سەرەکی » دۆسێ » هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە ئۆپەراسیۆنەكەی عەفرین

هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە ئۆپەراسیۆنەكەی عەفرین

دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا لە دژی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد (یەپەگە) لە عەفرین، ئێران بە راشكاوانە هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بەو هەنگاوەی توركیا دەخاتەڕوو.
لە 21ی كانوونی دووەمی 2018، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای لە دەسەڵاتدارانی توركیا كردبوو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی شاری عەفرینی رۆژئاڤای كوردستان كۆتایی پێبهێنن و خۆیان لە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە بەدووربگرن، هۆشداریشی دابوو لە بەردەوامبوونی تەنگژەكە كە بۆچوونی ئێرانییەكان دەبێتە مایەی «بەهێزكردنی گروپە تیرۆریستییەكان».
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو»ئێران لە نزیك و بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە رووداوەكانی شاری عەفرین، هیواخوازە دەستبەجێ‌ ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی پێبهێنرێت و رێگە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بگیرێت لە ناوچە سنورییەكانی نێوان توركیا و سوریا».
ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی لە زاری قاسمییەوە بڵاویكردبۆوە»بەردەوامبوونی تەنگژەكان لە عەفرین، رەنگە سەرلەنوێ‌ ببنە مایەی بەهێزبوونی گروپە تەكفیریی و تیرۆریستییەكان لە ناوچەكانی باكووری سوریا و دیسانەوەی جەنگ و كاولكاریی لەو وڵاتەدا بهێننەوەئارا«.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەپێویستی زانیبوو پارێزگاریی لە یەكپارچەیی خاكی سوریا بكرێت و رێز لە سەروەریی نیشتیمانی وڵاتەكە بیگرێت و رێگەنەدرێت تەنگژە مرۆییەكان زیادببن و گیانی هاوڵاتیانی بێتاوانی سوریا بخرێنە مەترسییەوە».
قاسمی دەڵێت»ئێران پێیوایە هەموو وڵاتان و بە تایبەت حكومەتی توركیا بەوپێیەی یەكێكە لەو لایەنانەی زامنكەری چارەسەری سیاسی تەنگژەكانی سوریایە، بە تایبەتیش لە وتوێژەكانی ئەستانە، دەتوانێت بەردەوام بێت لە هەوڵی بنیاتنەرانەی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی لە سوریا».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسی رەسمی (ئەنادۆڵ)ی توركیا، ئاماژەی بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان خەلوسی ئاكار سوپاسالاری توركیا و محەمەد باقری سوپاسالاری ئێران كردبوو كە تێیدا «راوبۆچوونیان لەبارەی كێشە ئەمنییەكانی سوریا و هەماهەنگی لە بواری بنەبڕكردنی رێخراوە تیرۆریستییەكان، ئاڵوگۆڕكردبوو».
وێڕای داواكارییەكانی ئەمریكا بۆ ئەنجامنەدانی و لە نێوەندی نیگەرانی بەرپرسانی وڵاتەكە بەرانبەر بە هێزەكانیان لە شاری مەنبەج ، توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی لە دژی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد (یەپەگە) لە عەفرین دەستپێكرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاش ئاماژەی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی تر كردبوو لە مەنبەج لەپاش كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەكەی عەفرین.
ئەنقەرە، واشنتۆن بە هەوڵدان بۆ پێكهێنانی «سوپایەك لە تیرۆریستان» لەسەر سنورەكانی توركیا- سوریا تۆمەتبار دەكات، ئەوەش دوای ئەوەی ولایەتە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو كە مەشق بە هێزێكی سنوری 30 هەزار كەسی دەكات و زۆرینەی ئەو هێزەش لە كوردەكان پێكدێت.
دەسەڵاتدارانی توركیا پێیانوایە»یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد (YPG)كە لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكانەوە پشتیوانی دەكرێت، درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)كە لەلایەن توركیا و ولایەتە یەكگرتووەكانەوە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی پۆلێن دەكرێت»، هەروەها توركیا پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سوریا (PYD) بە هەمان شێوە بە «رێكخراوێكی تیرۆریستی» ناودەبات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوپاسالاری ئێران، داوای لە توركیا كردبوو، یەكێتی و یەكچارچەیی خاكی سوریا لە ئۆپەراسیۆنی عەفریندا بپارێزێت، و تەئكید لەسەر نەبوونی هیچ تەماحێكی وڵاتەكەی لە خاكی سوریادا بكاتەوە.
ئاژانسی (ئێرنا)ی ئێرانی لە زاری محەمەد باقری سوپاسالاری ئێران بڵاویكردبۆوە كە باقری لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ خەلوسی ئاكار سوپاسالاری توركیا، «بەپێویستی زانی بوو توركیا یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سوریا و سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتەكە بپارێزێت».
باقری بەپێویستیشی زانیبوو توركیا تەئكید لەسەر نەبوونی هیچ تەماحێكی لە خاكی سوریادا بكاتەوە.
ئاژانسەكە لە زاری ئاكارەوە تەئكیدی لەسەر «بەتەنگەوەهاتنی توركیا بۆ پاراستنی یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سوریا كردبۆوە»، وێڕای تەئكیدكردنەوەیشی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەی بەو رێكەوتنانەی لە وتوێژە سێ‌ قۆڵییەكەی نێوان توركیا، و ئێران، و روسیادا بەسترابوون.
توركیا لە 20ی كانوونی دووەمی 2018، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی (هێرشی زەمینی) لە دژی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد و پارتی كرێكارانی كوردستان لە عەفرین (باكووری خۆرئاوای سوریا) راگەیاند.
توركیا و ئێران لەگەڵ روسیادا، ئەو وڵاتانەن كە زامنەكەری ئاگربەستن لەو ناوچانەی لە سوریادا رێكەوتنی هێوركردنەوەیان لەبارەوە كراوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*