سەرەکی » دۆسێ » كاریگەرییە ئەرێنییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

كاریگەرییە ئەرێنییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابوری وڵات دەبێت، بەو هۆیەی ئابوری عیراق بە رێژەی زیاتر لە 90 % پشت بە هەناردەكردنی نەوت دەبەستێت، وەك چۆن دابەزینی نرخی نەوت لەم ماوەیەی دواییدا كاریگەرییەكی نەرێنی تەواوی لەسەر ئابوری وڵات دروستكرد و حكومەتی ناچاركرد، هەم دەست بۆ یەدەگی فیدراڵی ببات و هەم پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی ببات لەپێناو دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە پێویستەكان.

كەمبوونەوەی رێژەی كورتهێنان
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاریی دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە 7ی ئاداری 2021 رایگەیاند»بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی رێژەی كورتهێنان لە بودجەی 2021».

ساڵح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 70 دۆلار، ئەو كورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە كەمدەبێتەوە و چی دی حكومەت پەنا بۆ قەرزكردن نابات، ئەمەش بەو مەرجەی بەرزبوونەوەكە بۆ ماوەی ساڵێك بەردەوام بێت، نەك هەر تەنیا رۆژێك و دوو رۆژ بێت».

بە وتەی ئەو راوێژكارەی كازمی»ئاراستەی بازاڕی نەوت لە جیهاندا لە ساتەوەختی كرانەوەی بەهۆی زیادبوونی ڤاكسینەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆتە مایەی زیادبوونی داواكاریی لەسەر نەوت لە بازاڕەكانی جیهان».

بڕیارەكانی گروپی (ئۆپیك+)
نرخی نەوت رووی لە زیادبوونە، ئەمەش دوای بڕیارەكانی گروپی وڵاتانی (ئۆپیك+)، بۆ هێشتنەوەی ئاستی كەمكردنەوەی بەرهەم بەبێ‌ ئەوەی گۆڕانكاریی تێدا بكەن كە تا كۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت.

لە 6ی ئاداری 2021، نرخی گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی ئەمریكایی بەرێژەی 3.46 % رووی لە زیادبوون كرد و هەر بەرمیلێكی ئەو جۆرە نەوتە ( 2.21 دۆلار)ی چووە سەر و نرخەكەی گەیشتە 66.04 دۆلار.

بە هەمان شێوە گرێبەستە دواخراوەكانی نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 3.61 % رووی لە بەرزبوونەوە كرد و هەر بەرمیلێكی ئەو جۆرە نەوت (2.41 دۆلار) چووە سەر نرخەكەی و گەیشتە 69.15 دۆلار، ئەمەش بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی (بلۆمبێرگ).

وڵاتانی گروپی (ئۆپیك+)، لە 4ی ئاداری 2021 رێكەوتن لەسەر هێشتنەوەی ئاستی بەرهەم بەبێ‌ گۆڕانكاریی تا كۆتایی نیسانی داهاتوو، بووژانەوەی داواكاریشیان لەسەر نەوت، تا ئێستا بە فشەڵ لەقەڵەمدا.

نرخی نەوت 70 دۆلار تێدەپەڕێنێت
نرخی نەوت لە 8ی ئاداری 2021، بازدانێكی گەورەی بەخۆوەبینی و گەیشتە بەرزترین ئاست لەماوەی زیاتر لە ساڵێك، ئەمەش دوای راپۆرتێكی بەهێزتر لە چاوەڕوانكراو لەبارەی هەلی كار لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و بڕیارەكەی ئۆپیك و هاوپەیمانەكانی بۆ هێشتنەوەی ئاستی بەرم تا نیسانی داهاتوو، هەموو ئەمانەش هاوكاتن لەگەڵ هێرش و پەلامارەكان بۆسەر دامەزراوە نەوتییەكان لە سعودیە.

بۆ یەكەمجار لە 8ی ئاداری 2021وە، نرخی گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی برێنت لە 8ی ئاداری 2021 بۆ سەرو 70 دۆلار بەرزبۆوە.

زانیارییەكانی تایبەت بە مامەڵەكردن بە گرێبەستە دواخراوەكان بۆ مانگی ئایاری داهاتوو بە نەوتی دەریای باكوور ماركەی برێنت بە رێژەی 2.32 % رووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 71.15 دۆلار، بە هەمان شێوە نرخی بەرمیلێك نەوتی سوكی بەسرە گەیشتە 69.75 دۆلار.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، نرخی بەرمیلێك نەوتی خۆرئاوای تكساس لە گرێبەستە دواخراوەكان، بەرێژەی 2.57 % رووی لە بەرزبوونەوە كرد و گەیشتە 67.81 دۆلار.

بەر لەوەش زانیارییەكان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاوی برێنت و تێپەڕاندنی ئاستی 70 دۆلارییان، دەرخستبوو.

كاریگەرییەكانی نرخی نەوت لەسەر ئابوری عیراق
دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی داواكاریی لەسەر نەوت، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابوری عیراق دروستكرد و حكومەتی ناچار كرد، دەست بۆ یەدەگی فیدراڵی و قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی ببات، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و پڕكردنەوەی خەرجییە پێویستەكان.

لەگەڵ زۆربوونی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا و بوژانەوەی ئاستی داواكاریی لەسەر نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، ئابوری عیراق رووی لە بوژانەوە كرد و پێدەچێت لەگەڵ بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، عیراق بتوانێت ئاستی كورتهێنان لە بودجەی 2021دا بە رێژەیەكی بەرچاو كەمبكاتەوە، ئەمەش گومانی تێدا نییە دەبێتە مایەی بوژانەوەی بازاڕی ناوخۆ و سوكبوونی ئەو بارگرانیانەی لەم ماوەیەی دواییدا لەسەر هاووڵاتیان دروستبوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان لە بازاڕەكان.

لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021، نرخی بەرمیلێك نەوت بە 42 دۆلار دیاریی كرا، بەر لەوەی گۆڕانكاریی تێدا بكات و بكرێتە 45 دۆلار بۆ بەرمیلێك، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوت 70 دۆلار تێدەپەڕێنێت و حكومەتیش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان و زیاتر دەوڵەمەندكردنی خەزێنەی دەوڵەت، نرخی دۆلاری لە بازاڕەكانی ناوخۆدا لە 1200 دینارەوە بۆ 1445 دینار بەرزكردەوە كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر توێژێكی فراوانی دانیشتوان دروستكرد.

وێڕای (پاكێجی سپی) حكومەت بۆ چاكسازیی لە ئابوری و هەوڵەكانی بۆ زیاتر كەمكردنەوەی ئاستی كورتهێنان لە بودجەدا كە بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار لە ناوخۆدا یەكێك بوو لەو هەوڵانە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دەكرێت ببێتە مایەی ئەوەی حكومەت لەژێر گوشاری میللی و ئەو بزاوتنەی لە پەرلەماندا دروستبووە، نرخی خەرجی دۆلار بۆ نرخە كۆنەكە یان لانی كەم بۆ 1300 دیار یان 1335 دینار داببەزێنێت.

 335 جار بینراوە