سەرەکی » کەلتوور » چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ شۆڕشی‌ گه‌لی‌ رۆژاڤای‌ سیاسه‌تمه‌داری‌ هه‌ڵكه‌وتووی‌ كورد ئالدار خه‌لیلپەڕە 24

چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ شۆڕشی‌ گه‌لی‌ رۆژاڤای‌ سیاسه‌تمه‌داری‌ هه‌ڵكه‌وتووی‌ كورد ئالدار خه‌لیل

كوردستانی‌ نوێ

ده‌زگای‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ شه‌هید هه‌ركول له‌ شاری‌ دێرك-ی‌ هه‌رێمی‌ جزیره‌، یه‌كه‌م چاپی‌ كتێبی‌ (چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ شۆڕشی‌ گه‌لی‌ رۆژاڤا)ی‌ خسته‌ بازاڕه‌وه‌ كه‌ ئالدار خه‌لیل-ی‌ سیاسه‌تمه‌داری‌ هه‌ڵكه‌وتوو ئه‌ندامی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكراسی‌ واته‌ ته‌ڤده‌م نووسیویه‌تی‌.
ئالدار خه‌لیل له‌م كتێبه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌، شیكارییه‌یدا، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ندێك له‌ وێستگه‌ گرنگه‌كانی‌ خه‌باتی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كوردستان، له‌ ماوه‌ی‌ هه‌شتاكان‌و نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا، تیایدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌ ئازادیخوازانه‌یه‌ تا چه‌ند كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر نه‌وه‌ی‌ نوێ‌و لاوانی‌ كورد به‌ گشتی‌، هه‌روه‌ها تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و گۆڕانكاری‌‌و پێشكه‌وتنه‌ كوردستانیانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و جیهانیش روویان داوه‌‌و بوونه‌ته‌ رێخۆشكه‌ر بۆ قۆناغی‌ نوێی‌ خه‌باتی‌ گه‌لان له‌ پێناو ئازادییاندا، واته‌ به‌هاری‌ گه‌لان، كه‌ سه‌ره‌تاكانی‌ له‌ ده‌ستپێكی‌ سه‌ده‌ی‌ بیست‌و یه‌كه‌مدا ده‌ركه‌وتن.
جوڵانه‌وه‌ی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ رۆژاڤا به‌ تایبه‌تی‌‌و سوریا به‌گشتی‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌م كتێبه‌ی‌ داگیر كردووه‌، نووسه‌ر چه‌ندان ناونیشانی‌ جیاجیا‌و گرنگی‌ له‌ خه‌باتی‌ گه‌لی‌ رۆژاڤا‌و باكووری‌ سوریا بۆ جیا كردۆته‌وه‌‌و زۆرێك له‌ قۆناغه‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ خه‌باتی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌ ناو گۆڕه‌پانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ واقیعی‌ هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی‌ تێدا جێ كردوونه‌ته‌وه‌، نووسه‌ر خۆیشی‌ وه‌ك شایه‌تحاڵێك به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دۆكیومێنته‌ریانه‌ ئه‌و رووداوانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌ودا روویان داوه‌. جگه‌ له‌وه‌ش نووسه‌ر له‌م كتێبه‌ مه‌نهه‌جیه‌یدا رۆڵی‌ فیكر‌و فه‌لسه‌فه‌ی‌ ئۆجه‌لانی‌ پشتگوێ نه‌خستووه‌، كه‌ كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و واقیعه‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی‌ باكووری‌ سوریا تیایدا ده‌ژی‌، له‌ پێكه‌وه‌ ژیان‌و پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بردن، كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان به‌شداری‌ له‌ سیستمی‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كه‌ن.
نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا رۆژاڤا ده‌كاته‌ بنكه‌‌و پێگه‌ی‌ گۆڕانكاری‌‌و گۆڕانی‌ دیموكراسی‌، ئاماژه‌ به‌ گرنگترین لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌رچاوه‌كان ده‌كات، كه‌ رۆژاڤا به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌‌و دواتر چاره‌سه‌ری‌ سیاسی‌‌و دیموكراسی‌ بۆ ئانده‌ی‌ هه‌موو سوریا لێوه‌ گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌، كه‌ خۆی‌ له‌ چاره‌سه‌ری‌ فیدراڵی‌ دیموكراسیدا ده‌بینێته‌وه‌‌و ئه‌مه‌ش نووسه‌ر له‌ كۆتایی كتێبه‌كه‌یدا (چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ شۆڕشی‌ گه‌لی‌ رۆژاڤا)، به‌ درێژی‌ ئاماژه‌ی‌ پێ كردووه‌.
نووسه‌ر سه‌دان وتاری‌ له‌ بواری‌ سیاسه‌ت‌و فیكردا هه‌یه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر توێژینه‌وه‌شی‌ له‌و بواره‌دا هه‌یه‌، له‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ئه‌كادیمییه‌كان‌و سه‌نته‌ره‌كانی‌ سیاسه‌ت له‌ رۆژاڤا وانه‌ی‌ وتۆته‌وه‌. ئالدار خه‌لیل به‌ ئه‌ندازیاری‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ خۆجێیی‌و دیموكراسی‌ له‌ خۆرئاوای‌ كوردستان داده‌نرێت.

 125 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*