حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، لە دوای چاوپێكەوتنە مێژووییەكەی نەجەف، پەیامێكی بۆ سیاسییەكان رەوانە كرد.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 7ی ئاداری 2021 لەلایەن نوسینگەی رۆژنامەوانی عەبادییەوە بڵاوكرایەوە»سڵاو لە لوتكەی ئاشتی و پێكەوەژیانی نێوان سەماحەتی ئیمام سیستانی و قەداسەتی پاپا فرەنسیس، تەوژمێكی مێژوویی بەرەو نەریتەكانی خێر و خۆشەویستی و ئاشتی. پیرۆزبایی لە حكومەت دەكەم كە شەشی ئاداری وەك رۆژی نیشتمانی عیراقی بۆ لێبوردەیی و پێكەوەژیان دیاریی كرد، تا ئەو تەوژمە بخرێتە خزمەتی پتەوكردنی یەكێتی و یەكڕیزی چارەنوسی هاوبەشمان».
بە وتەی عەبادی»خێر و چاكەی گەلان و ئاسایشی وڵاتان و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگەكان و ئاشتی مرۆڤایەتی، پێویستی بە نەریتی ئاسمانی و لێبوردەیی و پێگەی روحی و ئاكاریی و نمونەی باڵا هەیە لە ژیانماندا وەك مرۆڤ، پێویستە رێبازی میانڕەوی و دیالۆگ و یەكترقبوڵكردن و هێنانەدی بەرژەوەندییەكان بەشێوەی شیاو زاڵبكرێن».
سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت»مرۆڤایەتی باجێكی زۆری داوە و ئێستاش هەر باج دەدات لە ئاسایش و سەلامەتی و خۆشگوزەرانی خۆی بەهۆی جەنگ و داگیركاریی و تێكچوونی تەرازوی دادپەروەریی و بڵاوبوونەوەی رق و كینە و جیاكاریی و زەوتكردنی مافەكان. ستەمكاران و تاوانباران ناوی خودایان بۆ تێكدانی یەكێتی و یەكڕیزی مرۆڤایەتی بەكارهێناوە، ئەمەش بەهۆی زاڵبوونی خواستی خۆسەپێنی و چاوچنۆكی و ویستی دەستبەسەرداگرتن».
عەبادی پێیوایە»سەروەریی دەوڵەت و زاڵكردنی رێباز و ئامانجەكان، لەڕێی دەستكردن دەبێت بە هاریكاریی بۆ هێنانەدی دادپەروەریی و یەكسانی و ئاسایش بۆ هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازیی، لەگەڵ داستەبەركردنی ئازادیی و خواستە شیاوەكان بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و تایەفەكانی عیراق، و لەچاڵنانی پرۆژەكانی تیرۆر و توندوتیژی و ولاوەنانی خۆسەپێنی، خۆزاڵكرن بەسەر كۆمەڵگە و دەوڵەتیش ناكرێت ببێتە مایەی هێنانەدی ئاشتی و پێكەوەژیان و گەشەكردن. هاووڵاتیبوون و دیموكراتی و پێكەوەژیان، پێویستییان بە دەوڵەتە، لە دەرەوەی دەوڵەتیش جگە لە پشێوی و ستەم و دزی و جەردەیی، چی دی بەدی ناكرێت».
عەبادی لە بەیاننامەكەیدا، بەپێویستی دەزانێت»سەركردە سیاسییەكان لە نەریتی چاوپێكەوتنی ئاشتی نێوان كەڵەگەتەكانی پێكەوەژیان و خۆشەویستی لە نەجەف تێبگەن، تا دەوڵەت و پرۆژەی یەكێتی و یەكڕیزیی و ئاسایش و سەروەریی لە چوارچێوەیەكی نیشتمانیدا بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەكان بۆ هەموان زامن بكەن، دەبێت هێزەكانی ناوچەكە و جیهانیش درك بەوە بكەن، ئەوەی دەكرێت لەڕێی ئاشتی و هاوئاهەنگییەوە بهێنرێتەدی، لەڕێی جەنگ و پیلانگێڕی و یاریكردن بە گەلان، ناهێنرێتەدی».
لە 6ی ئاداری 2021، فرەنسیسی دووەم پاپای ڤاتیكان، بەسەردانێكی مێژوویی گەیشتە شاری نەجەفی پیرۆز و چاوی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی كەوت، ئەمەش بە بۆچوونی زۆرێك پەیامێكی گەورەی ئاشتی و پێكەوەژیانە بۆ عیراق و ناوچەكە و هەموو جیهان، لە هەمان كاتیشدا بانگەوازە بۆ مەسیحییەكانی عیراق، تا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە سایەی ئاسایش و ئاشتیدا لە وڵاتەكەیاندا ژیان بەسەر ببن.
سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عیراق بە گشتی و بۆ نەجەف بە تایبەتی، گرنگییەكی زۆری هەبوو، لە لایەك بۆ دیالۆگی نێوان ئاینەكان و لەلایەكی تر بۆ گێڕانەوەی پێگەی گرنگی عیراق لە ناوچەكە و جیهان.
369 جار بینراوە