سەرەکی » وەرزش » كه‌ی هازارد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
MALAGA, SPAIN - JANUARY 14: Eden Hazard of Real Madrid in action during the Supercopa de Espana Semi Final match between Real Madrid and Athletic Club at Estadio La Rosaleda on January 14, 2021 in Malaga, Spain. (Photo by Fran Santiago/Getty Images)

كه‌ی هازارد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئیدین هازاردی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید تێده‌په‌ڕێت، كه‌چی ئه‌و یاریزانه‌ هێشتا كێشه‌ی جه‌سته‌یی و ماسولكه‌یی هه‌یه‌و به‌هۆیه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی‌ ده‌ربكه‌وێت.

هازارد ساڵی رابردوو نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی له‌ شاری دالاسی ویلایه‌تی تكساسی ئه‌مریكا بۆ ئه‌نجامدراو چاوه‌ڕێ ده‌كرا ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ كۆتایی نه‌هامه‌تیه‌كانی ئه‌و یاریزانه‌ بێت به‌ده‌ست پێكانه‌وه‌.

ئه‌و كات هازارد نه‌شته‌رگه‌ری گۆڕینی پارچه‌یه‌ك ئاسنی له‌ ناو ئێسقانه‌كانی قاچی بۆكرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ یارییه‌كی خولی ئیسپانیا توشی پێكان هاتبوو، پێش ئه‌وه‌ش ئه‌و یاریزانه‌ به‌هۆی كێشه‌ی جه‌سته‌یی 16 یاری دابڕابوو.

هازارد له‌ یه‌كه‌م وه‌رزی له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ شاهانه‌ شكستی هێنا له‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش ده‌ربكه‌وێت، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ به‌ زیاتر له‌ 100 ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌كه‌وه‌ كردبوو له‌ رێگه‌یشیه‌وه‌ ببووه‌ گرانترین بۆند له‌ مێژووی یانه‌كه‌دا.

هازارد ئه‌و كات یه‌كه‌م وه‌رزی به‌ وه‌رزی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ ناوبرد و هیوای ئه‌وه‌ی‌ ده‌خواست وه‌رزی دووه‌م باشتر بێت، كه‌چی وه‌رزی دووه‌میش به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه‌و كێشه‌كانی ئه‌و ئه‌ستێره‌ به‌لژیكییه‌ درێژه‌یان هه‌یه‌.

هازارد ئه‌م وه‌رزه‌ 5 كێشه‌ی هه‌بووه‌، له‌نێویاندا 3 كێشه‌یان پێكانی ماسولكه‌یی بووه‌و له‌گه‌ڵیشدا توشی كۆرۆنا بووه‌ و به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ له‌ 20 یاری یانه‌كه‌ی‌ بێ به‌ش بووه‌.

هازارد ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شداری له‌ 631 ده‌قیقه‌ كردوه‌ كه‌به‌سه‌ر 13 یاری دابه‌ش ده‌بێت و 3 گۆڵیشی كردوه‌، ئه‌و ژمارانه‌ش بۆ یاریزانێك كه‌ گرانترین بۆندی یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید بێت زۆر خراپن.

هازارد ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌ یارییه‌كانی یانه‌كه‌ی‌ دابڕاوه‌و ماوه‌یه‌كیش به‌ر له‌ ئێستا ده‌ستی به‌ راهێنان كردۆته‌وه‌و هیوایه‌كی زۆر هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری دێربی مه‌درید بكات كه‌ دوێنی به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ یارییه‌كه‌ هه‌ستی به‌ ئازار كردوه‌ له‌ شوێنی پێكانه‌ كۆنه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ پزیشكانی یانه‌كه‌ چاره‌سه‌ری نوێی بۆ دابنێن و په‌له‌ نه‌كه‌ن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ناو یاریگا.

دوای نوێبوونه‌وه‌ی‌ پێكانه‌كه‌شی دیار نییه‌ هازارد كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و پزیشكانیش هیوا ده‌خوازن ئه‌و یاریزانه‌ بتوانێت چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ئێلچی رۆژی 13ی ئه‌م مانگه‌ یاری بكات.

 357 جار بینراوە