سەرەکی » وەرزش » دوای 70 رۆژ به‌ به‌له‌مێكی بچووك زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی بڕی

دوای 70 رۆژ به‌ به‌له‌مێكی بچووك زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی بڕی

زیرك بۆسای ئه‌فریقای باشووری توانی به‌ به‌له‌مێكی بچوك و له‌ رێگه‌ی‌ سه‌وڵ لێدانه‌وه‌ ماوه‌ی 7 هه‌زار و 200 كیلۆمه‌تر له‌نێوان شاری كیپ تاون و ریۆ دی جانیرۆ ببڕێت و ریكۆردێكی نوێی جیهانی تۆماربكات.

دوای 70 رۆژ له‌ ده‌ستپێكردنی گه‌شته‌كه‌ی‌ له‌ شاری كیپ تاونی ئه‌فریقای باشوور زیرك بۆسا دواجار به‌ رووخسارێكی جیاواز و جه‌سته‌یه‌كی لاوازه‌وه‌ گه‌یشته‌ شاری ریۆ دی جانیرۆ و ریكۆردێكی جیهانی نووسییه‌وه‌و بووه‌ یه‌كه‌م ده‌ریاوان به‌ ته‌نها زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی ببڕێت.

زیرك به‌ به‌له‌مێكی بچووك گه‌شتی كرد كه‌ خۆی دروستی كردبوو، له‌ته‌واوی گه‌شته‌كه‌شی هیچ كه‌سێك یارمه‌تی نه‌داوه‌و ئه‌و به‌له‌مه‌ش بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ دوو مانگ ماڵی بوو.

زیركی ته‌مه‌ن 59 ساڵ ماوه‌ی دوو ساڵ ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و سه‌ركێشییه‌ كردبوو، رۆژی 5/12ی ساڵی رابردوو ده‌ستی به‌ گه‌شته‌كه‌ی‌ كرد و دواجاریش رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو گه‌یشته‌ شاری ریۆ دی جانیرۆ.

دوای پشوودانیش زیرك قسه‌ی بۆ راگه‌یاندنه‌كان كردو وتی: كاتێك ده‌ستم به‌ ئاماده‌كاری كرد بۆ ئه‌م سه‌ركێشیه‌ زۆر كه‌س ده‌یانه‌وت شێتی، به‌ڵام من به‌ سه‌ركه‌وتن له‌م گه‌شته‌دا ده‌مه‌وێت هانی هه‌مووان بده‌م خه‌ون ببینن و هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانیان بده‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ كه‌سێك ساردیان بكاته‌وه‌ چونكه‌ ژیان سه‌ركێشیه‌كی گه‌وره‌یه‌.

زیرك ئاماژه‌ی به‌وه‌دا رۆژانه‌ی‌ ماوه‌ی‌ 14 سه‌عات سه‌وڵی لێداوه‌ و هه‌ندێك كاتیش به‌هۆی خراپی كه‌ش و هه‌وا نه‌یتوانیوه‌ هیچ شتێك بكات.

 153 جار بینراوە