سەرەکی » ئاراستە » فۆکۆیاما : مەترسییەکان گەورەترن لە دەرفەتە رەخساوەکان

فۆکۆیاما : مەترسییەکان گەورەترن لە دەرفەتە رەخساوەکان

لە عەرەبییەوە: هیوا محەمەد

کلیلی دەوڵەت بۆ بەرگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چیە؟ فرانسیس فۆکۆیاما زانای سیاسی ئەمریکی بەناوبانگ و دانەری کتێبی ( کۆتایی مێژوو) پێی وایە وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەست نییە بە جۆری رژێمەکەوە، بەڵکو رادەی متمانەی هاووڵاتیانە بە سەرکردەکانیان و تواناو لێهاتوویی ئەوان لەسەرکردایەتی کردندا.
لەچاوپێکەوتنێکدا کە لەم دواییانەدا فۆکۆیاما کە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا سازیکرد(ئەو شوێنەی یەکەم ویلایەت بوو داوای کرد لە دانیشتوانەکەی لەکاتی کۆرۆنادا لە ماڵەوە بمێننەوە(هاوکرداری دیموکراسیەکان و وڵاتانی زۆردار) سەرەڕای کارتێکەریی ئەم قەیرانە لەسەر سیستمی جیهانی. لە گفتوگۆکەدا هاتووە:

* کاروبار لە زانکۆی ستانفۆرد وەستا، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە هەستای بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیوییەکان و پێشکەشکردنی وانەکان، ژیانی رۆژانەت لەو رۆژە سەختانەدا چۆن بوو؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە سروشتییە نوێیەدا دەکەیت کە کاریگەریی لەسەر هەموان هەیە؟
_ شتەکە بەو قورسییە نەبوو چونکە لە راستیدا دەرکەوت کە وانە وتنەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە کارێکی قورس نیە و هەوڵەکانیش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵی سەرنج راکێش بوو، من کارم دەکرد و هەوڵم دەدا ماددەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بگەیەنم و وابزانم سەرکەوتووش بووم.

*زۆرێک لەخەڵک دەڵێن کە هەست دەکەن ماوەی نێوانی کار و ژیان ڕوون نیە، هەست دەکەیت بەمە؟
_ لەو باوەڕەدام رەنگە گۆڕانکاریی هەمیشەیی بێت چونکە خەڵک پێیان وایە لە راستیدا دەتوانن بۆ ئەنجامدانی کارەکان رێگەی جیاواز بگرنە بەر، بۆ نموونە هەمیشە بە فرۆکە گەشتم دەکرد، ئێستا چەند مانگێکە گەشت ناکەم، لەو باوەڕەدام یەکێک لەو شتانەی کە خەڵک درکی پێدەکەن ئەوەیە کە لە راستیدا پێویست ناکات ئەو هەموو کاتە لە فرۆکەدا بەسەر بەرین، دەتوانین هەمان ئەم شتانە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەدەست بێنین، لەبەرئەوە پێویستە رەچاوی ئەوە بکەین چۆن دۆخەکە سروشتی دەبێتەوە، پێم وایە پێشتر شتی وایان هیچ کات نەکردوە.

*واچاوەروان دەکرێت بە هۆی کۆرۆناوە ئەم ساڵ دەرچوی گازی دووەم ئوکسیدی کاربون بە رێژەی 6٪ کەم بکات، ئەمەش گەورەترین رێژەی دابەزینە لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووەمەوە، ئایا ئەمە لایەنێکی باشە واتا وەستانەوە لەبەرامبەر گۆڕینی کەش؟
_ بەڵێ بەڵام لەراستیدا ئەمە دۆخێکی بەردەوام نییە، بەداخەوە دەرچونی گازی کاربون پەیوەستی تەواوی هەیە لەگەڵ چالاکییە ئابوورییەکان لەبەرئەوە ئەگەر ئەوان وەستان لە بەرهەمهێنان ئەوە ڕێژەی کاربون کەم دەبێتەوەو لەگەڵیشیدا زیاتر هەژاری بڵاو دەبێتەوە، کەواتە پێم وانیە ئەمە چارەسەرێکی درێژ خایەنی باش بێت.

* لە وتارێکی ئەم دواییەتدا وتوتە کە کاری یەکلاکەرەوە لای جۆری رژێمەکە نییە، بەڵکو توانای دەوڵەت و لەسەروشیانەوە متمانەی خەڵکە بە حکومەت، ئایا دەبێت حکومەتەکان بە زەبرو زۆر مامەڵە بکەن بۆ رێکخستنەوەی دۆخەکە؟
_ دوو خاڵم باس کرد، ئێمە پێویستمان بە توانایەکی بنچینەیی دەوڵەت هەیە، دیموکراسییەکانیش پێویست ناکات خراپتر بن، بەڵام گرفت ئەوەیە کە تۆ پێویستت بە متمانە بە حکومەت هەیە، ئێستا ئێمە ئەوەمان نییە بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی قۆرخی سیاسی لە ئەمریکا، لەبەرئەوەش بوو ئەو هەموو ناڕەزاییەمان لە هاونیشتمانیان و سیاسیەکان بینی دژی کەرەنتین چونکە بەداخەوە ئەم باسە بووە قۆرخکاری.

*ئەی دەربارەی هاوتەریبی دەسەڵات و ئازادی تاک چی؟ لەراستیدا کەرەنتینکردن واتای گرتنەوەی ئازادییەکانی تاک، ئێمە کەسانێک دەبینین دژی مانەوەن لە ماڵەوە بەناوی پاراستنی سەربەستی، رات چییە سەبارەت بە هەنگاوی حکومەت کە بۆ پاراستنی گیانی هەموانی دەنێت لە دژی ڤایروسەکە، لە کاتێکدا کە کەرەنتینکردن ئازادییەکانی خەڵک دەگرێت؟
_ ناڕەزاییەکانی خەڵک لەوەوە نییە کە هەندێ لە ئازادییەکانیان سنووردار دەکرێت، گرفتەکە ئەو هاوپەیمانیە سیاسیانەیە کە بوەتە سەرچاوەی شوناسی رۆشنبیریمان، بەشێوەیەک لای لایەنگرانی ترەمپ دەبوا لە مەترسیی ئەم ڤایروسە کەم بکەیتەوەو پێویست بوو وای پیشان بدەیت کە ناترسیت کەوابوو تۆ سەر بەتیرەیەکیت کە تێڕوانینێکی جدی بۆ نەخۆشیەکە نییە ئەگەر راستیش نەبێت، ئەمە پشتبەست نییە بە هیچ بەڵگەیەکی زانستی، ئەم ویستە تەنها بۆ ئەوەیە تۆ بەشێک بیت لەو تیمەی ئەوان و ئەمەش زاڵ بووە بەسەر ژیریی خەڵکدا.

*جگە لە کۆریای باشوور زۆربەی دیموکراسیەکانی جیهان تا ئێستا بەکارێکی باش هەڵنەستان کە شایانی دۆخەکە بێت، لەبەرئەوە هەندێک لەسەر ئەوە دەدوێن کە ئەم دۆخە خراپە نرخی سەربەستییە لە دیموکراسیەکاندا، بەمانایەکی تر لۆمەی حکومەت ناکەین چونکە دەسەڵاتی حکومەت لە پلەی یەکەمدا دیاری کراوە؟
_ باوەڕم وانییە کە بتوانی ئەوە بسەلمێنی کە حکومەتە زۆردارەکان بەشێوەیەکی باشتر کار بکەن، دوو حالەتت هەیە، چین و سەنگافورە، توانییان زاڵ ببن بەسەر ئەم ڤایروسەدا بەشێوەی زۆرداری، بەڵام زۆرێکیش لە وڵاتانی زۆرداری دیکە هەستاون بە رێگری سەرسام و کەچی توشیش بوون. روسیا نموونەیەکی باشە، لە راستیدا لە روسیا ڤایروسەکە لەژێر دەسەڵاتی روسیا چووە دەر ، ل ەبلاروسیا سەرۆکەکەیان دەیوت ئەو ڤایروسە هەڕەشە نییە و بە خواردنەوەی ڤۆدکا دەتوانیت رێگەی لێبگریت، لە تورکمانستان رێت پێنادەن ناوی ڤایروسی کۆرۆنا بهێنیت بەپێچەوانەوە حکومەت دەتگرێت.
کەوابوو هەموو حکومەتە زۆردارەکان وەک یەک بەشێوەیەکی باش مامەڵەیان نەکردووە، هەروا پرۆسەکە لەسەر ئەوە نەوەستاوە کە ئایا ئەو وڵاتە دیموکراسی و زۆردارانە بەباشترین شێوە ئیشیان کردووە یان نا، بەڵکو ئەوەیە ئایا توانای باشت هەیە لە دەوڵەتدا و حکومەت جێی متمانەی خەڵکەکەیەتی؟ ئەمە لەهەردوو کیاندا واتا دیموکراسی و زۆرداریش روودەدات.

*قسەکردن لەسەر ئەو رادەی متمانەیەی کە هەیە بە توانای سەرکردایەتی گەل، کە بوەتە پرسێکی کاریگەر لە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنیان لەم شەڕەدا وەک ئەوەی تێبینیت کردووە، سەرکردایەتی باڵای چین و ئەمریکا لەسەرەتاوە لەمەترسی ئەم ڤایروسەیان کەمکردەوە، لەم حاڵەتەدا متمانە رۆڵی بینی لە تێڕوانین بۆ تواناکانی سەرکردایەتی لە زاڵبوون بەسەر گرفتەکەدا؟
_ خۆی متمانە کارێکی باش نییە ئەگەر تۆ متمانە بکەیت بەکەسێک بێتواناو نەزانیت چی دەکات و ناخی خراپی چیە، کەواتە تۆ لەراستیدا دەکەویتە دۆخێکی خراپترەوە متمانەی گونجاو لەسەر متمانەی ناسراو بنیات دەنرێت، کاتێک تۆ دەزانی ئەوانەی دەسەڵات بەڕێوەدەبەن دەناسرێت بەوەی کە دەیکات، دەبێت متمانە پێدانی لەروانگەی خوێندنی و شارەزایی و تواناکانی بۆ بەدەستهێنانی شتەکان بێت.
ئەگەر حکومەتی لەم جۆرەت هەبێت ئەوە خەڵک متمانەی پێ دەکات، لە کۆریای باشوور بەرپرسیارێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ڤایروسەکە خستە ئەستۆی هەندێک کەسانی شارەزای راستەقینە لە بواری تەندروستی گشتی، ئەمەش متمانەی حکومەتی بەشێوەیەکی بەرچاو لای خەڵک بەرز کردەوە، ئەوەش بەشێکی هۆکاری سەرکەوتنی پارتی فەرمانڕەوا بوو لەهەڵبژاردندا، چونکە خەڵک تواناکانی ئەوانیان بینی و پاداشتیان کردن.

*لە چاوپێکەوتنێکدا وتوتە کە نموونەی چین زۆرترین سەرکەوتنی بەدەست هێنا لەناو نموونەکانی دەرەوەی خۆرئاوا، ئەمەش ئاوێتەیەکە لە دەست تێوەردانی دەوڵەت و سەرمایەداری، چونکە لانی کەم هاوکاری کردنی خەڵک بەگرنگ دەزانێت، بەڕای تۆ دەکرێت ئەزموونی چین هاوکار بێت بۆ هەندێک لە جیهان، ئەگەر بکرێت بەچ ڕێگایەک دەبێت؟
لەو باوەڕەدا نیم ئەم ئەزموونی چین بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانێک کە دابونەریتی ڕۆشنبیرییان وەک چین نەبێت، کۆنترین دابونەریتی چین پەیوەندی بە خوێندن و تواناکانیانەوە هەیە، بیروکراسی هەڵدەبژێرێت لەسەر بنچینەی لێهاتویی، ئەمەش شێوەیەکە لە شێوەکانی ئۆتۆنۆمی ڕێکخراو و قەید کراو لای پارتی کۆمۆنیستی چین، بۆیە پێم وایە دابەزاندنی ئەو ئەزموونە قورسە لە وڵاتانێک کە داب و نەریتی (کۆنفۆشیوسی) چینیان نییە.

*لە خۆرئاوا بەپێچەوانەوە دەڕواننە دەستەجەمعی بەوەی شتێکی خراپە ئەگەر لایان دڕ نەبێت، پێت وایە ئەم قەیرانەو هەڵسوکەوتی چین خەڵک ناچار دەکات کە هەڵسەنگاندن بۆ هەردووکیان بکات؟
_ دەستپێکەر وەک سەرەتا وایە، وڵاتێک نییە بەئاسانی لە پشتی تاکڕەوی بەکۆمەڵ بوەستێ، دەبێ هەموو رژێمە سیاسیەکان توانای ئەوەیان هەبێت کە بەشێوەی کۆمەڵ هەنگاو بنێن لەکاتی پێویستداو رێز لە رۆڵی تاک بگرن ئەگەر بتوانێ ئەوە بکات کەواتە باسەکە پەیوەستە بە بەدەست هێنانی پارسەنگی نێوان هەردووکیان.
پێم وایە لە چین زۆر زیاتر بەکۆمەڵ بوو تا مافەکانی تاکێتی، بەریتانیاو ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی خۆرئاوا بەو قۆناغەدا رەت بوون کە هەندێ جار پێی دەوترێت لیبڕالی نوێ، تاکەکان پێیان لێڕاکێشاوە، بەسەر دەوڵەتدا سەردەکەون، بەجۆرێک بۆ دەوڵەت دەڕوانن کە سەرچاوەی زۆرداری بێت و لێهاتوو نەبێت.
پێم وایە ئەمە زۆر تێپەڕێندراوە بۆیە وای دەبینم یەکێک لەو شتانەی کە لە زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا روو دەدات مردنی لیبراڵی نوێیە و گەڕانەوەیە بۆ جۆرێکی جیاواز لەو لیبڕاڵیەی کە لە ساڵانی سیەکان یان چلەکاندا بڕوایان پێی بووە.
ئێمە دەمانەوێت مافەکانی تاک بپارێزین، بەڵام دەوڵەت رۆڵی سەرەکی دەکەوێتە سەر لە خوڵقاندنی کەشی پاراستنی کۆمەڵایەتی خەڵک و دروستکردنی رێکخراوەکانی چاودێری و تەندروستی و مووچە خانەنشینییەکان و زۆری تر لەم چەشنە، لەو بڕوایەدام کە ئەمە پێش قەیرانەکە لە دەستپێکدا بوو هەروا خێراتر دەبێت بە هۆی قەیرانەکەوە.

*گوێبیستی تیۆرێک دەبین کە دەڵێ دەکرێت ئەمە هاوکاریی چین بکات کە ببێتە گەورەی جیهان لەبری ئەمریکا، رای تۆچیە؟
_ پێم وایە زووە بۆ ئەم لێدوانە لەبەرئەوەی هێشتا زۆر پرسیار لەمەڕ رۆڵی چینەوە هەن بۆ نموونە چین لێگەڕا ڤایروسەکە تەشەنە بکات بەشێوەیەکی گەورەتر لەوەی کە دەبوا هەبێت، چونکە گوێێ نەدا بەو ئاگادارییانەی وێنەی دکتۆر لی وینلیانگ و بە هەندی وەرنەگرت، لەبەرئەوە دەبێت چاوەڕوان بین و بزانین ئەوە چۆن روودەدات؟

*لەپێش قەیرانەکە وات خستبوە روو کە گلۆبالیزم لە لووتکەدایە، بەڵام لەم قەیرانی ڤایروسەدا پێچەوانەکەیمان بینی ، تۆ وتت کە مەحاڵە جیهان بگەڕێتەوە بۆ نیو سەدە لەمەو بەر، بەڵام میللی گەرایی و رق لە بێگانە و راسیستی ئەمڕۆ لە ئارادایە، ئەی بۆچی تائێستا دڵنیایت لە داهاتووی گڵۆبالیزم؟
_ زیانە ئابوورییەکانی دوای کۆرۆنا لە ڤایرۆسەکە خۆی زیاتر سەرنجمان رادەکێشێت، دەیڵێینەوە ئەگەر سیستمێکی ئابووری جیهانی نیمچە کراوەت نەبێت ئەوە هەژاری روو لە هەمووان دەکات زیاتر لەوەی ئێستا هەیە، سەرچاوەت نامێنێت بۆ خۆراکی خەڵک، خواردن بە نموونە باس دەکەم، زۆربەی وڵاتان بەپێی پێویست دانیشتوانەکەی خواردن بەرهەم ناهێنن، لەبەرئەوە ئەگەر بازرگانی نێودەوڵەتیت نەبێت ئەوە خەڵکەکەت لەبرسان دەمرن، ئەمە شێوەیەکی راستەقینەیە وادەکات و زۆرێک لە خەڵک ناچار دەکات هەست بەوە بکەن کە بەشێکی دیاری کراوی گلۆبالیزم زۆر پێویستە بۆ ئەو ژیانە داهاتوەی کە بەهیوای دەخوازن.

*خەڵک زۆر لە دوو دڵیدان، پێت وایە ئەم جارە ئاشتی و سەقامگیری دێتە کایەوە یان قەیرانی زیاتر؟ سەبارەت بە دیموکراسی و سەربەستیش ، پێت وایە ئەمە شتێکی باشە یان خراپ؟
_ بەشێوەی گشتی مەترسیەکان زیاترن لە هەلە رەخساوەکان، پێم وایە هەل لەبەر دەمدا هەیە بۆ باشکردنی سیاسەتەکان و دامودەزگاکان، بەڵام لەم کاتەدا مەترسیەکان زیاتر لە پێشن، چونکە کاتێک خەڵک دەترسێت و روبەروی هەڕەشەی ئابووری دەبێتەوە، ئەوەش چاوەڕوان دەکرێت بە شیوازی جیاجیای خراپ و پر مەترسی و قیناوی وەڵام بداتەوە، من دوودڵم سەبارەت بە دیموکراسی و ئاشتی جیهانی چونکە رەنگە هەردووکیان لەدەست بدەین و ئەمەش نیگەرانی دروست دەکات.

*هێنری کیسنجەر نووسیویەتی کۆرونا سیستمی جیهانی دەگۆڕێت بۆ هەتاهەتایە، تا چەند ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەمە ؟
_ پێم وایە گۆڕانکارییەکان لەوانەی کە دەبوا ببن خێرا تر روودەدەن، چونکە ئاسیا تاڕادەیەک شێوازێکی باشتری بەکارهێنا لە رووبەرو بوونەوەی کۆرونا، لەوەش کە ناوەندی قورسایی ئابوورییە کەوابوو بەردەوام دەبێت لەجموجۆڵەکانی، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەورەترین سەرچاوەی نەوت بوو بەڵام لە ئێستادا بەهۆی داڕمانی نرخی نەوتەوە پیشەسازی نەوت تیایدا دادەڕمێت، ئەمەش وامان لێناکات کە زیاتر پشت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ببەستین، لەم روانگەیەوە پێم وایە گۆڕانکاری گەورەی جیهانی بەسەر دابەشکردنی هێزدا دێت لەوەی کە بەهۆی ئەم قەیرانەوە دروست بوو.

سەرچاوە:
الانصات المرکزي. العدد. 7484: 15.2.2021

 90 جار بینراوە