سەرەکی » ئابووری » پەیڕەوكردنی سیاسەتی فرەچەشنی ئابووری

پەیڕەوكردنی سیاسەتی فرەچەشنی ئابووری

فەتاح حەسەن قەڵاتی*

ئێستا بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان بەگشتی و عیراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، رووبەڕووی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری بوونەتەوە، بۆ رزگاربوونیش لەو كێشەیە پێویستە سیاسەتی فرەچەشنی ئابووری لە سەرجەم سێكتەرە ئابوورییەكاندا پەیڕەو بكرێت، ئەمەش وادەكات كە سەرچاوەی داهاتە ئابوورییەكانمان زیاد بكات و كۆی گشتی ئەم داهاتانەش لە مووچە و بژێوی خەڵك و ئەنجامدانی پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزارییەكان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری خەرج بكرێت.

سەرەنجام، هەمیشە ئەو وڵاتانەی كە پشت بە یەك سەرچاوە و داهاتی ئابووری دەبەستن، لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانەكاندا تووشی گرفتی ئابووری و كورتهێنانی بودجە دەبنەوە، بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەكو عیراق و هەرێمی كوردستان كە تاكە سەرچاوەی بەهێزی داهاتی ئابووری وزە و سامانە نەوتیەكانە، بۆیە ئێستا بەشێوەیەكی كاریگەر رووبەڕووی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری بوونەتەوە.

زیادكردنی داهاتە ئابوورییەكان
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەدا، پەیڕەوكردنی سیاسەتی فرەچەشنی ئابووری لە سەرجەم سێكتەرە ئابوورییەكاندا هەنگاوێكی گرنگە، ئەمەش وادەكات كە سەرچاوەی داهاتە ئابوورییەكان زیاد بكات و كۆی گشتی ئەم داهاتەش لە مووچە و ژیان و بژێوی خەڵك و ئەنجامدانی پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزارییەكان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی عیراق و هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت.

بە لەبەرچاو گرتنی گرنگی هەڵكەوتەی جوگرافی و بارودۆخی سروشتیی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە رووی جۆراو جۆری كەشوهەوا كە هەر چوار وەرزی ساڵی تێدا بەدیدەكرێت، لەهەمان كاتیشدا بەرزی و نزمی و جۆراو جۆر و خاكی بەپیت و بەرەكەت و دەرامەتی جۆراو جۆری ئاوی سازگار و دەوڵەمەندیی خاكەكەی بە جۆرەها سامانی كانزایی دەگمەن و گرانبەها و زۆری دەرامەتی رووەك و دارستانی سروشتی و ئاژەڵ و باڵندەی كێوی، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت كە بارودۆخە سروشتییەكەی هەرێمی كوردستان زۆر لەبارە بۆ پەرەپێدانی ئابووری، بەڵام كاتێك كە بیر لە پەرەپێدانی ئابووری دەكەینەوە پێویستە بەر لەهەموو شتێك بیر لە جێبەجێكردنی سیاسەتی فرەچەشنی ئابووری بكەینەوە، بۆ زیادكردنی داهاتە ئابوورییەكان، چونكە دەرامەتە سروشتیەكان لەهەرێمی كوردستان زۆر لەبار و گونجاون بۆ پەرەپێدان و بوژانەوەی تەواوی سێكتەرە ئابوورییەكان.

بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵ
پەیڕەوكردنی سیاسەتی فرەچەشنی ئابووری لەهەرێمی كوردستاندا پێویستە بەر لە هەموو شتێك لە پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بە هەردوو جۆری (بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵی) دەست پێبكات، چونكە لەڕێكەی ئەم سێكتەرەوە دەتوانرێت تەواوی سێكتەرە ئابوورییەكانی تر ببوژێنرێنەوەو خۆراك و بەرهەمە پێشەسازییەكان بۆ تەواوی دانیشتووانی هەرێم دابین بكرێت و بەرهەمە زیادەكەشی رەوانەی بەشەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراق و وڵاتانی دەرەوە بكرێت و هەنگاوێكیش بێت بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە پیشەسازییە كشتوكاڵیەكان لەڕێگەی دامەزراندنی پیشەسازیی سووك و پیشەسازی گۆڕانكاری و دواتریش دامەزراندنی پیشەسازیی قورس، بۆیە پێویستە لەم رووەوە گرنگی زیاتر بە سێكتەری كشتوكاڵ بدرێت كە بە بنچینە و بڕبڕەی پشتی پەرەپێدانی ئابووری دادەنرێت، بەتایبەتی لەڕووی گرنگیدان بە جووتیاران و پاڵپشتیكردنیان لەڕێگەی دابینكردنی كەرەستە و پێداویستییە سەرەكیەكانیان، بەڵام جێگەی داخە كە تا ئێستا زۆربەی جووتیاران زەرەرمەند دەبن لە بەرهەم هێنانی ساڵانەیان، ئەمەش وایكردووە كە كۆچی پێچەوانەی جووتیاران لەگوندەكانەوە بەرەو شارەكان دەست پێ بكات.

سێكتەری گەشتوگوزار
لەڕووی سێكتەری گەشتوگوزاریشەوە لە هەرێمی كوردستان هەموو بنەما سروشتی و مرۆییەكان زۆر لەبار و گونجاون بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی ئەم سێكتەرە كە دەتوانرێت بۆ وەبەرهێنان و بوژانەوەی هەموو جۆر و چالاكیەكانی گەشتوگوزاری ژینگەیی و زستانە و شاخاوی و زانستی و چارەسەری و سەركێشی و وەرزشی و دێدەوانی سووودیان لێ وەبەربگیرێت، بەڵام جێگای داخە تا ئێستا وەكو پێویست نەتوانراوە گرنگی بەم بوارە بدرێت بەتایبەتی لە رووی دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان بۆ ناوچە گەشتیاریەكان و نەبوونی بنكەی خزمەتگوزاری گەشتیاری پێویستی وەكو ئوتێل و رێستورانت و گازینۆ و شاری یاری و تد..

سەبارەت بە سێكتەری پیشەسازییەوە، پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت، بۆ ئەوەی لە بری ئەوەی داهاتێكی زۆری نەختینەیی بۆ هاوردەكردنی بەرهەمە پیشەسازییەكانی دەرەوە خەرج بكەین، پێویستە كار بۆ ئەوە بكەین هەمان ئەو بەرهەمانە بە كوالێتییەكی بەرز لە وڵاتەكەمان بەرهەم بهێنین، ئەویش لەڕووی هاندانی پیشەوەر و خاوەن كارگە و دامەزراوە پیشەسازییەكان، بەتایبەتی لەڕێگەی پاڵپشتیكردن و پێدانی قەرزی پیشەسازی و بەخشینیان لە باجی گومرگی و دابینكردنی زەوی پێویست و كردنەوەی بازاڕێكی فراوان لە بەردەمیان بۆ ئەوەی بتوانن كێبڕكێی بەرهەمەكانی دەرەوە بكەن، بۆیە ئەگەر زیاتر گرنگی بە هەموو ئەم سێكتەرانە بدرێت، ئەوا دەبنە بنچینەیەك بۆ دەستەبەر كردنی داهاتە ئابوورییەكانیان، بەمەش زۆر بە ئاسانی دەتوانین بەسەر قەیران و گرفتە ئابوورییەكانماندا زاڵ بین.

سیاسەتی پشت بەخۆبەستن
سەرهەڵدانی قەیرانە ئابووری و داراییەكانیش لە ئەنجامی چەند هۆكارێكەوەیە سەرچاوەی گرتووە ئەوانیش: نەبوونی پلانی ئابووری و دەگمەنی دەرامەتە سروشتییەكان و زۆری خواست و پێداویستی هاووڵاتیانە، بەمەش لەسایەی پەیڕەوكردنی سیاسەتی فرەچەشنی ئابوورییەوە ئەگەر دەرامەتی سروشتی گونجاو و جۆراو جۆرمان هەبێت، ئەوا دەتوانین بەرهەمی خۆراكی و كاڵای پیشەسازی زۆر و جۆراو جۆر بەرهەم بهێنین، بەڵام دەبێت پەرە بە پلانی ئابووری و كارگێڕی ئابووری بدرێت، ئەمەش وادەكات كە سیاسەتی پشت بەخۆبەستن «خۆژێنی» پەیڕەو بكەین، بۆ ئەوەی گرفت و قەیرانە ئابووری و داراییەكان چارەسەر ببن. بۆیە بەر لە هەموو شتێك دەبێت ئیمە باوەڕمان بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی فرەچەشنی ئابووری هەبێت و بیكەین بە بنچینەیەك بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی ئابووری و پێداچوونەوە بە پلان و هەنگاوە ناڕاستەكانمان.

* ماستەر لە جوگرافیای سروشتی

 141 جار بینراوە