سەرەکی » زانست » ئەگەر مانگ زۆر لە زەوی نزیك ببێتەوە چی روودەدات؟

ئەگەر مانگ زۆر لە زەوی نزیك ببێتەوە چی روودەدات؟

كەشتیی نوح

چی روودەدات ئەگەر مەودای دووریی نێوان مانگ و زەوی كەمتر ببێتەوە؟
لەبەرئەوەی مانگ بە یەكێك لە تەنە ئاسمانییە زۆر نزیكەكان دادەنرێت لە زەوییەوە، بۆیە رۆڵێكی گەورەی هەیە لە بوونی ژیان لەسەر رووی زەوی، ئەویش بە هۆی ئەو هێزی کێشکردنەی کە هەیەتی و كاری كردۆتە سەر جێگریی سووڕانەوەی زەوی بە دەوری تەوەرەكەیدا، ئەمەش دەبێتە هۆی جێگریی كەشوهەوا لەسەر رووی هەسارەكەمان.

مانگ لەسەر رێڕەوێكی هێلكەیی بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە كە دوا خاڵی دەگاتە (405.696)كیلۆمەتر كە دوورترین خاڵی مانگە لە زەوییەوە. كاتێكیش لە زەوی نزیك دەبێتەوە، مەودای دوورییەكەی دەگاتە (363.104) كیلۆمەتر و ئەم خاڵەش پێی دەوترێت (نزمان) ئەمەش مانای ئەوەیە كە ناوەندی مەودای نێوان زەوی و مانگ یەكسان دەبێت بە (384.400) كیلۆمەتر.

مانگ و یاساكەی نیوتن
هێزی كێشكردنی نێوان زەوی و مانگ بە پێی یاسای كێشكردنی نیوتن پێكدێت، كە دەڵێت: «هێزی كێشكردنی نێوان دوو تەن لە گەردووندا راستەوانەیە لەگەڵ ئەنجامی بارستاییەكەیان و پێچەوانەیە لەگەڵ دووجای دووریی نێوانیان». ئەمەش لە رێگەی هەردوو دیاردەی هەڵكشان و داكشانی ئاوی دەریا و زەریاكانەوە بە رونی تێبینی دەکرێت، بەڵام ئایا ئەگەر دووریی نێوان مانگ و زەوی كەم ببێتەوە چی روودەدات؟.

زانایانی گەردوونناسیی بەپێی چەند سیناریۆیەكی پشت بەستوو بە زانست، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، لەوانەش:

تا مەودای دووریی مانگ و زەوی كەم ببێتەوە، هێزی راكێشانی مانگ بۆ زەوی كەم دەبێتەوە، وەك ئەوەی لە یاسای راكێشانی گشتیی نیوتندا هاتووە، كاتێک مانگ زۆر نزیك دەبێتەوە، هەردوو دیاردەی هەڵكشان و داكشان زۆر زیاتر دەبێت و لافاو روودەدات، ئەمەش مانای نقومبوونی چەندین شار و وڵاتە، هەروەها زەوی بە شێوەیەكی ترسناك دەكەوێتە ژێر كاریگەریی هێزی راكێشانی مانگەوە و توێژاڵی دەرەوەی زەوی یان پۆشەرەكەی بەرز و نزم دەبێتەوە و ئەمەش وادەكات چالاكیی پلێتە تەكتۆنییەكان زیاتر بێت و بەهۆی ئەوەشەوە بوومەلەرزە و گڕكان زۆر دەبێت.

پسپۆڕان دەڵین: «نزیكبوونەوەی مانگ لە زەوی دەبێتە هۆی زیادبوونی خێرایی سووڕانەوەی زەوی بە دەوری تەوەرەكەیدا، ئەمەش بە پێی یاسای (مۆمینتەم)، لەو كاتەشدا بەهۆی ئەو سووڕانەوە زۆرەوە گەردەلوولەكان زیاتر و خێراتر دەبن و رۆژ لەسەر گۆی زەوی كورتتر دەبێتەوە.

ئەگەر مانگ زۆر لە زەوی نزیك ببێتەوە دوورنییە خەپلەی خۆر داپۆشێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی رووناكیی تیشكیی خۆر بە ئاسانی نەگاتە سەر زەوی، بە جۆرێك وەك ئەو كاتانەی لێدێت كە خۆرگیرانی تەواو روودەدات. ئەوکات دیاردەی خۆرگیرانیش دەبێتە شتێكی باو.

ئەگەر مانگ زۆر لە زەوی نزیك ببێتەوە، رەنگە مانگ بەهۆی ئەو هێزی راكێشانەوە کە هەیەتی، پارچە پارچە ببێت و ئەو پارچانەشی بۆ ماوەیەك وەك ئەڵقەیەكیان لێبێت بە دەوری گۆی زەویدا، هەروەك ئەڵقەكانی دەوری كەمەری هەسارەی كەیوان (زوحەل)، بەڵام ئەم حاڵەتە زۆر درێژە ناكێشێت و وەك هەزاران هەسارۆكەی دیكە كە پێشتر خۆیان كێشاوە بە زەویدا، ئەوانیش خۆیان دەكێشن بە زەویدا.

بە راستیش شتێكی وەك ئەم سیناریۆیە لە كۆمەڵەی خۆردا روویداوە.

ساڵی (1992) كلكداری (Shoemaker-Levy 9 9) لە هەسارەی مشتەری زۆر نزیكبۆوە و بووە زیاتر لە (20) پارچەوە و یەكەم جار بە دەوری هەسارەكەدا دەسووڕایەوە، بەڵام دواتر و لەساڵی (1994) دا یەك لەدوای یەك كەوتنە خوارەوە یان خۆیان كێشا بە هەسارەی مشتەریدا و لەو كاتەدا هێزی وێرانكاریی ئەو پارچانە بە (300) ملیۆن بۆمبی ئەتۆمیی مەزەندە كرا.

بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە تائێستا ئەو سیناریۆیانە زۆر بە دوور دەزانرێت و وەك زاناكان دەڵێن: «روودانیان زۆر مەحاڵە»، چونكە ساڵانە مانگ نزیكەی(3.8) سم لە زەوی دوور دەكەوێتەوە، لەبەرئەوە نە لافاو و كڕگان و گەردەلوولی زۆر وێرانكەر روودەدات و نە خۆرگیرانی هەمیشەییش دەبینین و نە هیچ ئەڵقەیەكیش وەك ئەوانەی دەوری زوحەل بە دەوری زەویدا دروست دەبێت. مانگیش وەك خۆی فاكتەری سەلامەتیی و جێگیریی دەبێت بۆ هەسارەكەمان.

سەرچاوە: elaph

 494 جار بینراوە