سەرەکی » هەمەڕەنگ » گۆڵدن گڵۆپ رێزی لە جین فۆندا نا

گۆڵدن گڵۆپ رێزی لە جین فۆندا نا

لە رۆژانی رابردوودا مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆپ بەڕێوەچوو، هەرچەندە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان زۆرێک لە چالاکییە هونەریی و فێستیڤاڵە هونەرییەکان راوەستان، بەڵام رێکخەرانی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆپ بڕیاریاندا ئەو بۆنە هونەرییە جیهانییە بەڕێوەببەن، بەڵام بە پەیڕەوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و بانگهێشتکردنی کەمترین میوان لەم مەراسیمەدا (جین فۆندا) خانمە ئەکتەری دیاری سینەمای جیهان یەکێک بوو لە بانگهێشتکراوەکان و خەڵاتی «سیسل بی» فەخری پێبەخشرا. بەخشینی ئەم خەڵاتە لەبەرامبەر تەمەنێک کارکردنی ئەم خانمەیە لەبواری هونەر و سینەمادا، لەکاتی بەخشینی خەڵاتەکەشدا سەرجەم ئامادەبووانی مەراسیمەکە هەستانە سەرپێ و چەند دەقیقەیەک بەچەپڵە پێشوازییان لە «جین فۆندا» کرد. لەبەرامبەردا «فۆندا» لەوتەیەکی کورتدا سوپاسی رێکخەرانی مەراسیمەکە و ئامادەبوونی کرد بۆ ئەو رێزەی لێیان ناوەو وتی: ئەم خەڵاتە بەلای منەوە شتێکی گەورەیە، بەردەوامیش چیرۆکە جیاوازەکان دەبیستین کە پەیوەندییان بە ژیانمانەوە هەیە، هەمیشە گێڕەرەوەی چیرۆکەکان هەموو تەنگانەکان تێدەپەڕێنن وەک ئەو تەنگانەیەی ئێستا دنیای گرتۆتەوە، بۆیە چیرۆکەکان دەتوانن گۆڕانکاریی لە دڵ بیرکردنەوەماندا دروست بکەن بۆئەوەی لەکاتە سەختەکاندا هاوکاریی یەکتر بکەین دواجار هەموومان مرۆڤین.

«جین فۆندا» ساڵی 1937 لە دایکبووە، لەژیانی هونەریدا چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتەکانی ئۆسکار، خەڵاتی بافتا، گۆڵدن گڵۆپ، ئیمی، خەڵاتی پەیمانگەی فیلم لەئەمریکا، هەروەها خەڵاتی فەخری ورچی ئاڵتونی.

 551 جار بینراوە