سەرەکی » راپۆرت » نەوەی دوای راپەڕین، ئاگاداری مێژوون و بە گلەیین لە گوزەرانی هاووڵاتیان

نەوەی دوای راپەڕین، ئاگاداری مێژوون و بە گلەیین لە گوزەرانی هاووڵاتیان

ئەسرین محەمەد

سەربەست کوڕێکی 18 ساڵە، هەموو ساڵێک رۆژی پێنجی ئادار یادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان باوکی لەگەڵ خوشک و براکانی تری دەیانبات بۆ سەر گۆڕی مامەکانی لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی، کە لە شەڕی دژ بە رژێمی بەعسدا شەهیدبوون.

سەربەست محەمەد نەوەی دوای راپەڕینە و بۆ یەکەمجار لەسەر گۆڕی مامەکانی و لە رێگەی باوکییەوە ئاشنای راپەڕینی ساڵی 1991 و رووداوەکانی پێش ئەو مێژووە بووە و دەڵێت:» راپەڕین واتا پێشمەرگەو شەهیدبوون قوربانیدانی نەوەکانی پێشوو بۆ ئەوەی ئێمە بە ئازادی بژین».

30 ساڵ بەسەر راپەڕینی ئازاری ساڵی 1991دا تێپەڕ دەبێت دژ بە رژێمی بەعس ئەو نەوەیەی لە دوای ئەو رووداوە مێژووییەی گەلی کورد لەدایکبوون بەشێکیان بەو پێیەی کچ و کوڕی شەهیدن و بەشێکی تریشیان بەهۆی کەسوکاریانەوە جا پێشمەرگە بوووبن یان بە هەر شێوەیەکی تر بەشداربووبن لە دروستکردنی ئەو مێژووەدا باسیان لە رۆژی راپەڕینەکەو ساڵەکانی پێش راپەڕینیان بۆ نەوەکانیان گێڕاوەتەوە و ئێستا پێی ئاشنان و بەم شێوەیە باسی راپەڕینەکە دەکەن.

کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی راپەڕینی کرد
شەنگە کارزان 21 ساڵ:» پێش راپەڕینەکە هاووڵاتیان لە ئاسایش و ئارامیدا نەژیاون لەبەر ئەوەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە تووشی توندوتیژی بوون، بەڵام کورد دەیویست چیتر بێگانە حوکمی نەکات و ئارامی و ئاسایش و ئازادی بەدەست بێت لە وڵاتدا».

داستان عەلی 20 ساڵ:» راپەڕین هەوڵی کورد بوو بۆ رزگاربوون لەدەست زوڵم و زۆرداری».

دابان زانا 25 ساڵ:» کتێبی (نامەکان لە زیندانەوە)م خوێندووەتەوە، سەدان نامەی ئەو گەنجانەی تێدایە کە لەپێناوی ئێمە لە گرتووخانەکانی رژێمی بەعسدا چاوەڕێی پەتی سێدارە بوون بە راستی غەدر لە شەهیدەکان دەکەین ئەگەر دەسکەوتی راپەڕین نەپارێزین، هەرچەندە رۆژی راپەڕینەکەم نەبینیوە، بەڵام وەک رێزێک بۆ خوێنی ئەو شەهیدانە راپەڕین پیرۆزە لەلام».

ئازاد بەختیار 27 ساڵ:» راپەڕین واتا ئەو شەوانەی دایکم خەوی ناخۆش دەبینێت و کە خەبەری دەکەینەوە دەڵێت، ملازم موحسین هاتبووە سەرمان و ئێمەش رامان دەکرد».

بەشێک لە گەنجان ناڕازین لە دەسکەوتەکان
ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانمان دواند کە دوای راپەڕین لەدایکبوون بەشێکی کەمیان ئاگاداری ئەو مێژووە نەبوون و هیچیان لە بارەوە نەدەزانی، بەشێکیشیان لە رێگەی خوێندن لە قوتابخانە و تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیاو زنجیرە دراماکانەوە زانیارییان لە بارەی راپەڕینەوە وەرگرتووە، ئەوە جگە لەوەی بەشێکی زۆریان ئاگاداری خەباتی کورد و رۆژی راپەڕین بوون و گلەییان لە دۆخ و گوزەرانی خۆیان وەک گەنج و کۆی هاووڵاتیان هەیە.

دالیا نوری تەمەن 26 ساڵ :» راپەڕین هەوڵی هەموو کورد بوو بۆ رزگاربوون لە ستەم و زۆرداری، بەڵام بەرهەمەکەی بەرپرسەکان خواردیان».

ئارام یاسین گەنجێکی تەمەن 29 ساڵە پێی وابوو راپەڕین گەندەڵی و نایەکسانی دروستکردووە و وتی:» راپەڕین هەندێک کەسی گەیاندووەتە ئاسمان و خەڵکە گشتییەکەشی برسی و بێ دەسەڵات کردووە».

ئەڤین کاروانی 28 ساڵیش باسی لەوەکرد راپەڕین کراوە لە پێناوی پاراستنی شکۆی هەموو کورد و ئەو خەباتە کراوە بۆ ئەوەی هەموان یەکسان بین لە ئەرک و مافدا و وتی:» ئەوەی دەیبینین کۆمەڵێک قازانجیان لە راپەڕین کردو هاووڵاتیانیش تەنها قوربانیدانیان بۆ مایەوە».

زوهرە عەلی 25 ساڵیش لەگەڵ ئەوەی راپەڕینی بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی کورد دەزانی بۆ ئازادبوون، بەڵام پێی وابوو ئەو دەستکەوتە بە باشی بەکارنەهێنراوە و وتی:» هاووڵاتیان بوونەتە دیلی دەستی دەسەڵاتداران و وایکردووە بەشێک لە کەسەکان ئاوات بە
رابردوو بخوازن».

نەوەی دوای راپەڕین داوای خزمەتگوزاری دەکات
بەشێک لە لەدایکبووانی دوای راپەڕینیش تەنها چاویان لەسەر رەخساندنی هەلی کار و پێشکەشکردنی زۆترین خزمەتگوزارییە پیشکەشیان بکرێت.
کەوسەر زانا 21 ساڵ:» زۆر دەربارەی راپەڕین نازانم، بەڵام ئەوەی لە خەڵکەوە دەیبیستم دەسکەوتەکەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بەکار نەهاتووە».

سیما رەسوڵ 24 ساڵی لەگەڵ ئەوەی دەسخۆشی هەبوو بۆ قوربانیدانی رابردوو وتی:» ئەوەی بۆ منی دەرچووی زانکۆ گرنگە دەسکەوتنی کارێکی باشە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆم بوەستم و دەستم ناکەوێت».

کامەران مەحمود گەنجێکی 26 ساڵی سایەق تەکسی بوو وتی:» راپەڕینی چی رەوایە دوای 30 ساڵی لە حوکمڕانی کوردی ئەوە شەقامەکانی بێت».
ماکوان عومەر 24 ساڵیش پێی وابوو ئەم وڵاتە پڕە لە گەندەڵی و بێکاریی و کەمی خزمەتگوزاری لە هەموو بوارەکاندا.

کارێز جەمالی 20 ساڵیش وتی:» ئەوەی بۆم گرنگە وڵاتێکی خۆشگوزەرانە ئەگەر یاسا تیایدا سەروەر بێت و داهاتەکان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بەکاربهێنرێت بە ئاسانی پێی دەگەین».

30 ساڵ بەسەر راپەڕینی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕی بۆ رزگاربوون لەدەست زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس و ئازادبوون، نەوەی دوای راپەڕین تەنها دەستخۆشییان هەیە بۆ ئەو مێژووە و ئەوەی دەیانەوێت داواکاری ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییە هاوشێوەی وڵاتانی تر.

فۆتۆ: ڤینۆس تۆفیق

 588 جار بینراوە