سەرەکی » دۆسێ » شازادە ملیاردێرەكەی سعودیە ئازاد دەكرێت

سەودای لەگەڵدا كراوە

شازادە ملیاردێرەكەی سعودیە ئازاد دەكرێت

دوای دوو مانگ لە دەستگیركردن و دەستبەسەركردنی لە هۆتێلی «ریتز كارڵتۆن» لە ریازی پایتەخت، «شازادە ملیاردێرەكەی سعودیە ئازاد دەكرێت و سەرچاوەیەكی باڵای حكومەت سعودیە باس لەوە دەكات كە بن تەڵاڵ لە ئەنجامی سەرگرتنی ئەو سەودایە ئازادكراوە كە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیدا ئەنجامیداوە.
لە 27ی كانوونی دووەمی 2018، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری خانەوادەی شازادە وەلید بن تەڵاڵ ملیاردێری گەورەی سعودیەوە بڵاویكردبۆوە كە بن تەڵاڵ پاش ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی دژ بە گەندەڵی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە دەستگیركرابوو، ئازادكراوە.
دوابەدوای ئەوەش، سەرچاوەیەكی باڵای حكومەتی سعودیە، تەئیكدی لەسەر ئازادكردنی وەلید بن تەڵاڵ كردەوە و رایگەیاندبوو» بن تەڵاڵ لەئەنجامی ئەو سەودایەی لەلاگەڵیدا گەیشتۆتە ئامانج ئازاد كراوە»، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی زیاتر لەو بارەیەوە بڵاوبكاتەوە.
سەرچاوەكان لە زاری خانەوادەی ئەو شازادە ملیاردێرەی سعودیەوە بڵاویانكردبۆوە»بن تەڵاڵ لە 27ی كانوونی دووەمی 2018 و لە پاش دوو مانگ لە دەستبەسەركردن، ئازادكراوە و گەیشتۆتەوە ماڵەكەی خۆی».
بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادكردنەكەی بن تەڵاڵ دوای ماوەیەكی كەم بوو لەو دیمانەیەكی لەگەڵ ئاژانسی «رۆیتەرز» لە هۆتێل «ریتز كارڵتۆن» لە ریاز كە تێیدا پێشبینی كردبوو بێتاوان دەربچێت لەبەرانبەر ئەو سەرپێچیانەی رووبەڕووی كرابوونەوە، ئاماژەی بە ئازادبوونیشی كردبوو لە ماوەی چەند رۆژێكدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی سعودیەوە بە ئاژانسی «فرانس پرێس»ی راگەیاندبوو»ئازادكردنی ئەو شازادەیە، دوای سەرگرتنی ئەو سەودایە بووە كە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعودیە بە ئەنجام گەیشت»، بێ‌ ئەوەی سروشتی سەوداكردنەكە دیاریی بكات.
سەرچاوەكە كە نەیویستبوو ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاندبوو»لە 27ی كانوونی دووەمی 2018 داواكاریی گشتی سعودیە رازیی بوو بەو سەودایەی لەگەڵ شازادە وەلید بن تەڵاڵ ئەنجامدرا، بۆیە بن تەڵاڵ هەر لەو رۆژەدا ئازادكرا و گەڕایەوە ماڵەكەی خۆی».
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە» گومانی تێدا نییە، سەوداكردن بەبێ‌ سەرپێچی نابێت، سەوداكانیش بەبێ‌ دانپێدانانی تۆمەتبار و دۆكۆمێنتكردن و بەڵێندان بە دووبارەنەكردنەوەی ناكرێن، ئەمەش پرەنسیپێكی گشتییە لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە كێشەی گەندەڵیدا تێوەگلان و لەم ماوەیەی دواییدا دەستگیركران».
سەرچاوەكە دەڵێت»مافی من نییە وردەكاریی لەسەر سەوداكردنەكان و شتەكانی تر بخەمەڕوو».
سەبارەت بەو كۆمپانیا داراییەی وەلید بن تەڵاڵ خاوەنداریی دەكات لەگەڵ پرۆژە زەبەلاحەكانی، سەرچاوەكە باسی لەوەكرد كە بۆ خاوەنەكەیان دەمێننەوە.
شازادە وەلید بن تەڵاڵ و دەیانی تر، لە چوارچێوەی پلانێكی محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە كە مەبەست لێی توندكردنی جڵەوی دەسەڵات بوو لە چنگی خۆی و بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی بوو لە وڵاتەكە، دەستگیركران.
لەیەكەم دیمانەی رۆژنامەوانیشدا كە لەلایەن ئاژانسی «رۆیتەز» لەگەڵیدا ئەنجامدرابوو، وەلید بن تەڵاڵ پێداگری لەسەر بێتاوانی خۆی لە تێوەگلانی لە گەندەڵیدا كردبۆوە، پێشبینیشی كردبوو هەموو ئەو كۆمپانیا و پرۆژانەی لە دەستدا بمێنێتەوە كە خاوەندارییان دەكات و رەتیكردبۆوە بۆ حكومەت سازشیان لەسەر بكات.

محەمەد بن سەلمان و هەڵمەتەكانی چاكسازیی لە سعودیە

لە مانگی تشرینی دووەمی 2017، لیژنەی باڵای بنەبڕكردنی گەندەڵی لە سعودیە، ژمارەیەك میر و وەزیری پێشووی دەستبەسەركرد.
ناوی ئەو كەسانەی دەستبەسەركران رانەگەیەندراوە، و هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمیش لەبارەی هۆكاریی دەركردنی ئەو بریارەوە نەخرابووەڕوو، بەڵام كەناڵی (العربیە)ی سعودیە رایگەیاندبوو كە لێكۆڵینەوە نوێیەكان لەبارەی لافاوەكەی ساڵی 2009ی جدەوە هەڵدراونەتەوە و لێكۆڵینەوەش لەبارەی پرسی نەخۆشی كوررۆناوە دەكرێت كە لە ساڵی 2012دا لە وڵاتەكە بڵاوبۆوەوە.
كەناڵەكە ئاماژەی بە دەستبەسەركردنی 11 میر و دەیان وەزیری پێشوو و 4 وەزیری ئێستا كردبوو.
ئاژانسی رۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسێكی باڵای وڵاتەكەوە بڵاویكردبۆوە كە شازادە وەلید بن تەڵاڵ خاوەنی كۆمپانیای (المملكە القابچە) لەنێوان دەستبەسەركراوەكاندایە.
ئەو بەرپرسە كە لەو دەمەدا ناوی خۆی ئاشكرا نەكردبوو بە رۆیتەرزی رایگەیاندبوو»ئیبراهیم عەساف وەزیری دارایی پێشوو لەنێوان دەستبەسەركراوەكاندایە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت»، بەڵام وەك ئاژانسەكە ئاماژەی پێكردووە، نەتوانراوە سەرچاوەی تەواوەتی بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەو دۆسێیە دەستەبەربكرێت.
ئەو بڕیارە دوای تەنیا چەند كاتژمێرێك بوو لە دەرچوونی فەرمانێكی شاهانە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بەسەرۆكایەتی شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانە لەپێناو بەدواداچوون بۆ كێشەكانی دارایی گشتی و قەڵاچۆكردنی گەندەڵی لەو وڵاتە.
لە چوارچێوەی زنجیرەیەك رێوڕەسمی شاهانە كە لەلایەن شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیەوە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا دەركرا، هەردوو وەزیری پاسەوانی نیشتمانی و (ئابوری و پلاندانان) لە سعودیە لەسەركار لابران.
لە فەرمانە شاهانەكەدا هاتبوو كە میر متعب بن عەبدوڵڵا لە پۆستی وەزیری پاسەوانی نیشتمانی لادەبرێت و لە جێگەیدا خالید بن عەبدولعەزیز بن عەساف دەستبەكار دەبێت.
فەرمانە شاهانەكەی تریش بۆ لەسەركارلابردنی عادل فەقێ‌ وەزیری ئابوری و پلاندانان بوو كە لەجێگەیدا محەمەد تویجری دادەنرێت.
لەفەرمانێكی تردا، كۆتایی بە راژەی فەریق عەبدوڵڵا سوڵتان فەرماندەی هێزە دەریاییەكانی سعودیە هێنراوە و لەجێگەیدا فەریق غفیلی دەستنیشانكرابوو.
مەرسومە شاهانەكەی سعودیە كە ئاماژەی بە پێكهێنانی لیژنەی باڵای بنەبڕكردنی گەندەڵی كردبوو تێیدا هاتبوو»بە رەچاوكردنی ئەو تێبینیانەی لەسەر بەكارهێنانی سامانی گشتی هەیە لەلایەن هەندێن نەفس نزمەوە كە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان زاڵ كردووە بەسەر بەرژەوەندی گشتی و هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان بۆ دەستدرێژكردنە سەر سامانی گشتی و دزیكردن بەكارهێناوە و چەندان شێواز و رێڕەویان بۆ شاردنەوەی كارە نەشیاوەكانیان گرتۆتەبەر «.
ئەو لیژنەیە، سەرۆكی دەستەی چاودێری و لێكۆڵینەوە، و دەستی نیشتمانی بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی، و دیوانی چاودێری گشتی و دەزگای ئاسایشی دەوڵەت و داواكاری گشتی لەخۆگرتبوو.
مەرسومەكە، دەسەڵاتێكی تەواوەتی و بێ‌ هاوتای دابووە لیژنەكە «لە سیستم و رێكخستن و رێنماییەكان و فەرمان و بڕیارەكان».
هەر بەپێی مەرسومەكە»ئامانج لە پێدانی ئەو دەسەڵاتە، بۆ ئەوەیە لیژنەكە بتوانێت سەرپێچی و تاوانی ئەو كەس و قەوارانە گەمارۆبدات كە پەیوەندییان بە كێشەكانی گەندەڵی لە سامانی گشتیدا هەیە، و بۆ ئەوەیە بتوانێت لێكۆڵینەوە بكات و فەرمانی دەستگیركردن و رێگرتن لە سەفەركردنی گەندەڵكاران بگرێت، و تیمی پشكنین و لێكۆڵینەوەش پێكبهێنێت و رێوشوێنی پێویست لە دژی تێوەگلاوەكان لە كێشەكانی گەنەدەڵی لە سامانی گشتیدا بگرێتەبەر».
شازادە محەمەد بن سەلمان ئەو میرە لاوەی بووە جێنشینی شاهانە لە سعودیە، لەو دەمەی لە پۆستەكەیدا بەشێوەیەكی لەناكاو لە 21ی حوزەیرانی 2017 دەستنیشانكرا، هەوڵەكانی بۆ گۆڕانكارییەكی هەمەلایەنە لە بواری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە وڵاتەكەیدا خستەگەڕ.
پادشای سعودیە لە مانگی نیسانی 2017، زنجیرەیەك فەرمانی دەركرد بۆ گۆڕینی ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە كە لێوەی وەزیری رۆشنبیری و راگەیاندن و وەزیری خزمەتگوزارییە مەدەنییەكان و فەرماندەی گشتی هێزە وشكانییەكانی لەسەركارلابرد، پارێزگارێگی نوێشی بۆ دەستەی گشتی وەبەرهێنان دانا.
دوای ئەوەش شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای شانشینی عەرەبی سعودیە، لە 21ی حوزەیرانی 2017، شازادە محەمەد بن نایفی لە پۆستەكانی وەك جێنشین و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆ دوورخستەوە، لەجێگەیدا كوڕەكەی خۆی (محەمەد بن سەلمان)ی دەستنیشان كرد، فەرمانەكەش لە راگەیاندێكی دیوانی شاهانەی ئەو وڵاتە لەو دەمەدا بڵاوكرایەوە.
بەپێی فەرمانەكەی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، «محەمەد بن نایف لە سەرەتاوە لە پۆستی جێنشینی لابرا، پاشان لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆش دوورخرایەوە».
هەر بەپێی فەرمانە شاهانەكەی سعودیە، كوڕەكەی شا سەلمان ( شازادەمحەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز)ی تەمەن 31 ساڵ، كرایە جێنشینی نوێی شانشینی عەرەبی سعودیە.
بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لەلایەن ئاژانسی دەنگوباسی سعودیە لەو دەمەدا بڵاوكرایەوە،» ئەو فەرمانە دوای تاوتوێكردنی سیستمی بنەڕەتی حوكمڕانی و پشتیوانی و پشتگیریی زۆرینەی هەرەزۆری دەستەی بەیعەت، بۆ هەڵبژاردنی شازادە محەمەد بن سەلمان وەك جێشنینی شاهانە، دەرچوو».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*