سەرەکی » وتار » لە یادی هاوڕێ موراد کاک حەمە نوری گەرمیاندا

قیبلەی موراد

لە یادی هاوڕێ موراد کاک حەمە نوری گەرمیاندا

عەبدولڕەزاق شەریف

ئێمە راهاتین لەگەڵ چاوەڕوانی گەڕانەوەدا، لەگەڵ فەوت و مەرگی خۆشەویستەکانمان، ئەوانەی شۆڕش و وەیشوومەی ئافات و شەڕ بردنی، نەهات و نادیدەییان بوو بە یەقین.

چیتر چاومان لە دەرگاکانی هاتنەوەی ماندووبوونی تۆ نییە، سەرهەڵنابڕین بۆ پانتایی ئاسمان ئیتر باڵندەکانی هیوا نابینین، بوونەوەرێک نییە مژدەی هاتنی گوڵ و بەفر و باران و رەشەبا و پەڵەی بووم و بەری خەلە و خەرمانی گەرمیانمان بداتێ، تۆ نەمایت و لەو رۆژەوە کە رۆحت لە قوبەی ساماڵی گەرمەسێرا کەوتووە، ئەستێرەی گەلاوێژ نابینرێ و ناکەوێ، ئێمە وازمان لە ژیان هێناوە و گەرمیان بە ئەوینی تۆوە وازمان لێناهێنێ!!

ئێمە راهاتین لەگەڵ مەرگ، مەرگی گوند و ئاوەدانی و چەم و کانی، لەگەڵ کۆچ و مەرگی تۆش راهاتین، وەک ئەو دایکانەی خۆیان و نەوەکانیان بە دیار هاتنی پەیک و سەفەرنامەیەکی ئەوسای کوڕانی سەفەربەلکەوە پرچەکانیان سپی بوو، وەک خۆمان بەدیار ئێستای کچەکانی ئەنفالی وەیشومەی رەش و هەواڵێکی شەوی سارای سوپای بەعسەوە رۆحمان سپی بوو، لەگەڵ کۆچ و مەرگی تۆش راهاتین، هەموو ئێمە سپی بووین، ئەی مورادی قیبلەی نامورادان.

دوای تۆ لە شیوەنی هاوڕێکانتا، هەندێ فرمێسکی مرواری یاد و بیرەوەرییەکانی ئەوسای شکۆ و هەیبەتی مقاوەمەتی تۆمان لە خاکی نیشتیمانا چاند، بە ئومێدی ئەوەی گوڵجاڕێک بۆ خۆشەویستی کوردستان سەوز بێت!! پێمان ناخۆشە بزانیت کە بووە بە خاری دڕکوداڵ!!

دوای تۆ، لاپەڕە و دەفتەری نامە خوێناوییەکانی سرک و جفرەکانی بێسیمی هەنگاوەکانی پارتیزانەکان و ژێرزەمینەکەی رێکخراوی سلێمانی و تەنانەت بەردە ڕێ و توولە ڕێی هامشۆکانی شەوی بەور و کەڵە کێوییەکانی سەگرمە و ئاشداخمان وێنە گرت و بەسەرمانکردەوە، کەڵوەز و تاوێرەکانی کوخت و ماڵی تەنگانە و رۆژەکانی نەهامەتی خەڵک و پێشمەرگە و هەڵوێستەکانی پشت و پەنا و پیاوەتی ئەو سەروەختەمان زیندووکردەوە و هەمویمان تۆمارکرد ، حەمە نوری گەرمیان لە هەموویاندا، وێنەکەی لە سەرەوەیە.!! پێمان ناخۆشە بزانیت کە هەمووی بووە بە هەقیقەتێکی تاڵ.

دوای تۆ، حیکایەتەکانی مەندەلی و گۆرانییەکانی ئەڵوەن و سۆزی باخ و هاژەی سەمای سیروان تەنانەت گریانی ژنە جێماوە رەشپۆشەکانی کاولەکەی دوای ئەنفالیشمان کرد بە سترانی خۆشخوانی دیوەخان. لێرە نەبوویت کە چۆن بە ئەشقی ئەو حیکایەتانەوە کوڕان و کچانی ئێمە لە کۆبانی و عەفرینەوە هەتا سنوورەکانی جەوەڵ حەمرین بە ئاڵای کوردستانەوە شایی بەرگری و سەرکەوتنیان ئەگێڕا. پێمان ناخۆشە بزانیت کە ئێستا هەمووی بووە بە زوخاڵ!

ئێمە راهاتووین لەگەڵ لەبیرکردنی مێژووی خۆمان و دەفتەری خۆشەویستی یادگارییەکانمانا، وەلێ لە سەرەتای بەهاری هەموو ساڵێکدا، گەرمیان بە دەستی سەوزبڵاخ و بە کۆڵی خەم و بە رێگەی بەرزی زناری چیادا، نوری بیر و خوڵق و ئەخلاقی حەمە نوریمان بۆ ئەنێرێتەوە. وەک بڵێ لە ئاسمانی منا مانگێ ئاوا بووە و هەموو ساڵێکیش لەو دەم و رۆژ و کاتەدا، ئەستێرەیەکم بۆ ئایندەی ئێوە پرشنگ ئەدا و مژدەی سەرکەوتنتان ئەداتێ!

ئێمە راهاتووین لەگەڵ کۆستی مەرگ و کۆکردنەوەی خۆڵەکەوەی ناخ و ئاخی زەمینی نیشتیمانا، وەلێ گەرمیان هەموو بەهارێک و لە رۆژی کۆچ و کۆستی حەمە نوریدا، مژدەی سەوزبوونی خاک و ئاوەدانی و خەلە و تەنانەت سەوزبوونی هیوایەکی ترمان ئەداتێ. ئێمە مردووین و گەرمیان بە هەناسەکانی پێدەشت باوەشێنی ژیلەی کوانووی رۆح ئەکات و زیندوومان ئەکاتەوە.!

ئێمە چیتر دەستەکانمان نە داسی دروێنە و نە دەستوموچانێی ئاوەدانی و نە باوەشی وەفا و نە شانی هاوڕێکانمان و تەنانەت تفەنگی سەنگەرەکانیش ناگرێ، ئێمە چیبکەین لە ژێر داروبەرد و خۆڵی سەنگەرەکاندا بەجێماوین، بەجێماوین وەک ئەو شەهیدانەی خوێنەکانیان بە ساقۆی هاوڕێکانیانەوە و تەرمەکانیان بە سیمی رەبیەکانەوە بەجێما، ئێمە جێماوین و وەک سەرنشینەکانی ماشێنەکانی رێگەی عەرعەر و وەک پێوپلی کۆچ و رەو، زەمەنێکە و قەدەرێک یەخەی ئێستاو ئەستۆی داهاتوی گرتووین، بێ پەروا ئاوێنەکانی رابردوومان وردوخاش ئەکات، ئاسۆیەکمان ئەوێ لە جوانییەکانی سەردەمی بەگژاچوونەوەی مەرگ و باوەشەکانی وەفا و هەنگاوەکانی هاوڕێ و دەست و پشت و پەنابوونی ئازادی.

قیبلەیەکمان ئەوێ بۆ نمازی نامورادیمان، ئەی قیبلەی موراد.

 160 جار بینراوە