سەرەکی » زانست » خواست لەسەر شەربەتی سروشتی میوە زۆرەپەڕە 3

خواست لەسەر شەربەتی سروشتی میوە زۆرە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

لەگەڵ زۆربوونی میوە و هەرزانبوونی نرخەكەی لەكوردستان و هەروەها هێنانی رێژەیەكی زۆر لە سنوورەكانەوە، خواست لەسەر شەربەتی سروشتی میوە زۆربووە، جگە لەساردەمەنیەكان بەشێكی زۆر لە خێزانەكان لەماڵەوە ئاوی میوە لە جیاتی میوەكە خۆی ئامادەدەكەن، بەتایبەتی میوەكانی پرتەقاڵ و هەنار و مۆز و كاڵەك و قەیسی و كیوی و ئەنانانس و هەنجیر و چەندانی دیكە، رێنماییەكانی پزیشكان و لایەنی تەندروستی زیاتر هانی خواردنەوەی شەربەتی سروشتی داوە لە شەربەتی دروستكراو، ئەمەش وایكردوە ساردەمەنی و شوێنی تایبەت لەتەنیشت دوكانەكانی شەربەتی دەستكرد بكرێتەوە.

سەرهەنگ كەمال خاوەنی یەكێك لەساردەمەنییەكانی شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەشی زۆری ئەوانەی سەردانمان دەكەن داوای شەربەتی سروشتی دەكەن، چونكە ئەوان دەڵێن سرووشتیە و سوودی زیاترە لەوانەی بە تام و شەكر و رەنگ دروست دەكرێت، ئێمەش زۆربەی میوەكانمان لەلا هەیە و بەئامێری تایبەت ئاوەكەی دەگوشین.

وتیشی: ئەو میوانەی بۆ شەربەتی سروشتی سودی لێوەردەگرن زیاتر بەرهەمی هاوردەكراوە، وەك مۆز و پڕتەقاڵ و هەنارو كیوی و ئەناناس و لیمۆو زۆری تر، چونكە بەهۆی هەرزانییەكەی رێژەیەكی زۆری لەدەرەوە هاوردە دەكرێت، هەروەها لە هەموو وەرزێك هەیە، لەبارەی نرخەكانیش بۆ هەر بەرداخێك شەربەت هەزار دینار بۆ هەندێكی تریان دوو هەزار وەردەگرن.

خاوەنی ئەو ساردەمەنیە ئاماژەی بەوەشكرد: راستە كاتی هاوین و ئەو كاتانەی كەش و هەوا ئاساییە خواست لەسەر شەربەت زیاتر هەیە، بەڵام لەوەرزەكانی دیكەش بازاڕمان هەیە، بەتایبەتی هەندێك كەس تەنیا وەك خواردنەوە سەیری ناكات بەڵكو پێیوایە شەربەتی میوەی سروشتی دەرمانە و چارەسەرە بۆ هەندێك نەخۆشی.

هەڵگورد قادر خاوەنی دوكانی ساردەمەنیەكی دیكەیە لە هەولێر وتی: لەلای ئێمە گەنجان زیاتر داوای شەربەتی دروستكراو دەكەن، كەمتر بەلای شەربەتی سروشتیدا دەچن، بەڵام ئەوانەی بەتەمەنن یان بە خێزانەوە دێنە لامان شەربەتی سروشتی دەخۆنەوە، زیاتر پڕتەقاڵ و مۆز داوا دەكرێت، هاوینەكەشی كاڵەك (گندۆرە)خواستی زۆری لەسەرە.

وتیشی: هۆكاری زیادبوونی خواست لەسەر شەربەتی میوەی سروشتی یان هەر خواردنێكی دیكەی سروشتی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە خەڵكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر گوێ لە سوودەكانی بەرهەمە سرووشتیەكان و زیانەكانی بەرهەمی دەستكردن دەگرن، زۆر لە پزیشكان لەبەرنامە و پەیجی تایبەتی خۆیان رۆژانە رێنمایی لەو جۆرە بڵاو دەكەنەوە، بەتایبەتی ئێستا بەرهەمەكانی سەزە و میوە بەراورد بەساڵانی پێشتر زۆرە و نرخەكەی هەرزانە، بۆیە خەڵكی فریای ئەوە ناكەوێت وەك میوە بیانخوات ، بەڵكو زیاتر دەكات بە شەرەبەت.

پزیشكان رایدەگەیەنن خواردنی میوە باشترە لەوەی بكرێتە شەربەت و بگوشرێ، لە هەمانكاتدا پێشیانوایە خواردنەوەی شەربەتی سروشتی یان میوەی گوشراو لە رووی تەندرووستیەوە زۆر باشترە لە شەربەتی دەستكرد، هاوكات پاكوخاوێنی و كوالێتی میوەكە لەكاتی ئامادەكردنی شەربەتی سروشتی بە مەرجی سەرەكی خواردنەوەی ئەو جۆرە شەربەتانە دەزانێ.

دكتۆر خاڵس قادر پزیشكی نەخۆشیەكانی دڵ و هەناو بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەڵێ شەربەتی سروشتی یان گوشراوی میوە زۆر باشترە لە شەربەتی دەستكرد، چونكە ئەو جۆرە شەربەتانە رێژەیەكی زۆری شەكرو رەنگی تێدەكرێت ئەوەش زیانی تەندروستی زۆرە، هەروەها هەندێكێكی تر لەو شەربەتانەی هاوردە دەكرێن یان لە قوتونراون مادەی پارێزگاری(حافیزە)ی تێدایە ئەویشیان زیانێكی دیكەیە .

وتیشی: دووپاتی دەكەینەوە جگە لەو شەربەتانەی لە میوەی سروشتی ئامادەدەكرێت ئەوانی تر هەموویان زیانەكەیان زۆر زیاترە لە سوودەكانیان، بەجۆرێك هەموو جۆرەكانی شەربەتی دەستكرد لە لایەنی تەندروستیەوە پەسندنین، واباشترە خۆمان لێی بەدوور بگرین و نەیخۆینەوە.

دكتۆر خاڵس قادر هەروەها وتی: راستە شەربەتی میوەی سروشتی بەسوودە، بەڵام گرنگە رەچاوی پاكوخاوێنی بكرێت لەكاتی ئامادەكردنی و دەبێ سەلامەت بێ، چونكە ئەگەر دڵنیانەبین لە پاكو خاوێنیەكەی ئەوا سەلامەت نیە.

ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لەلایەنی پاكوخاوێنیەكەی زۆر خواردنەوەی میوەی گوشراو ئەویش تەندروست نیە، وەك لایەنی تەندروستی بەباشی نازانین، چونكە پێمانوایە ئەگەر بمانەوێ سودی زیاتر بەلەشی مرۆڤ بگەیەنێ خواردنی میوەكە باشترە لەوەی بكرێتە شەربەت، بەو پێیەی میوە كۆمەڵێك ریشاڵی تێدایە سوودی زیاتر بە لەشی مرۆڤ دەگەیەنێت لەوەی بكوشرێت و تەنیا ئاوەكەی بخورێتەوە.

 362 جار بینراوە