بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر، پێشوازی لە وەفدێكی باڵای ئەمریكا كرد، كە پێكهاتبوون لە جەنەراڵ جۆن تایگەرت گەورە راوێژكاری سەربازیی ئەمریكا لە عیراق و رۆب واڵەر كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم و وەفدێكی یاوەریان.
لە دیدارێكدا، كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و جەلال شێخ ناجی لێپرسراوی دەزگای هەواڵگریی پێشمەرگە ئامادەیبوون. گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانەوە كرا و هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و هاریكاریی زیاتری نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كردەوە لەپێناوی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكەدا.
هەر لە دیدارەكەدا، بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عیراق كرد و رایگەیاند: پەسەندكردنی بودجە هەنگاوێكی ئەرێنی و سەرەتایەكی گرنگە بۆ نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی تر و كۆتاییهاتنی ناكۆكییەكان.
جموجوڵی تیرۆریستانی داعش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، هەردوولا جەختیان لە مەترسییەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كردەوە لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە. هەماهەنگی و پەیوەندیی پتەوی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەمریكا بە گرنگ وەسفكرا و هەردوولا هاوڕابوون، كە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر ئەركی هەموولایەكە و پێویستە هەوڵەكانمان لەو پێناوەدا چڕبكەینەوە.
هاوشانی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی لەناو هێزەكانی پێشمەرگە و راهێنانیان، رۆڵی ئەمریكا بە گرنگ و پێویست ناوبرا و هاوسەرۆك داوای هاوكاری و هەماهەنگی زیاتری لە وەفدەكە كرد.
452 جار بینراوە