سەرەکی » هەمەڕەنگ » شێخ ئەنوەر؛ روخساری رۆشنبیریی شار!

چراكانی نیشتمان

شێخ ئەنوەر؛ روخساری رۆشنبیریی شار!

ئەڵێن سروشت خەتا ناكا،لەبەرچی تۆ ئەوەندە جوانی
هەزارانی وەك من، ئاهی جوانی تۆ بوو سووتانی
لەسایەی سامانی جوانیتا، سەری كڕنوشی بەرپێتم
ئەوەی بۆ رووت نەسووتابێ‌، منم كە وا ئێستا شێتم!!

سەرەتای ساڵانی هەشتاكان، خولیای خوێندنەوەی بابەتە ئەدەبییەكانی وەك شیعرو چیرۆك‌و رۆمان بووم‌و سەردانی كتێبخانەكانی ناوشاری سلێمانیم ئەكرد، بۆ ئەوەی بەرهەمە ئەدەبییە نوێیەكان بكڕم، جارێك رێم كەوتە كتێبخانەكەی شێخ ئەنوەر، رۆمانی خەندە لێوی فیكتۆر هۆگۆی دامێ‌، وتی ئەوە بخوێنەوە وەك رۆمانی دایكی مەكسیم گۆڕكێ‌ كاریگەرە، بەدڵنیایی كە خوێندمەوە رۆمانێكی جوان‌و كاریگەر بوو. جارێكی تر چوومە لای دیوانی فەرهەنگی خەمی حەسیب قەرەداخی بەدەستەوە بوو، شیعرێكی ناو دیوانەكەی خوێندنەوە‌و وتی ئەم دیوانە بكڕە، هەر شیعرێكی لیرەیەك دێنێ‌، دیوانەكەم كڕی‌و بەشیعرەكانی شێخی شاعیران سەرسام بووم. ئیدی لەوەوە شێخ ئەنوەرم ناسی‌و زۆربەی جار كتێبم لەكتێبخانەكەی ئەو ئەكڕی.

شێخ ئەنوەر كێیە؟
شێخ ئەنوەر شاعیرێكی دیاری كوردستانە‌و لەڕێی شیعرەكانییەوە وەك سەربازێكی ون خزمەتێكی زۆری بەكاروانی ئەدەبی‌و رووناكبیریی كوردستان كردووە‌و شوێن پەنجەی لەو بوارانەدا دیارە.

شێخ ئەنوەر كوڕی شێخ ئیبراهیم كوڕی باوە مەحموودە، ساڵی 1931 لەگەڕەكی سابونكەرانی شاری سلێمانی لەدایك بووە. لەقوتابخانەی فەیسەڵییە خراوەتە بەرخوێندن‌و تاپۆلی شەشەمی سەرەتایی خوێندووە، ئیدی وازی لەخوێندن هێناوە‌و ئەركی بەخێوكردنی خێزانەكەی كەوتۆتە ئەستۆ. بەهۆی هەلومەرجی سەختی ژیانی تایبەتییەوە، هەر زوو بەخەمە چینایەتی‌و نیشتمانییەكان ئاشنا ئەبێ‌‌و بۆ دەربڕینی ئەو خەم‌و ئازارانە پەنا بۆ شیعر دەبات‌و ئاشنایەتی لەگەڵ شاعیران‌و رووناكبیرانی سەردەمەكەی پەیدا دەكات‌و دەكەوێتە ژێر كاریگەرییان‌و سوود لەبەرهەم‌و بەهرەكانیان وەردەگرێت.

شێخ ئەنوەر لەگەڵ شاعیران‌و رووناكبیرانی گەورەی وەك (پیرەمێرد، ئیبراهیم ئەحمەد، گۆران، قانع، عەبدوڵڵا جەوهەر‌و نەجمەدین مەلا) ئاشنایەتی پەیدا دەكات‌و تێكەڵیان دەبێت‌و سوودیان لێوەردەگرێت.

شێخ ئەنوەر لەهۆنینەوەی شیعرەكانیدا بایەخی بەبوارە جیاجیاكان داوە‌و شیعری سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و چینایەتی و داشۆرین و تەنزی) نووسیووە‌و سروشت‌و جوانیشی لەبیر نەكردووە‌و شیعری بەرزی لەو بوارانەشدا نووسیووە. شیعرەكانی شێخ ئەنوەر هێندە جوان‌و بەرزن لەلایەن چەند هونەرمەندێكی گەورەی وەك(حەمە جەزا، كەریم كابان، محەمەد رەئوف كەركوكی، حەمەی نێرگز) بەمەقام‌و گۆرانی وتراون. شێخ ئەنوەر تا لەژیاندا بووە بایەخی بەچاپكردنی شیعرەكانی نەداوە، لەدوای كۆچی دوایی مامۆستا (فوئاد محەمەد ئەمین سەراج)ی نووسەرو رووناكبیر‌و هاوڕێی دێرینی شێخ ئەنوەر، لەساڵی 2009سەرجەم شیعرەكانی كۆكردەوە‌و ساخی كردنەوە‌و لەدووتوێی دیوانێكدا بەچاپی گەیاند، كە جێگەی ستایش ‌و دەستخۆشییە. شێخ ئەنوەر وەك فەرمانبەری میریش خزمەتی كردووە‌و ساڵانێكی تەمەنی بەو بوارە بەخشیوە. شێخ ئەنوەر خولیای وەرزشیشی هەبووە‌و لەناوەڕاستی پەنجاكاندا دەچێتە یانەی وەرزشی سلێمانی‌و لەبواری پێشبڕكێی لەشجوانیدا چەند جارێك پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە. شێخ ئەنوەر هاوڕێییەكی دڵسۆز‌و سەرڕاستی كتێب بووە‌و بەشێكی زۆری تەمەنی لەگەڵ كتێب‌و كتێبخانەكەیدا بردۆتە سەر‌و لەسەر ئەركی خۆشی چەندین كتێبی بۆ ئەدیب‌و نووسەران چاپكردووە.

ئەم شاعیرە ناودارەی كوردستان لەرۆژی 19ی شوباتی 2006 بۆ دواجار چاوەكانی لێكناو چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە‌و لەگردی شێخ مارفی نۆدێی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.

دروودی رێز‌و وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی ئەم شاعیرە بەهەڵوێستەی كوردستان.

سەرچاوە:
دیوانی شێخ ئەنوەر- هەناسەی خەم، كۆكردنەوە‌و ساخكردنەوەی فوئاد محەمەد ئەمین سەراج-چاپی یەكەم، ساڵی 2009

خەلیل عەبدوڵڵا

 75 جار بینراوە