سەرەکی » ئاراستە » کچێک گرووپێکی خوێندنەوەی کتێبی ئینگلیزی دادەمەزرێنێت

کچێک گرووپێکی خوێندنەوەی کتێبی ئینگلیزی دادەمەزرێنێت

ئا: رێزان محەمەد

کچێک گرووپێکی خوێندنەوەی کتێبی ئینگلیزی دادەمەزرێنێت و ٣٦ ئەندام لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، ئەو کچە دەیەوێت لە ڕێگەی کتێبی ئینگلییزیەوە لایەنی مەعریفەی گەنجان بەهێز بکات و فێری زمانی ئینگلیزیان بکات.

سارا بورھانی تەمەن٢٢ ساڵ، ئەو کچە بە توانا و چالاکەیە کە لە ١٢ی ئابی٢٠١٧ گرووپی (Youth Reading Group) واتە (گروپی خوێندنەوەی لاوان )ی دامەزراند و دەیان کوڕ و کچی خوێنەری لە دەوری خۆی کۆکردەوە.
سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی گرووپەکە سارا بۆ ژنۆرناڵ وتی:لە ئێستادا کۆمەڵێک گرووپی خوێندنەوەی زۆر ھەیە بە زمانی کوردی ئێمە ویستمان شتێک بکەین، کە جگە لە بەھێزکردنی لایەنی مەعریفەی خوێنەر گرنگی بە زمانی ئینگلیزیش لەگەڵ خوێندنەوەکەدا پەرەی پێبدرێت تا تاکی کورد بتوانێت ھەم ببێتە خوێنەری کتێبی ئینگلیزی ھەم بتوانێت بە زمانێکی جیاواز لە زمانی دایک توانای قسە کردنی ھەبێت.
گروپەکە کار لەسەر فێربوونێکی جدی زمانی ئینگلیزی ناکات بەڵکو زیاتر کار لەسەر بەرەو پێشبردنی خوێندنەوەی کتێبی ئینگلیزی و قسە کردن بە زمانی ئینگلیزی دەکات.
لە ئێستادا گرووپەکە ٣٦ ئەندام لە خۆدەگرێت، کە ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ تێیدا ئەندامن، سارا دەشڵێت: ڕێژەی بەشداربووانی ڕەگەزی مێینە زیاترە لە ڕەگەزی نێرینە، خۆشبەختانە دایک ھەیە ئامادەیی ئەوەی تیابووە ببێت بە ئەندام لە گرووپەکە تا لایەنی زمان و مەعریفەی خۆی بەھێز بکات، هەروەها ئەندامەکانیشمان هەیە خوێندکارە، هەیە دەرچوی جیۆلۆجی یان یاسا یان زمانی ئینگلیزی یان بەشێکی دیکەیە.
کۆبوونەوەی گرووپەکە ھەفتانەیە و تەنھا لە ڕۆژانی شەممان دا لە ناوەندی سارا کۆبوونەوە دەکەن.
سارا ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات: ئەو کتێبانەی دەخوێندرێتەوە بە شێوەیەکی گشتی لە چیرۆک و ڕۆمان پێک دێت، چونکە چیرۆک و ڕۆمان زمانێکی سادەی ھەیە بۆ ئەوەی بە ئاسانی خوێنەر بتوانێت لێی تێبگات و وێنای بکات.
ئەو کچە چالاکە، دەشڵێت: گەشتی شاخیش دەکەین و کردوومانە بە بەشێک لە چالاکی گرووپەکەمان بۆ ئەوەی ئەندامەکان بەردەوام لە ناو پەرتووک خانە و شوێنێکی داخراودا نەبن، بۆ فراوان کردنی مێشکیان پێویستیان بە تێکەڵ بوونە لەگەڵ سروشت، هەروەها لە داھاتووشدا پڕۆژەی زانستی و خێرخوازیمان بە دەستەوەیە.
ڕوشدی بابانی تەمەن ٢٢ ساڵیش یەکێکە لە گەنجە بەشداربووەکانی گروپەکە دەرچووی بەشی جیۆلۆجی لە زانکۆی سلێمانی بۆ ژنۆرناڵ دەڵێت:سەرەتا لە ڕێگەی ھاوڕێیەکمەوە ئاشنای گروپەکە بووم، بیرۆکەکەم بەلاوە باش و ناوازە بوو، کارەکە چ لەلایەن کچ بێت یاخود لەلایەن کوڕەوە بێت کارێکی جوانە و جێگەی دەست خۆشییە، ئەم جۆرە گروپانە سود بە چینی گەنجان دەگەیەنێت و کاتە بەتاڵەکانیان بە شتی بەسود پڕدەکاتەوە لە کتێبخانە و خوێندنەوەی کتێبدا، هەروەها لەم گرووپەدا گرنگی دان بە زمانێکی جیھانی کە لە ڕۆژگاری ئێستاماندا وەک پێویستییەک سەیری دەکرێت گرنگیەکی دیکەیی ئەم گرووپەیە.
لەم گرووپەدا بانو عومەری تەمەن٢٠ ساڵ کە خوێندکاری کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بە چۆنیەتی بەشدار کردنی بۆ ژنۆرناڵ دەڵێت: سەرەتا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتی یەکانەوە ئاگاداری ئەم گروپە بووم ، پیلان و شێوازی گروپەکە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش دانرا بوو، کە ھەم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی بوو ھەم بۆ خۆشویستنی کتێبیش بوو.
سودێکی گەورەم لەم گرووپە بینیوە، بەڕاستی جێگەی خۆشحاڵی یە کە لە ئێستادا دەبینین خانمان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵ دەگێڕن لە پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردیدا، وە جێگەی بایەخە کە خاتونێک ھەستاوە بە ڕێکخستنی ئەم گروپە کە ئەمە ڕێگا خۆشکەرە بۆ ژنانی دیکە کە بیانەوێت کاری لەم جۆرە ئەنجام بدەن و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا فراوانتر ببێت.

 557 جار بینراوە