سەرەکی » زانست » رۆبۆتێكی فڕیو بۆ رنینەوەی میوەی…

رۆبۆتێكی فڕیو بۆ رنینەوەی میوەی…

رۆبۆتێكی فڕیو بۆ رنینەوەی میوەی پێگەیشتوو

كەشتیی نوح

تارا شێخ عوسمان

زانایان گەشەیان بە جۆرە مێشكێكی دیجیتاڵیی داوە كە دەتوانێت لە رێگەی فەرمانكردن بە چەند رۆبۆتێكی فڕیوەوە میوە پێگەیشتووەكان لە بێستانەكاندا لێبكاتەوە.

رنینەوەی میوە یەكێكە لە كارە ماندووكەرەكان، چونكە پێویستی بە وەستانی زۆر و هەڵگەڕانە بەسەر درەختە بەردارەكاندا كە زۆرجار ئەو كارانە لە رۆژێكدا زیاتر لە شەش سەعات دەخایەنێت، لەلایەكی تریشەوە بەڵای كۆرۆنا وایكردووە دەستی كار بە ئاسانی نەگەنە بێستانەكان بەهۆی رێوشوێنە خۆپارێزییەكان و قەدەغەكردنی هاتوچۆوە، بۆیە كۆمپانیای (TEVEL AEROBOTICS TECHNOLOGIES) بڕیاریداوە لە رێگەی بەكارهێنانی زیرەکیی دەستكردەوە گەشە بە ئامێرێك بدات بۆ دەستنیشانكردنی میوە پێگەیشتووەكان و لێیان بكاتەوە.

ئەو كۆمپانیایە ئاماژەی بەوەشداوە كە رۆبۆتی فڕیو بۆ ئەو مەبەستە بەكار دەهێنێت كە توانایان هەیە لە هەموو شوێنێكدا بە ئاسانی بێن و بچن و خەرجییەكی كەمیشی تێدەچێت و كرێكاران بە ئاسانتر دەتوانن بەردەوام بن لە كارەكانیان.

بە گوێرەی كۆمپانیای ناوبراو، ئەو رۆبۆتانە خوارزمیی زیرەکیی دەستكردیان تێدا بەكارهاتووە بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی درەختەكان و هەروەها خوارزمیی بینینیشیان هەیە بۆ ئەوەی میوە پێگەیشتووەكان لە نێو گەڵاكانەوە ببینن.

هەروەها كات گرنگییەكی زۆری پێدراوە لەو كارەدا بە هۆی ئەوەی ئەو میوە پێگەیشتووانە ئەگەر لە ماوەیەكی كەمدا لێنەكرێنەوە ئەوا (%80)ی نرخەكەیان لەدەست دەدەن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو رۆبۆتانە تەنها میوە پێگەتشتووەكان لێدەكەنەوە ئەویش لە رێگەی هەڵسەنگاندنی قەبارە و پلەی پێگەیشتنی میوەكەوە، دواتریش رۆبۆتەكە باشترین ریگە هەڵدەبژێرێت بۆ نزیكبوونەوە لە میوەكە و باسكە میکانیکییەكەی بۆ درێژدەكات و لێی دەكاتەوە.

هەروەها دەتوانرێت لە بێستانێكدا لە رۆبۆتێك زیاتر بەكاربهێنرێت بەبێ ئەوەی بەریەك بكەون، ئەویش بە هۆی ئەو مێشكە دیجیتاڵییەی لە یەكەی كۆنترۆڵكردنەوە كاریان پێدەكات.
پێویستە بوترێت: ئەو رۆبۆتانە دەتوانن هەموو رۆژەكە بەبێ وەستان كاربكەن و ماندووبوونیش نازانن.

سەرچاوە: شرق الاوسط

 1,260 جار بینراوە