سەرەکی » زانست » پایتەختی ئۆكرانیا یەكێكە لە پیسترین شارەكانی جیهان

پایتەختی ئۆكرانیا یەكێكە لە پیسترین شارەكانی جیهان

كەشتیی نوح

كییڤی پایتەختی ئۆكرانیا چووە لیستی هەرە پیسترین بیست شارەكەی جیهانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێكی دامەزراوەی ( ئای كیوایر)ی سویسری، كە دامەزراوەیەكە بۆ چاودێریی پیسبوونی ژینگە، ناوی بیست شاری جیهانی وەك پیسترین شار لە ڕووی ژینگەییەوە تۆماركردووە كە یەكیك لە پێودانگی پیسبوونەكەش رێژەی بەرزی هەندێك ماددەی كیمیاییە لە هەوای ئەو شارانە ئەمەش دەبێتە هۆی ژەهراویی بوونی هەواكە و لە دواجاریشدا زیانگەیاندن بە دانیشتوانەكەی لە ڕووی تەندروستییەوە.

لەو لیستەی دامەزراوە سویسرییەكەدا كیڤی پایتەختی ئۆكرانیا بووە چواردەیەمین پیسترین شاری جیهان، چونكە ئاماژەدەری پیسبوون لەو شارەدا گەیشتووەتە (126) پلە كە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە شارێكی ناتەندروستە و بۆ ئەوانە زۆر مەترسیدارە كە بە دەست نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسەدانەوە گیرۆدەن.

لە لای خۆیەوە پێگەی (TSN)ی ئۆكرانیی ئاشكرایكردووە كە چڕیی مادە زیانبەخشەكانی ناو هەوا لە كییڤی پایتەخت چەند هێندە زیادی كردووە و ئاستی دووەم ئۆكسیدی كبریت سێ هێندە لە تێكرای ئاسایی خۆی زیاترە و ئاستی دووەم ئۆكسیدی نایترۆجینیش نزیكەی پێنج بۆ حەوت هێندەی تێكڕای ئاساییە.

هەروەها شاری (لاهور)ی پاكستان لە لیستی دامەزراوە سویسرییەكەدا پلەی یەكەمی هەیە و شاری (دەكا)ی بەنگلادیش لە پلەی دووەمدایە.

پێویستە بوترێت لە ساڵی رابردوودا ئاگر لە ناوچەیەكی دارستانیی نزیك وێستگەی (چیرنۆبڵ)ی ئەتۆمی كەوتەوە كە یەكێكە لە ناوچە مەترسیدارەكانی ئۆكرانیا، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ناوچەكە توانیان ئاگرەكە كۆنترۆل بكەن و نەگاتە ناوچەی چیرنۆبڵ، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێك دوكەڵێكی چڕ و تیشكدەر ناوچەكەی داپۆشیی ژمارەیەك لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی چەندین كیلۆمەتریش لە شوێنی ئاگركەوتنەوەكەوە دوور بوون نەخۆش كەوتن و بەپەلە گەیەندرانە نەخۆشخانە و ماوەی چەند ڕۆژێك لە ژێر چاودێریی پزیشكییدا مانەوە.

جێی بیرهێنانەوەیە ناوچەی (چیرنۆبل) ناوچەیەكی ناسراوی ئۆكرانیایە و چەند كورەیەكی ئەتۆمیی لێیە و تێیداچالاكیی ئەتۆمیی بەڕێوە دەچوو و بەر لە (35) ساڵ یەكێك لە كورە ئەتۆمییەكانی ناوچەكە تەقییەوە و بە هۆیەوە كارەساتێكی ژینگەیی روویداو بووەهۆی كوژرانی(36) كەس و بریندار بوونی دەیانی تر و زیانێكی ماددی گەورەش بە خودی ناوچەكە گەیشت.

سەرچاوە: Ghadi news

 110 جار بینراوە