سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی: پابەندبوون بە یاسای بودجە و جێبەجێکردنی بە ئەندازەی پەسەندکردنی گرنگە

لاهور شێخ جەنگی: پابەندبوون بە یاسای بودجە و جێبەجێکردنی بە ئەندازەی پەسەندکردنی گرنگە

ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ـی٤ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە جەیمس سۆرنتن، کونسڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی هاوڕێی.

لە دیدارێکدا گفتۆگۆ کرا دەربارەی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عیراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عیراق کرد و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی لەو بودجەیەدا بە هەنگاوێکی گرنگ زانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان ‌حکومەتی هەرێم و ‌حکومەتی فیدراڵ و جەختیشیکردەوە کە پابەندبوون بەو یاسایە و جێبەجێکردنی بە ئەندازەی پەسەندکردنی بودجەکە گرنگە، کە دەبێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بە بێ لێبڕین و باشکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی ویستی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ چاکسازیی لە نێو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەوەی کوردستانیش ببێت بە خاوەنی یەک هێزی یەکگرتووی نیشتمانی.

ئاماژەی بە بەردەوامی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش کرد و هەڵمەتێکی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی بە پێویست زانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جموجۆڵی چەکدارانی داعش بە تایبەت لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەکان.

لای خۆیەوە کونسڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی پەسەندکردنی بودجەی کرد و سوپاسی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە رۆڵیان بینوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بودجە.

 667 جار بینراوە