سەرەکی » وتار » ڕه‌سوڵ بۆسكێنی » کاتێک به‌رهه‌می شۆڕش بەهەند وەرنەگیرێت

کاتێک به‌رهه‌می شۆڕش بەهەند وەرنەگیرێت

خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد لەپێناوی رزگاربوون له‌ سته‌می دوژمنان و بەدەستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانه‌كه‌ی، خه‌باتێكی دورودرێژ و ره‌واو و پیرۆزیشه‌، له‌و پێناوه‌شدا سه‌ره‌ڕای ده‌ربه‌ده‌ریی و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر، رووبارێك خوێنی رۆڵه‌كانی كردۆته‌ قوربانی، به‌ڵام مادام له ‌به‌شێكی كوردستان به‌ری خه‌باتی چینیوه‌ته‌وه‌ و تاڕاده‌یه‌ك ئازادیی به‌ده‌ستهێناوه‌ و بۆ رزگاریی یه‌كجاری نیشتمانی تێده‌كۆشێ، مایه‌ی ئومێد و شانازیی رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌یه‌تی، هه‌ڵبه‌ت له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی به ‌ده‌ستی هێناوه‌، ماف و ئازادیی تاكه‌كه‌سی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و ئاشتی و فره‌حزبی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ ئاواتی هه‌مووانه‌.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌، متمانه‌ و باوه‌ڕبوون به‌و دروشم و گوفتار و ئاكارانه‌، ئاماژه‌ن بۆ داهاتوویه‌كی گه‌ش و پڕشنگدار، وه‌ك هاوهه‌ڵوێستی و ته‌بایی و یه‌كڕیزیی، كه ‌له ‌نێو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هەرێمی کوردستاندا ئاماژه‌ی پێده‌درێت، له‌وپه‌ڕی راست بۆ ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ، له ‌ئیسلامی بۆ عەلمانی، یا نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، بۆته‌ سه‌ر وێردی زمانیان، دیاره‌ وه‌رگرتن و قبوڵكردنی ئه‌و قسانه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان مه‌رجی سه‌ره‌كی و گرنگی كاره‌كه‌یه‌.

وه‌ك خۆیان له‌دوای هه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و لێدوانێك ده‌ڵێن: «ئه‌گه‌ر له‌ كوردستانیش راوبۆچوونمان جیاوازبێت له‌ عیراق ئێمە پێویستمان بە یەکڕیزییە»، بێگومان هه‌موومان وا بیرده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان په‌یڕه‌وی ئه‌و بڕیارانه‌ی خۆیان بكه‌ن، ده‌توانن هه‌موو مافه‌کانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ستبهێنن، كاتێك ئه‌وان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، کێشەکانی ناوخۆ پێویستیان بە چارەسەرە.

لەدوای ته‌واوبوونی هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش به‌ستنی كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی، بۆ به‌رچاوی كامێراكان و خه‌ڵكی كوردستان، ئاماژه‌ی سه‌ركه‌وتن و لێكتێگه‌یشتن راده‌گه‌یه‌نن، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ئومێدیان به‌داهاتوو پته‌وترده‌بێت، به‌ڵام كاتێك سه‌ره‌تای پپێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی، كێشه‌ و ململانێی به‌رده‌میان ده‌بینێ، هه‌میشه‌ بیر له‌ تێكچوونی بارودۆخی هه‌رێم و دوو ئیداره‌یی و لێكترازان ده‌كاته‌وه‌.

كاتێك ئه‌وان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن ناو ماڵی كورد پێویستی بە رێکخستنەوەیە، خه‌ڵكی كوردستان دڵخۆشن به‌وه‌ی ره‌نگه‌ له‌مه‌ودوا به‌م هه‌ڵوێسته‌یان بتوانن هه‌موو نه‌یار و دوژمنان ناچاربكه‌ن، سه‌ر بۆ خواسته‌كانی كورد بچه‌مێنن، به‌ڵام كاتێ ده‌بینن، كێشه‌ و ململانێ و میدیاكانی سێبه‌ر بۆ سڕینه‌وه‌ و شكاندن و ته‌پاندنی یه‌كتریی بێبه‌زه‌ییانه‌ له‌كاردان، ده‌رگای ئومێد دادەخرێتەوە و چیتر کۆنگرەی رۆژنامەنووسی و لێدوانەکانی بەر کامێرا مایەی خۆشحاڵی نابن، كاتێك سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌ و قسه‌كانیان به ‌ستایشی شه‌هیدان و رێزی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ده‌ست پێده‌كه‌ن و به‌گوته‌ی جوان و رازاوه‌ ده‌ڵێن: «ئێمە قەرزاری‌ خوێنی شەهیدانین، تروسكایی هیوا له‌ ده‌روون سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌وه‌ش مافێكی ره‌وای كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانه‌، چونكه‌ ئه‌وان خوێن و گیانیان بۆ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌خشیووه‌ و گیانبه‌خشینیش لو‌تكه‌ی به‌خشینه‌، هیچ پاداشتێك قه‌ره‌بووی ناكاته‌وه‌، به‌ڵام کە ده‌بینی كه‌سوكاری شه‌هیدان له ‌مافه‌كانیان بێبه‌شن و له ‌به‌رزترین ئاستی حكومه‌ت مافه‌كانیان پێشێل ده‌كرێت، خائینان و بكوژه‌كانی شه‌هیدان، شاباش وه‌رده‌گرن، ئه‌و تروسكایی ئومێده‌ش نامێنێت، كاتێك ئه‌وان رایده‌گه‌یه‌نن پێویستە یاسا سەروەر بێت.

دیاره‌ كورد چه‌وسانه‌وه‌ی له‌ده‌ست یاسای دوژمنان و بێبه‌شبوون له‌ دادپه‌ر‌وه‌ریی زۆر بینیووه‌، ئه‌وه‌ مایه‌ی خۆشحاڵییه‌كی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ئازادییه‌ی رۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ خوێنیان بۆ رشتووه‌، پێویستی به‌ پانتاییه‌كی فراوانتر هه‌یه‌ و نابێت به‌رته‌سک بكرێته‌وه‌ و خه‌ڵك له‌سه‌ر وتنی رای خۆی زیندانی بكرێت، رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی سزا بدرێت، خه‌ڵك له‌سه‌ر نووسینی كۆمێنتێك له‌ فیسبوك لێپرسینه‌وی له‌گه‌ڵدا بكرێت، یا ئه‌كاونته‌كه‌ی هاك بكرێت، كادری حزبی نه‌توانێت به ‌ئازادانە له ‌ژماره‌ی ‌ته‌له‌‌فۆنی خۆ‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به ‌یه‌كێكی تره‌وه‌ بكات، نه‌وه‌ك له‌ژێر كۆنترۆڵدابێت و قسه‌كانی تۆماربكرێت.

كاتێك هاووڵاتیه‌كی بێلایه‌نی سه‌رشه‌قام، زۆر راستگۆیانه‌ رای سروشتی خۆی ده‌ڵێت و به‌دڵی پڕ و چاوی پڕ له‌ فرمێسكەوە نیگه‌رانییه‌كانی بۆ كه‌ناڵێك ده‌رده‌بڕێت و له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: «ئینجا چی ده‌بێ باببێ، بمگرن یا بمكوژن هیچ گرنگ نییه‌ له‌لام»، ئیدی لێره‌دا چ نرخێك بۆ ئازادی و دیموكراسی و سه‌روه‌ریی یاسا و خه‌بات و تێكۆشان ده‌مێنێتەوە؟

 508 جار بینراوە