سەرەکی » زانست » تەكنیكێكی سەوز دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دەكرێتە سووتەمەنی فڕۆكە

تەكنیكێكی سەوز دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دەكرێتە سووتەمەنی فڕۆكە

كەشتیی نوح

تارا شێخ عوسمان

لە هەنگاوێكی نوێدا زانایان دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دەگۆڕن بۆ سووتەمەنی فڕۆكە.

زانایانی زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانیا توانیان گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بگۆڕن بۆ سوتەمەنی فڕۆكە، ئەمەش بە هەنگاوێكی گەورە و گرنگ دادەنرێت لە بواری گەشەپێدانی وزەی پاك.

پێگەی (Wired) كە پێگەیەكی ئەمریكییە و گرنگیی دەدات بە بواری كار و تەكنەلۆژیا و ژیان لە راپۆرتێكیدا باسی ئەو تەكنیكە نوێیەی كردووە و ئاماژەی بەوە داوە ئەو تەكنیكە یارمەتیدەر دەبێت لە كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی كەرتی گواستنەوەی ئاسمانیی بۆ سەر ژینگە بەوەی كە دەردانی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كەمدەكاتەوە و وزەی پاك بۆ فڕۆكەكان دابین دەكات.

ئەوەی ئێستا هەیە ئەوەیە زاناكان گرفتیان هەیە لە قەبارەی توێژینەوەكانیان، چونكە تا ئێستا توێژینەوەكانیان تەنها لەناو تاقیگەدایە و چەند گرامێكیان لەو جۆرە سووتەمەنییەی دۆستی ژینگە بەرهەمهێناوە.

بەرفراوانكردنی چوارچێوەی توێژینەوەكان
(تیانكۆشیاو) دانەری بەشدار لە توێژینەوەكە و توێژەری زانستی كیمیا لە زانكۆی ئۆكسفۆرد لەو بڕوایەدایە كە ئەو گرفتە دەبێت چارەسەر بكرێت و سەركەوتنی توێژینەوەكەشیان پاساوە بۆ ئەوەی توێژنەوەی بەرفراوانتر بكەن بۆ ئەمەش پێشنیاز دەكات كە وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی فڕۆكە بە تەنیشت وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەباوە بكرێتەوە بۆ ئەوەی سووود لە دەردانی كاربۆن وەربگرن.

شیاو وتیشی: «گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زۆر خێرایە و دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنیش زیادی كردووە، بۆیە ژێرخانی بەردەستی سوتەمەنی هایدرۆكاربۆنی یارمەتیدەر دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو گۆڕانكارییانە و دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.

ئابوری بازنەیی
(ئۆسكار میجرینك) سەرۆكی پڕۆژەی وزەی داهاتوو لە كۆمپانیای( SkyNRG) دەڵێت: «ئەو تەكنیكە نوێیە یارمەتیدەر دەبێت لە كەمكردنەوەی كاریگەریی كارگەكان كە پشت بە وزەی ژێر زەوی دەبەستن».
(میجرینك) پێشنیازدەكات ئەو تەكنیكە بەكاربهێنن بۆ هەڵمژینی ئەو دووەم ئۆكسیدی كاربۆنەی لە بەرگەهەوای زەویدا هەیە.

زۆربەی زانایانی بواری ژینگە هیوای زۆریان لەسەر ئەو تەكنیكە هەڵچنیووە و پێشبینی دەكەن ئەو تەكنیكە سەركەوتووبێت و لەسەر ئاستێكی بەرفراوان بڵاوببێتەوە و بەكاربهێنرێت.

سەرچاوە: البیان

 893 جار بینراوە