سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » داموده‌زگای حكومیی شه‌رمنپەڕە 2

داموده‌زگای حكومیی شه‌رمن

گله‌یی ‌و گازه‌نده‌ی حه‌ق جیاوازه‌ له‌ شه‌رمكردن و ترسان له‌ گله‌یی ‌و هه‌ڵای ناهه‌ق، راسته‌ ئه‌گه‌ر دۆخی ژیان ‌و گوزه‌رانی گشتیی خه‌ڵك به‌رارود بكه‌ین به‌ داهاته‌كه‌یان ئه‌وا جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ناشكرێت حكومه‌ت ‌و داموده‌زگاكانی له‌ هه‌موو گله‌یی ‌و ناڕه‌زاییه‌ك بترسن به‌تایبه‌تی له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ مافی گشتی پێشێل ده‌كرێت، جا ئه‌و شه‌رمه‌ یان ئیننه‌ی تێدایه‌، یان ده‌رگایه‌ك ده‌كاته‌وه‌ له‌به‌رده‌م خه‌ڵكانێكدا كه‌ ئه‌وه‌ش تێكه‌ڵ به ‌كایه‌ی سیاسی بكه‌ن و بڵێن ئیننه‌ی تێدایه‌ ‌و ئه‌وه‌ له‌به‌ر كاك فڵانی سیاسی ‌و كاك فیساری فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی ‌و هه‌زارو یه‌ك ته‌فسیر و لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌ی بۆ بكه‌ن.

هیچ به‌رپرسێكی حكومی ‌و كارگێڕیی بواری دارایی ناتوانێت نكوڵی له‌و باج و خه‌راجه‌ زۆره‌ی كه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر زۆربه‌ی كاڵاكان، یان چه‌ند قاتبوونه‌وه‌ی ئه‌و رسوماته‌ داراییانه‌ی كه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ی دوكان ‌و خانووبه‌ره‌ و زه‌وی ‌و هاتوچۆ ‌و ئاو و كاره‌با ‌و…هتد خراونه‌ته‌ سه‌ر هاووڵاتی، به‌ڵام هاوكات هیچ هاووڵاتییه‌كیش ناتوانێت باوه‌ڕ به‌و پاساوانه‌ بكات كه‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی ئه‌و كایانه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ زیادبوونه‌كه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌می نواندن به‌رامبه‌ر هه‌ندێك بوار كه‌ ئه‌گه‌ر باج ‌و غه‌رامه‌یان بۆ زیادبكرێت، هه‌م سه‌رپێچیكار له‌ سه‌رپێچی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و هه‌میش رای گشتی هه‌مووی ده‌ستخۆشیی لێ ده‌كات، به‌و مه‌رجه‌ی داهاتی ئه‌و غه‌رامه‌ ‌و رسوماتانه‌ شه‌فافانه‌ له‌ بواری خۆیاندا به‌كاربهێنرێنه‌وه‌.

نامه‌وێ زۆر درێژه‌ی بده‌مێ، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت به‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی ساده‌ مه‌به‌ست بده‌م به‌ده‌سته‌وه‌:
ده‌می هه‌رچی كه‌سێك ده‌كه‌یته‌وه‌، هاوارێتی له‌ده‌ست پاره‌ی كاره‌با، كاتێك پێی ده‌ڵێیت تۆ خۆت كه‌مته‌رخه‌م بوویت له‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كه‌ڵه‌كه‌ ببێت، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێن نه‌خێر ماوه‌ی دوو ساڵه‌ كارمه‌ندی عه‌دادی كاره‌با نه‌هاتووه‌، ئه‌گه‌رچی راستییه‌كیش هه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌ش ساڵی رابردوودا مووچه‌ نه‌ك وه‌ك پێویسشت مانگانه‌ نه‌دراوه‌، به‌ڵكو پاشه‌كه‌وت ‌و لێبڕین ‌و بایكۆتی فه‌رمانبه‌ران ‌و هه‌مووی تێكه‌ڵی یه‌كتریی بووه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئاویش هه‌ر راسته‌.

به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ناوی رێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كانه‌وه‌، رسوماتی چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌رێژه‌ی زۆر زیادیكردووه‌، به‌ڵام نازانرێت ئاخۆ ئه‌و رسوماته‌ ده‌چێته‌ بواری خزمه‌تگوزاریی ئه‌وه‌ی به‌ناوییه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت؟ بۆنموونه‌ باس له‌ 50 هه‌زار دیناری ژینگه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ئایا تاچه‌ند خراوه‌ته‌ خزمه‌تی خودی ژینگه‌وه‌، یان مه‌سه‌له‌ی پاره‌ی رێگه‌وبان، تاچه‌ند خراوه‌ته‌وه‌ خزمه‌تی ئه‌و رێگە و شەقامە چاڵ و قۆتاوییانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ هه‌مووان هاتوچۆیان به‌سه‌ردا ده‌كه‌ین؟

له‌هه‌مووی خراپتر له‌زۆربه‌ی شه‌قامه‌ بازرگانییه‌كان ده‌بینین به‌شی زۆری دوكان ‌و ماركێته‌كان هێنده‌ی بابه‌ته‌كانیان له‌ناوه‌وه‌ داناوه‌ هێنده‌ و بگره‌ زیاتریان له‌سه‌ر شۆسته‌ و رێڕه‌وه‌كانی پیاده‌ داناوه‌، كه‌ لیژنه‌كانی قایمقامییه‌تی شاره‌كان ده‌چن بۆ رێكخستنه‌وه‌یان غه‌رامه‌یه‌كی كه‌میان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان به‌ دوو سه‌عات زیادكردنی 250 دینار له‌سه‌ر هه‌ر كاڵایه‌ك پڕی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا كه‌ بڕێك باجی ساڵانه‌ له‌سه‌ر تابلۆی دوكانه‌كان دانراوه‌، ده‌بینین زۆربه‌ی دوكان ‌و شوێنه‌كان تابلۆیان نه‌ماوه‌، كه‌وابێ ئه‌گه‌ر ئه‌و غه‌رامه‌یه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ شه‌ئنی گشتییه‌وه‌ زیادبكرێت زۆر كێشه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات وه‌ك رێڕه‌وی هاووڵاتی كه‌ ناچاری رۆیشتن به‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نابێت له‌كاتێكدا سایدێكی شه‌قامه‌كه‌ش به‌ ئۆتۆمبێلی كڕیاران ده‌گیرێت، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌بێت بۆ هه‌ر بینایه‌كی گه‌وره‌ كه‌ كلینیكی پزیشكی و ماركێتی گه‌وره‌ ‌و ئۆفیسی كۆمپانیای گه‌وره‌ی لێیه‌ یان ناچاربكرێت پاركینگی ئۆتۆمبێل دروست بكه‌ن، یاخود وه‌به‌رهێنان ‌و شاره‌وانی بیكه‌نه‌ مه‌رج به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زه‌ویی گه‌وره‌ به‌ موساته‌حه‌ وه‌رده‌گرن، به‌گوێره‌ی هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنه‌كان ده‌بێت هه‌ر كیلۆمه‌ترێك ‌و پاركێكی ئۆتۆمبێلی تێدا بێت، ئه‌وكات ده‌شێت ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سایدێكیان داگیركرد، غه‌رامه‌ بكرێن، واته‌ به‌كوردی ‌و كورتی ده‌بێت یه‌كه‌مجار پاساوی سه‌رپێچییه‌كان نه‌هێڵرێت، دووه‌م شه‌فافییه‌ت و یاسا ‌و رێسا بۆ كاره‌كان هه‌بێت، پاشان غه‌رامه‌ی قورس بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رپێچی ده‌كه‌ن ‌و سه‌رپێچییه‌كه‌یان كاریگه‌ریی بۆسه‌ر خه‌ڵك به‌گشتی ده‌بێت.

 721 جار بینراوە