سەرەکی » مانشێت » یادی 15 ساڵه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ شه‌وكه‌تی حاجی مشیر و هاوڕێكانی

ناپاكی له‌ وه‌ڵامی نییه‌تی ئاشتیخوازییدا

یادی 15 ساڵه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ شه‌وكه‌تی حاجی مشیر و هاوڕێكانی

ئاوات كۆكه‌یی

یاده‌وه‌رییه‌كی تاڵه‌‌و برینێكی به‌سوێیه‌، هه‌رگیز ئه‌و شه‌وه‌ بیرناچێته‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌كان باجی ئاشتیخوازانه‌یان دا، ئه‌وان ویستیان چیتر ناوچه‌كه‌ گیرۆده‌ی تیرۆرو تۆقاندن نه‌بێت‌و ئاسایشی به‌رقه‌رار زیاتر بچه‌سپێت، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی ئه‌وان‌و خه‌باتی ئه‌وان‌و شه‌هیدو هه‌ڤاڵه‌كانیان توانی به‌رده‌وامی به‌ به‌رقه‌راریی ئارامیی خه‌ڵك بدات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خۆیان بوونه‌ قوربانی ئه‌و رێگه‌یه‌‌و له‌كرده‌وه‌یه‌كی ترسنۆكانه‌دا ناپاكییان لێكراو جه‌سته‌یان خه‌ڵتانی خوێن بوو.
ئه‌وه‌، رووداوه‌كه‌ی گوندی (گامێش ته‌په‌)ی شاره‌زووره‌، كه‌ تیایدا كاك شه‌وكه‌ت-ی سه‌ركرده‌‌و هه‌ردوو فه‌رمانده‌ (سه‌ردار غه‌فور سلێمان‌و حیكمه‌ت حاجی عوسمان)‌و چه‌ند هاووڵاتییه‌كی گوند‌و خانه‌خوێی كۆبوونه‌وه‌كه‌، شه‌هیدكران.

كاك شه‌وكه‌ت
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ شه‌وكه‌ت حاجی مشیر‌ محه‌مه‌د یاروه‌یسی، ساڵی 1947 ‌له‌گوندی (ته‌پی سه‌فا)ی شاره‌زوور له‌دایكبووه‌، سه‌ره‌تا له‌ حوجره‌ خوێندنی قورئانی ده‌ستپێكردووه‌، پاشان له‌ 1956 چۆته‌ قوتابخانه‌، سه‌ره‌تایی له‌خورماڵ‌‌و ناحیه‌ی سیروان، ناوه‌ندیی له‌هه‌ڵه‌بجه‌و خانه‌قین ته‌واوكردووه‌، دواتر چۆته‌ ئاماده‌یی (وه‌ته‌ن) له‌سلێمانی‌‌و هه‌ر ئه‌وكاته‌ش له‌یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان، كاریكردووه‌، له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌وسای كوردستان له‌كۆتایی 1968 وازی له‌خوێندن هێناوه‌و بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول‌و كراوه‌ته‌ لێپرسراوی كارگێڕی له‌به‌تالیۆنی هه‌ڵه‌بجه‌‌و له‌ 1969 كراوه‌ به‌جێگری فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی پێباز.
له‌ 1976 له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ دوو جار ده‌ستگیركراوه‌‌و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م ئازادكراوه‌، رۆژی 26/6/1976 له‌گه‌ڵ شه‌ش هاوڕێی تریدا به‌بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان یه‌كه‌م ده‌سته‌ی چه‌كداری شۆڕشی نوێیان له‌ناو وڵات پێكهێناوه‌، هه‌مان ساڵ هاوسه‌رو هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ باوكیدا له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس-ه‌وه‌ ده‌ستگیركراون‌و زیاتر له‌دوو ساڵ له‌زیندانه‌كانی خوارووی عیراق به‌ندكراون.
كاك شه‌وكه‌ت؛ سه‌رپه‌رشتی‌و فه‌رمانده‌یی چه‌ندین داستان‌و نه‌به‌ردیی؛ كردووه‌،‌ كراوه‌ به‌فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی 9ی به‌مۆ 1980، فه‌رمانده‌ی تیپی 11ی هه‌ورامان 1981، لێپرسراوی سه‌ربازیی مه‌ڵبه‌ندی چواری هه‌ولێر 1983، لێپرسراوی عه‌سكه‌ریی مه‌ڵبه‌ندی 2ی كه‌ركوك 1984، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی سلێمانی 1986.
له‌‌ڕاپه‌ڕینی 1991 ئه‌ندامی لیژنه‌ی سه‌ركردایه‌تی بووه‌ بۆ ئازادكردنی كه‌ركوك‌و رۆڵی گرنگی له‌و رووه‌وه‌ گێڕاوه‌، له‌ دژه‌ هێرشی رژێمی به‌عس بۆ گرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك‌‌و سلێمانی‌، سه‌رپه‌رشتی به‌شێكی هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی كردووه‌.
ساڵی 1991 كراوه‌ به‌لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی ‌چواری بادینان، وه‌ك نوێنه‌ری (ی.ن.ك) به‌شداریی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی نێوان به‌ره‌ی كوردستانی‌و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی كردووه‌ كه‌ ‌له‌‌ 1991 هاتبوونه‌ كوردستان‌، له‌ڕاپه‌ڕینی دووه‌مدا، له‌‌ته‌مموزی ساڵی 1991، سه‌رپه‌رشتی خه‌ڵكی دهۆكی كردووه‌ بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌كانی رژێم له‌و ناوچه‌یه‌دا، له‌كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا كراوه‌ به‌فه‌رمانده‌ی له‌شكری هه‌ولێر، له‌‌نێوان ساڵی 1979تا1992 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی (ی‌.ن.ك) بووه‌، ساڵی 1992 له‌‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌ به‌ئه‌ندام په‌رله‌مان، له‌ 1993 كراوه‌ به‌لێپرسراوی نووسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سلێمانی، ساڵی 1996 كرا به‌ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی گشتیی (ه.پ.ك)، ئه‌ندامی سه‌رجه‌م كۆنفرانس‌و پلنیۆمه‌كانی (ی‌.ن.ك)‌و یه‌كێتیی شۆڕشگێڕانی كوردستان بووه‌.
نووسه‌ر بووه‌‌و چه‌ندین بابه‌تی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رۆشنبیریی له‌ڕۆژنامه‌كان‌ بڵاوكردۆته‌وه‌‌و چه‌ند كتێبێكیشی چاپ كردووه‌.
له‌ 1997 كراوه‌ به‌لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 9ی شاره‌زوور‌و دواتریش بۆته‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی (ی‌.ن.ك).
شه‌وی 7\8/2/2003 له‌گوندی (گامێش ته‌په‌‌)ی شاره‌زوور له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ (سه‌ردار غه‌فوور سلێمان‌و حیكمه‌ت حاجی عوسمان)‌و چه‌ند هاووڵاتییه‌كی گونده‌كه‌، به‌ده‌ستی تیرۆریستانی (ئه‌نسارولئیسلام)، شه‌هید كران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*