سەرەکی » ئاراستە » شەهیدبوونی قادرەسوور لە داستانی رزگاریدا

شەهیدبوونی قادرەسوور لە داستانی رزگاریدا

سیروان سلێمان

شەهیدی نەمر قادرسوور لە گوندی (گردەڕەش)ی سەر بە ناوچەی شێخ تەویلی گەرمیان لە ساڵی 1962دا لە دایكبووە، ناوی تەواوی قادر حەمە ئەمین حەمەشەریفە.

لە نێو جەنجاڵییەكانی ژیانی گوندا فێری ئەلف و بێی كوردایەتی بووە، ساڵی 1980 پەیوەندیكردووە بە ڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، لە دوای گۆشبوونێكی تەواوەتی بە بیروباوەڕ و پرنسیپەكانی یەكێتی، بڕیایدا خەباتی نهێنی بە خەباتی ئاشكرای پێشمەرگایەتییەوە گرێبدات، هەربۆیە لە بەرەبەیانی رۆژێكی ساڵی 1983دا پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێوە كرد و ئیدی بە دەركەوتنی وەك پێشمەرگە، بستبەست باڵای دەكرد.

لە نێو ژیانی پێشمەرگایەتیدا هەورازو نشێویی زۆری بینی، دێ بە دێ، هەردە بە هەردە، سەنگەر بە سەنگەر هەنگاوی دەبڕی، هەر بۆیە لەو پێناوە دا زۆر ئازایانە هەڵمەت دەدات تا ببێتە چرا و چراخانی خێزانەكەی و شكۆمەندییەك بۆ نەتەوەكەی مسۆگەر بكات.

لە نێو هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانیدا بە قادرە سوور دەناسرێت، بە ئازایەتی و خۆڕاگریی ناوی دەكەوێتە نێو ناوانەوە، داستان دوای داستان بەشداریی دەكات، قارەمانێتی دوای قارەمانێتی زیاتر ناو دەردەكات، ماندووبوون دوای ماندووبوون زیاتر دەناسرێت و هەرگیز سڵ لە مەترسییەكانیش ناكاتەوە.

لەئەنجامدا دەبێتە پاڵەوانی دەیان داستان و نەبەردی لە پێناوی گەلەكەیدا، بەشداریی لە شەڕەكانی (گۆپتەپە، گرتنی سەنگاو، كانی چایلە، سەید خەلیل و گۆبان)و زۆری دیكەدا كردووە، هەر لەبەر هەڵمەتی ئازایانیە خۆی بۆسەر مۆڵگەی دوژمن دووجار بریندار بووە كراوە لە شەڕەكانی (سەید خەلیل و گرتنی سەنگاو)دا..

لە دوا نەبەردیدا كە داستانی رزگارییە، شێرانە بەشداریی دەكاتە و لە شەوی 13/14-4/1987 لە شاخی كۆڕەنگ سینگی خۆی دەكاتە قەڵغانی بەرگریی لە وڵاتەكەی و شەهید دەكرێت.

شەهیدبوونی قادرە سوور هەر كۆستێكی گەورە نەبوو بۆ خێزانەكەی و بنەماڵەكەی، بەڵكو سەنگەرێكی گەلیش لەبەرامبەر دوژمندا چۆڵ بوو، بەڵام نابێ سەنگەرەكەی بۆ هەتا هەتایە چۆڵ و گەرمیان لە ژێر هەڕەشەی لولەی تفەنگەكانی دوژمندا خامۆش بێت، ئەوەبوو دوای مانگێك لە شەهیدبوونی (قادرە سوور) منداڵەكەی هاتە شانۆی ژیانەوە، بەهۆی سەختی و زۆریی هەڵەت و هەردەكانی ناوچەی گەرمیانەوە ناوی لێنراوە (هەردی).

هەردی هەنگاو بە هەنگاو بە شوێن پێی باوكیدا دەڕوات و درێژە دەداتە كاروانەكەی.

 173 جار بینراوە