆڵ و سەرمیزەکەی هونەرمەند تەیب .. لەو جوانتر ئەو ڕاستگۆیی و خەمەیە کەدەیەوێت دڵی هەموومانی پێ خۆش وجۆش بکات .. ئیدی بەو مرۆڤایەنەی کە عاشقی دەستە گوڵەکانن لە ژووانە چاوەڕوانکراوەکان .

 63 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*