سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » لەیلا عومەر؛ یەکەم ژنە دەبێتە جێگری پارێزگاری سلێمانی

رۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردندا

لەیلا عومەر؛ یەکەم ژنە دەبێتە جێگری پارێزگاری سلێمانی

ئا: ئەسرین محەمەد

باس لە کار و بەرنامەی داهاتووی دەکات، دەیەوێت هاوشان لەگەڵ ژنان تا کاتێک لە پۆستەکەیدایە، کار بۆ پڕۆژەی تایبەت بکات بۆئەوەی دەورو پێگەی ژن بەهێز بکات و رۆڵی ژن لە گەیشتن بە پۆستە باڵا و هەستیارەکانی بەڕێوەبردن بگەیەنێتە ئاستێکی وەها کە نزیک بێت لە رێژەی پیاوان لە بەڕێوەبردندا.

لەیلا عومەر، کە تازە بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەک یەکەم ژن بۆتە جێگری پارێزگار، وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەداتەوە.

– یەکەم ژنیت دەبیتە جێگری پارێزگاری سلێمانی هەست بە چی دەکەیت؟

+ مایەی شانازیمە کە هەڵبژێردراوم بۆ بەڕێوەبردنی کارێکی گرنگ لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی، بە پێویستی دەزانم سوپاسی حزبی شەهیدان بکەم بۆ ئەو متمانەیەی پێیانداوم، هەروەها هەموو ئەو کەسانەی کەمنیان دەستنیشان کرد بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پۆستە، سوپاسی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەم بە کۆی رەنگەکانەوە دەنگیان پێدام و هەست بە دڵخۆشی دەکەم و هەوڵدەدەم لە ئاست متمانەیاندابم.

کە لێمان پرسی تاچەند ئاسانە ژنێک لە پۆستێکی باڵادا کاربکات؟ لەیلا عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: سەبارەت بە بەڕێوەبەردنی پۆست بە راستی ئاسان نییە بەتایبەت لەم دۆخە نەخوازراوەدا نەک تەنیا بۆ ژنان، بەڵکو بۆ پیاوانیش ئەگەر پۆستێکی هەستیاریش بێت، بۆیە پێویستە تەواوی ‌هێز و توانای خۆت بخەیتەگەڕ بە پاڵپشتی خەڵکانی دڵسۆز کە لە دەوروبەرتن بۆ ئەوەی بتوانیت کارەکەت ئاسان بکەیت و بەباشترین شێوە بەڕێوەی ببەیت.

– لەیلا خان وەک ژنێک چۆن توانی خۆی بسەلمێنێت تا بگاتە ئەو ئاستەی پۆستێکی باڵای پارێزگایەک وەربگرێت؟

+ کاتێك دەتەوێت خۆت بسەلمێنیت لە کارێکدا دەبێت خۆت ماندوو بکەیت بە دڵسۆزیی و خەمخۆری کارەکەت بگەیەنیتە ئەنجام، دەبێت لەگەڵ هەموو ئەو فەرمانبەرانەی لەگەڵت کار دەکەن وەک یەک تیم کارەکە ئەنجامبدەن، ئاڵوگۆڕی پێشنیاز و رەخنەی دروستکەر و پڕۆژەی باش بکەن کە دەبێتە هۆکاری بەرەوەپێشبردنی کارەکەت بە هەماهەنگی لەگەڵ سەروو خۆت لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە بەردەوام کاریان لەگەڵ دەکەیت و پەیوەندیت هەیە لەگەڵیان بۆ بەرەوەپیشبردنی کاروبارەکانی هاووڵاتیان.

– ئەزموونی کەسێکی سەرکەوتوو هەیە لە ژیانت پێی سەرسام بیت و بتەوێت لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانت وەک ئەو بکەیت؟

+ کەسێکی تایبەت نییە پێی سەرسام بم، بەڵکو ژمارەیەک کەسانی لێهاتوو هەیە لە رابردوو لە ئێستاشدا هەن کە جێی شانازی گەلەکەمان بوون توانیومە سوود لە باشییەکانی بەڕێوەبردنیان و توانا و کارامەییەکەیان ببینم نەک تەنیا لەناو کورددا، بەڵكو بەدواداچوونم کردووە بۆ کەسایەتییە جیهانیەکانیش کە ئیدارەو ئەزمونێکی باشی کارکردنیان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرم لە بەڕێوەبردنی کارەکانمدا.

– پلان و پڕۆژەی تایبەتت چییە لە کاتێکدا هاووڵاتیان گلەیی ئەوە دەکەن پارێزگای سلێمانی لەچاو پارێزگاکانی تر کەمی بۆ کراوە؟

+ پلان و پڕۆژەم بۆ سەرجەم سێکتەرەکان دەبێت و بە حوکمی کارەکەم ناتوانم سێکتەرێک دوابخەم، بەڵکو پلانێکی گشتگیرم دەبێت بۆ سەرجەم بوارەکان و بەدواداچوون دەکەم بە راوێژ لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و شارەزادا، پڕۆژەی گشتگیرمان دەبێت هەموو کەسێک کە پۆستێک وەردەگرێت کۆمەڵێک پڕۆژە لە خەیاڵی دەبێت، بەڵکو بەپێی پلان کۆمەڵێک پڕۆژە کە وادەکات خزمەتی شارەکەمان بکات بە بەرنامە کاریان لەسەر دەکەم کە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت.

– ئەی لە بارەی ژنانەوە؟

+ دەست لەناو دەست لەگەڵ ژنانی کارامە هەوڵدەدەین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت بەژنان، بۆ ئەوەی بتوانین دەورو پێگەی ژن بەهێز بکەین و رۆڵی ژن لە گەیشتن بە پۆستە باڵا و هەستیارەکانی بەڕێوەبردن بگەیەنینە ئاستێکی وەها کە نزیک بێت لە رێژەی پیاوان لە بەڕێوەبردندا.

– لە ماوەی چەند رۆژی کارکردنتدا ئەو گرفتانەی هاتوونەتە رێگەت چی بووە و چی جێی نیگەرانیت بووە؟

+هەموو کارێک گرفت و کێشەی خۆی هەیە و هەمیشە لە سەرەتای کارکردندا کێشەکان زیاترن بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە کە دەتوانرێت بە سنگ فراوانی و لێبوردەیی و بەدواداچوونی زیاترو خۆماندوکردنی زیاترەوە چارەسەر بکرێت.

– رێنماییت چییە بۆ ئەو ژنانەی دەیانەوێت بگەنە ئاستی باڵای بەڕێوەبردن؟ پێویستە چی بکەن بۆ ئەوە سەرکەوتوو بن؟

+ پێویستە ژنان نەوەستن لە هەوڵدان و سارد نەبنەوە لە چالاکییەکانیان و دەرخستنی بەهرەکانیان بە متمانەوە بڕواننە ئایندە بە توانای خۆت هەوڵبدەیت خۆت بسەلمێنیت کە حەزت لە کارێک بێت و هەوڵبدەیت بگەیتە شوێنێک بە پشبەستن بە خەڵکانی تر یان یان بە فاکتەر و کارەکتەری تر دواتر ئەوە رەنگدانەوەی دەبێت لە ئەنجامدانی کارەکاندا هەوڵبدەن ژنان تواناکانی خۆیان بەرەوپێش ببەن بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە سەردەمیانەی کە هەیە لەمڕۆدا.

لەیلا عومەر کێیە؟
لەیلا عومەر یەکەم ژنە پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی پێ سپێردراوە بۆ کاروباری کارگێڕی، ئەو لەدایکبووی 1975ەو خێزاندارە، ساڵی 1997 لە بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرە دامەزراوە، لە ساڵی 2000دا، بووە بە جێگری بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانووبەرە و لە ساڵی 2005دا، بووە بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی سلێمانی.

لە بوارەکانی یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە، شارەوانییەکان، دادنووس و شارەزای دادوەری و بواری جێندەریدا کاریکردووە.

 584 جار بینراوە