سەرەکی » ئاراستە » بیره‌وه‌رییه‌كی‌ دره‌نگ وه‌خت بۆ یادی‌ شه‌هید مامه‌ریشه‌پەڕە 3

بیره‌وه‌رییه‌كی‌ دره‌نگ وه‌خت بۆ یادی‌ شه‌هید مامه‌ریشه‌

دێده‌وانی‌ یه‌عقوب

ره‌نگه‌ نه‌جمه‌دین شوكر تاڵه‌بانی‌ واتا مامه‌ریشه‌ی‌ گه‌رمیان تاكه‌ فه‌رمانده‌یه‌كبێ كه‌ پێش شه‌هیدبوونیشی‌ ئه‌وناوبانگه‌ زۆره‌ی‌ به‌ئازایه‌تی‌ وقاره‌مانی‌ هه‌بووبێ و له‌ساڵانی‌ 1982 و 1983 ببو به‌وێردی‌ خۆپشانده‌ران و خوێندكاران كه‌ ده‌یانگوت ( به‌هێزی‌ مامه‌ریشه‌ دوژمن ده‌ده‌ین له‌ شیشه‌)، ته‌نانه‌ت له‌كاتی‌ گفتوگۆی‌ نێوان یه‌كێتی‌ و حكومه‌تی عیراق مامه‌ریشه‌ تاكه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ زیندوبوو وێنه‌كانی‌ له‌ ته‌ك وێنه‌ی‌ هه‌ندێ شه‌هید و هونه‌رمه‌ندی‌ شۆڕشگێڕ له‌بن قه‌ڵای‌ هه‌ولێر دانرابوو و خه‌ڵكی‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ ده‌یانكڕی‌.
تائێره‌ له‌ كوردستاندا ئاسایبوو، ئه‌گه‌رچی‌ مامه‌ریشه‌ ته‌نیا فه‌رمانده‌ی كه‌رتێكی‌ پێشمه‌رگه‌بوو كه‌ كه‌رتی‌ چواری‌ جه‌باری‌ بوو له‌ تیپی‌ 21 كه‌ركوك كه‌ له‌چاو ئه‌وهه‌موو سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ باڵایانه‌ پله‌كه‌ی‌ هێنده‌ به‌رز نه‌بوو، كه‌چی‌ ئه‌و ناوو ناو بانگه‌ زۆره‌ی‌ هه‌بوو، ئێمه‌مانان وامان ده‌زانی‌ كه‌مامه‌ریشه‌ ته‌نیا له‌كوردستاندا ئه‌و ناوبانگه‌ی هه‌یه‌، كه‌چی‌ كاتێك له‌ئه‌منی‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركراین و دواتریش له‌ دادگای‌ سه‌وره‌ی‌ به‌غدا حوكمدراین و بۆماوه‌ی‌ سه‌د رۆژ مغلق كراین، واتا له‌نێوانی‌ حكومكراوانی‌ دادگای‌ سه‌وره‌و بردنمان بۆ ئه‌كحام خاصه‌ی‌ ئه‌بوو غرێب، هه‌رله‌ئه‌بو غرێب ماوه‌ی‌ سه‌درۆژ خراینه‌ به‌ندیكی‌ داخراوه‌وه‌ و
كه‌پێیان ده‌گوت ته‌هێلی‌ یان نه‌زاره‌ت.
كۆنترین به‌ندی‌ له‌وێ كه‌ ماوی‌ زیاتر له‌یه‌ك ساڵبوو له‌و شوێنه‌بوو حكومكرابوو، كه‌چی‌ نه‌برابوو بۆ شوێنی‌ خۆی‌ واتا شوێنی‌ هۆڵی‌ مواجه‌هه‌و دێدار، به‌ڵكو له‌و مغله‌قه‌ هێشترابۆه‌وه‌، كه‌سێك بوو ناوی‌ (ئه‌بو یونس)بوو خه‌ڵكی‌ به‌سره‌بوو، شیعه‌ و سه‌ر به‌رێكخسته‌نه‌كانی‌ حزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی‌ بوو، كاتێك ئێمه‌ براینه‌وئه‌و شوێنه‌، ئه‌بوویونس هات به‌خێرهاتنی‌ كردین، كه‌زانی‌ ئێمه‌ كوردین و له‌ رێكخستینی‌ یه‌كێتین، یه‌كه‌م پرسیار كه‌ لێیكردین له‌باره‌ی مامه‌ریشه‌وه‌بوو، وتی‌: مامه‌ریشه‌ یان ابو ریشه‌، یاخود ابو لحیه‌، رجل الحدیدی‌ كوردی‌ (واتا پیاوی‌ ئاسنینی‌ كوردی‌) ماوه‌؟ ئێمه‌ش گوتمان ناوه‌ڵڵا به‌داخه‌وه‌ شه‌هیدبووه‌، به‌ڵام نه‌مانگوت به‌ده‌ستی‌ جاش شه‌هیدكراوه‌، چونكه‌ پێمان شه‌رمبوو بڵێین كه‌سێكی‌ وا كه‌ناوی‌ له‌ دوا پارێزگای‌ عێراق به‌پیاوی‌ ئاسنین رۆیشتبێ‌، كه‌چی‌ بڵێین به‌ده‌ستی‌ زۆڵه‌ كوردی‌ خۆمان شه‌هیدكراوه‌، بۆیه‌ به‌س گوتمان استخبارات شه‌هیدی‌ كردووه‌، ئه‌بو یونس زۆر خه‌می‌ خوارد و گوتی‌ پێش ده‌ستگیركردنی‌ من ناوی‌ مامه‌ ریشه‌ له‌ به‌سره‌ زۆر بڵاو بوو واناسراوه‌ كه‌زۆرجار گولله‌ش كه‌مكاری‌ تێده‌كا، وتیشی‌: ده‌گوترا زۆرجار مامه‌ریشه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ عێراق ده‌وری‌ گیراوه‌، به‌ڵام له‌ناكاو ده‌ربازبووه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێن ئه‌وپیاوه‌ ده‌فڕێ و به‌بازدانی‌ فڕینی‌ له‌ بازنه‌گه‌مارۆی‌ دوژمن ده‌رباز ده‌بووه‌.
ئه‌وكات ئێمه‌ زانیمان نه‌خێر مامه‌ریشه‌ هه‌ر به‌ته‌نیا له‌كوردستان ناوو ناو بانگی‌ نه‌بووه‌، دیاره‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ عێراق ناوی‌ ئازایه‌تی‌ و قاره‌مانیه‌ت و نه‌به‌زینی‌ ده‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا چۆن له‌ به‌سره‌ی‌ دوا پارێزگای‌ عێراق به‌ پیاوی‌ ئاسنین و پیاوی‌ فڕین ناوی‌ ده‌ركردووه‌؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*