سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » باشترکردنی گوزەران و پارێزگاری لە ئازادییەکان…

باشترکردنی گوزەران و پارێزگاری لە ئازادییەکان…

باشترکردنی گوزەران و پارێزگاری لە ئازادییەکان، زیندووڕاگرتنی رۆحی راپەڕینە

– 3 –

دوو دروشمی نان و ئازادیی کە هەمیشە وێردی سەر زمانی ئازادیخوازانی بزووتنەوەی نوێخوازی کوردایەتی و رۆشنفکران و نووسەران و رۆژنامەنووسانی کوردەواریی بووە، یەکێک بوو لە پاڵنەر و وروژێنەرەکانی کوردەواریی کە بەرنامەی راپەڕینی جەماوەریی گرێدراو بە خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی و پێشمەرگەیی خێراتر و گورجتر جێبەجێ بکەن.

راستە رژێمی بەعسی رووخاو لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ئازادیی سیاسی و رێکخراوەیی و هەر دەنگێکی ناڕازیی و رەخنەی تا ئاستی خنکاندن برد، سەرەڕای خەفەکردنی هەموو جووڵە و بزاوتێکی رووناکبیریی و فیکریش کە لە خولگەی بەرژەوەندیی و ئایدیای بەعسیزمدا نەسووڕێتەوە، ئەگەرچی ئەم هەموو خەفەکردن و خنکاندنەی ئازادییەکان بزاوتی ئازادیخوازیی تا رادەیەک بە ئاشکرا سست کرد، بەڵام هەرگیز لە زهنییەتی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕانی شاخ و شاردا چرای ویستی ئازادیخوازیی نەکوژایەوە و بەڵکو جامی رقی پیرۆزیان لەو نادادیی و نەبوونی ئازادییەوە هاتبووە لێوان، بەڵام هەمووان لە دەرفەتێکی گونجاو دەگەڕان کە ریزی ناڕازییەکان یەکگرتووتر و حەشاماتی ناڕازیی رێکخراوتر بێنە مەیدان، ئەوەبوو لێکەوتەکانی جەنگی داگیرکردنی کوێت ئەو کایەیە بوو کە ئیتر کەسێک کڵاوی لەسەردا نەما تا با نەیبات، بەڵکو ئابڵۆقەی ئابووریی وردە وردە خەڵکی هەموو لەدەوری دروشمە لە مێژینەکەی نان و ئازادیی کۆکردەوە و هەمووان تێگەیشتن، تا خنکاندنی ئازادییەکان بەردەوام بێت و هەمووان پێکەوە بەو رژێمە نەڵێن ستۆپ، کارەساتی گەورەتر چاوەڕوانیان دەکات، بۆیە ئەو خەباتە جەماوەرییە دەستە جەمعییە و ئەو رێکخراوبوونە لە ژێر ئاڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پلەی یەکەم و بەرەی کوردستانی، جامی رق و غەزەبی لە مێژینەی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانی بەسەر دەسەڵاتدارانی بەعسدا رژاند.

بێگومان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو ئازادیخوازانی گەلی کوردستان هەر لەسەرەتاوە لەو راستییە تێگەیشتوون کە هەردوو دروشمی نان و ئازادیی پێکەوە تەواوکەری بەدیهێنانی خواستی خەڵکە و هیچیان بەبێ ئەوی تر ناتوانن ببنە بنەمای حکومڕانییەکی تەندروست، مێژووی 30 ساڵی دوای راپەڕین ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت کە بەتایبەتی لە ساڵانی 2003 بەدواوە تا 2014 خەڵک لەڕووی ئابووریی و دارایی و جووڵەی بازاڕ و بژێوییەوە گرفتی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام هەمیشە رەخنەو گلەیی لە هەندێک لە دەسەڵاتدارانی سیاسیی و ئیداریی هەرێم هەبووە لەپای کپکردنی دەنگە ئازادەکان و بەدوژمن سەیرکردنی رەخنەگران، بۆیە ئێستا کە لەدوای ساڵی 2014 ەوە سیاسەتی مەدروسی برسیکردنی خەڵک و نامەدروسی ئابووریی سەربەخۆ لەلایەن هەندێک لە دەسەڵاتدارانەوە گیراوەتەبەر، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆر راشکاوانە پێداگریی لەسەر سیاسەتی دێرینی خۆی دەکاتەوە و لە 30ــەمین ساڵیادی راپەڕیندا دووبارە بۆتەوە هەڵگری دروشمی نان و ئازادیی، ئەوەش بە گەڕانەوە بۆ پرەنسیپی نەگۆڕی خۆی کە نەتەنها ئازادیی دەتوانێت سکی هاووڵاتییان تێر بکات و نە نانیش بەتەنها دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان لە پاش 30 ساڵ لە خەباتی ئاشکرا بۆ هێنانەدیی ئازادیی، تازە بە تازە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قوڕ و قەپ و لەبەر تیکە نانێک چاو لە هەموو هەڵە و پەڵەیەکی ئەو بەشە لە دەسەڵاتداران بپۆشێت، بۆیە لەم یادەدا سەرکردایەتیی نوێی دوای کۆنگرەی نوێبوونەوە چیتر لەسەر چەپکەگوڵی سەروەرییەکانی رابردوو ناخەوێت ، بەڵکو درکی ئەوە دەکات کە هەم پەرەپێدانی ئازادییەکان و هەمیش دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەو سەردەمییانە بە نەوەی سێیەم و چوارەمی راپەڕین ئەرکی لە پێشینەیەتی و هەموو هەوڵەکانیشی لەو پێناوەدا چڕکردۆتەوە و چیتر نابێتە ئەسیری دروشمی سواو کە لە سایەیدا خەڵک برسیترو سەرکوتکراوتر بێت، هەر بەوەش دەتوانێت رۆحی راپەڕینی ئاداری 1991 بپارێزێت.

 1,209 جار بینراوە