سەرەکی » دۆسێ » رێژەی وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا روو لە زیادبوونە

كازمیش هاتەسەر خەت

رێژەی وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا روو لە زیادبوونە

فەرمانگەی تەندروستی كەرخ لە بەغدا ئاماژە بە زیادبوونی رێژەی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەكات لەلایەن هاووڵاتیان و دەڵێت، ژمارەی ئەوانەی لە رۆژێكدا ڤاكسینەكە وەردەگرن دوو هەزار كەس تێدەپەڕێنێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، داوا لە هاووڵاتییان دەكات پەلە بكەن لە وەرگرتنی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا و ستایشی سوپای سپیش دەكات (كادرەكانی تەندروستی) لەبەرامبەر ئەو هەوڵە گەورانەی لەپێناو بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە، خستوویانەتەگەڕ.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە وتارێكیدا لە كاتی خوانی رۆژووشكاندن لەگەڵ ژمارەیەك لە كادرە تەندروستییەكان رایگەیاند:»سوپای سپی بۆ زیاتر لە ساڵێكە هەوڵێكی گەورەی خستۆتەگەڕ كە بۆتە مایەی پاراستنی ژمارەیەكی بێ‌ شمار لە هاووڵاتیان لە پەتای كۆرۆنا، كادرە پزیشكی و تەندروستییەكان باڵاترین نمونەیان بۆ دڵسۆزی و خزمەتكردن خستەڕوو، ئاستی پیشەیی و كاریی حكومیان تێپەڕاند و گەیشتنە قۆناغی پاراستنی كۆمەڵگە بەڕووی مەترسیدارترین پەتا كە هەموو جیهانی گرتۆتەوە».

كازمی بە كادرەكانی راگەیاند:»سەدان شەهیدتان لەم ماوەیەدا بەخت كرد و رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەوە، لەڕێی هەوڵی ئیوەوە هەڵمەتەكانی پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتیان بەردەوامە»، داواشی لە هەموان كرد «پەلە بكەن لە وەرگرتنی ڤاكسینەكان وەك چۆن وەزارەتی تەندروستی رێنمایی دەكات بۆ فەراهەمكردنی گەورەترین بڕی ئەو ڤاكسینە و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەیەوە، تا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە سنورداربكرێت».

بە وتەی كازمی:»حكومەت هەموو هەوڵێكی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە خستۆتەگەڕ، پارەی زیاتریشی بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان كردووە لەپێناو دابینكردنی دەرمان و فەراهەمكردنی هەموو پێداویستییەكانی چارەسەر بۆ تووشبوان».

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك وەزیرانی عیراق وتی:»حكومەت رێزێكی بێ‌ پایان بۆ رۆڵی گەورەی سوپای سپی دادەنێت، هەر لە سەرەتای دەركەوتنی تووشبوون لە عیراق، ئەنجومەنی وەزیرانیش زۆرترین دانیشتنی بۆ گفتووگۆكردن لەسەر پێداویستییەكانی وەزارەتی تەندروستی تەرخان كردووە و رێزلێنانی بەخشیوە بە پزیشكەكان و فەرمانبەرانی تەندروستی و چاودێریكردنی خێزان و كەسوكاریی شەهیدەكانی سوپای سپی».
كازمی ئاماژەی بە رێزگرتنی حكومەت كرد لە رۆڵی خێزانەكانی كادرانی تەندروستی و وتی:» ئەوان باشترین هاندەرن بۆ ئێوە كە لە ریزی پێشەوەن و ئەركی خۆتان بەجێدەگەیەنن لەڕووی چارەسەركردنی تووشبوان بەو پەتا مەترسیدارە».

بە بۆچوونی كازمی:»ئالانگارییەكان گەورە و زۆرن لە هەموو كەرتەكان و هەنگاوەكانیش بۆ تێپەڕاندنیان هەڵدەنرێن، پێویستمان بە هەوڵی گەورەیە لەلایەن كادرەكان، چونكە وڵاتەكەمان شایەنیەتی و گەلەكەمان شایەنیەتی كە هەموو هەوڵێك بۆ خزمەتكرنیان بخەینەگەڕ».

سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت:»دەیان پرۆژەی لەگەڕكەوتوو هەبوون لە كەرتی تەندروستی، لە نەخۆشخانە لەگەڕكەوتووەكان، ئێمە لەماوەی رابردوودا سەركەوتووبوین لەوەی هەندێكیان لە پارێزگاكاندا بخەینەگەڕ و بۆ ئەوانی تریش دەستبەكارین»

لە كۆتایی قسەكانیدا، كازمی وتی:»دەوڵەتە سەركەوتووەكان ئەوانەن كە سیستمی تەندروستییان و سیستمی پەروەردەی سەركەوتوویان هەیە، پێكەوە بە هەموو توانایەكەوە كاردەكەین لەپێناو هێنانەدی ئەو ئامانجانە».

لەلایەكی ترەوە، لە (20ی نیسانی 2021)، فەرمانگەی تەندروستی كەرخ، بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو هاووڵاتیانەی راگەیاند كە ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە و ژمارەی ئەوانەش كە رۆژانە ڤاكسینەكە لەخۆیان دەدەن، دوو هەزار هاووڵاتی تێدەپەڕێنێت.

جاسب حەجامی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەرخ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»ژمارەی ئەو دەلاقانەی ڤاكسینەكانیان لێوە دابەش دەكرێت، لە بەری كەرخ بۆ 70 جێگە بەرزبۆتەوە، دوای ئەوەی سێ‌ جێگەی تر زیادكران بۆ لێدانی هەردوو ڤاكسینی ئسترازنیكا و سینۆفارم، لەپێناو ئاسانكاریی بۆ گەیشتن بە هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر دەلاقەكانی تر».

بە وتەی حەجامی:»وەجبەی تری ڤاكسینەكانی فایزەر و ئسترازینیكا و سینۆفارم، هەفتانە دەگەنە وڵات، فەرمانگەكەی ئەوانیش 2500 پێكوتەی نوێی ڤاكسینی فایزەری وەرگرتووە و بەسەر نەخۆشخانەكانی فێركاری یەرموك و هەردوو فەرمانگەی ئیمام كازمدا دابەش دەكرێن».

ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی تەندروستی كەرخ دەڵێت:»ژمارەی ئەوانەی لە یەك رۆژدا ڤاكسینەكە لەخۆیان دەدەن، دوو هەزار كەس تێدەپەڕێنێت، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی هۆشیاری بەرامبەر بە مەترسی ڤایرۆسەكە و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی».

پێشتر وەزارەتی تەندروستی، 700 جێگەی لە هەموو ناوچەكانی وڵاتدا بۆ لێدانی ڤاكسینەكانی دژە كۆرۆنا دیاریی كرد، وێڕای 50 جێگەی تری تایبەت بە ڤاكسینی فایزەر.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەپێناو هاندانی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكانی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئایەتوڵڵا محەمەد تەقی مودەڕیسی، مەرجی ئاینی شیعەكان لە كەربەلا، فەتوایەكی دەركرد و وەرگرننی ڤاكسینی كۆرۆنای بە ئەرك دانا بۆ رەواندنەوەی «زیانە گەورەكە».

لە پرسیارێكیشدا كە بۆ مەرجەعی ئاینی مودەڕیسی نێردرابوو هاتبوو:”تكایە ڕونكردنەوە و ڕاوبۆچوونی شەرعی ئێوە چییە لەبارەی ڤاكسینی كۆرۆنا، ئایا پێویستە ڤاكسینەكە وەربگرین، یان هەر كەسەو ئازادە لەوەدا؟».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا مودەڕیسی دەڵێت:”گەر وەرنەگرتنی ڤاكسینەكە ئەگەری زیانێكی گەورەی وەك مردنی لێدەكرێت بۆ خودی كەسەكە یان كەسانی تر، ڤاكسینەكەش جێگەی باوەڕی شارەزایان بوو، ئەوا بۆ رەواندنەوەی زیانە گەورەكە پێویستە ڤاكسینەكە لەخۆبدرێت».

لە سەرەتای گەیشتنی وەجبەكانی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ وڵات، هاووڵاتیان بەهۆی كەمی هۆشیاری تەندروستی، بەشێوەیەكی خاو سەردانی فەرمانگە تەندروستییەكانیان دەكرد بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە، بەڵام لەئێستادا بە وتەی بەرپرسانی كەرتی تەندروستی لە عیراق، ژمارەی ئەوانەی روودەكەنە فەرمانگە تەندروستییەكان، رووی لە زیادبوون كردووە، ئەمەش بە بۆچوونی چاودێران، مزگێنی بەخشە و روو لەو ئاراستەیە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا، ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن بە پەتاكە كەمببەنەوە و كۆرۆنا لە وڵاتدا قەڵاچۆبكرێت.

 334 جار بینراوە