سەرەکی » کەلتوور » ئۆشۆ: من شیعری مەولانام خۆشدەوێ

ئۆشۆ: من شیعری مەولانام خۆشدەوێ

اشو

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

پێم وایە تۆ ئەم شیعرەی مەولانای رۆمیت خۆشدەوێت:
هەم ئاوێنەین هەم وێنەی ئاوێنە
ئێمە ئەم ساتەوەختەی ئەبەدییەت دەچێژین!
هەم دەردین و هەم دەرمان
هەم ئاوی سازگارین و هەم گۆزە!

پریم ئەسادو، جەلالەدینی رۆمی یەكێكە لە گەورەترین رابەرە سۆفییەكان. تاكە سۆفییە كە سۆفیان بە مەولانا ناویان بردووە. مەولانا یانی رابەری خۆشەویستی ئێمە.

من چەند كەسێكم زۆر خۆشدەوێت، مەولانا جەلالەدینی رۆمی یەكێكە لەوان و هۆكاری ئەوەی كە خۆشمدەوێت ئەوەیە كە مەولانا ژیانی رەتنەدەكردەوە، بەڵكو پەسەندی دەكرد. ئەو مەدیتەیشنەی دایمەزراند و بۆ ماوەی حەوت سەد ساڵ لەناو گروپێكی بچووكی عارفاندا بەردەوام بوو، جۆرێكە لە سەما. پەیڕەوانی مەولانا بە سۆفیانی گوێگر ناودەبران.

دەبێت مناڵانت دیبێت، كە باوەخولێ دەكەن، حەزدەكەن بە دەوری خۆیان بخولێنەوە. هەموان رێگە لەم باوەخولێیەی مناڵان دەگرن، چونكە دایكان و باوكان لەوە دەترسن مناڵەكە بكەوێ و زیانی پێبگات و شوێنێكی بشكێت. بەڵام وێڕای هەموو رێگرییەكان، مناڵان عاشقی بابەخولێن و كەس نەیپرسیوە بۆچی لەسەراپای دنیادا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەژاد و نەتەوە و مەزهەب، هەموو مناڵان عاشقی بابەخولێن واتە خولانەوە بە دەوری خۆیاندا.

خۆی بە دەوری خۆیدا خولایەوە
جەلالەدینی رۆمی بە بینینی ئەوەی مناڵان بە دەوری خۆیاندا دەخولێنەوە یان باوەخولێ دەكەن، بیریكردەوە دەبێت شتێك هەبێت كە مناڵان هەستی پێدەكەن و ناتوانن دەریببڕن لەوانەیە تەواو هۆشیار نەبن لەوەی ئەو شتە چییە. بۆیە مەولانا خۆی بە دەوری خۆیدا خولایەوە و تاقیكردەوە، بەوە سەرسام بوو كە ئەگەر لەسەر خولانەوە بەردەوام بیت، دەگەیتە ساتەوەختێك كە ناوەند یان چەقی وجودت دەوەستێ و ناجووڵێتەوە، هەموو بەدەن و زیهن و مێشكت و هەموو شتێك دەخولێتەوە.

ئەو ناوەندی وجودەی ناخولێتەوە، تۆیت. واتە ناوەند یان چەقی گەردەلوول. بیستن تەقریبەن وەكو گەردەلوول وایە، بەڵام رێك لە ناوەندی گەردەلوولدا خاڵێك دەدۆزیتەوە كە قەت ناجووڵێت. هەر تایەیەك پێویستی بە چەق یان ناوەندێكە كە بە دەوریدا بخولێتەوە. ئەو ناوەندە دەبێت بێجووڵە و وەستاو بێت. ئەمەش لە پاسكیل یان تایەی عەرەبانە و یان هەر شتێك وەكو تایە بێت دەیبینیت. ناوەندێك هەیە كە ناخولێتەوە.

ئەو ناوەندی وجودە بدۆزیتەوە
كاتێ جەلالەدینی رۆمی لەمە تێگەیشت كە دەتوانیت ئەو ناوەندی وجودە بدۆزیتەوە، بۆ ماوەی (36) سەعات بەبێ وەستان بە دەوری خۆیدا خولایەوە، بەبێ خواردن و خواردنەوە، سوور بوو لەسەر ئەوەی هەتا دەتوانێت درێژە بەو خولانەوەیە بدات و هیچ شتێك نەهێڵیتەوە… هەتا نەكەوێت، نەوەستێت. سی و شەش سەعات بە دەوری خۆیدا خولایەوە، خەڵكێكی زۆر لێی كۆببوونەوە.

خەڵكەكە دەگۆڕان: دەچوون بۆ نانخواردن و دیسان دەهاتنەوە. خەڵكەكە ناچار بوون بچن بە لای كار و باری خۆیانەوە، بەڵام دەگەڕانەوە. سی و شەش سەعات ماوەیەكی زۆرە. بۆیە كەوت و خەڵكەكە دایانە قاقای پێكەنین.

جەلالەدینیش قاقا پێدەكەنی و وتی: «پێتان وایە ئێوە بینیتان كە من دەكەوم. من خۆشم بینیم كە كەوتم. من لەم سی وشەش سەعاتەدا تەنانەت یەك ئینجیش نەجووڵاوم. ئیتر من بۆ دۆزینەوەی خواوەند نابێت بچم بۆ مەككە. من خواوەندم دۆزییەوە. لە ناوەندی جێگیری وجودی خۆمدا دۆزیمەوە، خواوەند لەوێدایە.»

ئەو گۆرانیانە كۆدەكرانەوە
پەیڕەوانی جەلالەدینی رۆمی كتێبی زۆریان نییە، رێوڕەسمی مەزهەبیان جگەلە گوێگرتن و هەندێك شیعری جوان كە دوای گوێگرتن و وەستان دەیڵێن، شتێكی دیكە نییە. جەلالەدینی رۆمی هەڵدەسا و ئەوەندە مەست بوو كە لە حاڵەتی مەستیدا چەند گۆرانییەكی دەوت، ئەو گۆرانیانە كۆدەكرانەوە. ئەمە تەنیا ئەدەبیاتێكە كە پەیڕەوانی مەولانا لەبەردەستیاندایە.

ئەو بەیتانە چەند بەیتێكن لە شیعرەكانی مەولانا، هەر رستەیەكی بێوێنەیە. نەك تەنیا ئەدەبیاتێكی راستە بەڵكو زۆر جوانیشە.

ئێمە ئاوێنەین… ئەمە شتێكە كە من چەندین جار بە ئێوەم وتوە كە ئێمە بكەر نین، ئێمە تەنیا ئاوێنەین. بە ئیشەكانت ناسنامە وەرمەگرە، وەكو شایەتێك بمێنەرەوە، تەنیا وەك تەماشاكەرێك. بەڵام بنەڕەتیترین شتەكانی ژیانیان فێرنەكردووین. جۆرەها گەمژەییان فێركردووین.

بنەڕەتیترین شت بینین یان تەماشاكردنە… ئێمە هەم بینەرین و هەم بینراو. لە نێوان ئێمە و بووندا جودایی نییە. ئێمە چەند بەشێكین لە یەك گشت، رێك وەكو هەردوو دەستی من چەند بەشێكن لە یەكەیەكی زیندوو. من دەتوانم شتێك بكەم هەردوو دەستم لەگەڵ یەكدا شەڕ بكەن، دەتوانم بە دەستێكم لە دەستەكەی ترم بدەم و برینداری بكەم! دەشتوانم شتێك بكەم كە هەردوو دەستم لەگەڵ یەكدا دۆست و میهرەبان بن.

لە یەك جیهان زیاتر وجودی نییە
كاتێك درەختێك دەبینیت، یان مانگ یان رووبار یان ئۆقیانووس، تۆ هەم ئاوێنەیت و هەم لەلایەن ئاوێنەشەوە پیشان دەدرێیتەوە. لە یەك جیهان زیاتر وجودی نییە.

ئەمە ئەنجامگیری بنەڕەتی هەموو عاریفەكانە كە هەموو بوونی ئێمە یەك ماهیەتی هەیە و دوانەیی وجودی نییە. لە قووڵاییدا هەموو دوانەكان لە یەك بووندا پێكەوە بەستراون.

هەم ئاوێنەین هەم وێنەی ئاوێنە
ئێمە ئەم ساتەوەختەی ئەبەدییەت دەچێژین!
تەنیا سەیری ئەم ساتەوەختە بكە. لەم بێدەنگییەدا لەودیوی زەمانەوە تام و چێژی شتێك دەكەیت.
هەم دەردین و هەم دەرمان
هەم ئاوی سازگارین و هەم گۆزە!
ئێمە هەم لە ئازارداین و هەم لە خۆشیدا. هەم دۆزەخین و هەم بەهەشت، چونكە لە بووندا ناكۆكییەك نییە. دەتوانیت ناكۆكی زۆر لە ژیاندا بدۆزیتەوە. هەروەها دەتوانین لەوەش تێبگەیت كە هەموویان تەواوكەری یەكترین.

ئەم خاڵە زۆر سەیرە كە هەموو عاریفەكان، چ هەزاران ساڵ پێش ئێستا هەبووبن و چ ئێستا لە ژیاندا بن، هەر هەموویان لە بنەڕەتدا لە چەند خاڵێكی سەرەكیدا سەبارەت بە خۆناسین و گەشەكردنی رۆحانی كۆك و تەبان.

بۆ نموونە: بێدەنگی، ئەم ساتەوەختە، وەسفی شتێك ناكات، بەڵكو ئەزموونێكت پێدەبەخشێت. كاتێ سەما دەكەیت یان گۆرانی دەڵێیت بوار بە خۆت بدە وەها تیایدا نغرۆ بیت كە هیچ شتێكت لە دەور نەمێنێت. ئەو كاتە چوویتەتە ناو پەرستگای خوداییەوە: ئەوێش ئەو شوێنەیە كە تیایدا تۆ ئاوێنەیت و وێنەیەكیت كە لە ئاوێنەدا دەیبینیت، ئەو شوێنەیە كە تیایدا هەم مریدێكی تەواوی هەم ئەو خوداوەندەی كە خۆتت پێشكەش كردووە.

سەرچاوە:
اشو. روح عصیانگر، ترجمە: محسن خاتمی، ص 280-282

 189 جار بینراوە