سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » بە بیانووی یادی مامۆستاوە . هێشتا ڕێگای بەرەو ڕووناکی دژوارەپەڕە 3

بە بیانووی یادی مامۆستاوە . هێشتا ڕێگای بەرەو ڕووناکی دژوارە

لە دابونەریتی ڕۆژنامەوانی فارسیدا دەستەواژەیەک باوە کە یادی گەورە پیاوانیان دەکەنە بۆنە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی بوارەکانی ژیان.دەڵێن : «بە بەهانەیە»…
لێرە گەرەکمە بە بیانووی یادی مامۆستا برایمەوە سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم کە هێشتا ڕێگای بەرەو رووناکی دژوارە و تەختانی نییە . هێشتا کایەی سیاسەتی گشتی لە وڵاتی برایم ئەحمەددا بۆ رووناکبیری و ئاقڵمەندی و ئەندێشەی سەنگین ماڵی نەبووە .
هێشتا خوێندکارەکانی کوردایەتییەکی نەرمونیان،سیاسەتی شێنەیی و شایان لە غوربەتێکی بکوژدا دەژین و بەشەرم و دڵەڕاوکێوە دەدوێن، سەدجار سەیری پشتەوە دەکەن پێش ئەوەی شەقاوێک باوێن نەک بۆ ئەوەی قسەکەیان پێش گوتنی باش بجوێن، بەڵکو لەبەر ئەوەی دیزاینەکەیان وا لێ کردووە لە بازنەی داخراوی وەزعی راھیندا بخولێتەوە.
خۆی لە ئەسڵا کۆی حیکایەتی کوردایەتی ، بە دێرین و مۆدێرنییەوە، کێوماڵی دیوانی خانی و حاجی بوو ، لەسەرەتاوە کوردبوون و ڕوانینێکی نەتەوەیی بۆ کوردستان ، مەفتەنی هەزارساڵەمان ، بەرهەمی ڕەنجی ڕامان و ئەندێشە و ئۆینبازی رووناکبیر و ئەفەندییە بێ مەزەڕەت و بێ وەیەکەبوو کەچی وەک ئەوە وایە ئەھلی نەزەر و نەزیر تەوەلا کرابێ و بەحاڵ لە شوێنی سەکن یان تەنانەت شوێنی تەلەفزیۆنەکە جێی دەبێتەوە.
ڕەوتی بەسەرهاتەکانی مێژوویی هیچ وڵاتێک وا ناڵێت .قەرار بوو لە بنچینەدا گوتە و گوتن و گوفتاری شیرین و زەلال بنەمابن و قسەی خۆش،کوردەواری وتەنی ، مار لەکون دەربێنێ .
دەفتەری ئەعمالی سیاسەتی سەدەی «کوردە غیرەتێ» وا دەڵێت. سەرگوزەشتە و قەومانی باوکە دامەزرێنەرەکانی وەک رەفیق حلمی ، شێخ نوری شێخ ساڵح ، برایم ئەحمەد و دەگمەنەکانی تر وا دەڵێت ، قەراربوو فیکرسەروەری ئیتر ئازار و پەژارەی سەدەی بیستی نەمێنێ و لە چەرخی نوێدا لە دیمەنەکە شوێنێک بگرێت ، کەچی زەمانێکی وا تێیکەوتوین بە بیانووی پراگماتی و کردار و کارەوە خەریکە ئەندێشەو ئەندازە و پێوانی مەنتیقی دەکەوێتە پەراوێزەوە. وەک پاڵدمشۆڕێکی بێ رەسید لە ئەندێشمەند و خاوەن سەروسەکوتی خۆماڵی دەروانرێت . گوایە باوی قسە و گوتەی قەبەی ناو کتێبان نەماوە و فیعل گرنگە هەتا ئەگەر «فیعلەکە شەنیع»یش بێت و نەچێتە خشتەی خەمی گشتی کۆمەڵ و وڵاتەوە. وەک بڵێی مەرحەباییمان لە جەھل و وەحشت گوێی ھونەری بۆ کوردستان بردۆتەوە و کارەبا و سەنعەتی بۆ ھێنابین.
لە وێستگەی بەرەو ڕووناکیدا «هەر زۆردارانم دوژمن بوون» ئومێد وابوو فیکر و خەیاڵ و هزر وبیری پاک زەمین و ئاسمانی وڵات بتەنێتەوە، گوایە ئیتر «مەحوی ئومییە»شتێک کارەکەی ئاسان کردووە . ئێ ئێستا لە چەرخی بەرهەڵداوی و خۆماڵی و خۆمانیدا تەوژمی ڕووناکبیری وا کزە نەقش ناهێنێ و باو باوی پەندی عێراقی (عوافى الى يجيب نقش)ە.
چۆن دەبێ دوای نزیکەی سەد ساڵە لە «یادگار و هیوا» و شانۆنامەی دایکی نیشتمان کە بەقەدەر کەمەندکێشی ئۆردوی شورەوی مەهابادی بەرەو کۆمارێتی جەزب کرد ، دوای دەیان ساڵ لە ژانی گەل و کوێرەوەری و ڕووناکی و رووناهی هێشتا کوردەواری و قەڵا توکمەی ، کوردایەتی، بە نەفەسی «ئانە ، پانە، لپپانە» ڕەوت بکا و سەری بەرزی بە ڕێکەوت و تورکمان وتەنی «ئەڵلاقۆیسن» بسپێرێ.
ئاخر خەزینی پێشێن و سەدساڵی گوزەریان کرد لە یاداشت و ئەدەبیاتی ھەمەلایەنەی کوردستان کەم نییە. بەڵام بەچی دەچێ کە هێشتا سایەی ئێسکگران و زاڵ بەسەر شەئنی گشتی وڵاتدا مۆدێرنەو دامەزراوەکانیشی کێوماڵ کردووە و بەرهەمێک بە دەستەوە دەدا کە هیچ خۆشی بە ئەفەندێتی و شارپەروەری نایە و کارەکتەرەکانی رێبازی وا بە سەرکز و بێ فەڕ و بێوەی دەزانێ.
ھێشتا رێگە تەسک و تەنگە و «بەرەو رووناکی» سەد لەمپەڕ و ئەفسانە و ئەژدیھای حەوتسەری لەبەردەمدا راگیراوە . ھەر دەڵێی دەرس و دەوری تر ماوە فێری بین. ئەرێ ئەم تلیماجە بەس نییە؟!

 535 جار بینراوە