سەرەکی » دۆسێ » تەندروستی باس لە هاتنەدی بەرگری كۆمەڵایەتی دەكات

تەوژمی سێیەمی كۆرۆنا دەستیپێكرد

تەندروستی باس لە هاتنەدی بەرگری كۆمەڵایەتی دەكات

وەزارەتی تەندروستی عیراق، باس لە هاتنەدی بەرگری كۆمەڵایەتی دەكات و ئاماژە بە دەستپێكردنی تەوژمی سێیەمی ڤایرۆسی كۆرۆناش دەكات لە ئەوروپا، وێڕای هەڵمەتەكانی پێدانی ڤاكسینی دژە پەتاكە و دەستەبەركردنی لەلایەن زۆربەی گەلانی جیهانەوە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق بە میدیاكانی راگەیاند»هەموو سەرچاوە زانسیتییەكان پێش وەرگرتنی ڤاكسینە، رەتیانكردەوە ڤاكسینەكە جێگەی جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی بگرێتەوە، بە تایبەت كە بەرگری%100 نابەخشێت، هیچ ڤاكسینێكیش نییە لە جیهاندا تائێستا %100بەرگری دروستبكات».

بەرگری كۆمەڵایەتی
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق، سەبارەت بە مەودای گەیشتن بە هاتنەدی بەرگری كۆمەڵایەتی گەلی عیراق بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، رایگەیاند»هاتنەدی بەرگری كۆمەڵایەتی پێویستی بە هەڵسەنگانی ئاستی تووشبوونە، ناكرێت بەشێوەیەكی زانستی لەئێستادا وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە كە پێویستیان بە بەدواداچوونی پەرەسەندنەكان هەیە لە دوای پێدانی ڤاكسینەكان بەو رێژەیەی بڕیاری لەسەردراوە لەلایەن شارەزایانی وەزارەتی تەندروستی».

وەزارەتی تەندروستی عیراق لە 25ی ئاداری 2021، 33 حاڵەتی گیانلەدەستدان و 6513 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ و 4781 حاڵەتی چاكبوونەوەی، راگەیاند.

بەغدا بە تۆماركردنی 2401 حاڵەتی تووشبوون زۆرترینی تۆماركرد، پاشان بەسرە بە 853 حاڵەت لە پلەی دوومدابوو، نەجەفیش لە پلەی سێیەمدا بوو بە تۆماركردنی 455 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ لە رۆژێكدا.

تەوژمی سێیەمی كۆرۆنا لە ئەوروپا
پەیمانگەی رۆبەرت كوخ كە بەدواداچوون بۆ رەوشی پەتاكە دەكات لە ئەڵمانیا، لە 13ی ئەم مانگە رایگەیاندبوو»لەگەڵ هاتنەبەری مانگی نیسانی داهاتوو، دەبێت پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی تووشبوون بكرێت، بەراورد بە مانگەكانی یەكەمی ئەمساڵ، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەرزبوونەوەی ئاستی تووشبوون هەفتەیەك بەردەوام بێت».

وئموكان لۆتار فیلەر، بەڕێوەبەری پەیمانگەی رۆبەرت كوخ، هۆشداری دابوو لە دەستپێكردنی تەوژمی سێیەمی كۆرۆنا لە ئەڵمانیا، هەرچەندە پێوەندەكانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە تائێستا لە ئەڵمانیا توندن، بەو پێیەی مەیخانە و چێشتخانە و ناوەندە كلتوری و وەرزشییەكان و كۆگاكان بۆ چەند مانگێك دەچێت بە داخراوی ماونەتەوە».

واچاوەڕوان دەكرێت، ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، لە 22ی ئاداردا بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشەكە و تاوتوێكردنی رێوشوێنەكان لە داهاتوودا، لەگەڵ سەرۆكی حكومەتە خۆجێییەكانی ویلایەتەكانی ئەڵمانیا كۆببێتەوە.

لە فەرەنساش ئاژانسی (فرانس پرێس) لە زاری نوسینگەی جان كاستكس سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەوە بڵاویكردبۆوە»رێوشوێنی زیاتر بۆ بەرگرتن لەزیاتر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ناوچەی دۆنكیرك (باكووری فەرەنسا) دەسەپێنرێن».

لە هۆڵەندا حكومەت بڕیاریدابوو ماوەی قەدەغەكردنی هاتوچۆ درێژبكاتەوە، لە ئێرلەنداش حكومەت بڕیاریدا بۆ ماوەیەكی تر لە ئاستی پێنجەمی كەرەنتینەدا بمێنێتەوە.

قەدەغەی هاتوچۆ لە عیراق
وەزارەتی تەندروستی عیراق لە 14ی ئاداری 2021، لەبارەی راسپاردەكانی بۆ كۆتایهێنان بە قەدەغەی هاتوچۆی هەمەلایەنە لە 22ی ئادار، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند:»وەزارەت راسپاردەی بەرزنەكردۆتەوە بۆ راگرتنی كاركردن بە قەدەغەی هاتوچۆی گشتی لە 22ی ئادار».

بە وتەی سەیف بەدر»تەندروستی چاودێری ئاماری رۆژانە و پەرەسەندنەكان دەكات و چاوەڕوانی كۆتایی ماوەی دیاریكراوی قەدەغەی هاتوچۆی ئێستا دەكات كە دوو هەفتەیەیە، بەر لەوەی راوبۆچوونی خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ بخاتەڕوو».

پێشتر عەبد عۆن عەبادی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان رایگەیاندبوو»لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی، چاوی بە بەرپرسان كەوتووە لە وەزارەتی تەندروستی و باسی لە ئەگەرەكانی هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆی كردووە، بەو پێیەی زیان بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت، بە تایبەت ئەوانەی داهاتی رۆژانەیان سنوردارە، بەڵام راپۆرتەكانی وەزارەتی تەندروستی مایەی شۆكن كە ئاماژە بە پێویستی درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەكەن».

عەبادی دەڵێت»رێكارەكانی قەدەغەی هاتوچۆ زیانی زۆریان بە هاووڵاتیان گەیاندووە، بۆیە هەڵگرتنیان پێویستە، لەگەڵ توندكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی دژ بە گردبوونەوەكان و سەرپێچیكارانی رێنماییە تەندروستییەكان».

عەبادی پێیوایە»رەوشی وڵات لە سایەی بەردەوامی تۆماركردنی ژمارەیەكی زۆری تووشبوون مایەی نیگەرانییەكی زۆرە، بۆیە هیواخوازین هاووڵاتیان بە تەنگ ژیانی خۆیان و خێزانەكانیانەوە بێن لەڕێی بەستنی كەمامە و جێبەجێكردنی بنەمای دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، فاتن حەلەفی ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندبوو»بڕیاری سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە عیراق بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سودی نییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەو پێیەی ئەوان تێبینییان كردووە، لەماوەی رۆژانی قەدەغەكردنی هاتوچۆی نیمچە گشتیدا، ژمارەی تووشبوون و مردن روویان لە زیادبوون كردووە».

بە وتەی فاتن حەلەفی»تیمەكانی كۆمسیۆن تێبینیان كردووە لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆی نیمچە گشتیدا، ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە هەموو ناوچەكانی وڵات رووی لە زیادبوون كردووە، بۆیە دەكرێت بڵێین بڕیاری سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی نیمچە گشتی بێ‌ سودە و كاریگەریی نەرێنی هەیە بۆ هاووڵاتیان».

ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت»هەموو بەرپرسیارییەكە لەو رووەوە ناكەوێتە ئەستۆی حكومەت، چونكە هاووڵاتی عیراقی پابەند نییە بە رێكارەكانی خۆپارێزی، بۆیە باشترە رەچاوی باری ئابوری و گوزەرانی ئەو هاووڵاتییە بكرێت كە پارەی نییە تەنانەت ئامرازەكانی خۆپارێزی بكڕێت».

حەلەفی پێیوایە»هاووڵاتی تەماشی گردبوونەوە سیاسییەكان دەكات كە تائێستاش دەكرێن، لەكاتێكدا حكومەت رێگەی ژیانی سروشتییان لێدەگرێت، بۆیە دەبوو حكومەت هەموو پێداویستییەكانی خۆپارێزی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، بەر لە سەپاندنی سزای ئابوری دژ بەوانەی سەرپێچی قەدەغەی هاتوچۆ دەكەن».

ئەندامەكەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ، بەپێویستی زانی «حكومەت چاو بە رێكارەكانی خۆپارێزیدا بخشێنێتەوە، بەو پێیەی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن»، ئەمەش بە بۆچوونی ئەو، بە ئەركێكی گەورەی حكومەت دادەنرێت.

 129 جار بینراوە