سەرەکی » ئاراستە » بانگی بەرخۆدان لە دژی گەمژەیی

کارل کراوس:

بانگی بەرخۆدان لە دژی گەمژەیی

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

کارڵ کراوس (1874 – 1936)، شانۆنامەنووس، شاعیر، ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووسی نەمسایی، هەرگیز دەستی لە هەڵدانەوەی بەڕە لە سەر گەندەڵکارییەکانی سەردەمی خۆی هەڵنەگرتوە. کراوس لە شارۆچکەی ییچین (85) کیلۆمەتر دوور لە پایتەختی چیک لە دایک بوە. دایکوباوکی خاوەن کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کاغەزی ڕەنگاوڕەنگ بوون. تەمەنی سێ ساڵ بوە لەگەڵ خێزانەکەی چوە بۆ ڤیەننا. تەمەنی (18) ساڵان بوە لە زانکۆی ڤیەننا سەرەتا لە کۆلێژی یاسا و پاشان فەلسەفە و ئەدەبیاتی خوێندوویەتی، بەڵام زانکۆی تەواو نەکردوە.

لە تەمەنی (17) ساڵی ڕەخنە و ڕاپۆرتی بۆ ڕۆژنامە جۆراوجۆرەکانی ئەڵمانی و نەمسایی ناردووە و وردە وردە لەگەڵ هاوکارەکانی هەوڵی داوە گۆڤارێکی تەنزئامێز دەربکات، بەڵام بێئەنجام بووە. لە تەمەنی(13)ساڵی ڕەخنەیەکی تەنزئامێزی بەناوی (ئەدیبە وێرانەکان) دژی (کەلتووری قاوەخانەی ئەدیبانی ڤیەننا) بڵاو کردەوە و ناوی کەوتە سەر زمانان. نوێگەرایانی زمان و ئەدەبی ئەڵمانی کردە ئامانج و کۆمەڵێک دوژمنی بۆ خۆی داتاشی.

رۆژنامەنووسێکی تەنزئامێز
لە تەمەنی (35) ساڵی و بە تەنیا گۆڤارێکی تەنزئامێز و نقوورچکگری بەناوی (Die Fackel- مەشخەڵ) بڵاو کردەوە کە (35) ساڵ، واتا تا چەند مانگ پێش مردنی بەردەوام بووە و کۆی گشتی لاپەڕەکانی گەیشتوەتە نزیکەی (20) هەزار لاپەڕە. کراوس لەم گۆڤارەدا پەلاماری نوێگەرایانی ئەدەب و زمانی داوە و (پاراستنی زمان و ئەدەبی ڕاستەقینە)ی بە ئەرکی سەر شانی خۆی زانیوە. دەڵێن مامۆستایەکیان پێ ناساندوە و وتویانە (بە سەر پێنج زماندا زاڵە) و کراوس وتویەتی: (ئەوە چ زمانێکن ڕێگا دەدەن پیاوێک بە سەریاندا زاڵ بێت؟)

هەر چەند کراوس موحافیزکار بوو، بەڵام وتە ڕەخنەییەکانی کردوویانەتە کەسایەتییەکی پێشەنگ، ئازادیخوازی ئاشتی ویست، ئەدیبێک و ڕەخنەگرێکی کۆمەڵایەتیی. هیچ دامەزراوە، دیاردە و کەسایەتییەک نەبوە لە نقوورچی قەڵەمەکەی دەربازی بووبێت. بە توندی هێرشی کردوەتە سەر هاوڕەگەزانی جوولەکەی، دیکتاتۆرەکان، دژەجوولەکەکان، شەڕخوازان و بە تایبەت دەستڕۆیشتوانی میدیاکان واتا هاوکارانی، بەڵام وتە کورتوکرمانجییەکانی وەها چوونەتە ناو دڵەکانەوە کە زۆربەی ڕەخنە لێگرانیشی دەیان وتنەوە و بڵاویان دەکردنەوە:
(چۆن حکومەت بە سەر جیهاندا دەکەن و بەرەو شەڕی دەبەن؟ دیپلۆماتەکان درۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکان دەکەن، کەچی پاشان نووسینەکەیان دەخوێننەوە و باوەڕیان پێ دەکەن). کارڵ کراوس لە تەمەنی (52) ساڵی لە (12ی حوزەیران 1936)، بە یەکجاریی چاوی لێکنا.

ماس میدیاکان بۆ پاراستنی ئەو وەهمەی کە جیاوازی لە نێوان ئازادی و ئازادی ڕۆژنامەگەریدا نییە، کۆمەڵێک میکانیزمی جۆراوجۆریان بە دەستەوەیە، کە لە ڕاستیدا ئەم ئازادییە زیاتر ئازادیی خاوەن پیشەسازییەکانە کە هەژموونیان بەسەر چاپەمەنییەکاندا کردوە. کارڵ کراوس تەنزنووسی نەمسایی، هێرشی کردبووە سەر ئەم جۆرە گەمژەییە.

بێ گومان هەر خوێنەرێک هەر دوو کتێبەکەی کارڵ کڵاوس (1936 – 1874) (ڕۆژانی کۆتایی مرۆڤایەتی) و (سێیەم شەوی ڤالپۆرژیس) بخوێنێتەوە، هاوڕای فەیلەسوفی فەرەنسی (ژاک بوورس) دەبێت دەربارەی ئەم تەنزنووسە نەمساییە کە دەڵێت: (ئەو خەباتەی ئەمڕۆ لە پێشمانە، کەمترین نووسەر دەتوانن هاوکارییەکی وەها گرانبەهامان بکەن).

نووسەرێکی ئاشتیخواز و دژە جەنگ
هیچ پێشەکییەک ناتوانێت بۆ خوێندنەوەی ئەو بەرهەمانە، ئەوەندەی پێشەکییەکەی (ژاک بوورس) بۆ کتێبی (سێیەم شەوی ڤالپوورژیس)، هاوکاری تێگەیشتنی خوێنەر بکات تا بە وردی لە پێوەندی (کراوس) و کۆمەڵگای ئەو سەردەمە و لە مانا و کاریگەری ڕاستەقینەی تەنز بگات کە لەو کۆمەڵگایە وێنای دەکات. ئەم بەرهەمانە (ڕاستەوخۆ) و تا ڕادەیەک لە بارودۆخی شەڕدا نووسراون (یەکەمیان لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهان و بۆ ئیدانەکردنی شەڕ و فیتنەگێڕی و دووەمیان لە لوتکەگرتنی نازیزم لە ئەڵمانیا و نەمسا و بە ئامانجی ئاشکرابوونی شێتی کوشندە) کۆمەڵێک شتی گرنگی پێ بووە بە ئەوروپییەکانی سەرەتای سەدەی بیستویەکی بڵێت: سەدەیەک کە ئەوان لە بەرزنرخاندنی بە (سەدەی ئاشتی و گەشەکردنی ئابووری و ئازادی بۆ هەموان) ڕکابەری دەکەن.

دەکرێت ئەمڕۆ کتومت بەرکەوتەیەک بە (کراوسی) بخوێنینەوە کە پەردە لە سەر فەرمانڕەوایەتییەک (ڕواڵەتە گشتییە فریودەرەکان) لا دەدات، کە دەسەڵاتەکانی خۆرئاوای ئەمڕۆی تێدا سەقامگیر بووە. ئاشتی و گەشەکردنی ئابووری و ئازادی لەم دونیا پێشکەوتووە نوێیە، بە پێچەوانەی ڕواڵەت، بۆ هەموان نییە: بەڵکوو ڕواڵەتی تەفرەدەرە، ئیمتیازی تایبەتە بە کەمینەیەکی زاڵ تا ڕاستی بەرەنجامی توندوتیژی، نایەکسانی و زەبروزەنگ پووش بە سەر بکات. بەربەریەتی نوێ کەم نەبوەتەوە، بەڵکوو فێر بوە چۆن باشتر خۆی بڕازێنێتەوە.

جێگای سەرنجە ئەم لە قاودانە بە ڕوونوڕەوانی بوەتە بناغەی دژایەتیکردنی کەسانێک، کە دژی ئەم دەسەڵاتەن. سەیر نییە کەسایەتییەکان یان تەنانەت کۆمەڵەی گچکەی شۆڕشگێڕ، خۆیان وەک ڕۆشنبیرێکی هۆشیار، خاوەن فیکر و بوێر پیشان بددەن، کە دەکرێت بەجۆری (کراوسی) هەڵی بسەنگێنی، تەنانەت ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانە هاوڕای هونەری تەنزی (کراوس) نەبن، بەڵام بوونی ڕەوتێکی ڕەخنەگری ڕادیکاڵ ناتوانێت بەردەوام پانتایی شتێک پووش بە سەر بکات کە ئامانجی سەرەکی بانگی بەرخۆدانەکەی (کراوس) پێک دەهێنێت، واتا ئەو شتەی (گەمژەیی) ناوی دێنێت. هەموو ئەندامە پێکهێنەرەکانی ئەم گەمژەییە ترسناکە کە کارڵ کراوس لە گۆڤارەکەی (مەشخەڵ) و لە کتێبەکانیدا بەردەوام ئیدانەی دەکرد، لە دونیای ئەمڕۆ نەک هەر چالاکە، بەڵکوو زۆر بەهێزیشە.

دژایەتیکردنی گەمژەیی
کارڵ کراوس بە لۆژیک پەلاماری (گەمژەیی) نادات، بەڵکوو هەڵدەکوتێتە سەر ڕواڵەتبازی و بەرجەستەبوونی. کراوس بەشرۆڤەکردنی شێوە گەمژەیی ئاساکان، لایەنە بنەڕەتییەکانی دەردەکێشێت، کە ئێستا ئاگامان لێیانە و زانیاریمان لەبارەیانەوە هەیە، سەردەمێک کە دەستوپێ سپیلکەیی لە لێکۆڵینەوە و شیکارکردنی واقیعیەتی عەقڵانی و ئەنجامگیریکردنی، ڕوخساری لەمڕۆ دەچێت. بۆ نموونە ئەقڵی هیتلەر بۆ (کراوس) کۆمەڵێک زۆربڵێیی ئایدۆلۆژی و درۆی بێشەرمانە بوو کە لە بەردەم عەقڵی تەندروست خۆی نەدەگرت، بەڵام ئەوە بە هۆی هونەری نازیەکانەوە نەبووە لە بەکارهێنانی عەقڵ و فیکر لە لایەن هەستوسۆز و بەعەقڵانیکردنی جۆشوخرۆش و سۆزی ڕیشەدار، کە لەو (30)ی ساڵەدا وڕێنەی نازییەکان لە ئەڵمانیا هیچ بەرهەڵستییەکی نەکراوە، هەر وەک لە (جێگیربوونی گەمژەییەک کە جێگای عەقڵی گرتبوە و ناساندنی وەک عەقڵی تەندروست، گۆڕینی هۆ بە هۆکار، بە کورتی لە کۆندا پێی دەگوترا گەوجاندن). (ژاک بوورس) ڕوونی دەکاتەوە دەرئەنجامی ئەو هەنگاوە ناسراوە (خەڵەفاندنە) بۆ کەسانێک کە بەردەوام لە ژێر پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنەکاندان، دەبێتە هۆی لە دەستدانی هەستی ڕاستەقینەی ئاسایی و ئەخلاقی.

پڕوپاگەندەی سیاسی
ئەوە کتومت ئەو کاتەیە تێیدا پڕوپاگەندەی سیاسی بەو شێوەیەی کە ئەمڕۆ بە مانشێتی بریقەداری وەک (پێوەندییەکان) و یان (گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان) دەی خوێنینەوە، گەشەی کردووە و بەرنامە بۆ دانراو دەیانەوێت خەڵک خزمەتی بەرژەوەندی سوودمەندبوە گەورەکانی سیستمی هەبوو بکەن. ڕاستگۆیی بڕیار دەدات بڵێین ڕەوتی (گەوجاندن) لە ڕێگای سڕینەوەی تێفکرینی ڕەخنەیی، بە دەرخوارددانی دروشمگەلێک کە لە کاتی ئارەزووی غەریزە و تێکەڵبوون، پڕوپاگەندەی ژیان دەکات، بە کەمکردنەوەی زمان بۆ پروپاگەندە و بە هەژاری ڕۆشنبیرییەک کە هاوڕایی دەکات، ئەمڕۆش وەک دوێنێ و لەوانەیە زیاتر، بەقووڵی دزەی کردوەتە ناو هەموو کاروبارێکی کەلتووری و ژیانی کۆمەڵایەتییەوە و زیانێکی زۆری داوە.

کاتێک گوتاری گشتی تەنیا بەکەڵکی پووش بەسەرکردنی بۆشایی فیکری یان بە کەڵکی بەڵگەکانی بە ڕواڵەت فریودان و ساختەیی، یان پووش بەسەرکردنی توێژاڵی عەقڵ بە دوور کەوتنەوە لە لۆژیکی عەقڵگەرایی و بۆ شەرم بەخۆ و ستایشکردنی هەڵسوڕێنەری کارەکان و بۆچوونی شەرمهێن و نەفرەتاوی دێت، کاتێک نووسین و وتاردان بۆ زۆر کەس هۆکارێک نییە بۆ خزمەتکردنی گەڕان بە دوای حەقیقەت و دادپەروەری، بەڵکو بۆ فریودانن و درۆکردن بۆ خەڵک، هەر وەک بۆ خودێتییە، بە کورتی کاتێک زمان هۆکارێکە بۆ بەدەسکەلاکردنی فریودانی خەڵک و ئامڕازی زڵبوونە لە ناو ئامڕازەکانی دیکەی بە دەست (دوکسوزۆف، لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە واتا نزای پیرۆزی خوا، دوکسولوگ کەسێکە لە چوارچێوەی ڕۆشنبیریدا توانای هەیە و ڕەگەزی دووکانەکەیان بەرگریکردنە لە (دوکسا) واتا بۆچوونی باو و زاڵ)ە هەمەجۆرەکانە. کەوایە، ئەرکی سەرەکی هەموو ئەوانەی هێشتا لە مانای قسەکردن دەزانن و هەر وەک (کراوس) بەگژ ئەم فریودان و درۆکردنەدا دەچنەوە، ڕوونکردنەوەی شێوازمەندی کارەکانی ئامێری گەوجاندنە.

ئەگەر کارڵ کراوس پەلاماری شێوە جۆراوجۆرەکانی (گەمژەیی) دەدا، گەمژەیی جێگا سەرنجی لە جۆری منداڵانە و ڕاستگۆییانەی واتا گەمژەیی مرۆۆڤی ساویلکە، ئەگەر بتوانین وایان ناوبنێین نەبوو، بەڵکو زیاتر گەمژەیی مرۆڤی زیرەک، کەسایەتی، شاز، عاقڵ و قسەخۆش، کە بە تایبەت لای ئەو ڕووناکبیرانە هەیە کە سوود لە کەلتوور و بەڵگەهێنانەوە وەردەگرن تا بێ کرداری قین لەدڵانەی خۆیان لە تێگەیشتن لە پێگە ڕاستەقینەکان، لەلایەن خۆیەوە یان ئەوانی دیکە بکاتە شایانی قەبووڵ کردن. لیرەدا تەنها نموونەیەکی ڕوون دەهێنینەوە. کارڵ کراوس، ڕەخنە لە (بەکرێگیراوانێک دەگرێت کە دەم لە باڵاڕۆیی وەرەدەن)، ئەوانەی لە زانکۆکان و گۆڤارەکان، خوێندنی فەلسەفەی ئەڵمانییان وەک پۆلەکانی ئامادەیی بۆ فیکر و تیۆرەکانی هیتلەر پێشنیاز دەکرد.

کراوس لە ناو ئەوانەدا پەلاماری (هایدگەر) دەدات کە نازییەکان پۆستی سەرۆکی زانکۆیان پێ دابوو و بە تیۆرە بێزارکەر و بێ بنەماکانی دەربارەی کراس ڕەشەکان، بانگهێشتی خوێندکارانی دەکرد بۆ سەر ڕیبازی هیتلەر و (سەربازی)ی. کراوس بە بێ کەمترین ڕێز بۆ ناوبانگییەک کە هایدگەر وەکوو (فەیلەسوفێکی گەورە) هەیبوو، دەیکردە ئامانجی نقوورچکەکانی، بەڵام ئەوە تەنها بریندارکردنێکی سادە نەبوو: (من هەمیشە دەمزانی پیینەدۆزێکی بوهەمی زیاتر لە مانای ژیان دەگات تا بیرمەندێکی ئەڵمانیای نوێ).

بە گشتی خاڵی دەسەڵاتی کراوس، پیشاندانی دژ و لێکدژی گوایەی کەسانێک بوو کە بۆ سەلماندنی ڕاکانیان هەوڵیاندەدا بە کۆکردنەوەی پێشینەی عەقڵانی پاساو بۆ ئەنجامەکانیان بهێننەوە کە پێشتر، سەرچاوەی لە بیروباوەڕی بەرەنجامی هەستوسۆز و بەرژەوەندی یەکلایەنە دەگرت: وەک پێشداوەرییەکانی نەژادپەرستانە و یان ناسیۆنالیستی و هەر وەک بە سۆخرەگرتنی ئەوانەی کە هەموو جۆرە دڕدۆنگییەکی ڕووناکبیرییان وەلاناوە و بەوە دڵخۆشن سەر بە کوتلەیەکن.

خۆفرۆش بە نەزمی هەبوو
لە ناو گروپە جیاوازکانی ڕووناکبیران کە نیازییان خراپیش نەبوو، بەڵام پێیانخۆش بوو کە شەو بە ڕۆژ بگرن و هەوڵیان دەدا باوەڕ بکەن و خەڵکیش بهێننە سەر ڕایە کە نەزمی نوێی نازی، هەر چەند بێ کەموکورتی نییە، بەڵام کۆنتڕۆڵ و چاکسازی دەکرێت و لە ئەنجامدا پەسەندە.

کراوس ساڵانە زۆربەی کاتەکانی خەریکی خوێندنەوەی بڵاوکراوەکانی سەردەمی خۆی، لێکدانەوەی زیرەکانە و وردی گوتارەکانیان بوو تا ئۆینێک ئاشکرابکات کە بە سوودوەرگرتن لە زمان، گۆڕینی مانا و لادانی بەهاکان بە میتۆدێک کە هەر بیرکردنەوە و ناوەرۆکێکی لە مانا دادەماڵی و ناوی دەزڕاند.

کراوس لە ساڵی (1936) مرد و نەیتوانی ڕووخانی حکومەتی نازی لە لایەن پەلاماری دەسەڵاتە دەرەکییەکانی گەورەتر لە خۆی ببینێت. دەکرێت وێنابکەی کە هەر دەرفەتێکی (تەنزئامێز) بانگهێشت بۆ بەرخودان، ئومێدێک بە تێگەیشتن و لانی کەم خستنەڕووی ناڕاستەوخۆ بۆ پشتڕاستکردنەوەی بابەتی لە قاودان، بەڵام پێدەچێت کراوس وەک زۆربەی کەسانی توند و گەزەر و بە تایبەت ئەخلاقگەرا، دەربارەی هاوسەردەمانی لە پیشاندانی بوێری و زیرەکی، ئەوەندە گەشبین نەبوو بێت.

سەرچاوە: لوموند دیپلماتیک 2015 و 2020

 140 جار بینراوە