سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » سه‌روه‌ری عیراق! له ‌نێوان دوو زلهێزی ناوچه‌ییدا

سه‌روه‌ری عیراق! له ‌نێوان دوو زلهێزی ناوچه‌ییدا

لێدوانه‌كانی باڵیۆزانی ئه‌نقه‌ره‌ و تاران له‌به‌غدا، له‌هه‌فته‌ی رابردوودا، سه‌باره‌ت به‌ سه‌روه‌ری عیراق و ده‌ستوه‌ردانی یه‌كتر له‌خاك و كارووباری ئه‌م وڵاته‌، مێژووی پڕ ململانێی هه‌ردوو وڵات له‌ سه‌ده‌كانی پێشوودا له‌سه‌ر عیراق وه‌بیردێنێته‌وه‌.

ئه‌و لێدوانانه‌ی به‌رپرسانی توركیا و ئێران، گومان ده‌خاته‌ سه‌ر بوونی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ی‌ زوو زوو بەشێک لە به‌رپرسانی حكومه‌ت و حزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كان شانازیی پێوه‌ده‌كه‌ن، چونكه‌ ساڵانێكه‌ سه‌روه‌ریی عیراق لە هەموولایەکەوە پێشێل ده‌كرێت، كه‌ به‌شێكیش له ‌هۆكاره‌كانی خودی عیراقییه‌كانن بەر لە لایەنی دیکە.

بۆ نموونه‌ ملهوڕییه‌كانی رژێمی پێشووی به‌عس و سه‌دام نه‌بوایه‌، به‌تایبه‌تی داگیركردنی كوێت، ئه‌وا هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هێرشی نەدەكرده‌ سه‌ر عیراق و سوپاكه‌ی‌ ته‌فروتونا ناكرد، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ش بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ راپەڕین بەرپاببێت و بە پشتیوانیی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی قه‌واری هه‌رێمی كوردستان بێتە کایەوە، دواتریش هه‌ر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ 2003 سه‌دام و رژێمه‌كه‌یان رووخاند و ده‌سه‌ڵاتێكی نوێیان له ‌عیراقدا دامه‌زراند كه‌ شیعه‌ و كورد رۆڵی سه‌ره‌كیان تێدا هه‌بوو.

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نها له‌ قۆناغی دوای 2003 ه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین ئه‌وا ده‌بینین، ده‌ستوه‌ردانێكی زۆر له‌ عیراق ده‌كرێت و سه‌روه‌ریی خاكه‌كه‌شی‌ پێشێل ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن دراوسێكانییه‌وه‌، كه‌ یه‌كێكیان به‌پاساوی راوه‌دونانی پارتی كرێكاران سه‌دان جار بۆردومانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی كردووه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ چ جای پێشێلكردنی خاكه‌كه‌ی‌ له ‌رێگه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تی به‌رده‌وامی سه‌ربازییه‌وه‌.

كه‌ ئه‌وه‌ش زه‌ره‌ر و زیانی گه‌وره‌ی‌ گیانی و مادی به ‌دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌ سنووریانه‌ گه‌یاندووه‌، حكومه‌تی عیراقیش وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ نه‌بای دیبێت و نه‌ بۆران، هیچ هه‌ڵوێستێكی جددی به‌رامبه‌ر به‌و وڵاته‌ نه‌نواندووه‌.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ت و جووڵه‌یه‌ی‌ ئه‌نقه‌ره‌ش له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌دا، پاساوی جیاجیای هه‌یه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و وڵاته‌ ده‌یه‌وێت خه‌ونی عوسمانییانه‌ی‌ خۆی‌ دووباره‌ له‌و ناوچانه‌ به‌دی بهێنێـته‌وه‌.

ئێرانیش له‌دوای روخانی به‌عس و هاتنی سەرکاری حکومەتی زۆرینە شیعەو پشتیوانیكردنی ئەو ده‌سه‌ڵاته‌ نوێیەوە به‌تایبه‌تی هاوکاریکردنی عیراقییەکانەوە له ‌شه‌ڕی‌ دژبه ‌تیرۆری داعش، هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی‌ راوێژكارانی و له‌رێگه‌ی‌ دیپلۆماسییه‌وه‌، هەژموونی خۆی‌ په‌ره‌پێداوه‌ له ‌عیراقدا.

دوا په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌كانی ململانێی ئه‌و دوو وڵاته‌ له ‌عیراق، لێدوانی باڵیۆزی تاران له ‌به‌غدا دژبه ‌ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازیی توركیا له ‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان بوو، داوای كردبوو ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستوه‌رنه‌دات له ‌كاروباری عیراق، هه‌روه‌ها وتبووی: «ده‌بێت توركه‌كان بكشێنه‌وه‌ بۆ سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خۆیان و له‌وێ بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی دابنێن، پاراستنی ئاسایشی عیراق له‌لایه‌ن عیراقییه‌كان خۆیانه‌وه‌ بێت».

كه‌ هه‌ر زوو باڵیۆزی ئه‌نقه‌ره‌ له‌به‌غدا، وەڵامی دایه‌وه‌ و وتی، باڵیۆزی ئێران، دوایین كه‌سه‌ كه‌ مافی ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت وانه‌ به ‌توركیا بڵێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێزگرتن له ‌سنووره‌كانی عیراق»، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناڕەزایی ئەنقەرە لە رۆڵی ئێران له ‌عیراقدا.

هه‌ردوای ئه‌وه‌ش به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵات لێدوانی دژ به‌یه‌كتریان دا، كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌كو شه‌ڕی ساردی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و تاران هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ خاوه‌ن پێشخانێكی مێژوویین له‌ ململانێی و شه‌ڕ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و عیراق وه‌كو دوو زلهێزه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

ململانێی ئه‌م دواییه‌ی‌ نێوان تاران و ئه‌نقه‌ره‌، په‌یوه‌ندیی به‌شه‌نگاله‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ حه‌شدی شه‌عبی تێدایه‌ و توركیاش هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر شارۆچكه‌كه‌ ده‌کات به ‌پاساوی بوونی په‌كه‌كه‌ تێیدا.

 1,063 جار بینراوە