سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا و چەند پڕۆژەیەكی دیكەی راگەیاند

قوباد تاڵەبانی بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا و چەند پڕۆژەیەكی دیكەی راگەیاند

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا و رایگەیاند حكومەت بە هەموو توانایەوە ئاسانكاریی بۆ هەر كۆمپانیایەك و وەبەرهێنەرێک دەكات پڕۆژەی هاوشێوە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی جێبەجێ بكات.

لە وتارێكدا بەبۆنەی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی شەکری بیتوێن، ئەمڕۆ 8 نیسان (ئەپریل) ی 2021 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران کارگەكەی بە پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق لە قەڵەمدا و سوپاسی کۆمپانیای ئابورلاند و وەزیری کشتوکاڵ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیشی كرد لە سەرخستنی پڕۆژەكە.

جێگری سەرۆک وەزیران لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئەم پڕۆژەیەی بە نموونەیەکی باشی پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێم دایە قەڵەم بۆ کەرتی تایبەت و رایگەیاند حکومەت بە هەموو توانایەوە هانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران دەدات رووبكەنە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی لەپێناوی بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و سەقامگیر و بەرهەمهێن.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد پڕۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن جگە لەوەی نزیکەی هەشت هەزار هەلی كاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێک دەباتە پێشەوە و وتیشی “ئەمەش هەر ئەو ئامانجەیە كە پێشتر بەڵێنیان دابوو كاری لەسەر بكەین”.

هاوكات جەختی لەوەش کردەوە تەنها بەو پڕۆژەیەوە ناوەستن و لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دیکە خەریکن بۆ پڕۆژەی هاوشێوەی دیکە، بەتایبەت پاش پەسەندكرانی یاسای بودجەی فیدراڵی و پڕۆژە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان دەستكراوەتر دەبن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورە کە هەم هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت و هەم ژێرخانی ئابووری بەهێزتر بکات.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی روونكردەوە، دەبێت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدا رەچاوی هەموو پێوەرە ستاندارد و زانستییەکان بکرێت “بۆ ئەوەی هەم زۆرترین و باشترین جۆری بەرهەممان هەبێت و هەم کەمترین زیان بە سامانی خاک و ئاو بگەیەنین”، داواشیكرد لە بەکارهێنانی ئاودا رەچاوی باشترین سیستمی ئاودێری بکرێت بۆ ئەوەی کەمترین رێژەی ئاو بە فیڕۆ بچێت.

 271 جار بینراوە