سەرەکی » دۆسێ » پسپۆڕێك: حكومەت سەرقاڵی جەنگێكی شاراوەیە

پسپۆڕێك: حكومەت سەرقاڵی جەنگێكی شاراوەیە

راسم عگێدی پسپۆڕی ئابوری پێیوایە، «حكومەت سەرقاڵی جەنگێكی شاردراوەیە لەگەڵ ئەو ئامرازانەی كار بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی دەكەن و هەوڵ دەدەن لە سیاسەتی دارایی حكومەت بدەن لە دوای بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار».

راسم عگێدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە 2 نیسانی 2021 رایگەیاند»بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار، لە دوای پەسەندكردنی بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2021، رووداوێكی لەناكاو نەبوو، بۆ چەند هەفتەیەك دەچوو چاوەڕوانمان دەكرد، حكومەت پشتی بە چوارچێوەی داواكاریی و خستەڕووی بازاڕ بەستبوو بۆ بەیاساكردنی فرۆشتنی دۆلار و رێگرتن لە بەقاچاخبردنی بۆ دەرەوەی وڵات بە شێوازیی جیاجیا، بەڵام لە هەمان كاتدا كۆنترۆڵی سیستمی جوڵەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكانی لەدەستدا، بە تایبەت مەوادە خۆراكییە سەرەكییەكان».

بە وتەی عگێدی»حكومەت لەئێستادا جەنگێكی شاردراوە لەگەڵ ئەو ئامرازە جۆراوجۆرانەدا دەكات كە كار بۆ دەرەوە و بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی دەكەن، و هەوڵ دەدەن لە سیاسەتی پشتپێبەستراوی دارایی بەغدا بدەن، ئەمەش لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار».

بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە ئابورییە»جەنگەكە لەڕووی هێنانەناوەوەی كاڵای هاوردەكراوە بەشێوازیی نایاسایی، یان كڕین بە نرخێكی كەمتر، وێڕای هەڵاتن لە باجەكان».

بە بۆچوونی راسم عگێدی»لەسایەی ئەم رەوشەی ئێستادا، نرخی دۆلار كەوتۆتە چوارچێوەی ئاستی داواكاریی و خستنەڕوو، بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی زۆرە، لەبەرامبەردا حكومەت پارەی زیاتر ناخاتە بازاڕەوە بۆ شكستپێهێنانی خواستی ئەو لایەن و ئامرازانە».

پسپۆڕە ئابورییەكە دەڵێت»بەداخەوە حكومەت پرەنسیپی هاوسەنگی لەنێوان بەرهەمی ناوخۆ و توانای پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی بازاڕی لەدەستداوە، چونكە هیچ تەوافوقێك یان هاوئاهەنگییەك لەنێوان فەرمانگە پەیوەندیدارەكاندا نییە لەپێناو فەراهەمكردنی پێداویستییەكانی بەرهەم و بەبازاڕكردن، ئەمەش لە بەرژەوەندی حكومەت نییە».

نرخی خەرجی دۆلار لەم چەند رۆژەی دواییدا بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆوەبینی و بەربەستی 1470 دیناری عیراقی تێپەڕاند، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە دوای گۆڕینی نرخەكەی بە بڕیارێكی حكومەت لە كۆتایی كانوونی یەكەمی رابردوو، ئەو نرخە بەخۆوە ببینێت.

لە سەرەتای مانگی نیسان، نرخی فرۆشتنی 100 دۆلار بە هاووڵاتیان لە بۆرسەی كیفاح لە بەغدا گەیشتە 147.250 دینار و نرخی كڕینیشی گەیشتە 146.250 دینار، بە هەمان شێوە لە بۆرسەكانی كەڕادە و حارسیە نرخەكە لەنێوان 147.250- 147.500 دیناردا بوو.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، نرخی خەرجی دۆلار لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 147.250 بۆ كڕین و 146.250 بۆ كڕین، هەمان نرخ لە زۆربەی شارەكانی باشوور تۆماركرا.

هەر لەو ماوەیەدا، نرخی خەرجی دۆلار لە بۆرسەی كیفاح لە بەغدا، بۆ 147.750 دینار بەرزبۆوە، لە هەرێمی كوردستانیش هەمان ئاستی تۆماركرد، بەر لەوەی هەندێك دابەزین بەخۆوە ببینێت.

لەسەر ئاستی جیهانیش، وەك ماڵپەڕی Google finance لە دامەزراوەی Morningstar ئاماژەی پێدەكات،نرخی دۆلار لەبەرانبەر دیناردا 1459.19 دینار بوو.

هەندێك لە شارەزایان پێشبینی دەكەن نرخی خەرجی دۆلار بەربەستی 1480 دینار تێنەپەڕێنێت لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو، و تا مەودایەكی دوور لەژێر ئاستی 1500 دیناردا بمێنێتەوە لە پاش دەنگدان لەسەر بودجە، بانكی ناوەندیش تەئكید لەسەر درێژدان بە فرۆشتنی دۆلار دەكات بە 1470 دینار بۆ خەڵك و ئەوانەی دەیانەوێت لە بانكەكان دۆلار بكڕن.

نرخی دۆلاری ئەمریكایی لە دوای بڕیارەكەی مانگی كانوونی یەكەمی رابردووی بانكی ناوەندی عیراقی بۆ بەرزكردنەوەی نرخەكەی، ناوبەناو بەرز و نزمی بەخۆوە دەبینێت، بەڵام بە بۆچوونی شارەزایان، رەنگە لە دوای پەسەندكردنی بودجەی 2021 لەلایەن پەرلەمانەوە، جێگیربوون بەخۆوە ببینێت.

 243 جار بینراوە