سەرەکی » کەلتوور » زیاتر له‌ یه‌ك مه‌به‌ست

روانینێ دوێنێ و خوێندنەوەی ئەمڕۆ

زیاتر له‌ یه‌ك مه‌به‌ست

عەبدوڵڵا عەباس

( 1 )

لێم پرسی: ئه‌رێ‌ برا ئه‌وه‌ ئه‌م دنیایه‌ی لای ئێمه‌ به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕوات؟ به‌ره‌و ئه‌و شته‌ی پێی ده‌ڵێن دیموكراتی یان ئه‌وه‌كه‌ی دیکە یان؟
وتی: راستت ده‌وێ‌ نه‌ ئه‌مەیان و نه‌ ئه‌ویان!
وتم: ئه‌ی چۆن، ئه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه‌ بۆ واده‌كه‌ن ؟ له‌گه‌ڵ كێن؟ چیان ده‌وێ‌ و خه‌تای كێیه‌؟
وتی: خه‌تای هه‌موومانه‌، من و تۆش!
وتم: كوڕه دەسه‌ڵه‌وات لێ بدە‌، من مەعاشی حەقی خۆم نادەنی‌، خه‌تای منی چی؟ تۆ واز له‌وه‌ بێنه‌، دیموكراتی چاكه‌ یان دیكتاتۆری؟ كامیان دەرەقەتی ئەم بارودۆخە دێ؟
وتی: هه‌ر كامیان پیاوی خۆی هه‌یه‌، لای‌ ئێمه‌ و له‌م ناوچه‌یەدا‌ تا ئێستا شارەزایی به‌راده‌یه‌ك کەمە کە ئه‌م مه‌سه‌له‌ گرنگه‌شمان وه‌ك مۆده‌ وه‌رگرتووه. په‌نا به‌خوا پێمان خۆشه‌ چی له‌ئه‌وروپا ده‌كری ئێمه‌ش بیكه‌ین تا ئه‌وان لێمان رازی بن و پێمان بڵێن: ئه‌هلی سه‌رده‌مین، چونكه‌ قسه‌ی خۆمان بێ‌ له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ی لێ‌ ده‌ژین هیچیان دادمان نادا و به‌كه‌ڵكمان نایه‌ن. چونكه‌ له‌ هیچیان نازانین. وه‌ك بڵێی ده‌زانین له‌به‌ری كه‌ین، به‌ڵام نازانین خۆمان بیدروین. له‌ باو باپیرانت نه‌بیستووه‌ كه‌ ئه‌وەڵ جار پێڵاوی (پاژنه‌ عانه‌!) ئیستراد كرا چه‌ند خانمان پاژنه‌یان له‌جێ چوو؟ به‌س به‌ینی خۆمان سودی ئه‌وه‌ی هه‌بوو پیشه‌ی پینه‌چی زیادی كرد!
وتم : ئه‌وه‌ یانی چی؟
وتی: وادیاره‌ به ‌زۆر قسه‌م پێ ده‌كه‌یت و دوایی لە هیچ ناوێكی خراپم بۆ ده‌دۆزنه‌وه ‌و منیش له‌هیچ به‌ره‌یه‌ك نیم و ده‌مخه‌نه‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌.
وتم: نا، من ده‌مه‌وێ‌ تێبگه‌م.
وتی: بە کورتی تا خۆمان نه‌ناسین و پێوانه‌كان خۆمانه‌ نه‌بن جل و بەرگی ئه‌ورپی له‌به‌رماندا ده‌لب ئه‌بی! خودی ئه‌وروپاییه‌كان وایان كرد. تۆ هه‌ویرێ ده‌شێلی ئاو زۆر ده‌بات. به‌قسه‌ی برای خۆت ده‌كه‌ی بڕۆ خۆت مه‌شغوڵ مه‌كه‌ و تێنه‌گه‌ی چاكتره‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ی به‌زمه‌كه‌ی ناوه‌ته‌وه‌ چاكیشی بكاته‌وه‌، مه‌گه‌ر نه‌تبیستووه‌ عه‌بدول حه‌لیم حافز له‌ گۆرانێکیدا ده‌ڵێ:‌ (ئه‌وه‌ی داوه‌كه‌ی بۆناینه‌وه‌ به‌ره‌ڵاشمان ده‌كات) بڵێ‌ یا ئه‌ڵڵا.

(2)
هه‌موو شته‌كان به‌ بنه‌ڕه‌تی پته‌و ده‌ست پێده‌كات. بنه‌ڕه‌تی پته‌و نه‌خشه‌ و وردبینی ژیانه‌ی ده‌وێ، ئه‌وسا هه‌ڵچنینی بینا. ئه‌مانه‌ هه‌مووی په‌یوه‌ندییان به‌ دیمەنی ده‌ره‌كییه‌وه‌ نییه‌ یان بزواندنی هه‌ست به‌ دیمه‌نە‌ ده‌ره‌كییەکانەوە‌. هه‌مووی ئه‌مانە وردبینی‌ درووستیان ده‌كا.

•دواقسه‌:
(بــرینـی‌ لـه‌شــت چــاری‌ ده‌وایــه‌
بــرینـی‌ دڵت ســاڕێـژی‌ نــایـــه‌
جـوێنی‌ بەیه‌ كـه‌متر كـار ده‌كــا
تـوانـجـی‌ دۆســت دڵ بــریندارده‌كـــا
كه ‌لـه‌گه‌ڵ به‌دا هه‌ڵـسیی‌ و دانـیشـی‌
وه‌ك شـه‌كـر لـه‌جێی‌ ته‌ڕ هـه‌و ده‌كێشی‌
هـاونشینی‌ بـه‌د، ئه‌خـلاق ئـه‌گۆڕێ)

پیره ‌مێرد

 113 جار بینراوە